هۆکاری بنەڕەتی بڕیارەکەی ترامپ

Monday, 24/12/2018, 10:41

4723 بینراوە


هەوڵدان بۆ خۆپیشاندانی سەرتاسەری دژ بە تورکیا
دۆناڵد ترامپ کابرایەکی بزنسمانە زیاتر وەك ئەوەی سیاسی بێ، ئەو سەروەت سامانی لە باوکیەوە بۆ جێماوە و هەمان ڕۆڵیش بۆ کوڕ و کچەکانی دەست نیشان کردوە کە بەردەوام بن لەسەر کاری بزنس و برەو گەشەی پێبدەن. یەکێ لەو ڕەخنانەی لە ئەمەریکا، کە لە سەر ترامپ هەیە ، بەکارهێنانی میوانخانە و گۆڵف پارکەکانێتی بە پارەی باجدەر، نەك هەر ئەوەندە بەڵکو زۆرجار ئەو میوانانەی سەردانی ئەکەن دەیەوێت لەو شوێنانە بمێننەوە کە هی موڵکی خۆیەتی.
ترامپ خاوەنی ترامپ تاوەر(trump tower)ە لەزۆربەی جیهاندا بوونی هەیە، یەکێک لەو ووڵاتانەش ، تورکیایە. ترامپ لە شاری ئەستەنبوڵ خاوەنی دوو تاوەرە بەتەنیشت یەکەوە کە سەرمایەی باشی بۆ ترامپی ئێستا و نەوەکانی دواتری مسۆگەر کردوە. ترامپ باش ئەزانێ تووڕەکردنی سەرکردە نەزان و یاسا شکێنەکان پێش ئەوەی زەرەرمەند بێ بۆ سەر ئەمریکا، بۆ خۆی زەرەرمەندتر دەبێ . ئەو باش ئەزانێ لەتورکیا یاسا نییه و ئەردۆگان ئەتوانێ بەو یاسا نا، یاسایانەی ئەوێ موڵکەکانی بخاتە مەترسیەوە و دەستیان بەسەردا بگیرێ، بۆیه لەچەند بۆنەیەکدا ئەردۆگان ئەمەی داوە بەڕووی ترامپدا و ئەو ئەمریکیانەی لەوێ پارەکانیان خستۆتە بازاڕەکانی تورکیاوە. بۆیە ترامپ نایەوێ لەئێستاوە ئەوەی بە 50 ساڵ پێکەوەی ناوە هێناوە لەبەر خاتری کورد بیخاتە مەترسیەوە ، هەروەك پەندە کوردیەکە نایەوێ کوڕی خۆی بکا بەقوربانی کچی خەڵکی.
 سەرۆك ترامپ لەسەرەتاوە کوردی وەك جەنگاوەرێکی ئازا ناساند و ووتی ئەبێ ئێمە کورد بەکاربێنین لەجەنگی تیرۆردا دژ بە داعش. لای ئەو مانای(کار) بەو شێوەیەیە کە هەرکات ئیشی پێی نەما ، ئیتر پشتی تێ دەکات، بەو پێیەی داعش بەتەواویی لاواز بووە ئەشێ بڕیارەکەی لەجێی خۆیدا بێ و هاوڵاتی ئەمریکی باش لەوە تێئەگەن کە داعش ئەوەندە کاریگەری نەمابێت، ئێدی پێویستە سەربازەکانی بگەڕێنەوە بۆ ئەمەریکا. هەروەك ئاشکرایە بەشداری کردن لە سوپای ئەمریکی لەڕێگای سەپاندنەوە نییە و هاوڵاتی خۆی و بەئارەزووی خۆی خزمەتی تیادا دەکا لەگەڵ ئەمەدا جۆریك لە گرێبەست واژوو ئەکرێ و ماوەکەی دیاری ئەکرێ. بۆ نمونە ئەوەی خزمەتی سەربازی بۆ عێراق کردوە پێشتر زانیویەتی کات و بڕی پاکێجی بەرژوەندی تایبەتی و مووچەکەی چەندە. ئەمە جگە لەوەی وەزارەتی بەرگری بودجەی دیاری کراو بۆ هەر جەنگێك دیاری ئەکا و ئەبێ پێوەی پابەند بێت، واتە کاتێ هاتنە ناو سوریاوە بە ڕەزامەندی کۆنگرس بووە و بودجەکەیان لەوێ بۆ دیاریکردووە و ئەگەر بیانەوێ گۆڕنکاری تێدا بکەن، دەبێ بچنەوە بۆ کۆنگرس و داوای نوێژەنکردنەوەی بکەن.
ئەم بڕیارەی ترامپ گەر جێبەجێش نەکرێ، ئەوا ئەردۆگان ناتوانێ لەوە زیاتر شووڵی لێ هەڵکێشێ و جاریکی تر بڵێ، ئەمریکا تا ئێستا زللەی عوسمانی تاقی نەکردۆتەوە. ئێستا ترامپ بڕیاری خۆی دا، لێ لەوە ناچی کۆنگرس و سێنەت هەروا بە سانایی تێپەڕێنن. لەم کاتەدا ئەم بڕیارەی ترامپ گەر نەچێتە سەر ئەوا وەك (دەفع و بەڵا)ی لێ دێت و خۆی بەڕوو سووری لای ئەردۆگان ئەبینێتەوە.
بۆیە گرنگە ڕۆژئاڤا خۆیان نەشڵەژێنن و ئەو سیاسەتە حەکیمانەی ساڵح موسلیم و یەپەگە بەردەوام بێت، هەروەك چۆن لەسەرەتاوە پشتیان بەخۆیان بەستوە، لەمەو دواش پشت تەنها بەخۆیان و برایەتی گەلانی سووریا ببەستن و چاو و دڵ کراوەبن بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو. ناردنی ئەو پەیامە دوژمن کارییەی ئەردۆگای بۆ ووڵاتانی ئەوروپی و نەتەوە یەکگرتوەکان لە ئیستادا سیاسەتێکی ڕەوایە و هەوڵدان بۆ دروست کردنی قەوارەیەکی هەمە جۆری کۆمەڵایەتی کەمینەیی، کارێکی هەنووکەییە و ئەبێ کوردانی جیهان هەستن بە دوور کردنی فشار لە ڕێگای خۆپیشاندان و دروست کردنی لۆبی دوور لە پارتە سیاسیەکانی باشوور و ئەوانەی سەر بەتورکیان. داوا لەهەموو کوردێك ئەکەین وەك کوردستانپۆست بەزووترین کات لەهەوڵی گەیاندی دەنگی ناڕەزایی لەڕێگای خۆپیشاندان و گرد بوونەوە لەسەراپای جیهان بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو مەترسیانەیان بکەینەوە کە ڕەنگە لە داهاتوودا تووشی ڕۆژئاڤا ببێ

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە