جیاوازییەکانی کوردایەتیی‌و پاتریۆتیزمەکەی پەیەدە

Saturday, 13/08/2016, 13:05

1348 بینراوە


کوردستانپۆست ئەم نووسینەی کامیار سابیر لە ئەرشیفی خۆی دەپارێزێت، کە بە زمانی جنێوئامێز و دژە کورد وتارەکانی دەنووسێت و هێرش دەکەتانە سەر بیری رزگاریخوازانەی کورد و کوردایەتییە ساختەکەی پارتی و یەکێتی بە کوردەوە دەبەستێتەوە، کە ئەوان بازرگانی پیوە دەکەن.
----------------------------
بەشێکی بەرچاو لەمیدیاکانی جیهان، سەرکەوتنە عەسکەرییەکانی سوپای سوریای دیموکراتیی، لەشاری (منبج) کە دانیشتووانەکەی زۆرینەی عەرەبن، بۆ عەقڵانییەت، ئازایەتیی فیکریی، تۆلێرانس‌و روئیای ئازادییخوازانەی کوردەکان کە ماستەرمایندی سیاسیی‌و عەسکەریی ئەو سوپایەن، دەگێڕنەوە. فاشیزمی تورکیی‌و فاشیزمە ئیخوانییەکەی ئەردۆغان، لەگەڵ کەمپەینەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی، وەهابیزم‌و سەلەفییەکانی حیلفی سوننیی، دونیایان تێگەیاندبو کە کورد بچنە ئەو شارەوە، قەصابخانە دەخوڵقێنن‌و عەرەبەکان، لەرقی کورد، زیاتر پاڵپشتیی لەداعش دەکەن، چونکە کوردەکان لەرژێمی ئەسەد خراپتر، مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن!
لەسەر ئەرچی واقیع، ئەو پێشوازییە گەرمەی پیرەژنی عەرەب، کچان‌و کوڕانی عەرەب لەشەڕڤانە کوردو عەرەبەکان کردیان، پێچەوانەی هاتو هاواری ناسیۆنالیزمە تورکیی-عەرەبیی‌و تەنانەت کوردایەتییەکەی خۆیشمان بو. کوردەکانی کانتۆنەکان، بەدونیایان سەلماندەوە، ئەو عەزم‌و جەزمە سیاسیی‌و عەسکەرییە، سەرچاوەکەی، فیکری تۆلێرانس‌و ئازادییخوازانەیە، تێگەیشتنی قوڵی ئەوانە کە خۆی لەرەتکردنەوەی فاشیزم، ناسیۆنالیزم‌و چەوساندنەوەدا دەبینێتەوە… ئەوان بەکردەوە سەلماندیان، دژی راسیزمن، دژی ناسیۆنالیزمن( بەهەموو نەژادە جیاوازەکانەوە)، دژی فاشیزمن، دژی ئەوەن کە گەلی کوردو عەرەب، گەلی کوردو تورک بکرێن بەگژ یەکتریدا. ئەوان بەکردەوە سەلماندیان داوای پێکەوەژیان‌و تەبایی گەلان دەکەن‌و داوای ئازادییش بۆ ئیرادەی سیاسیی گەلی کورد دەکەن.
قەوم‌و قیلەی کوردایەتییش، تەنانەت ئەکادیمیست و نوخبەکانیشی، ناسیۆنالیزمەکەی دایاسپۆراشی، ئەوانەی لەکوردستان ‌و لەهەندەران دەژیەن، بەدەسەڵاتدارو ئۆپۆزیسیۆنیشیەوە، هێشتا پرتەوبۆڵەی ئەوەیانە کە سلێمانیی‌و هەولێر، سەرچنارو شەقڵاوە، عەرەب، پیس‌و بۆگەنیان کردووە! سەیری جیاوازییە فیکریی‌و کولتوورییەکانی فاشیزمی کوردایەتیی بکەن‌و بەراوردی بکەن بەپاتریۆتیزمە پڕ لەئازادیی‌و جورئەتە پڕ تۆلێرانسەکەی کانتۆچییەکانی (بەقەولی مونەوەرەکانی کوردایەتیی) رۆژئاوا…
بەڵێ چەند پێویستە لەفاشیزمی تورکیی، لەفاشیزمی عەرەبیی‌و پانئێرانیزم بدرێ؟ ئەوەندە، زیاتریش پێویستە لەفاشیزمی کوردایەتیی بدرێ‌و عەورەتە سیاسییەکانی‌و چەتەگەرییە ئابوورییەکانی، ریسوا تر بکرێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە