لەکەناڵی ئێن ئارتی گەڕێن، لێ لە خاوەنەکەی مەگەرێن!

Thursday, 28/02/2019, 22:14

6986 بینراوە


کەناڵی ئێن ئار تی ، لە ئێستادا وەک هەموو کەناڵەکانی تری هێزو پارتە سیاسییەکان ؛ کەناڵێکی خاوەن پەیامی سیاسییەو بە ئاراستە؛ کار ئەکات بۆ هێنانەدی چەندین ئامانج ، گرنگترینیان ئەوەیە کە بووەتە پاسەوانی پاراستن و داکۆکیکردن ؛ لە بەرژەوەندییە دارایی و ئابوورییەکانی خودی خاوەنی کەناڵەکە، ئەویش لە رێگەی بەکارهێنانی وەکو ئامرازێکی گووشارو فشار، لەسەر حکومەت و پارتە سیاسییە سەرەکییەکان و هەندێ لێپرسراو و دەسەڵاتداری ناو حکومەت و پارتە سیاسییە سەرەکییەکان؛ ئەمەش ئەو کاتەی کە خاوەنی کەناڵەکە ، ڕووبەرووی فشارو گووشاری جۆراوجۆر ئەبێتەوە، یان ئەو کاتەی کە خاوەنی کەناڵەکە ؛ خۆی بۆ بەرژەوەندیی و ئامانجێکی دیاریکراو، کەناڵەکە وەکو ئامرازێکی فشار و گووشار ئەخاتەگەڕ.
لەم دواییانەداو هەر لەدرێژەی خۆپاراستن و بەمەبەستی بەدەستهێنانی پارێزبەندیی زیاتر!! ؛ ئەو بەڕێزە دامەزراندنی ڕێکخراوێکی سیاسییشی خستە پاڵ کەناڵەکە ، ئەمە بەدەر لەوەی کە ؛ هەر لەسەرەتاکانی (کردن!)ی و (بوون!)ی بەڕێزی بەبزنسمان!؛ چ بە نهێنیی و چ بە ئاشکرا، چەندین هەنگاوی تری ناوە بۆ بەدەستهێنانی پارێزبەندیی و خۆنزیککردنەوە لە هەندێک لە کەسایەتییە دەسترۆیشتوەکانی ناو ناوەندو فەرمانگەو دامودەزگا پەیوەندییدارەکانی ناو دەسەڵات و دروستکردنی بەرژەوەندیی هاوبەش و بەخشینەوەی (ئیمتیازاتی تایبەت)و نازکێشانی بەشێک لە پیاوانی بواری قەزاوەت و لێپێچینەوە و بزنس و...هتد!.
خاوەنی کەناڵەکە هەر لە سەرەتاکانی دەرکەوتنیەوە ؛ ڕووبەڕووی دەیان پرسیار بۆتەوەو بەردەوام خۆی لە وەڵامدانەوە دزیوەتەوە، (بەندە) یەکێکم لەوانەی کە بە کۆمێنت و لە پەیجەکەی خۆیدا ؛ هەروەها بە چەند وتارێکی بڵاوکراوە ، لە رۆژنامەو لە سۆشیال میدیا ؛ ژمارەیەکی زۆری پرسیارم ڕووبەڕوو کردۆتەوە ، ئەویش بەزمانی گووڵ، نەک بەزمانی زبرو سووکایەتییکردن، بەڵام ئەو بەرێزە ، نەک وەڵامی نەئەدامەوە ، بەڵکو لە دواجاردا بلۆکی کردم، ئەمە لە کاتێکدا وەڵامی زۆرینەی کۆمێنتەکانی تری ئەدایەوە.
خاوەنی کەناڵی ئێن ئار تی ؛ لەم ساڵانەی دواییدا، بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان و بۆ خۆ دەمامککردن ، ئەیەوێت خۆی بکاتە کەسایەتییەک ، کە خەسڵەتەکانی کایزمای تیا بێت ، بۆ ئەم مەبەستە پشتی بە میدیاکەی بەستووە ، لەمڕووەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ؛ چەند بەرنامەیەکی بۆ بانگەشە لەسەر خودی خۆی پەخش کرد ، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی چەندین چاوپێکەوتنی تایبەتیی خۆی ، هەروەها هەندێ بەرنامەی تریشی بۆ دروستکردنی کاریگەریی لەسەر خەڵک و خۆشەکردنیان بە بەرژەوەندیی خۆی پەخشکرد ، کە لە سۆراخ و بەدواداچووندا دەرکەوت ؛ ئەو بەرنامانە تەنها لە خانەی ڕیکلام و پروپاگەندەکردندا بۆ خاوەنی کەناڵەکە ماوەتەوەو نەچۆتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە ، لە نموونەی ئەو ڕیکلامەی کە بۆ خاوەنی کەناڵەکە ئەکرا ؛ گوایە بۆ هاوکارییکردن و سپۆنسەرکردنی گەنجان بۆ ناو بزنس ، کۆمەکی ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان ئەکات ؛ هەر یەکەیان بە بری پێنج هەزار دۆلار، یەک کەسیش لەو گەنجانە ؛ یەک سەنتی پێ نەبەخشراوە لەلایەن ئەو بەرێزەوە !! ، یان ڕیکلامێکی تر کە بە درێژایی چەندین مانگ ، لەو کەناڵەوە پەخش ئەکرا ؛ بۆ تۆمارکردنی خانووی ئەو هاووڵاتییانەی کە کەم دەرامەتن و ئەیانەوێت خانووەکەیان تەعمیر بکەن ، تاکو بچن بۆ لای خاوەنی کەناڵەکە ؛ بۆ تۆمارکردنی خانووەکەیان بۆ تەعمیر؛ لەسەر ئەرکی خاوەنی کەناڵەکە بەخۆڕایی! ، ئەم ریکلامەش بەکردار ؛ تاکو ئێستا ، هیچی لێ نەهاتۆتە بەرهەم ، یان بەرنامەیەکی تر بەهەمان شێوە ، ئەویش بەرنامەی (هەنگاوی یەکەم) ، کە تایبەت بوو بە پێشبڕکێی پرۆژەی بازرگانیی بۆ ئەو کەسانەی کە خاوەنی بیرۆکەو پرۆژەی بازرگانیین و پارەیان نییە ، ئەم بەرنامەیە لە کۆتایی ساڵی (٢٠١٦) دا ؛ لەکەناڵەکەوە ڕاستەوخۆ لەلایەن خاوەنەکەیەوە پەخش ئەکراو دوا ئەڵقەی کەوتە مانگی شوباتی (٢٠١٧) ؛ تیایدا خاوەنی کەناڵەکە ، لە بەردەمی هەموو ئامادەبووان و لە پەخشی ڕاستەوخۆی کەناڵەکەدا ، بریاریداو ڕایگەیاند کە بە بڕی دە ملیۆن دۆلار؛ لەویلایەتی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا ؛ رێستۆرانتێکی براندی جیهانیی تایبەت بە خواردنی مناڵ ؛ بە دەیان لقەوە لە هەموو جیهاندا ، لە نموونەی ماکدۆناڵد؛ بۆ براوەی یەکەم لە بەرنامەکە بکاتەوە ، لەسەر ئەرکی کاک شاسوار خۆی و یەکێک لە لقەکانیشی لە سلێمانی بکرێتەوە ، ئەمە لە کاتێکدا تا ساتی نووسینی ئەم وتارە ؛ نە لقی ئەو ریستۆرانتە براندە جیهانییە لە سلێمانیی کراوەتەوە ، نە لە کالیفۆرنیاش ڕیستۆرانتێکی لەو جۆرە کراوەتەوە !! 
شایەنی باسە ئەو بەرنامەیە ؛ لەزاری خاوەن کەناڵەکەوە ،کە لە ئەڵقەی کۆتاییدا ڕایگەیاند ؛ ئەبوایە وەرزی دووەمیشی لە سەرەتای ساڵی (٢٠١٧) دا دەستی پێ بکردایەو بەردەوام بووایەو چەندین وەرزی تریشی بەدوا بهاتایە.
جیی ئاماژەیە کەناڵی ئێن ئار تی ؛ تاکو ئێستا ، هیچ ڕاپۆرتە هەواڵێکی لەسەر جێبەجێبوونی ئەو سێ چالاکییە ڕیکلامییەی خاوەنی کەناڵەکە بڵاونەکردۆتەوە؟؟! ، ئایا ئەگەر ئەو بەرنامە ڕیکلامانەی کاک شاسوار؛ بچوونایەتە قۆناغی جێبەجێبوونەوە ؛ کەناڵەکە بە باسکردنی هەراسانی نەکردبووین!!
ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ هەوڵ و رەفتار و جموجۆڵەکانی خاوەنی کەناڵی ئێن ئار تی بکەین ؛ ئەگەینە ئەو ئەنجامەی کە بەرێزی ئەیەوێت هێزی بەرەنگاریی و خەمساردیی و بێ منەتی خۆی ، لە بەرامبەر دەسەڵات و پارتە سیاسییە سەرەکییەکان و هەندێ لە کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکانی ناو پارتە سیاسییە سەرەکییەکان ؛ بەسیناریۆی جیاجیاو بەگوێرەی هەلومەرجی گونجاو پیشانبدا، بێگومان ئەمەش بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە تابلۆیەک بنەخشێنێت و چاوەکان لەگەڵ ئەو دیمەنەدا ڕابهێنێت؛ کە بەڕێزی نەیارێکی بێڕکابەری حکومەت و پارتە سیاسییە سەرەکییەکان و ژمارەیەک لە لێپرسراوە دەسەڵاتدارەکانە.
ئەگەر چەندین شیکردنەوەو گریمانەو ئەگەر، لە ئارا بێت بۆ ئەم هەڵوێستەی ئەو بەرێزە ، ئەوا ئەگەری بەهێز؛ ئەوەیە کە ئەمە بەشێکە لە سیناریۆیەک بۆ وەڵامدانەوەی هەندێک لە پرسیارە وەڵامنەدراوەکان ، لێرەوە وەڵامێک لەو تابلۆ نەخشێنراوەدا دروستکراوەو کراوەتە پەیامێکی ئاراستەکراو، ئەویش بەم جۆرە ؛ خەڵکینە باوەڕ بەو زانیارییانە مەکەن کە خاوەنی ئەم کەناڵە ؛ دەمامکی هەندێ بزنسمانی سیاسیی بەشداربووی ناوخۆو دەرەوەی هەرێم ! بێت لە دەسەڵاتدات! ، ئەگەر وابووایە چۆن ئەوەنە سەرکێش و چنگ بەکرێ ئەبوو لە بەگژداچوونەوەی پارتە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانی ناو حکومەت!.
خاوەنی ئەم کەناڵە ، لەقۆناغەکانی ڕابردوو؛ چ بۆ ململانێی نێوان هێزە سیاسییە سەرەکییەکان ، چ بۆ ململانێی نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات ، چ بۆ ململانێی نێوان تەکەتوول و گرووپە ناکۆکەکانی ناو پارتە سیاسییە سەرەکییەکان ؛ بووەتە بەشێک لە ئەجێنداکان ، لە هەندێک ئەجێندادا خودی خۆی ، سەرکێشی کردووەو خۆی تێخزاندووە ، لە هەندێکی تریشیاندا بە فەرمایشت داخل بووە!!
ئەزموونی پرۆسەی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان دەریخست ، کۆمەڵگەی ئێمەش خاوەنی ژمارەیەک سیاسەتمەداری ئەکتەرو سیناریست و دەرهێنەرە ، وەلێ کەسیان هێندەی خاوەنی ئەم کەناڵە ؛ سەرکەوتوو نەبووە لە نواندنی ڕۆڵ و بەسیناریۆکردن و دەرهێناندا ، پانۆرامای ئەم بەرێزە شانۆگەرییەکەی بەردەوامە ، چەند پەردەیەکی تری ماوە ، بەڵام کۆتاییهاتنی شانۆگەرییەکەی ، گرێدراوە بە هەندێ فاکتەری سیاسیی و ئابووریی و سایکۆلۆجیی ، کە خۆی زیاتر لێی تێ ئەگات!
خاوەنی کەناڵەکە دەمێکە درکی بە نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی شانۆگەرییەکە کردووە ، هەربۆیە لە بەرەنگاربوونەوەدا و بۆ ململانێ لە پێناوی بەردەوامبوون و دروستکردنی کارتی فشارو گووشار بۆ گەمە بزنسەکانی و خۆ بەدوور گرتن لەهاتنە ژێر سفری یاری مارو پەیژەکەدا! ، کە بەرێزی بەپەیژەکەدا سەریان خست !!؛ میدیاو کاری سیاسیی کردۆتە ئامرازو لە پشتی پەردەوە ، هەماهەنگیان ئەکات لەگەڵ ئاراستە هاو بەرژەوەندەکان و شانۆگەرییەکەی پێ درێژئەکاتەوە!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە