زانیاریی تەواو لەسەر گرتنی نوێنەری حکومەتی هەرێم لە سویسرا

Friday, 25/08/2017, 20:10

20588 بینراوە


چەند رۆژێکە دەنگۆی گرتنی نوێنەری حکومەتی هەرێم لە سویسرا بڵاوبۆتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک لەسەر ئەو مەسەلەیە بە دوور و درێژی قسەی لەسەر کردبێت.
 لەم بارەیەوە پەیامنێرمان لە ئەوروپا بەم جۆرە هەواڵەکەی پێڕاگەیاندنین:
نوێنەری حکومەتی هەرێم لە سویسرا ناوی فەوزی قەدورییە، ماوەی هەفتەیەکە لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە گیراوە، لەسەر مامەڵەکردن بە پارەی رەش، واتە هەوڵدان بۆ سپیکردنەوەی پارەی دزراوی هەرێمی کوردستان، تا ئیستا لێکۆڵینەوە بەردەوامە و نازانرێت مەرەخەسی دەکەن، یان هەروا لە زینداندا دەیهێڵنەوە!؟ بەڵام تۆمەتەکە گەورەیە، لێکۆڵینەوەش بەردەوامە، چونکە بڕی پارەکەش زۆرە، کە خۆی لە یەک ملیار دۆلار دەدات، ئەو پارەیەش وەکو گومان دەکرێت پارەی سیروان بارزانییە. لێرەدا دەبێت ئێمە لە ناسینی ئەم کەسەوە درێژەی بە هەواڵەکە بدەین، تا زیاتر لە مەسەلەی دزیینی پارە و سپیکردنەوە و چالاکی هەموو نوێنەرایەتییەکانی هەرێم لە دەرەوەی کوردستان بگەین، تا لای هەموو کەسێک دیار و ئاشکراتر بێت.
فەوزی قەدوری کێیە؟!
فەوزی قەدوری خەڵکی کوردستانی رۆژئاوایە، بنەماڵەی بارزانی ناسنامەی عێراقییان بۆ وەرگرتووە، باوکی فەوزی قەدوری یەکێک بووە لە ئاغاکانی عەفرین، کە پەیوەندیی ودۆستایەتی لەگەڵ مەلا مستەفادا هەبووە،، فەوزی کوڕی توانێوێتی بەهۆی ئەو پەیوەندیانەی کە باوکی هەیبووە، سوریا جێبهێڵێت و روو بکاتە (چیکۆسلۆڤاکیا) ئەو بەشەی کە ئیستا پێی دەگوترێ (چیک) لە شاری پراگ لە کۆلێژی پزیشکی وەربگیرێت، بەڵام لە خوێندندا سەرکەوتوو نەبووە، بۆیە خوێندنەوکەی پێ تەواو نەکراوە، لەو کاتەدا ئاشنایەتی لەگەڵ کچێکی سویسرییدا پەیدا دەکات، کە ئەویش لە پراگ بۆ خوێنندی زمانەکانی سلۆڤاکی لەو وڵاتە گیرسابوویەوە. تا پەیوەندییەکەیان وای لێدێت دەبنە هاوسەری یەکتر و کچە سویسرییەکە مێردەکەی لەگەڵ خۆیدا دەباتەوە بۆ سویسرا.  دوایی ناسنامەی سویسری وەردەگرێت.
فەوزی قەدوری بەمە ناوەستێت لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت کە بخوێنێت، بەڵام ناتوانێت وەکو خوێندکارێکی کۆلیژی پزیشکی لە سویسرا دەستپێبکات، بۆیە بە هۆی خەزورییەوە هەوڵی بۆ دەدرێت، کەوا خەزوری سەرپەرشتی هەندێک کاروباری کەنیسەی مەسیحی دەکرد، توانی یارمەتی فەوزی قەدوری بدات و لە کۆلێژی پزیشکی بەشی(ددان) وەربگیرێت، بەڵام لەم خوێندنەشدا سەرکەوتوو نابێت، چونکە لە ریزی هەرە دواوەی خوێندکارەکان دەبێت، بە هەر شەڕەشەقێک بێت پاش چەند ساڵێک دبلۆمێک وەردەگرێت، بەڵام جگە لەو کانتـۆنەی کە ئەم لەوێ بووە لە کانتۆنی ئەپنسێل لە تۆیفن ناسنامەکەی وەرگرتووە و لەوێش دەژی، ئیتر بۆ نابێت لە هیچ شوێنێکی دیکەی سویسرا وەکو پزیشکی ددان کار بکات.
فەوزی قەدوری بەم شیوەیە دەمێنێتەوە، تا راپەڕینی ساڵی ١٩٩٢ و گەڕانەوەی بنەماڵەی بارزانی بۆ باشوور، ئیتر پەیوەندیی مەسعود بارزانی لەگەڵ فەوزی قەدوری پتەودەبێت، چونکە بنەماڵەی بارزانی پیویستییان بەوە دەبێت، کە کەسانی ناسیاو و دۆستی دێرینەی خۆیان بدۆزنەوە لە وڵاتان، بۆیە کاتێک فەوزی بەسەر دەکەنەوە، ئیتر ئەم دەبێتە جێگای بڕواپێکراویان و لەو رۆژەوە کە پارەی برایم خەلیل دەدزرێت و ئاودەکرێت بۆ دەرەوەی کوردستان، فەوزی قەدوری بۆیان سپی دەکاتەوە و لە بانکەکاندا بۆیان دادەنێت و پرۆژە بازرگانییەکانیان بۆ بەڕێوە دەبات، تەنانەت پەیوەندییەکە وا بەهێز دەبێت کە مەسعود هەموو بنەمالەکەی خۆی پێ دەناسێنێت و هاتووچۆی دەکەن.
دوای رووخانی رژێمی بەعس و نەمانی سەددام و دروستبوونی حکومەتی هەرێم و کردنەوەی نووسینگە و نوێنەرایەتییەکان، فەوزی قەدوری دەبێتە نوێنەری حکومەتی هەرێم لە سویسرا و بینایەکی گەورە بۆ نوێنەرایەتییەکە و بە ناوی فەوزیی دەکڕن، چالاکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە سویسرا تەنیا بریتیی دەبێت لە سپی کردنەوەی پارە دزراوەکانی کوردستان لە سویسرا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپی، کە بنەماڵەی بارزانی بۆی دەنێرێت بەتایبەتی لە (لیختن شتاین) ئەم چالاکییەش دەسپێردرێت بە فەوزی قەدوری و ژنەکەی.
شایانی باسە ئەم چالاکیی و دزینی پارەی هەرێم و خەڵکی کوردستان لەلایەن بنەماڵەی بارزانی و لە رێگای فەوزی قەدورییە، دەبێتە جێگای گومان، چونکە ئەم کەسە ئەوەندە لە جموجۆڵدا دەبێت، کە لەلایەن کارمەندەکانی ئەو وڵاتەوە گومان دەخەنە سەری و لەیانە کەسانی دڵسۆزیشەوە پۆلیس و حکومەتی سویسری لێئاگادار دەکرێتەوە، بۆیە وەک سەرچاوەیەک پێێ راگەیاندنین کەوا ماوەیەکی چەند ساڵێکە پۆلیس و لایەنی پەیوەندییداریان لێئاگادار دەکرێتەوە، کە نزیکەی حەوت ساڵ دەبێت ئەم کەسە و بنایەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە سویسرا لە ژێر چاودێرییدا دەبێت
سەرجاوەکە دەڵێت، هەفتەیەک پێش ئیستا پۆلیسی (کانتۆنی بێرن) لە سویسرا لە پڕ دەدەن بەسەریاندا و فەوزی قەدوری و ژنێکی لوبنانی بەناوی (رەوا) دەستگیر دەکرێن بە تۆمەتی شۆرینەوە و سپی کردنەوەی پارەی نایاسیی (پارەی رەش) کە بڕی ئەو پارەیە خۆی لە یەک ملیار دۆلار دەدات، ئەو پارەیەش وەکو دەگوترێت، تەنیا پارەی سیروان بارزانییە. ئیستا فەوزی دەیەوێت بیانوویەک بدۆزێتەوە کە گوایە ئەو پارەیە پارەیی بازرگانیی و خۆی لەو تاوانە گەورەیە دەرباز بکات..
بۆ ئەو مەبەستە سەرچاوەیەک لە سەفارەتی عێراق ئەو زانیارییانەی پشتڕاست کردەوە، وتیان لەو بارەیەوە  ئەوانیش لەو مەسەلەیە ئاگادارکراونەتەوە و ئاگاداری ئەم ملیار دۆلارەن، و هەروە دەشزانن کەوا نوێنەری حکومەتی هەرێم گیراوە، هەڵبەت ئەمەش پەیوەندیی بەوە هەیە، کە پارەکە، هی کاربەدەستانی و دەسەلاتدارانی باڵای حکومەتی هەرێمەو، کە بە نایاسایی پارە و سامانی عێراق بەو شێوەیە دەدزن و ئاودیوی دەکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە