دەنگدان مافە

Saturday, 05/05/2018, 20:40

3583 بینراوە


من خۆم هەست بەغوربەت  ئەکەم
کەنازانم پێبکەنم 
بەخۆم ، یاخود
 بەمافەکەم؟
**
 لەوڵاتێک شەڕە پەڕۆ ئاکارى بێ
 زرمەو تەقەى کلاشینکۆف
بۆ سەرکەوتن 
جوانترین  مژدەو دیارى بێ

ئەبێ ئەو مافەى من چى بێ
 تازە و لۆکە ،یاوەکو شڕ؟
بەرى هەیە ،یان پووچ و زڕ؟
چۆن ماف بۆمن ئەچەسپێنێ
سەرکردەیەک
 مێشک  بەتاڵ و ورگ پڕ
**
لەم وڵاتە پڕ لەدەعباو
لەم جەنگەل و دارستانە
بەهەزاران مافم هەیە
گەر داواى کەم
یان ئەمکوژن 
یاخود ئەڵێن
خڵەفاوە عەقڵى جامە
**
 کەچى کاتى ئینیتخابات
چونکە خێرى حیزبى تیایە
ئەڵێن دەنگدان مافى خۆتە
 هەقێکى شەرعى ورەوایە
**
 لەوڵاتێک
هەموو مافەکان وەهمى بن
بەچەشنى هێڵى ئیستیوا
تف و نەفرەت ئالەو مافەش
نامەوێت وپیرۆزتان بێت
با هەر بڕوا


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە