گۆڕینی گای سوور بە گای بەڵەک!!

Wednesday, 26/09/2018, 13:13

5059 بینراوە


بە درێژایی مێژووی بزوتنەوەی ڕزگاریی نەتەوەیی کورد، مەسەلەی سەربەخۆیی کوردستان خەونی سەرکردە و پارتەکانی باشوور نەبووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە گەیشتن بە ئازادیی، خەونی میللەتێکی ٤٠ میلیۆنی بووە. هەموو کاتێک مەبەست و ئامانجی زۆرینەی سادەی بەشداربووی ئەو بزوتنەوانە، لەگەڵ مەرام و مەبەستی سەرانی پارت و بزوتنەوەکاندا وەک دوو هێڵی تەریب بوون و لە هەموو کاتێکدا دژ  بە یەکتر وەستاون، کە یەکێکیان خواستی ئازادیی و ئەوی دیکەش کە سەرانی پارتەکان بوون تەنیا خواستی بەرژەوەندیی و گیرفان پڕکردنیان هەبووە. لە ئاکامدا ئەم جیاوازیە بۆتە هۆکاری سەڕەکیی، کە ئەو دوو هێڵە نەگەیشتوون بە یەک و لە مێژووی قۆناغی جیاجیای بزوتنەوەی ڕزگارییدا بە سەدان جار ئەو میللەتە تووشی هەناسە ساردی و بێ ئومێدی هاتووە! 
زۆڕن ئەوانەی زانیارییان هەیە کە  تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنێکدا و لە میدیاکاندا بە ئاشکرا ددانی بەوەدا نا، کە بۆ ئەو "سەربەخۆی کوردستان خەونی شاعیرانە و قەت نایەتە دی"!
ئەمڕۆ فوئاد حوسێنی گای بەڵەک، بەهۆی ئەوەی دەیەوێت جێگای کورسی گای سوور "فوئاد مەعسوم" بگرێتەوە، کاندیدی پارتییە بۆ پۆستی سەڕۆک کۆماری عیراق وهاتۆتە دوان بە زمانی عەرەبی دەڵێت: "هەر لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلولەوە ئێمە دروشمی دیموکراتیی بۆ عێراق و حوکمی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانمان هەڵگرتووە"، واتە بڕوایان بە جیابوونەوەی کوردستان نەبووە!؟ ئەمەش لە خۆیدا ریفراندۆمەکەی بارزانی بە درۆ دەخاتەوە و ددان بە ڕاستی گەمەی ریفراندۆمدا دەنێت، بە دڵنیاییەوە گای بەڵەک، بۆ یەکەم جارە لە مێژووی ژیانییدا تاکە ڕاستییەک دەبێژێت! ئەوەی درۆ بوو لە مێژووی خەباتی ئەو حیزبە و لە مێژوودا تۆمار کرا "ڕیفراندۆمی ساڵی پار بوو بۆ سەربەخۆیی".!؟ بەڵام ئەوەی دووبارە ڕاستبوو، هەڵوێستی زۆرینەی سادەی نێو میللەتی کورد بوو، کە بەبێ گوێدانە گرفت و ناکۆکییەکانی نێوان سەرانی پارتەکانی باشوور، بەبێ گوێدانە گەندەڵی ئیداری، سیاسیی و ئابووریی  و تاڵانکردنی بیرە نەوتەکانی کوردستان لەلایەن سەرانی پارتەکانی باشوورەوە، هەروها سەرەڕای بوونی شەهیدێکی زۆر لە نێو ئەو پێکهاتەیە لە مێژووی شەڕی براکوژی  نێوان جەلالی و مەلایی، ینک و پدک، وێرای ئەوەش خەڵک دڵنیابوو ئەگەر ئەو پرۆسەیە سەرنەکەوێت، دواتریش باجەکەی دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان و سەرانی پارتەکان لە نێو باڵاخانەکانی سەر شاخەکاندا هیچیان بۆ نابێت و بەردەوام دەبن لە دزینی بیرە نەوتەکان، سەرباری هەموو ئەوانەش ئینجاش میللەت بە سکی برسی  و بار و دۆخی پڕ لە نەهامەتی بڕیاری دا و چوو بۆ سەر سندوقی دەنگدان و گوتی بەڵێ بۆ "سەربەخۆیی کوردستان"! ئەوەی خیانەت و پاشەکشەی لەو داوایەی گەل کرد، سەرانی دز و مافیا و جەردەی باشووری کوردستان بوون لە ئەوپەڕی ڕاستیانەوە بۆ ئەوپەڕی چەپیان.

گای چوار ساڵ نووستوو

کورسی سەڕۆک کۆمار، لە دوای ڕووخانی سەدام و ساڵی ٢٠٠٥، نرخەکەی ئێجگار گران کەوت بۆ میللەتی کورد، دەریایەک لە خوێنی ئالی کوڕی هەژار و زەحمەتکێشی ئەو میللەتە، خەریک بوو شەپۆلەکانی کورسیی و دەسەڵاتی بەغداد ڕاماڵێت، بەڵام تاڵەبانی ئەو کورسییەی لەو دەریا خوێنە گرتەوە و لەسەری دانیشت! ئەمڕۆ، کورسی سەڕۆک کۆماری عیراق، نرخەکەی هەرزانتر بووە، لە دەریایەک خوێن گۆڕاوە بۆ دڕۆ، بەرژەوەدنیی، پەتپەتێن، ماستاو سارد کردنەوە، دزی، زمان لوسی،  بێ ئابڕوویی و خەڵک و خۆ هەڵخەڵەتاندن! 

پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە چوار ساڵە، گای سوور "فوئاد مەعسوم" لە بەغداد دانیشتووە چی کردوە!؟ تەنیا وەرگرتنی موچە و دامەزراندنی کچەکانی نەبێت لە پلە و پۆستە بەرزەکانی بەغداد. لە دەرئەنجامدا  دەبێت ددان بەوەدا بنرێت کە گۆڕانی گای سوور بە گای بەڵەک، یان بە گا و (گا)کانی دیکە، هیچ لە مەسەلەکان ناگۆڕێت، نابێتە هۆی گۆڕینی بار و دۆخی نە عیراق و نە هەرێم، تەنیا دەبێتە هۆی گۆڕینی بار و دۆخی ئابووریی ئەو گا و مانگایانەی کە لەسەر ئەو کورسییە دادەنیشێت!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە