ناسیونالیزم و حوشتر

Friday, 04/01/2013, 15:08

1590 بینراوە


شتێک تا ئێستا بەتەواوی تێیناگەم پەیوەندیی ناسیونالیزمی عەرەبییە بە حوشترەوە، لەو چەند ساڵەی دواییدا هەر هێندەی ناسیونالیستە عەرەبەکان دەکەونە پەلاماری کورد و فووکردن بە زوڕنا و شەیپووری جەنگدا، ناسیونالیستە کوردەکانی ئێمە، کە بەشی هەرە زۆریان هونەرمەند و شاعیر و روناکبیری عەزیز و ناسراون، دەکەونە جنێودان بەو ئاژەڵە بەستەزمانە کە ناوی حوشترە، ئەمجارەش هەر هێندەی مالیکی تانک و هامەر و هێلیکۆپتەرەکانی خۆی نارد هێرشێکی مێژوویی تر لەلایەن ئەم لەشکرە گەورەیەوە لە نیشتیمانپەروەرانی بێوێنە، لە کوردپەروەرانی ئاخر زەمان بۆ سەر حوشتری بەستەزمان دەستیپێکرد. بێئەوەی من بتوانم پەیوەستێکی زۆر توند و گەورە لە نێوان فەیلەقە چەکدارەکانی مالیکی و ئەم ئاژەڵە بەستەزمانە، هێمن و سەبورەدا بدۆزمەوە کە ناچارە لە پاڵ زوڵمی سروشتدا، بەرگەی گەمژەیی ناسیونالیستە عەرەبەکان و پەلاماری ڕۆشنفکرەکانی کوردایەتی بگرێت. لایەنیکەم ئەم پەلامارە گەر لە ڕووی تیوریشەوە ڕاست بێت، لەلایەنی ڕەهەندی سەربازییەوە نادروستە، چونکە لە کاتێکدا دۆن کیشۆتەکانی ئێمە خەریکی شەڕن لەگەڵ حوشتر و دارخورمادا، ناسیونالیستە عەرەبەکان خەریکی شەڕێکی ڕەمزی نین لەگەڵ کەو و داربەڕوودا، بەڵکو لە مەیداندا، تۆپ و تانکی ڕاستەقینە دەجوڵێنن .گەرچی ناتوانم لەم مەسەلەیەدا بگەمە یەقین، بەڵام تاکە تەفسیرێک بۆ ئەم پەلامارە بەردەوام و دۆن کیشۆتیانەیەی ئێمە بۆ سەر «حوشتر و دارخورما» دەگێڕمەوە بۆ ناکۆکییەکی ئەخلاقی قووڵ لە جەوهەری ناسیونالیزمی کوردی خۆیدا. بەوەدا ناسیونالیزمی کوردی ناوێرێت پەلاماری بناغە فیکرییەکانی بیرکردنەوە و جیهانبینی داگیرکەر بدات، پەلاماری سێبەرە مەجازی و وێنە سەمبولییەکانی دەدات. ئێمەی کورد بۆئەوەی بتوانین ڕەخنە لە داگیرکەرەکانمان بگرین، یەک ڕێگامان لە بەردەمدایە، ئەویش ئەوەیە ڕەخنە لە فیکری ناسیونالیستی و مێژووە ڕەشەکەی لە خۆرهەڵاتدا بگرین. بۆئەوەی ئەم ناکۆکییە ئەخلاقییە بە ڕۆشنی ڕوونبکەمەوە، سەرەتا دوو نمونە لە دوو نەیاری ئایدۆلۆژی ناسیونالیستەکانەوە وەردەگرم. لە کاتێکدا کەسانی وەک ستالین، ژاوژیسکۆ، پۆڵپۆت و کاسترۆ زوڵمیاندەکرد، ئاسان پەیوەندییەکی ڕۆشن و پردێکی بەرچاومان لە نێوان ئەم ستەمە و ڕیشە تیورییەکانیدا لە فیکری مارکسیدا دەبینی. ئەوە بە تەنها ستالین و پۆڵپۆت نەبوون کە ستەمکارییان دەکرد، بەڵکو ئەم ستەمە ڕیشە و زەمینەی لە خودی جیهانبینی مارکسی و تیورەی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریادا هەبوو. گوناهەکە تەنیا گوناهی ستالین و کولتووری سیاسیی روسیا نەبوو، تاوان تەنیا تاوانی کاسترۆ و مێژووی بەردەداری و کۆیلەگەری نەبوو، بەڵکو بڕێکی زۆریشی دەکەوتە ئەستۆی گرفتە تیورییەکانی مارکسییەت و شێوەی تەفسیرکردنی بۆ دونیا. لێرەدا ئەم دەستنیشانکردنە هەم دروست بوو هەم ڕەهەندێکی گرنگی کێشەکەشی دەبینی، برادەرانی ناسیونالیستیشمان کێشەیان لەگەڵ ئەم تەفسیرەدا نییە و نەیانبووە. گوناهەکە گوناهی ڕوسەکان و کەمبودییەکان و کۆرییەکان و کوبییەکان نەبوو کە مارکسیزم بەوجۆرەی بەسەرهات، بەڵکو گوناهی سەرجەم تێڕوانینە ئایدۆلۆژییەکە بوو بۆ دونیا. بۆ ئیسلامییەکانیش هەمان بۆچوون دروستە، ئەوەی بن لادن و زەواهیری و قەرەزاوی و دەوڵەتە دینییەکان دەیکەن، گوناهەکەی ناگەڕێتەوە بۆ کولتووری عەرەبی یان ئێرانی یان ئەفغانی یان تورکی، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ جیهانبینی دینی بە گشتی و لێرەدا بەوردتر بۆ جیهانبینیی ئیسلامی. کە هێزێکی ئیسلامی، کە مەلایەک لە مینبەرەوە دەکەوێتە هەڵە و پەلاماردانی خەڵک، گوناهەکە بەتەنیا لە ئەستۆی ئەو هێز و ئەو کەسە نییە و جیهانبنینیی دینی و مەزهەبی ڕۆڵێکی سەرەکی لەو دیاردانەدا دەبینن. لێرەشدا ناسیونالیستەکانی ئێمە هەر کێشەیان نییە. گوناهەکە گوناهی شەخسی و تایبەتی هیچ کەس نییە، بەڵکو ڕیشەکەی دەڕواتەوە سەر بنوبناوانە فیکرییەکان لە خودی ئایندا.ناسیونالیستەکان هەر دوو ئەمجۆرە تەفسیرەیان کەم تا زۆر قەبووڵە و خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵام کە دێتە سەر ناسیونالیزم هیچ کات بوێریی ئەوەیان تێدا نییە لە ڕەخنەکردنی سیاسەتە واقعییەکانەوە بگوازنەوە بۆ ڕەخنەکردنی جیهانبینیی ناسیونالیستی بۆ دونیا. لای ئەوان لە خراپیی سیستمی دینی و مارکسیستیدا کەسەکان و کولتوورەکان بەتەنیا تاوانبار نین، بەڵکو ئایدۆلۆژیا و مەزهەبەکان گوناهباری گەورەن، کەچی کە حیساب دەگاتە سەر ناسیونالیزم، کەسەکان و کولتوورەکان تاوانبارن نەوەک خودی ئایدۆلۆژیا و جیهانبینیی ناسیونالیستی. لێرەشەوە ناکۆکیی ئەخلاقی ناسیونالیزمی کوردی دەست پێدەکات. کە دێتە سەر ڕەخنەگرتن لە ناسیونالیزم ئەوا ئەتاتورک، سەدام حوسەین تاوانباری سەرەکین، تۆرانییەت و عروبە و پانئێرانیزم گوناهبارن نەوەک ناسیونالیزم وەک ئایدۆلۆژیا. لە ڕاستیدا زۆرجاریش تاوانبار نین، من زۆرجار لە دەمی ناسیونالیستە کوردەکانم بیستووە کە دەڵێن ئەتاتورک باش بووە بۆ تورک و مافی خۆی بووە بۆ بەهێزکردنی نەتەوەی خۆی ئەو کارانە بکات و کێشەکە ئەوەیە کە ئێمە ئەتاتورکێک و رەزا شایەک و سەدام حوسەینێکی کوردیمان نەبووە. لێرەدایە خۆدزینەوە لە رەخنەگرتن لە «ناسیونالیزم وەک ئایدۆلۆژیا» خاوەنەکانی بەرەو نسکۆیەکی ئەخلاقی و بەرەو ستایشی جەلادەکان دەبات، لەمجۆرە ساتانەدا تەماهیکردن «لێکچوونی چۆنایەتی» لە نێوان جەلاد و قوربانیدا دەگاتە پلەیەکە، ئیتر هەموو کێشەی قوربانی دەبێت بەوەی نەیتوانیوە ببێتە جەلاد. دەرد و بەڵا ترسناکەکە ئەو کات دەستپێدەکات کە ناسیونالیستە کوردەکان، ئینتیما بۆ نیشتیمان و بەرگریکردنی مرۆڤ لە زمان و شوناسی خۆی لەگەڵ ناسیونالیزمدا تێکەڵاودەکەن، واتە خودی مافە ڕەواکانی ئێمە بۆ دروستکردنی دەوڵەت، بۆ شەڕکردن لەگەڵ داگیرکەردا، بۆ ئازادی، بۆ بەکارهێنانی زمانی نەتەوەیی تێکەڵ بە «ئایدۆلۆژیای سیاسی ناسیونالیزم» دەکەن، لە کاتێکدا ئەم ڕەگەزانە لەگەڵ لەدایکبوونی مرۆڤەوە لەسەر زەوی هەن و کەم و زۆر پەیوەندییان بە ناسیونالیزمەوە نییە. ناسیونالیزم دەشێت لای هەندێک نەتەوەی ژێر دەست و لە سنووری بەرتەسکدا ئەم ڕەگەزانە لە خۆی بگرێت، بەڵام هیچ کات ئەمانە جەوهەری ناسیونالیزم نین. دیوە ترسناکەکەی تری ئەم کێشەیەش ئەوەیە کە هەندێ لە ڕۆشنبیران وەک هەمیشە هەندێک دەرکەوتەی پۆزەتیڤی ناسیونالیزمی ئەوروپی دەگوازنەوە و دەیکەنەوە بە دار و دەیدەنەوە دەستی ناسیونالیستە خۆرهەڵاتییەکان، بێئەوەی خەیاڵیان لای ئەوە بێت کە ئەم تێزانە لە خۆرهەڵاتدا دەوڵەتی سەنتراڵ و حوکمی تاک نەتەوە و سڕینەوەی میللەتە بچوکەکانی بەدوادا دێت. ئەوانە وەک شتێکی گرنگ و عاجباتیان گوتبێت دەڵێن نا ناسیونالیزم ئەمانە نییە، ناسیونالیزم دروستکردنی بازاڕە، تواندنەوەی شوناسە بچوکەکانە لە یەکەیەکی نەتەوەیی گەورەتردا، دروستکردنی زمانە. لە ڕاستیدا ئەوانە و دەیانی تریش سیفەتی هەندێک بزاوتی ناسیونالیزمی ئەوروپی بوون و یپێوانەکردنی ناسیونالیستی خۆرهەڵاتی بەو پێوەرانە نەوەک نوکتە بەڵکو نیشانەی بەدبەختییەکی فیکرییە. ناسیونالیزم لە خۆرهەڵاتدا جگە لە کەسانی وەک ئەتاتورک و سەدام حوسەین، شتێکی تری بەرهەم نەهێناوە، کە ویستویانە بازاڕی یەکگرتوو، شوناسی یەکگرتوو، زمانی یەکگرتوو دروستبکەن، دەرەنجامەکەش پلیشاندنەوەی کورد بووە وەک نەتەوە. ناسیونالیزمی خۆرهەڵاتی لە هیچ نمونە و فێرژنێکیدا، جگە لە جینۆساید و قەسابخانە و ڕەتکردنەوەی ئەویدی هەڵگری نرخێکی پۆزەتیڤی ئینسانی نەبووە. لێرەوە جارێکی تر دەیڵێمەوە بەبێ ڕەتکردنەوەی ناسیونالیزم، بەبێ هەرەسی ناسیونالیزم گەیشتنی ئێمە بە مافە ڕاستەقینەکانمان کاری نەکردەیە. ئەوە ناسیونالیزم نییە کە کۆمەک بە ئێمە دەکات بگەینە مافەکانمان، بەڵکو نەمانی ناسیونالیزمە. ئەو شەڕانەی کورد دەیکات دەبێت شەڕ بن بە ناوی دژایەتیی ناسیونالیزمەوە نەوەک شەڕ بن بە ناوی ناسیونالیزمەوە، تا ئەو ساتەی تۆ بە ناوی ناسیونالیزمەوە شەڕ دەکەیت، ناسیونالیزمێکی لەتۆ بەهێزتر هەیە پۆستاڵەکەی بخاتە سەر سەرت و بڵێت من براوەم، تەنیا لەو ساتەشدا کە ناسیونالیزم وەک ئایدۆلۆژیایەکی نامرۆڤانە دەرکەوت، ئەگەری ئازادی و پێکەوە ژیان لەدایک دەبێت. ناسیونالیزمی خۆرهەڵاتی جگە لە ئایدیای دروستکردنی شوناسێکی داخراو، جگە لەو هێڵەی نەتەوەیەک لە نێوان خۆی و جیهاندا دەیکێشێت، هیچی تر نەبووە. ئەم ناسیونالیزمە ئەو قەفەزی شوناسەیە کە مرۆڤێک خۆی تێدەخات، ئەو کینەیەیە کە یەکێک بەرامبەر بە میللەتانی تر و کولتوورەکانی تر خۆی پێ بارگاویدەکات. ناسیونالیزمی خۆرهەڵاتی مێژوویەکی جیاوازی لە مێژووی ناسیونالیزمی ئەوروپی هەیە، تێکەڵکردنی ئەم دوو مێژووەوە یەکسانکردنەوەیان بە یەک بە چاک و بە خراپ، هەڵەیەکی دژوارە. هەڵبەت ئەمە نابێت بەو مانایە وەربگیرێت کە من ناسیونالیزمی ئەوروپی بە چاک دەزانم و خەوشەکە هەر لە ناسیونالیزمی خۆرهەڵاتیدا کورتدەکەمەوە، بێگومان مێژووی ناسیونالیزمی ئەوروپی خوێناویترین مێژوویەکە مرۆڤ خەیاڵی بۆی بچێت، دوو جەنگی جیهانی، دیاردەی ئیمپریالیزم، قڕانکردنی میللەتان، تاڵانکردنی سەدان وڵاتی سەر زەوی، سەرهەڵدانی کۆیلەداری و ڕاسیسزم و سیستمی ئەپارتاید هەمووی لە چاوی ناسیونالیزمی ئەوروپی دەبینرێت. هێند هەیە وەسفی پۆزەتیڤانەی ناسیونالیزمی خۆرئاوا لای هەندێک ڕۆشنبیریی ئەمڕۆمان، وا دەکات جەخت لەو ڕاستییە تیورییە سادەیە بکەمەوە کە ناسیونالیزمی خۆرهەڵاتی مێژوویەک و ژێرخانێک و سروشتێکی دیکەی هەیە و تەنیا دەتوانێت هەڵگری دیوە کاولکارەکانی ناسیونالیزمی خۆرئاوا بێت.لێرەوە زۆر گرنگە لە ڕەخنە لە ناسیونالیستی عەرەبی و فارسی و تورکییەوە بگوازینەوە بۆ ڕەخنە لە خودی ناسیونالیزم وەک جیهانبنینی و ئایدۆلۆژیا. هەر بە هۆی نەبوونی ئەو بوێرییەشەوەیە، ڕۆشنفیکرە ناسیونالیستەکانی ئێمە لە بری ئەوەی پەلاماری جیهانبینی ناسیونالیستی بدەن، پەلاماری حوشتری بەستەزمان دەدەن... ئەمە بەڵگەیەکی گرنگە دەیسەلمێنێت کە تێنەگەیشتنی فیکری زۆرجار دۆنکیشۆتی سیاسیی گەورە دروستدەکات
--------------------------
تێبینی: لە فەیسبوکیشدا ئەم کۆمێنتارانەی خوارەوەی بۆ نووسراوە:
کاک به‌ختیار، کورد ناسیۆنالیستی نییه‌، خۆ ناکرێت پاسۆک، یان پارتی و یه‌کێتیی، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌یش که‌ باسی کوردایه‌تیی و کوردستان یان نه‌مان ده‌که‌ن، تۆ پێت وابێت ئه‌وانه‌ ناسیۆنالیستی کوردیی بن، پرسی به‌ ناسیۆنالیستی کورد بۆ خۆی له‌ ژێر پرسیاردایه‌، ئه‌گه‌ر ناسیۆنالیستی کوردی وه‌ک هێزێک بوونی هه‌بوایه‌ رێگای نه‌ده‌دا، پارتی و یه‌کێتیی ئه‌و هه‌موو خیانه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ له‌ کورد بکه‌ن، رێگای نه‌ده‌دا ئیسلامییه‌کان گاڵته‌ به‌ زمانی کوردی بکه‌ن، یان سرودی ئه‌ی ره‌قیب به‌ کفر بزانن. له‌ غیابی ئه‌مانه‌دایه‌ ته‌نانه‌ت تۆیه‌کیش دێیت له‌ زۆربه‌ی نووسینه‌کانتا هێرش ده‌که‌یته‌ سه‌ر ناسیۆنالیستی کوردی له‌ کاتێکدا وه‌ک وتم بوونی نییه‌، که‌چی تۆیه‌ک زۆرجار له‌ نووسینه‌کانتا به‌ ئه‌نقه‌ست ناسیۆنالیستی کوردی ناشرین ده‌که‌یت و ده‌یخه‌یته‌ ریزی نازیست، تۆرانیزم و که‌مالیست وهتد. هه‌موو ئه‌و پیناسه‌ناشرینانه‌ی که‌ له‌مێژووی مرۆڤایه‌تییدا ره‌گه‌زپه‌رست و ناسیۆنالیستی نه‌ته‌واه‌کانی تر به‌رامبه‌ر به‌ مرۆڤایه‌تی کردوویانه‌، تۆ هه‌مان پێناسه‌ بۆ ناسیۆنالیستی کوردی ده‌که‌یت، له‌ کاتێکدا کورد وه‌کو میلله‌تێکی ژیر ده‌سته‌، پێناسنامه‌، هه‌مان ره‌فتار و لێکدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌که‌یت. من وه‌کو که‌سێکی نه‌ته‌وه‌یی و ناسیۆنالیستی کورد تا ئه‌و کاته‌ ناسنامه‌ی کوردبوونی خۆم به‌رزراده‌گه‌رم، کاتێک که‌ کورد بووه‌ خاوه‌نی ناسنامه‌ و وڵات و هه‌موو شتیکی تر، ئه‌و کاته‌ لێکدانه‌وه‌یه‌کی ترم بۆ لایه‌نه‌ فه‌لسه‌فیی و عه‌قلانییه‌کانی ناسیۆنالیستی کوردی ده‌بێت، بۆ ئه‌مڕۆکه‌، نمونه‌ی وه‌کو تۆ به‌ رێگر ده‌زانم له‌ خه‌ونی به‌ده‌وڵه‌تبوونی کوردی، چونکه‌ داگیرکه‌ران و دوژمنانی کوردیش هه‌ر ئه‌مه‌یان له‌ کوردێکی وه‌کو تۆ ده‌وێت که‌ ئاوا بیربکه‌یته‌وه‌ و وا بنووسیت، که‌وابوو ئه‌وه‌ی تۆ که‌ ده‌یان نووسیت، زیاتر له‌ خزمه‌تی ئه‌واندایه‌، که‌ چاکتربوو، زیاتر له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاله‌بانییت بنووسیبایه‌ که‌ ئه‌وان زیاتر مه‌ترسیدارترن له‌ سه‌ر کورد و له‌ سه‌ر هه‌موو مرۆڤایه‌تیی. ئه‌مه‌م به‌ په‌له‌ بۆ نووسیت له‌ هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانی ببورن.‌
-------------
کامیار سابیریش ئەم کۆمێنتەی خوارەوەی بۆ نووسیوە:
کاک به‌ختیار، دڵم تۆزێک ئاوی خوارده‌وه‌، خۆزگه‌ چوار رۆشنبیری تریش وه‌ک تۆ جه‌ریئانه‌ سه‌ره‌تانی ناسیۆنالیزم و ناسیۆنالیزمی کوردیی به‌ر ره‌خنه‌ ده‌دا، ئه‌م نووسینه‌ت یه‌کێکه‌ له‌ کاریگه‌رترین و باشترین نووسینه‌کانت. ئه‌مه‌ بۆ تۆ وه‌ک مێژوویه‌کی گه‌ش و ئازایه‌تییه‌کی که‌م وێنه‌ ده‌مێنێته‌وه‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە