مانگی هەنگوینی گۆڕان و پارتی چەند دەخایەنێ ؟

Sunday, 24/02/2019, 10:13

2762 بینراوە


من لەگەل بەشداری گۆڕان لە حکومەت نەبووم. یەکێك لە هۆیەکان ئەویە هەر ڕێکەوتنێك لەگەل پارتی بکرێت هیچ بەهایەکی نییە. پارتی ئیلتزام بەهیچ ڕێکەوتنامەیەك ناکات، ڕەفتاری پارتی لە ساڵانی ڕابردوو شایەدی ئەم ڕاستیەن. من پێم وایە لە ئێستاشدا پارتی زەرەیەك نەگۆڕاوە. هیوادارم هەلەبم، بەلام هەر چەند دەکەم ناتوانم بڕوا بەخۆم بێنم کە پارتی ئیلتزام بەهێج ڕیکەوتنامەیەك بکات، پارتی گۆڕا بێت یان پارتی وانەی لە ڕابردو وەرگر بێت.

بۆ نموونە، سەرەرای دانیشتنی زۆری پارتی لەگەل یەکێتی، کەچی پارتی زۆر بێباکانە دانیشتنی پەرلەمانی لەگەل گۆڕان و بێ یەکێتی دەستپێکردەوە. ئەمە مەترسیدارە، چونکی دو ڕۆژیتر هەمان کار لەگەڵ گۆڕان دەکات.

هەر لەسەرتاوە یاریەکانی پارتی ئاشکرایە. هەر کاتێك یەکێتی بیخاتە ژێر گوشار پەنا بۆ گۆڕان دەبات، هەر کاتێکیش گۆڕان گوشاری بۆ بێنێت ئەوا پەنا بۆ یەکێتی دەێنێت. ئەمە یاری چوارسالی داهاتوی پارتی دەبێت و ناچێتە ژیرباری یەك داخوازی هیچ لایەنێك و گۆڕانیش ناتوانێ پارتی پابەند بکات بە ڕیکەوتنامەکەی.

ڕاستیەکی دوای ئەوەی نەوت و گاز لە کوردستان دۆزراوەتەو هەناردەی تورکیا دەکرێت، دەسەلاتدار لەکوردستان زیاتر لە مافیای نەوت دەچێت تاکو حیزبی سیاسی. بۆیە گۆران دەبوایە چاوی لە ئایندەی دوور بایە نەك هاوپەیمانی ئەوانەی زۆر کەم لە حیزبی سیاسی دەچن.

سەرەرای هەر تێبینیەك، ئێستا ئەوا گۆڕان بریاری دایە و چۆتە ناو حکومەت ، لەم بارەیەوە پێویستە چی بکات ؟

بەڕای من لە جیاتی باسکردن لە ڕێکەوتنامە، پاکێچ و بەرژەوەندی خەلکی کوردستان و بابەتی گشتی تر، پێویستە گۆڕان داخوازی کۆنکریتی لە حکومەتی نوێ هەبێت و مەرجی بەردەوامی لە پەیوەند بوونی بێت لە هاوپەیمانیدا لەگەل پارتی. هەندێك لەم داخوازیانە کۆنکریتیانە بەخیرایی لە خوارەوەدا باس دەکەم ( ژمارەکان تەنها بۆ روونکردنەوە و نموونە هێنانەوەیە) .

پێویستە گۆڕان دوا لە حکومەتی نوێ بکات کەوا:
١. چەند هەزارێك ،بۆ نمونە پەنجا هەزار ، هەلی کار دروست بکات و بەشی هەر شار و شارۆچکەیش لەم هەلی کارانە دیاری بکات.
٢. چەند سەد ملیۆن دۆلارێك ، بۆ نمونە سێ سەد ملێون دۆلار ، لەکەرتی تەندروستی گشتی خەرج بکات. بیست ملێۆن دۆلار بۆ نەخۆشخانە گشتیەکانی زاخۆ، ١٠ ملیۆن بۆ ئاکری، پەنجا ملیۆن بۆ دهۆك، حەفتا ملیون بۆ هەولێر، هەشتا ملیون بۆ سلێمانی ، بۆ هەلەبجە ، گەرمیان ...تاد.
٣. پێویستە چەند سەد قوتابخانەی نوێ بکریتەوە. بۆ هەر شار ، شارۆچکە، قەزا و ناحیەکان لە زاخۆ وە تاکو خانەقین و توزخورماتو بەشی هەر شوێنێك دیاری بکات.
٤. چەند هەزار یەکەیەکی جێنشین دروست بکات یان بەکرێ بگرێت و بەکرێەکی کەم بێدات بەو کەسانەی بێ شوێنی حەوانەوەن.
٥. بۆ هەر زانکۆیەك لە زانکۆکای کوردستان چەند ملیون دۆلارێك بۆ لێکولینەوەی زانستی تەرخان بکرێت.
٦. چەند ملێۆن دۆلارێك بۆ دروستکردنی بانکی خواردن لە هەمو شارو شارۆچکەکانی کوردستان دابین بکرێت . ئەم بانکی خواردنانە وەزیفەیان بێت خواردن بەخۆرایی بدەن بە ئاواروە و هەژار و بێکەسانی شار.
٧. تەرخانکردنی چەند سەد ملیۆن دۆلارێك بۆ چاکردنی جادەو ڕیگاکان و ئاو وئاورەکان.
٨. ڕاگرتنی سیاسەتێکی هاوسەنگ لە نێوان تورکیا و عیراقدا و هێندە لە بەردەم تورکیادا نەچەمێتەوە.
٩. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێك نەبێت لە ئەجندای تورکیا بەرامبەر ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان، هەر هیچ نەبێت بێلایەنی ڕاگرێت.
١٠. ... تاد

ئەگەر گۆڕان هەمو ، بەشێك یان رێژەیەك لەم خالانەی لەسەروەدا ڕێزم کردوون و دەیان خالیتریش کە لێرەدا باسنەکراون خستە بەرنامەی کاری و کاری لەسەر کرد و لەسەر بنچینەی ئەم داخوازیانەش هاوپەیمانیەتەکەی درێژە پێدا ئەو کات سەبارەت بە بەشداریکردنی گۆڕان لە حکومەت دەکرێ قسەیەکیتر بکرێت. بەڵام، تاکو ئەو کاتەی ئەم کارانە ئەنجام دەدرێن من هەر مکورم لەسەر ئەوەی گۆڕان هەلەی سیاسی کرد بەشداری حکومەت دەکات و مانگی هەنگوینیشی لەگەل پارتی کورت دەبیت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە