ئەدیب، ئەو کەسانەن کە شتی گەورە، بە شێوەی بچوک دەڵێن و دەگەینن

Tuesday, 05/03/2019, 0:09

7967 بینراوە


بۆکۆڤسکی: "ئەدیب، ئەو کەسانەن کە شتی گەورە، بە شێوەی بچوک دەڵێن و دەگەینن"
-----------------
هەموو شتێک هەیە، ئەوەی کە نییە، هیوایە، تەنانەت ئێمە گەشتووینەتە، قۆناغی بێ مانایی شتەکانیش، کاتی ئەوەیە لە سەرەتا و لە بنەڕەتەوە، مانا بدەینەوە بە شتەکان، ئێستا بایەخی شانۆگەرییە سیاسییەکان کۆتاییان هاتووە، هەڵبەت شانۆ سیاسییەکانی هەرێمەکەی خۆمانم مەبەستە، خەڵک ئیتر نەک هەر لەناو شانۆ سیاسییەکان ڕۆڵ ناگێڕن، بەڵکو تەماشاشی ناکەن، لەبەر ئەوە نوسینەوەی بێ مانایی شتەکان، کارێک نییە زیرەکیی و دانایی بووێت، چونکە وەک دەرئەنجام کۆمەڵگاکەمان گەیشتووە بەو خاڵە، بەو ئەنجامە.
هەمووان دەزانن ڕۆژهەڵات خاکی میتۆلۆژیا و لەدایکبوونی ئاینەکانە، لێرەدا قوربانی دان و باوەڕ هێنان بە شتەکان و بۆ شتەکان، هێندە دەگمەن نییە و ئاسان دەست دەکەوێت، دووبارە کردنەوەی ئەو قەوانانە، سودێکی ئەوتۆی نییە! کۆمەڵگا کە مرد، پێویستی بە فاتیحا و ناشتن نییە، پێویستی بەوەیە بە دەستت پاڵ بنێی بە سینگییەوە، چونکە مردنی کۆمەڵگا کۆتایی نییە، تەنها نوستنە، وەک چۆن نوستنی مرۆڤەکان زۆرترین لێکچوونی هەیە لەگەڵ مردن، بەڵام مردنی کۆمەڵگا خودی نوستنە، بۆیە پێویستی بە هەستاندنە لە خەو، نەوەک ناشتن و فاتیحا لێدان، ئەوەی کە (بەختیار عەلی) لە ڕۆمانی (دەریاس و لاشەکان) دەیکا و دەیڵێ، ناشتن و فاتیحا لێدانە، بۆ کۆمەڵگا، کە ئەوە کاری مەلایێک و کادیرێکی حزبە!
دیاریکردنی نەخۆشییەکان، بە شێوەیەکی ڕاست ڕێگا لەبەردەم چارەسەریێکی ڕاست دەکاتەوە، چارەسەری بۆ نەخۆشیێکی درێژخایەن، دەواکردنێکی درێژخایەنی گەرەکە، بەڵام هەموو ئەوانە ئەنجامگیر دەبن کاتێک کە دەرمانەکە ڕاست بێت، ئەوەش ئەوکاتە دێتە دی، کە نەخۆشییەکە بە شێوەیەکی ڕاست دەستنیشان دەکرێت!
ئایا شۆڕش وەک چەمک و وەک پرۆژە، کێشەی هەیە، یان ئێمە و کۆمەڵگاکەی ئێمە کێشەی هەیە لە تێگەیشتنێکی ڕاست لەو چەمکە، بەشی ئەوە  زانستی نییە کە ئەو چەمک و پرۆسەیە بە شێوەیەکی ڕاست پێناسە بکات، لەو ڕۆمانەدا، (بەختیار) ڕەخنە لە تێگەیشتنی باوی نێو کۆمەڵگا دەگرێ بەرامبەر بە شۆڕش، بەڵام لەگەڵیدا، خودی شۆڕشیش ڕەت دەکاتەوە، بە هەموو ئەوەی کە هەیەتی لە شۆڕش دەدات، خۆ (ژەنراڵ بیلال)، کە (نەوشیروان مستەفا)یە، هەرگیز باوەڕی بە شۆڕش نەبووە، ئەو پیاوی ڕیفۆرم بوو، کەچی (بەختیار) لەو ڕۆمانەدا، بەزۆر باری شۆڕشی لێ بار دەکات و شەڕی چەکدارییان پێ ئەنجام دەدا و دواتریش هەموویان بە یەکەوە، ڕەت دەکاتەوە، بەڵام ئەوە شتێکە کە ڕووی نەداوە تا ڕەت بکرێتەوە، هیچ کاتێک باوەڕی هیچ سیاسیێکی کوردی باشوریش نەبووە، بە (بیلال)ی نێو ڕۆمانەکە و بە (نەوشیروان)ی گردەکەشەوە!
(گۆڕان) کە خەڵکی لای شۆڕشگێڕ بوو، لە پرۆسەی دەنگدانی ساڵی (2009)  (25) کورسی پەرلەمانی بەدەست هێنا، کەچی پایزی (2018) تەنها (12) کورسی بەدەست هێنا، هەموو ئەو خەڵکەی کە (13) کورسییەکەی گۆڕانیان پێک دەهێنا لە دەنگدانی ساڵی 2009 بریتین لەوانەی کە باوەڕیان بەو پرۆسەیە و بەو گەمەیە نەماوە و چیتر وەهمی ئەوەی کە (گۆڕان) و سەرۆکە مردووەکەی دەتوانن بگۆڕن، بەری داون، بەڵام ویست بۆ گۆڕان، پێویست بینینی گۆڕان، بەری نەداون، گۆڕان وەک بزوتنەوە نا، گۆڕان وەک پرۆسە، چونکە لە سەرەتاوە ئەوەی وای لێیان کرد دەنگ بدەن بە (گۆڕان) و بیر لە گۆڕانکاری بکەنەوە، کۆمەڵێک فاکتەر بوو، کە هێشتاکە لە ژیانیاندا بوونی هەیە: هەموو شەوێک سەعاتی یەکی شەو کارەبا دەبڕێ، سێ ڕۆژ جارێک ئاو دێتەوە، هیچ یاسایێکی تۆکمە و دادگایێکی دادپەروەر بوونی نییە، پیاوەکانی دەسەڵات دەست کراوەن بۆ ئەوەی بەپێی خواستی خۆیان خوایەتی بەسەر خەڵکەوە بکەن، زانکۆکان وێرانەن، خەستەخانەکان خاڵی لە دەرمان و دکتۆرن، کەرتی تایبەت بەرە بەرە وەک مارێکی کوبرا پێیانەوە دەدا و وەک دێوێک قوتیان دەدات، بێکاری گەیشتۆتە سەر ئێسقان و بە دەیان هەزار دەرچووی زانکۆ هەموو کارێکیان  سۆشیال میدیا و ڤیدیۆ گەیمە، کاڵ و کرچی موچە، گرانی بازاڕ، نەبوونی یەکەی نیشتەجێ بوون، هەموو ئەوانە کە فاکتەرن بۆ توڕە بوون، هۆکارن بۆ پێویست بینینی گۆڕانکاری و پەیدابوونی ویست بۆ گۆڕانکاری لای خەڵک، ئەو هۆکار و فاکتەرانە ماون و بەردەوامن، ئەوەی کە نەماوە، باوەڕی خەڵکە بە گۆڕان و سیاسییەکانی ئەو وڵاتە، بە ڕۆشنبیرەکانی ئەو وڵاتە، ئەوە شتێکە کە نەماوە، کە بێ گومان ئەوەش زۆر بایەخدارە، بەڵام ئەوەی کە (بەختیار) وێنای دەکات، پێچەوانەیە، (بەختیار)، دێت بە هەموو شێوەیەک دژی شۆڕش دەوەستێتەوە، دژی گۆڕانکاری دەوەستێتەوە، وەکو کابوسێکیش وێنای گۆڕانکاری دەکات، وەک ئەوەی ئەو ژیانەی ئێستا هەبێت، کابوس نەبێت، نەخێر، بۆ (بەختیار) لە ئەڵمانییاوە کابوس نییە، بەڵام بۆ گەنجێک کە نە خەستەخانەی هەیە و نە دادگا و نە پیشە، کابوس شتێک زیاتریشە، ئەوەی کە (بەختیار) ناتوانێت هەرگیز بیبینێت، ئەو خاڵەیە، ناتوانێت تاکێکی نێو ئەو کۆمەڵگایە بێت!
لە ڕابردوو و لە ئێستاش، لەو هەرێمەی ئێمەدا، هەرگیز شۆڕش ڕووی نەداوە، شۆڕش پیاوانێک بەرهەم دێنێت کە هاوبەشی ژنەکانیانن نەوەک خاوەن، کچەکانیان خۆش دەوێت و نایان فرۆشن، مرۆڤێک بەرهەم دەهێنێت، کە ژینگە دەپارێزێت، کاڵای کەم دەکڕێت، ئاژەڵەکانی خۆش دەوێت، ماچ بەرهەم دەهێنێت، ئەکادیمیای پڕ و تژی لە داهێنان بەرهەم دەهێنێت، شۆڕش شەقامی خاوێن و تاکی ئارام بەرهەم دەهێنێت، ئایا ئەو بەرهەمانە هەن لە گۆڕێ؟
کەواتە شۆڕشێک نەبووە لە گۆڕێ، ئەوەی هەبووە، تەنها خەونی شۆڕش بووە لای قوربانییەکان و گەیشتن بە دەسەڵات و هەژموونداریش بووە بۆ سەرۆکەکان، لەبەر ئەوە (بەختیار عەلی) لە ڕۆمانی (دەریاس و لاشەکان)، لە حەوشەی پشتەوە، بۆخۆی هاوار دەکات، بۆ خۆی و بەس، لەگەڵ ئەو بۆرژوایانەی کە کتێبەکەی دەکڕن و نایخوێننەوە، دەیخوێننەوە و تێی ناگەن، هاوار کردنێکە، بۆ خۆی و بەس!
یەکێک لەوانەی کە بارە بەسەر کۆمەڵگای کوردییەوە، (نەوشیروان مستەفا)یە، (نەوشیروان مستەفا) هەم وەک زیندووێک بار بوو، هەم وەک مردووێک، لە زیندوێتیدا، مەیدانەکەی قۆرخ کرد و وزەی خەڵکی کرد بە پەرلەمانتاری موعەلەب و ناردنی بۆ پەرلەمانەکەی پارتی، بە مردوویش، گردێکی گەورەی داگیر کردووە، بە تەرمەکەی!
یەک نەفەس، (نەوشیروان) یەک نەفەس، لە سەرەتای کاری سیاسییەوە تا کۆتایی، جەلالی بوو، هیچ (نەوشیروان)ێکی جیاواز لە ئارادا نەبووە، هەرگیز (نەوشیروان)ێکی تر لە نێو (نەوشیروان)دا بەخەبەر نەهاتووە و پەیا نەبووە، هەرگیز (نەوشیروان) گۆڕانی بەسەر کەسایەتی و بیری خۆیدا نەهێناوە، کەچی (بەختیار) (نەشیروان) بە دوو قۆناغ دەگرێتە دەست، (نەوشیروان)ی شۆڕشگێڕ و (نەوشیروان)ی دەسەڵاتدار و دەسەڵاتخواز، بەڵام ئەوە دروست شتێکە کە دەبێ کۆمەڵگا ڕەتی بکاتەوە، (نەوشیروان) تا چوونی بۆ سەری ڕەش و تا ڕێکەوتنی دەباشان و تا مردنی لە لەندەن، یەک (نەوشیروان) بوو، هەرگیز دووان نەبوو، جەلالیێک و ڕیفۆرمخوازێک، زیاتر نا.
شتێکی تریش ئەوەیە، کە (نەوشیروان) ڕۆشنبیرە ساختەکانی بەکار هێناوە، ئەوان هەموو بە یەکەوە (نەوشیروان) و ڕاوێژکارەکانی یەک پاکێج بوون، لەیەکتر جیا نەبوون، هیچ کات هیچ کەسێک (نەوشیروان)ی بەکار نەهێناوە، (نەوشیروان) هەمووانی بەکار هێناوە بۆ خزمەتکردن بە (یەکێتی)، (نەوشیروان) ئەوەندە ساویلکە نەبووە هەڵبخەڵەتێندرێ، کە (بەختیار) وەهای وێنا دەکات!
دواتر، لەجێی خۆیەتی بپرسین، ئەرێ ئەوە کاری وتارە، یان ڕۆمان؟ دەبا (بەختیار)، لە وتارێکی دوور و درێژدا، ئەو ڕوئیا و دونیابینیەی خۆی بخاتە ڕوو، وەک خوێنەرێک ئەوەندەی هەستم دەکرد بەر وتار دەکەوم، هەستم نەکرد بەر ڕۆمان دەکەوم، جا وا باشترە، شتەکان لە جێی خۆیان بن، وتار وتار بێت و ڕۆمانیش ڕۆمان.
ئەو وردە شتانەشی کە تاکێکی هۆشیاری ئەو کۆمەڵگایە پێی گەیشتووە، ئەوەیە کە خەڵکی خوایان دروست کردەوە، ڕێگاکان هەموو چوونەوە خزمەت دەسەڵات، ئەوە وردە تێگەیشتنە، چونکە خەڵک باجی زۆریدا تا پێی بگات، ئەگەر بە ئاسانی پێی گەیشتبا، گەورە تێگەیشتن دەبوو، بەڵام بە باج و کاری زۆرەوە، ئەو ئەنجامە، کرێیەکی کەمە، بەڵێ دەبێ وەربگیرێت، بەڵام کەمە، گرنگییەکی ئەوتۆی نییە، ئەوە لە سەردەمانێک گرنگ بوو، کە ئەو کەسانەی خەڵکیان هەڵدەخەڵتاند لە مەیداندا بوون، ئەوکاتە ئەو تێگەیشتنە زۆر گەورە بوو، بەڵام نەبوو، ئەوکاتە نەبوو، ئێستاش ئەگەر باجێک بدەین، باجی نەبوونی ئەو تێگەیشتنە دەدەین لەو کاتەی خەڵکی لەناو شانۆگەری سیاسییەکاندا ڕۆڵیان دەگێڕا و کات و وزەیان بە فیڕۆ دەچوو. (بەختیار) دێ ئەو وردە تێگەیشتنە، لە،سەردەمێکی درەنگدا بە شێوەیەکی دوور و درێژ ڕادەگەیەنێت، بەڵام ئەمە کاری ئەدیب نییە، ئەوە تەنها کاری مردوو نێژێکە کە پاڵەوانی ڕۆمانەکەی خۆیەتی و خودی خۆیەتی!
کاری ئەدیب ئەوەیە، مرۆڤەکان لە مردن ڕزگار بکات، بەوەی بە شێوەیەکی زۆر نەرم و سادە، گەورەترین پەیام بنێ بە دڵیانەوە، پێیان بڵێت، کە شوێنێک هەیە، خاڵێک هەیە، دۆخێک هەیە، چاوەڕێی ئێوەیە تا لە هەناوی سکی ئەو دایکە مردووە دەری بهێنن، ئەوجار شیری بدەنێ و گەورەی بکەن، ئەو دەبێ بە چەتر و سیستەمێک، کە ئێوە و نەوەکانی داهاتوو لەژێریدا بە شکۆوە دەژین،ئەو سکە، ئەو کۆرپەڵە، شۆڕشە! لە کۆی گشتی دەرون و مێشکی ئێوەدایە، ئێوە چەندن، ئەو ئەوەندە پارچەیە، مەهێڵن بمرێ و خۆشتان بووێ، بتانەوێ، ڕایموسن و هەڵیگرن، یان ڕەدووی کەون، لەبیرتان نەچێ، نەبنە قوربانی چونکە لەگەڵ مردنی ئێوەش، ئەو پارچانەی شۆڕش کە لە ئێوەدایە، لەباردەچێ و لەگەڵ ئێوە دەمرێ. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە