هەڤال ئەبو بەکر .. پارێزگاى سلێمانى یان پارێزەرى شکستى گۆڕان

Wednesday, 13/12/2017, 18:33

4233 بینراوە


 گؤڕان چ کارنامەیەکى ڕەشى لەبەشدارى حکومەتى هەرێمدا هەیە؟
  گۆڕان لەم کۆتا کابینە شەق و شڕەى حکومەتى هەرێم لەبرى ئەوەى، کە ببێتە ئۆپۆزیسیێۆنیکى پێداگر و سەرسەخت بۆ ماف و ئازادى و بژێوى خەڵک، بەشدارى لەو حکومەتەدا کرد کە بە حکومەتى بنکە فراوان ئەیانناساند و بەشدار بوون لە فراوانکردنى ڕوبەرى نەهامەتیەکانى خەڵکى کوردستان.
 گۆڕان هەندێک سیماى هێنایە ناوکایەکە، کەسانێک ناپڕۆفیشناڵ و ناکارامە و ترسنؤک بەبی هیچ پاشخانێکى پیشەییى زۆر زوو پارتى دەسنەمۆى کردن و خۆیان و وێژدانیانى هەرزانفرۆش کڕى و لە ئەداى وەزیفیاندا وێرانەیەکیان پاش خۆیان بەجێهێشت و ڕوى یەکێتى و پارتیان سپیکردەوە .
 لەسەردەمى وەزیرى پێشمەرگەى گۆڕان گەورەترین جینۆسایدى ئەم سەدەیە هەتا ئێستا بەسەر کوردى یەزیدیدا هات بەپیلان وهاوبەشى تورکیا وپارتى و داعش، ئەم وەزیرە دەمى لە کلیلە چوەو بەتەنها وشەیەک باسى ئەو مەرگەساتەى نەکردووە. وەزیرێکى بەرگریببیت و یەکدوو چڵکاوخۆرى بنەماڵە هەر بەسەر ڕاوەشاندنێک لەوەزارەت ئاودیووت بکەن و نەتوانى بەرگریەک لەخۆت بکەیت ئەبێت چاوەڕێى چ جۆرە بەرگریەک لەم زاتە بکرێت.
 گۆڕان وەزیرێکى ئەوقافى هەبوو , لەبەر خاترى کۆنە یەکگرتووەکانى ناو گۆڕان لێوى بەرامبەر داعش نەجوڵاند، تۆ بڵێ: بۆ ئەیتوانى بەمجەورى مزگەوتێک بڵێ بچۆرە ئەولاتر.
 لەهەموى سەیرو سەمەرەتر و لەداهێنانێکى گۆڕان ئاسا، سەرۆکى لیژنەى کڕینى خەیار و تەماتەى گردەکەى کرد بە وەزیرى دارایى، وەک ئەوەى کەئەم حیزبە لە کوێرە دێیەکەوە هاتبێت کەسى نەبو بێت شایستەى ئەو پۆستە بێت و ئەم پیاوە نەبێت کەشارەزاى بوارى دەرگا کردنەوەو فەرمو فەرمو  بوو، ئەوە لە ڕاوێژکارو بەڕیوەبەرە گشتیەکان بگەڕێ کەهیواى تیایە لوتى خۆى و سەلکە ترخێنەیەکى بەزەحمەت جیائەکردەوە . 
 لەهەموى مەینەتبارتر بەشداریانە لە حکومەتە خۆجییەکانە و بەتایبەت لەسلێمانى، لەگەڵ ئەو هەموو دەنگەى کە کەنوێنەرەکەیان بۆ پۆستى پارێزگاى سلێمانى هێناى نەیان توانى وەکو دیفاکتۆیەک بیسەپێنن و ڕازیبون بەدانانى کەسێکى ناشایستە وەکو(سەردار قادر) بەدەسەڵاتێکى ڕوکەش و پڕشەرمەزارییەوە هەموو موئەهەلاتى ئەوە بوو کە برازاى فاروقى مەلا مستەفایە . 
 بەڕێوەبەرێى گشتی پەروەردەى سلێمانى دڵشاد عومەر نمونەى کەسێکە کەبچوکترین ئەخلاق ونەریتى پەروەردەى نیە و لەسەر دەستى ئەمدا ڕۆژانە سوکایەتى بە فەرمانبەرانى پەروەردەو دواتر مامۆستایان ئەکرێت و وێژدانى بەپارتى لە پێناوى پلەکەیدا فرۆشتووە و هەرزەکارێکى یەکێتى وەکو بوکەڵەیەکى پەڕۆ هەڵیدەسوڕێنێت.
 نەخۆشى نەوشیروان مستەفاو دواتر مەرگى، گۆڕانى خستە بەردەم تاقیکردنەوەیەکى نوێ وە و ئیتر گۆڕان ئەو قەڵایەى کەگرتنى ستەمبوو زۆر بەئاسانى کەوتە دەست کۆمەڵێک پەکەوتە و لێکەوتەى سیاسى کە هەتا ئێستا کردەوە و و ئاکاریان سەوز ئەکاتەوە، ڕیفراندۆم جگە لەوەى کە گورزێکى گوچکبڕ و کوشندە بوو بۆ خەڵکى کوردستان و داهاتوى، ئەوەندەش کەمەرشکێن بوو بۆ گۆڕان کە نەیتوانى لەو هاشوهوشەى فشە ناسێۆنالیزمى پارتى خۆى جیا بکاتەوەو دیدى ڕۆشنى هەبێت و پێشبنى ئەنجامەکانى بکات و کەوتە دوایى قەڵەباڵغیەکەو ڕێکخەرگشتیەکەى پەنجەى مۆرکراوى لەمیدیاکانەوە پیشانى مەسعود و ئەدا و لەداهێنانێکى پڕپڕ لە گۆڕان ووشەى (سەرپشک )ى هێنایە کایەى سیاسیەوە کە سەرپشک بن لەدەنگدان، دواى ئەو بارو دۆخە کەبەسەر هەرێمدا هات و بەنوکە شەقێکى نێو دەوڵەتى مەسعودیان لەسەر کورسیەکەى فڕێدایە خوارەوە قەیرانى حکومەتى قوڵتر بووەو، گۆڕان دروشمى دەمێک حکومەتى ڕزگارى نیشتمانى و دەمێک حکومەتى کاتى هەڵگرتبوو بەبێئەوەى تەنیا هەنگاوێکى بەکردەوە بنێت، لە برى ئەوەى کە ببیتە پێشەنگ بۆ جۆشدانى ناڕەزایەتى خەڵک وحکومەت لەدەست بنەماڵە دزەکان دەربهێنێت کەوتە چاوشارکێ لەگەڵ بنەماڵەى بەرزانى و بوو بە هاوبەشى ئەتککردنى پەڕلەمان و پەڕلەمانتارانى ناردەوە هەولێر، کۆبونەوە چەندقۆڵیەکانى لەگەڵ پارتى و نێچیر ئەنجامى باشى لێکەوتەوە بۆمانەوەى ئەم دەسەڵاتە پڕتوکاوە ئەوەتا گۆڕان جوڵەى لێبڕاوە و بووە بەحیزبێک بەیاننامە بۆ ڕوداوەکان دەرئەکات و جار جار ئیدانەش ئەکات بەمەش سەنعاتەکەى لە کۆمۆنیستەکانیش دزیووە، خەڵکى سلێمانى چاوەڕێێان ئەکرد بەیاننامەیەک لەسەر بومەلەرزەکەش دەربکەن، لەهەموى سەمەرەتر لە داهێنانێکى گۆڕاندا بۆ یەکەمجار بەیاننامە لەسەر ئەندامێکى خۆیان دەرئەکەن کە ڕەخنەى لە مەسعودو بنەماڵەى بەرزانى گرتبوو، بەرهەمى ئەم لێکنزیکبونەوەیەى و چاوشۆڕێیەى گۆڕان و بۆ نیەت پاکى هەردولا پارتى ڕازیبو کەوا پۆستى پارێزگاى سلێمانى بەگۆڕان بدات و گۆڕان پشتیکردە هەموو ئەو پرەنسیپانەى کە کۆچکردوو نەوشیروان مستەفا سەبارەت بە ناشەرعى بوونى دەسەڵاتى سەرۆکایەتى هەرێم بەدەست مەسعودەوە، ئەگەر مەسعود دەسەڵاتەکەى ناشەرعى بێت و بنەماى قانونى نەبێت، ئەو دەسەڵاتەى بە نێچیرى برازای بدات ئەویش بنەماى نیە، ڕێسایەک هەیە ئەڵێت هەر پوچەڵێک لەسەر پوچەڵ دانرابێت ئەویش پوچەڵە، گۆڕان فێڵێکى گەورە لەخۆى ئەکات.
 پۆستى پارێزگاى سلێمانى وەرگرتنى لەلایەن هەڤال ئەبوبەکرێک کە رابوردویەکى گوماناوى هەیە، هەڵە و شکستێک و نوشوستیەکە کە پیرە سەوزەکانى گۆڕان بەسەر ئەم بزوتنەوەیەیان هێناوە و ئومێدى گۆڕانخوازانى زیندە بەچاڵکردووە و هەموو گیانێکى گوڕانخوازى و بوێریانى کوشتووە . سەرەڕاى ئەوەى کە دانانى ئەم کەسە بە پارێزگا کلکایەتى گۆڕانە بۆ ئەم حکومەتە کەتەنها بەشى گاڵتە جاڕییەکى پێوە ماوە و دوابزمارە لەتابوتى بێنازى بزوتنەوەى گۆڕان، بزوتنەوەیەک کەسامانەکەى دەنگدەرەکانى بوو ئێستا بە پارێزگایەکى بۆش و خەزێنە خالى ئەیەوێت چى بلێت.
 گۆڕان .. ئەیەوێت نمایشەکانى هەڤاڵ پیشانى خەڵکى سلێمانى بدات، بە پاسکیل بێت بۆ پارێزگا یان لەسەر عارەبانەیەک شێلم بخوات یان دیژلەمە لە چاخانەى شەعب هەڵقورینێت، یان گسک وخاکەناز بەدەستەوە بگرێت، هەڤاڵ ئەلێت پیلانم زۆرە لەوانەیە لەداهاتودا زۆر لەم جۆرە پیلانانە بخاتە بوارى جێبەجێکردنەوە .
 هەڤاڵ ئەبوبەکر زمان لوسیەکەى لابەریت هیچى نامێنێتەوە، تەنیا ئەوە نەبێت کە زۆر ووریایە لە خۆبردنە پێشەوە لەوانەیە کە لەکوردەواریدا پێیان ئەڵێن بەکونى دەرزیەوە ئەچن، سەرەڕایى ئەوانە ئەکتەرێکى زۆر باشە، لەدەست بەکاربوونیا قورئانێک ئەهێنێت چەندساتێک پەرەکانى ئەم دیو دیوى ئەکات و ئەیخوێنێتەوە ئەیەویت بەم نمایشە خۆڵبکاتە چاوى خەڵکى سادەوە و ئیبن خەلدون ئەلیت : ئەگەر ویستت شتێکى پوچەڵ بەڕیبکەیت ئەوا بەرگێکى ئاینى بەبەریدا بکە . 
 ئیدارە هونەر و زانستە ئەم پیاوە لەیەکەم هەنگاویدا کۆڵەوارى خۆى پیشاندا، نازانێت دەستبەکاربونى خۆى بەڕیبکات و خۆى ئەینوسێ وێنەکەى بۆ ڕاگەیاندنەکان نماییش ئەکات، دەستەواژەى دەست بەکاربون و دەست بەکاربونى فەرمى بکار ئەهێنێت کەشتى وەها لە ئیدارەدا نیە وتەنها دەست بەکاربون (مباشرة )هەیە، نوسراوەکەى هیچ ئاماژەیەکى تیانیە بۆ فەرمانى دامەزراندنەکەى، ئەمەشى کرد بەپیلانى چارەسەرى بێ نەوتى کەخەڵک لەهاویندا نەوت بکڕێت*،
کار وابڕوات نەک خۆى بزوتنەوەى گۆڕانیش ئەکات بەمەزەى قوباد و نێچیر، ئاشکرایە ئەمجۆرە پیلانانە ئەگەر خەزێنەى پارێزگا خاڵیش بێت کاریگەرى نابێت.
 هەنگاوێکى یەکێتى و پارتى بۆ دانانى ئەم کەسە کوشتنى جارێکیترى سلێمانیە، هەموومان بیرمانە سلێمانى چۆن لەژێر سایەى قایقامەکەى گۆران بەختیارە چاوشین و بەڕیوەبەرى هاتوچۆکەى گۆڕان عەمید نەریمان سیماى شارى وونکردبوو، سلێمانى بووە بە گەراجێکى گەورە و هەر باشبوو لەنێوان عارەبانە و دەستگێرەکاندا تولە رێێەک بۆ هاوڵاتیان مابوەوە. سلێمانى وێنەى شارێکى دۆڕاندببو بە شارۆچکەکانى ژێر دەسەڵاتى تالیبان لە ئەفغانستان ئەچوو.
 لەوانەیە تەنها قازانجێک گۆڕان لەم پارێزگایە و نمایشەکانى وەک ئەکتەرێکى مایەپوچ بکات   ئەوەیە کە گوڕیک بەخۆیان بدەن و تۆزێک لە فۆبیاى شاسوار عەبدول واحید دور بکەونەوە *.
 دواى ڕاپەڕین کاتێک ئەم عومەرى سەید عەلیە لێپرسراوى مەڵبەندى یەکى یەکێتى بوو لە سلێمانى، پێیەڵێن حکومەتى عێراقى بیست هەزار دینارى داوە بەکەسێک هەتا تۆ بکوژێت، ئەلێت بیست هەزار زۆر زۆرە، ئەڵێن کوڕە کاک عومەر بۆکوشتنى تۆیە، ئەڵێت وەڵا زۆرە.
وا هەڤاڵ ئەبوبەکرشییان بۆکوشتنى سلێمانى ناردووە .. نازانین کەمە؟  یان زۆرە؟.. من نازانم .، ئەوەندە دەزانم کەوا دەستوبرد لاندکرۆزەرێکى مۆدێل ٢٠١٨ وەنەوشەى لە لایەن نێچیرەوە وەرگرت.
* لینکى ڤیدێۆیی هەڤاڵ ئەبوبەکر: هاوڵاتى فێر بێت هاوینان نەوت بکڕێـت.

------------------------
سەرنجی کوردستانپۆست:
بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر کەسێتی هەڤاڵ ئەبوبەکر لە رووی بیرکردنەوەی سیاسیی و ئاینیەوە، هەروەها وەک کەسێکی گۆڕانخواز، سەیری ئەو ڤیدیۆیە بکە، کە لە سەرەتای ساڵی 2017 ئەڤین ئاسۆ لەگەڵ ئەم ئیسلامە گۆڕانخوازەدا کردوویەتی، تێیدا خێزان و دوو کچە فوول موحەجەبەکەی ببینن. لەوێدا هەڤال وا خۆی پیشان دەدات، کە لە دەرەوەی ئەو حیجابانەوە سەربەستیی تەواوی بە هەموویان داوە و پەیوەندیی و هاوڕێیەتی خۆی باس دەکات، وەکو ئەوەی، هەموو مافێکیان وەکو مرۆڤ و وەکو ژن هەبێت، بەمە دەیەوێت خۆی لە ئیسلامبوونەکەدا جوان بکات، نیقاب و حیجاب  بخاتە دەرەوەی گٶران و دووریبدەخاتەوە، بەبێ ئەوەی بزانێت، کە سێبەری بیرکردنەوە و پەروەردی خۆی وەکو ئیسلامێک باڵی کێشاوە بەسەر تەواوی ئەندامانی خێزانەکەیدا، ئەوەتا تەنانەت لە تێڕوانینی سەرپێی لە سیما و جلوبەرگی هەردوو کچەکەی ئەوەمان لادروست دەبێت، کە خێزانێک کەوتۆتە ژێر فشاری باوکێکی ئیسلامی دواکەوتوو. ئەوەی بە قوڵی لە تەواوی ڤیدیۆکە وردبێتەوە، دەزانێت ئیسلام لە ماڵی هەڤاڵ ئەبوبەکردا چۆن پەیڕەو  پەیڕەو دەکرێت و چۆن لە گۆڕان گەیشتووە، لە ماڵەکەیاندا بەپێی شەریعەتی ئیسلام چوار مرۆڤ ناژی، بەڵکو دوو مرۆڤ و نیو دەژین! ئیسلام کە هەموو مافێکی لە مێینەی ئەو خێزانە سەندۆتەوە، هیچی دیکە نەماوە بۆ هەڤاڵ ئەبوبکری جێهێشتبێت، بۆیە وا بێباکانە قسە لەسەر خێزانەکەی و کچەکانی دەکات، ئەوە نەماوەتەوە لێیان بسەندێتەوە، تا داوا بکات ئەویش وەکو باوکێکی کۆنەخواز بەشی خۆی لێیان بسەندێتەوە، بۆیە لەدەرەوەی ئەو ئیسلامبوون و تێڕوانینەوە، هەڤاڵ ئەبوبەکر خۆی نمایش دەکات، گوایە ئەم بڕوای بە مافی ژنە وەکو مرۆڤ و هاوڕێیەک لەگەڵ خێزانەکەیدایە و تێیان دەڕوانێت، ئەم قسانەش لەو کاتەدا دەکات، چونکە دەزانێت لەسەری ناکەوێت، بە چاکەت و پانتۆڵێکەوە خۆی با دەدات، نەک وەک نمونەی مەلا کرێکارێک و ئیسلامێکی سەلەفی.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە