زانست و پرسی بوونی خوا

Monday, 09.02.2019, 22:19

1708 بینراوە


ئێپیکۆر (٣٤١ – ٢٧٠ پ.ز): هیچ یەکێکمان ناتوانێ ئاسوودە و بێترس بژیێت، ئەگەر تێگەیشتنێکی زانستیی نەبێ بۆ گەردوون، بەبێ زانست هەمیشە لەژێر کاریگەریی بیروڕا ئەفسانەییەکان دەمێنینەوە.

بەشی سێیەم: پەیدابوونی گەردوون پێویستی بە بوونی خوا نییە
لەبەشەکانی دیکەدا ئاماژەمان بەوە کرد، ماددە شێوەیەکە لە شێوەکانی وزە، هەروەها ئەوەشمان ڕوون کردەوە کە نەبوونایەتیی (العدم)، واتە نەرێکردن، یاخۆ بەنەبووکردنی شتەکان، تەنیا بیرۆکەیەکی مرۆیی کۆنە و لە ڕاستییدا بوونێکی ڕاستەقینەی نییە. هیچ ئەزموونێکی زانستیی ناتوانێت، بوونی سفری ڕەها، یان نەبوونایەتی بسەلمێنێت، ئەمەش بەندە بە بنەمای هایزنبێرگ لە ناوردیی و ناجێگیریی بڕە فیزیکییەکان کە وای کرد چەمکی نەبوونایەتییەکی ڕەها، بەتەواوەتیی بەلاوە بنرێت. تێگەیشتنمان لە (هیچ)، دەوەستێتە سەر ئەو پێناسەیەی کە ئێمە بەو وشەیەی دەدەین، هیچ لە زانستدا زۆر بەسادەیی ونبوونی ماددەیە لە بۆشاییەکی تەواودا. ئەو بۆشاییە ڕووێکە لە ڕووەکانی وزە، ئەوەی تێیدا هەندێک جار هەر لەخۆوە و بەڕەمەکیی لە کاتێکی یەکجار کورتدا، تەنۆلکە سەرهەڵ دەدەن لە شێوەی چەند تەقینەوەیەکی بچووک، بە بەردەوامبوونیشیان بشێت ببنە هۆکاری تەقینەوەیەکی مەزن.
گریمان خوایەک، یاخۆ دروستکەرێک بوونی هەبێ، دەبێ گشت شتێکی لە هیچەوە دروست کردبێ. هاوشێوەی ئەوەیە ڕستەیەکی فیزیاییمان هەبووە و هیچی لەخۆ نەگرتووە، واتە وزەکەی سفر بووە، خوا شتێکی کردووە، یان گوتوویەتی (ببە)، بەمەش ڕاستەخۆ وزەی لە هیچەوە دروست کردووە. ئێستە ئەگەر ئەم بابەتە ڕاستە و ئەم کردارە ڕووی داوە، کەواتە خوا هەیە، خۆ ئەگەر بەو شێوەیەش نەبێ، گەردوون لە سەرەتادا پێویستی بە هیچ وزەیەک نەبووبێ بۆ ئەوەی سەرهەڵ بدات، بوونی خوا چی دەگەینێت لەم پرسەدا؟
لەم بەشەدا ئاماژە بە چەند بابەتێک دەدەین لەسەر بنچینەی گوتەی زانای ناودار، ستیڤن هۆکینگ ئەوەی دەڵێت: بە پشتبەستن بە گەردوونناسی هاوچەرخ، دەتوانین بسەلمێنین کە پەیدابوونی گەردوون پێویستی بەبێ بوونی خوا نییە.
هەر لە سەرەتاوە دەبێ بڵێین، ئەمانە چەند بابەتگەلێکی زانستیی دژوار و ئاڵۆزن، تێگەیشتن لێیان تا ڕادەیەکی دیارکراو شارەزایی گەرەکە، بۆیە هەوڵ دەدەین بەکورتیی و ئەوەندەی بۆمان بکرێ، بە شێوازێکی سادە و ئاسانکارییەکی زۆرەوە ڕوونیان بکەینەوە.
لێرەدا لە ئەزموون و تۆژینەوەکانی بواری فیزیازانیی هاوچەرخ، لە دوو بابەتی تایبەتیی دەدوێین:
- کۆی گشتیی وزەی گەردوون یەکسانە بە سفر.
- جیهانە ڕەمەکییەکەی تەنۆلکە وردەکان و شکانی هاویەکیی کات.
پێشەکی دەبێ گریمانەیەک بخەینە بەردەست کە ئەم گەردوونەمان گەردوونێکی بەدیهاتووە، واتە دروستکەرێک هەبووە لە هیچێکی ڕەهاوە، بە هۆی پێدانی بڕێکی دیارکراو لە وزە، گەردوونی خستۆتە گەڕ. لەبەرئەوەشە بەبەردەوامی گوێمان لە ئایندارانی ئەم سەردەمە دەبێ دەڵێن، خوا لەڕێی تەقینەوەی مەزنەوە گەردوونی دروست کرد، هەر ئەویشە وای لەو خاڵە سەرەتایییە کردووە بتەقێتەوە.
-- بۆ خاڵی یەکەم وەڵامێکی گونجاو وەردەگرین لە ئەزموونێکی (ناسا).
گرینگترین ئەو کارەی بۆ ئەم بابەتە ئەنجام درا، پڕۆژەیەک بوو ناسا پێی هەڵسا لەسەر جۆرە تیشکێک کە لە پاش تەقینەوەی مەزن سەری هەڵداوە پێی دەگوترێت، تیشکە پاشخانی مایکرۆوێیڤی گەردوونیی (Cosmic Microwave Background radiation). زاناکانی ئەم بوارە دەڵێن، لەبەرئەوەی سەلمێندراوە کە گەردوون لە کشان و فرەوانبووندایە، گەلەستێرەکانیش لە گشت لایەکەوە و بە چڕییەکی یەکسان لە ئاسماندا دابەش بوونە، بۆیە ئێمە بە بینینی ئەو تیشکە بۆ زانینی شێوەی گەردوون، ڕووبەڕووی سێ ئەگەر، یاخۆ سێ بژارە دەبینەوە:
١- ئەگەر گەردوون چەماوەیەکی ئەرێیی داخراو بێت (لە شێوەی گۆیەک)، واتە وزەی پێ درابێ بۆ دروستبوونی، ئەوا دەبێت پنکەکانی پاشخانی مایکرۆوێیڤی بچووک بن.
٢- ئەگەر گەردوون چەماوەیەکی نەرێیی کراوە بێت (لە شێوەی زینی ئەسپ)، واتە وزەی لێ وەرگیرابێ بۆ دروستبوونی، ئەوا دەبێت پنکەکانی پاشخانی مایکرۆوێیڤی گەورە بن.
٣- ئەگەر گەردوون ڕووتەخت بێت و نەچەمابێتەوە لە نێوان کات و شوێندا، واتە وزەی پێ نەدرابێ و لێشی وەرنەگیرابێ بۆ دروستبوونی، ئەوا دەبێت پنکەکانی پاشخانی مایکرۆوێیڤی بەڕێکی دابەش بووبن، گۆشە کراوەکانیشی یەک پلەیی بن.


دەرەنجامی ئەو تۆژینەوەیە چی بوو؟ ئەوە بوو گەردوون ڕووتەختە (ڕووتەخێکی سێ ڕەهەندیی)، تیشک ناچەمێتەوە تێیدا ئەگەر هەموو گەردوونیش ببڕێت، ئەمەش ئەو واتایەمان پێ دەبەخشێت کە کۆی گشتی وزەی گەردوون یەکسانە بە سفر. کەواتە ئەم گەردوونە بەدی نەهێنراوە، لەبەرئەوەی هیچ وزەیەکی پێنەدراوە تا پەیدا ببێت، هاوکات هیچ وزەیەکیشی لێوەرنەگیراوە بۆ ئەنجامدانی کردارێکی تایبەتیی، لە بنەمای سەرەکیی فیزیازانییشدا ئاشکرایە گشت جووڵە و ڕووداو و کار و فەرمانێک، هەتا ئەگەر یەکجار بچوکیش بێت پێویستی بە وزەیە.
گەردوون شێوەیەکی دیکەیە لە شێوەکانی نەبوونایەتیی و بەرهەمی کردارێکی فیزیایییە، لەگەڵ ئەوەی تەنیا گەردوونی بینراو١٠^٨٠ ( ١٠ لەخۆی بدرێتەوە ٨٠ جاران) تەنۆلکەی وزەداری تێدایە، کەچی کۆی وزەکەی یەکسانە بە سفر. لەبەرئەوەی هەموو ماددە و دژەماددەکان و ڕووناکیی وزەکەیان ئەرێییە (پۆزەتیف)، بەکێشکردنیش وزەکەی نەرێییە (نێگەتیف)، چونکە تەنیا هێزی ڕاکێشانە (نەک وەک هێزە کارەبایییەکان لێک دوورکەوتن بێت)، کۆی ئەم دوو وزەیە دەکاتە سفر.
بۆ ڕوونکردنەوەی ئەمە نموونەیەک دێنینەوە، ئەگەر تەنێکی گۆیی، یاخۆ تۆپێک لە وەستانەوە (دۆخێک لە نەبوونی وزە) بەر ببێتەوە، لە کاتی کەوتنیدا دەبێتە خاوەن وزەیەک کە بە جووڵەوزە دەناسرێت. بەڵام لە ڕاستییدا وەرگرتنی ئەو وزەیە تەواو هاوتای وزەیەکی نەرێیی بەکێشکردنە، لەبەرئەوەی هەتا ئەو تۆپە بەردەوام بێت لە جووڵە و زیاتر لە چەقی زەوی نێزیک ببێتەوە، کۆی ئەم دوو وزەیە لە هەر دەمێک و خاڵێکدا لێی بڕوانین، هەمیشە یەکسانە بە سفر. بە واتایەکی دیکە، چەندە تۆپەکە وزە ئەرێییەکەی پتر ببێت، هاوکات هەندێک وزەی نەرێیی دەچێتە پاڵ کایەی بەکێشکردنی زەوی. ئەمە ئەوەمان بۆ دەردەخات تۆپەکە لە وەستاندا بێ وزە بوو، لە کاتی بەربوونەوەشیدا بۆ شوێنێکی دیکە هەر بێ وزەیە. ئێستە دەتوانین گەردوون بەم تۆپە بەراورد بکەین، بەوەی گەردوونیش لە سەرەتادا لە دۆخێکی جێگیر و وەستاودا بووە، پاش ڕوودانی تەقینەوەکەش هاوشێوەی بەربوونەوەی تۆپەکە دەبێت، چونکە تەنۆلکە و ڕووناکی لەوێدا هەبوون و لە باری جووڵەشدا بوونە. زانراوە کە وزەی نەرێیی پێکهێنەری کایەی بەکێشکردنی تەنۆلکەکانە، بۆیە ئەمە وا دەکات وزەی گشتیی گەردوون، هەر بە سفر بمێنێتەوە. با پرسیارەکەمان بکەین، چۆن شتێک لەخۆوە، یان لە سفرەوە دێتە بەرهەم، لە دوو پێکهێنەری ئەرێیی و نەرێیی یەکسان؟ زاناکانی گەردوونناسی هاوچەرخ و زانستی کوانتەم میکانیکس وەڵام دەدەنەوە و دەڵێن، ئەگەری ئەوە هەیە و دەکرێ لەو دۆخە ناوازەیەی ئاستی ناجێگیر و لەرینەوەی بڕە ئەرێیی و نەرێییەکانی وزە، گەردوون لەخۆوە پەیدا ببێت. بێگومان ئەمەش هەروا گوتەیەک نییە، بگرە بۆتە چەمکێکی زانستیی گرینگ (بنەمای هایزنبێرگ)، بە بەڵگەی کردارەکییش پاڵپشت کراوە.
-- بۆ ڕوونکردنەوەی خاڵی دووەم، ئاماژە دەکەین بە بابەتێکی دیکەی پڕبایەخی فیزیازانی هاوچەرخ. پێش زانستی کوانتەمی، وامان دەزانی شتەکان لە گەردووندا ڕێکوپێکن، ئەو یاسایانەی کە هەن لەسەر هەموو دیاردەیەکدا پێڕەو دەکرێن، دەشتوانین لە گشت بوارێکدا پێشبینیی ڕووداوەکان بەتەواوی بکەین و دەرەنجامەکانیان بەوردیی دەستنیشان بکەین. بەڵام بە چوونمان بۆ ناو جیهانی کوانتەمی، هەڵەبوونمان لەو بڕیارەماندا بۆ ڕوون دەبێتەوە، لەبەرئەوەی زۆر شت هەیە ئێمە لێیان بێئاگا بووین، چونکە لەو جیهانەدا ڕووداو و دیاردەی وەها دەبینین، هەرگیز بیرمان لێ نەکردبووەوە. لەوێدا کەس نازانێ ئایە ئەلیکتڕۆن لەرە و شەپۆڵە، یان تەنۆلکەیە، خێراییەکەی چەندە لە شوێنێکی دیارکراودا، چۆن جووڵە دەکات، لە کوێ وون دەبێت و لە کامە خاڵدا سەرهەڵ دەداتەوە؟ ئەوەی لەو جیهانە بچووکەدا ڕوو دەدات، هەمووی بەندە بە ڕێکەوت و بنەمای ئەگەرەکان، نەک بە ڕاستییەکی چەسپاو. ئەمەش بوو وای لە یەکێک لە مەزنترین زانای مێژوو، ئەنیشتاین کرد کە لەسەرەتادا باوەڕ بەو زانستە نەکات. زاناکان بە بەردەوامبوونیان توانیان بەکردارەکیی ڕاستیی ئەو زانستە بسەلمێنن، پاشان بە دەرەنجامەکانی گەلێک دۆزەوەی گەورە بەدەست بهێنن، وەک تڕانسیستۆر، لێزەر، کار و فەرمانەکانی کۆمپیوتەر و شتی دیکەی بواری ئەلیکتڕۆنیی. بەکورتیی بەبێ بوونی زانستی کوانتەمیی، دەگەڕێینەوە بۆ سەدەی نۆزدەیەم، دەبێ گشت ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی ئەمڕۆکە هەمانە لەبیر بکەین.
یەکێک لەو بابەتە گەلێک سەیر و ناوازەیەی لەم زانستەدا هەیە پێی دەگوترێ، دیاردەی توونێڵ (Quantum Tunneling). ئەمەیان دەرنجامێکی ڕاستەوخۆی بنەمای گومانی هازنبێرگە، بەتەواوی دژی هەموو ئەو بۆچوون و بیروڕایانەیە لە فیزیای کلاسیکیدا هەن، تاکە شت گومانمان لێی نییە، ئەویە کە دیاردەیەکی ڕاستەقینەیە. بۆ نموونە گەر تۆپێکی تێنس (تێنسی سەر مێز) بگرینە مێزەکە، لە ژیانماندا هەر وامان بینیوە، کاتێک بەر مێزەکە دەکەوێت بۆ سەرەوە بەرز دەبێتەو، هەرگیز چاوەڕێی ئەوە ناکەین مێزەکە ببڕێت و بچێتە دیوەکەی دیکە. بەڵام ئەم دیمەنە دەگۆڕێت گەر لەبری تۆپەکە، تەنۆلکەیەکی وەک ئەلیکتڕۆن بگرینە مێزەکە، چونکە ئەلیکتڕۆن خاوەنی ئەو شتەیە پێی دەگوترێ (دەرەنجامە چڕییە ئەگەرەکییەکان)، ئەوەی دەتوانێ گشت بەربەستێک ببڕێت چەندە ڕەق و پتەویش بێت. مەبەست ئەوەیە گەر ئەلیکتڕۆن لەسەر ڕووی هەر بەربەستێک دابنرێت، یان لەناو شووشەیەکی داخراوی بەتاڵ بەند بکرێ، هەردەم ئەگەری ئەوە هەیە بچێتە دیوێکی دیکە، بەبێ بوونی هیچ هۆکارێک، ئەمەش تەنیا بۆ ئەو بارە ڕەمەکییە دەگەڕێتەوە کە تەنۆلکە سەرەتایییەکان تێیدان، واتە ئەلیکتڕۆن لەو بەربەستە تێدەپەڕێت، وەک ئەوەی هیچی لە پێشدا نەبێ.
پێویستە زۆر بەوردی سەرنج بدەینە ئەو بابەتە، شێوازەی تێپەڕبوون لە بەربەستەکان بەرەو پرسێکی یەکجار گرینگمان دەبات. چونکە کاتێک تەنۆلکەیەک بە بەربەستێکدا تێدەپەڕێت، دەبێتە خاوەنی وزەیەکی نەرێیی کە گەلێک پتر بێت لەو وزەیەی پێشتر هەیبووە. لە هەڵوەشانەوە و شیبوونەوەی نیۆتڕۆنەکانیشدا ئەم دیاردەیە دەبنیندرێ، نیۆتڕۆن بەڕەمەکی و لەخۆوە شی دەبێتەوە تەنیا بۆ ئەوەی بگاتە کەمترین ئاستی وزە. کاتێک نیۆتڕۆن هەڵ دەوەشێتەوە، پڕۆتۆن و تەنۆلکەی W ی نەرێیی دێنێتە بەرهەم، ئەو تەنۆلکەیەش بارستایییەکەی نێزیکەی 85 هێندەی بارستایی نیۆتڕۆنە! پێشتر گوتمان لە سیستەمێکی داخراودا سەرهەڵدانی هەر تەنێک لە هیچ، یان نەبوونایەتییەوە، دژایەتییەکی ڕاستەخۆ بەرپا دەکات لەگەڵ یاسای پارێزرانی وزە. بەڵام بنەمای ناجێگیریی هایزنبێرگ دەڵێت، سروشت پێی دەکرێت بۆ کاتێکی یەکجار کورت کە نەتوانین هەستی پێ بکەین، خۆی لەو یاسایە بدزێتەوە، لەبەرئەوەی ئەو تەنۆلکانە، هەر لەگەڵ پەیدابوونیان دەستبەجێ ون دەبن، ئەو وزەیەش پێویستە بۆ پەیدابوونی ئەو تەنۆلکانە، سروشت بۆ ماوەیەکی گەلێک کورت قەرزی دەکات و یەکسەر دەیداتەوە، بەمە ئێمە وای دەبینین کە یاسای پارێزرانی وزە ڕاستە و بەتەواویی کاری خۆی دەکات. بۆیەش ئەم تەنۆلکەیە گەلێک خێرا جارێکی دیکە شی دەبێتەوە بۆ هاتنەکایەی ئەلیکتڕۆن و دژەنیۆترینۆ. گرینگەکە لێرەدا ئەوەیە، تەنێکی مەزن لە تەنۆلکەیەکی لەخۆی بچوکتر پەیدا بوو، بەبێ بوونی هیچ هۆکارێک. ئەمەیان بۆ پاڵپشتی کردنی تیۆری تەقینەوەی مەزن، زۆر بەچڕی لە فیزیای کوانتەمی، لە سەرهەڵدانی گەردوون لە خاڵێکی ناوازەوە، شی کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە.
لێرەدا هاتنی تەنۆلکەی W لەو ساتە یەکجار کورتەی لێی دواین، با بیوەستێنین و بچینە سەر چەمکی تێکشکانی کات. پاشان بە لێکگرێدانی ئەو دوو بابەتە دەتوانین ڕاڤەیەکی زانستیی، بۆ لەخۆوە پەیدابوونی تەنۆلکەکان، یاخۆ گەردوون بهێنینەوە.
تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم بۆچوونی زاناکان ئەوە بوو، ئەو هاویەکییانەی لە یەکە و بڕە فیزیاییەکاندا هەن، لە هەموو بارودۆخێکدا چەسپاون و گۆڕانییان بەسەردا نایەت، ئەمەش وای کردووە هەر ڕستەیەک، یان کردارێکی فیزیایی پێچەوانە بکرێتەوە (هەڵگێڕانەوە)، هیچ گۆڕانێک لە بڕەکەی ڕوو نەدات. بەڵام پاشان زاناکان سەلماندییان، پێچەوانەکردنەوە لە هەندێ باری تایبەتییدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەو هاویەکییانە تێک بشکێن و نەیەنە دی.
لێرەدا چەمکێک لەسەر سێ هاویەکی ماتماتیکی دەخەینە ڕوو کە پێی دەگوترێت، هاویەکی بارگەگری و هاویەکی ئاوێنە و هاویەکی کات (CPT Symmetry).
پێچەوانەکردنەوەی بارگەگری: ئەگەر تەنۆلکەیەک بارگەیەکی دیارکراوی هەبێ، بێین و بارگەکەی بگۆڕین بۆ بارگەیەکی جیاواز، ئەو دەمە دەڵێین، بارگەی ئەم تەنۆلکەیەمان پێچەوانە کردۆتەوە. بۆ نموونە، ئەلیکترۆنێک کە بارگەکەی نەرێییە، کاتێک کرداری پێچەوانەکردنەوەی بارگەی لەسەردا ئەنجام دەدەین، ئەوا بارگەکەی دەبێتە ئەرێیی، واتە دەبێتە دژەئەلیکترۆن (پۆزیترۆن).
پێچەوانەکردنەوەی ئاوێنە: کردارێکە تێیدا گشت ئاراستەکانی بڕە فیزیکییەکان تێیدا بەیەکدی دەگۆڕدرێن، واتە هەموو چەپێک دەبێتە ڕاست و هەموو ڕاستێکیش دەبێتە چەپ، تەواو وەک ئەوەیە لە پێش ئاوێنەیەکدا بووەستین، دەبینین کە دەستی ڕاستمان دەبێتە چەپ و دەستی چەپ دەبێتە ڕاست.
پێچەوانەکردنەوەی کات: ئەو کردارەیە کە ئارستەی کاتی ڕووداو و دیاردەکان پێچەوانە دەکرێتەوە. وەک ئەوەیە لە پەنجەرەوە شتێک هەڵ دەینە خوارەوە، بە پێچەوانەکردنەوەی کات وا بێنینە بەرچاومان، شتەکە لەبری ئەوەی بکەوێتە خوارەوە، بگەڕێتەوە دواوە و بەرەو سەرەوە بێت.
ئەو دەمەشی کرداری "پێچەوانەکردنەوەی سێیینە" پێڕەو دەکەین، واتاکەی ئەوەیە کە ئێمە هاوکات هەر سێکیانمان پێکەوە کردووە (بارگەگری - ئاوێنە - کات). ئەمە دەرەنجامێکی گرینگ و کاریگەرمان پێ دەدات، هەر ئەوەشە وای لێمان کردووە ئاماژە بەو بابەتە بدەین، بۆ پرسی هاتنەکایەی گەردوون.

مەبەستمان چییە کاتێک دەڵێین، ڕستەیەکی فیزیایی هاویەکییەکی سێیینەی هەیە؟ ئەوەیە گەر کرداری پێچەوانەکردنەوەی سێیینەمان لەسەر ئەنجام دا، هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نایەت، هەموو بڕ و کارلێککردنەکان وەک خۆیان دەمێننەوە، وزەکەشی هەمان وزەیە. بوونی ئەو هاویەکییە هۆکاری سەرەکیی بنەمای چەسپان و جێگیریی ماددە و وزەیە، یاسایەکی ڕاستیشە و لە گەردووندا بەڕێوە دەچێت. ئێستە پرسیاری هەرە گرینگ ئەوەیە: ڕاستە گەردوون هاویەکییەکی سێیینەی لەخۆ دەگرێت، بەڵام ئایە ئەوانە هەریەکێکیان (بارگەگری - ئاوێنە - کات) بەتەنیا و سەربەخۆش هەر هاویەکن؟ ئەمە تا ساڵی ١٩٦٤ وەک مەتەڵێک بوو کەس نەیدەتوانی هەڵی بهێنێت، تا لەسەردەستی دوو زانا کرۆنین و فیک (خەڵاتی نۆبڵیان پێ بەخشرا) سەلمێندرا کە ئەو هاویەکییانە لە هەندێک باری تایبەتییدا نایەنە دی. ئەوەی پێویستە لێی تێبگەین، ئەو کردارەی تێکشکانی هاویەکی کات، هۆکارێکی لە ڕادەبەدەر بایەخدارە بۆ هاتنەکایەی گەردوون بەشێوەیەکی سروشتیی. ئێستەش با بزانین تێکشکانی هاویەکی کات چییە؟
ئەگەر کردارێک، یاخۆ دیمەنێکت پێ نیشان بدەم لە ئاستی تەنە گەورەکان و تۆماری بکەم بە ڤیدیۆ، پاشان بەرەو پێشەوە، یان بەرەو دواوە بیبەم، ڕاستەوخۆ دەزانیت فیلمەکە بەرەو کامە ئاراستەیە. بەڵام ئەو کردارانەی لە ئاستە بچووکەکانی تەنۆلکە هەرە وردەکاندا ڕوودەدەن، ناتوانین بڕیارێکی وەک ئەوەی پێشووی لەسەر بدەین. تۆ کاتێک یاری بلیارد دەکەی، بێی ئەو یاریە تۆمار بکەی، پاش تەواوبوونی یارییەکە، گەر هەموو چەپ و ڕاستێک پێچەوانە بکەیتەوە بە ئاوێنەیەک، وەک ئەوی لە ئاوێنەیەکدا سەیری دیمەنێکی (نەک نووسین) تەلەفزیۆنی بکرێت، دەبینین ئەوانەی سەیری دەکەن، هەست بە هیچ گۆڕانێک ناکەن، تەنیا گەر یەکێک بتناسێت و بزانێ کە تۆ بە دەستی ڕاستت (کەسێکی ڕاستەوانەیی) یاری دەکەی. بەڵام ئەگەر هاتی دیمەنێک لەو فیلمە بەرەو دواوە بگێڕیتەوە، ئەوا بینەر ڕاستەوخۆ دەزانێ فیلمەکە بەرەواژە، چونکە کەس باوەڕ بەوە ناکات، بۆ نموونە، تۆ دوو تۆپت لە یەک تۆپ دابێ، پاشان ئەو دووانەش ڕێک لە تەنیشت یەکەوە بووەستن، واتە یەکسەر هەست دەکرێ کە فیلمەکە بەرەو دواوەیە. ئەمەیە تێکشکانی هاویەکی کات، بەڵام لە ڕووبەرە بچووکەکاندا بە زمانی کوانتەم میکانیک، تێکشکانی هاویەکی کات پێناسە دەکرێت بە: ئەگەری ڕوودانی کردارێک بە ئاراستەیەکی دیارکراو یەکسان نییە، بە ئەگەری ڕوودانی بە ئاراستەیەکی پێچەوانە.
ئینجا ئێستە دەگەڕێینەوە بۆ ئەو دەمەی کە تەنۆلکەی W سەری هەڵدا، لە دەرەنجامی لەخۆوە شیبوونەوەی نیۆترۆن. لێرەدا ئەگەر ئەم تەنۆلکەیە تێکشکانی کات تێیدا بێتە دی، ئەوا دەتوانێت بچێتە ئاستێکی دیکە و بمێنێتەوە. چونکە وەک گوتمان، بەگوێرەی بنەمای گومانی هایزنبێرگ، لە کاتە خایەنراوە هەرە کورتەکاندا، دەشێ بازدانێکی گەورە لە وزە بێتە بەرهەم (تەنۆلکەیW). لەوانەیە یەکێک بڵێت، باشە بۆ دەبێ شتێک لەو دۆخەدا لە هیچەوە بێتە بەرهەم، ئایە نابێ وزە بازێک بدا پاشان پێچەوانە ببێتەوە بگەڕێتەوە دۆخی جارانی، هەموو کاتێک و بێکۆتا ئەمە چەندجارە ببێتەوە، بەمەش هیچ شتێک بەبەرهەم نەیێت؟ لێرەدا وەڵامەکەی بەو تێکشکانی هاویەکی کات دەدرێتەوە، چونکە ئەگەری ڕوودانی بە ئاراستەیەک یەکسان نییە، بە ئەگەری ئاراستەی پێچەوانە. کەواتە بازدانی وزە بۆ پەیدابوونی تەنۆلکەکان، ناتوانێ هەمیشە بۆ هەمان ئاراستە بگەڕێتەوە و ببێتەوە بە هیچ (ئەلیکترۆن و دژەکەی)، بۆیە دەکرێ ئەو وزەیە بچێتە ئاستێکی ناجێگیر، ئەمەش ببێتە هۆی هاتنەکایەی تەنۆلکەیەکی ناوازە، ئەمیش بتەقێتەوە و وا بکات سەرەتای سەرهەڵدانی گەردوون دەستپێ بکات.
هەرچەندە دەشزانین بیرکردنەوە و ڕامان لە کرداری پێچەوانەبوونەوەی کات، شتێکی سادە و ئاسان نییە. بەڵام بۆ ڕونکردنەوەی پتر دەڵێین، کاتێک ئەلیکترۆنێک کە بارگەگری نەرێییە دەجووڵێت بۆ پێشەوە، بە ئارستەی کاتی سروشتی (بەرەو ئایندە)، گەر خۆی بکێشێت بە پۆزیتڕۆنێک کە بارگەگری ئەرێییە، ئەوا یەکدی لەناو دەبەن، دەرەنجام بڕە وزەیەک بە شێوەی فۆتۆن بەبەرهەم دێت، دەشێ ئارستەی کاتەکەی ئەو فۆتۆنە بە پێچەوانەی ئەلیکتڕۆنەکە بێ، واتە بەرەو دواوە، مەبەست ئەوەیە کە کات لەو دەمەدا بەرەو ڕابردووە. بۆ تێگەیشتنێکی چاکتر لە بابەتەکە، وەک ئەوەیە ببێژین، پێش ئەوەی ئەو دووانە خۆیان بکێشن بەیەکدی، یان بەرلەوەی دوو تەنۆلکە لە نێوەندێکدا هەبن، وزەیەک لە هیچەوە (هیچێکی فیزیکیی) سەری هەڵدا! ئەمەش دواجار ئەوەمان بۆ بەدەر دەخات کە ئەو ڕێسا باوەی دەڵێت، کات هەمیشە بەرەو ئایندەیە، بۆچوونێکی هەڵەیە.
ئەمانە چەند گوتەیەکی نازانستیی بێبنەما، یاخۆ پرسێکی ئەندێشەیی نین، بگرە بەکردارەکی و بە ئەزموونی زانستیی لە ئەزموونگەکاندا سەلمێندراون، بەتایبەتییش لە لایەن ڕێکخراوەی ئەوروپایی بۆ تۆژینەوە ناوەکییەکان (CERN). لەمەیاندا پێکدادەری هادرۆنی مەزن (Large Hadron Collider)، گەورەترین ئامێرە وەک تاودەر و خێراکەری تەنۆلکەکان کە لەو بوارانەدا بەکار دەهێندرێت. زاناکان تێیدا تەنۆلکە هەرەبچووکەکان (پڕۆتۆن بە وزەیەک خۆی دەدا لە ٧ تیرا ئەلکتڕۆن - ڤۆڵت) پێک دەکێشن، بە خێراییەکی نێزیک لە خێرایی تیشک، دەرەنجامی ئەو پێکدادانە هاوشێوەی سەرەتای سەرهەڵدانی گەردوون و تەقینەوەی مەزنە (بەبچووککراوەیی)، دەبێتە هۆی هاتنەکایەی چەندان تەنۆلکەی جۆراوجۆر، وەک ئەو شتەی ناونرا بە بۆزۆنی هیگز (Higgs boson)، ئەوەی لەم ئەزموونگەیەدا بوونەکەی سەلمێندرا (ساڵی٢٠١٢). زانای سکۆتلەندیی پیتەر هیگز، دەمێک بوو پێشبینی ئەو تەنە گریمانەکییەی دەکرد کە وا لە ماددە دەکات بارستایی هەبێ، لەسەرەتای بوونی گەردوون، پێش ئەوەی ماددە بەبەرهەم بێت، لە ئەنجامی تەقینەوەکە پەیدا بووە.
هەنگاوی زاناکان بەردەوامە بۆ زانینی وردتر و چڕتر، بۆ هەموو ئەو بابەتە زانستییانەی کە تا ئێستە بەتەواوی یەکلایی نەبوونەتەوە، بەو هیوایەی لە داهاتووێکی نێزیکدا بە تێگەیشتنیان لە چاڵە ڕەشەکان و تەنۆلکە و وزە شاراوەکان، بتوانن ڕاڤەی گەلێک دیاردەی ناوازە بکەن و وەڵامی پرسیارە هەرە سەخت و گرینگەکان بدەنەوە. چونکە لێکۆڵێنەوە و پێوانە زانستییەکانی ئەمڕۆ پێمان دەڵێن، گەردوون نێزیکەی لە ٧٠٪ ی پێکهاتووە لە وزەی تاریک، ٢٥٪ ی لە ماددەی تاریک، تەنیا نێزیکەی لە ٥٪ ی لە ماددەی بینراوی ئاسایی پێک دێت.
یەکێکیش لەو کەرەستە و ئامرازانە بۆ گەیشتن بەو هیوایانەی زاناکان، دووربینی جێیمس وێبی ئاسمانییە (James Webb Space Telescope)، ئەم ڕوانگە ئاسمانییە زل و مەزنە، پڕۆژەیێکی هاوبەشی ناسا و دەزگای ئاسمانیی ئەوروپایی و کەنەدییە، بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا لە خاڵێک دابندرێت لە نێوان زەوی و خۆر کە ١.٨ ملیۆن کیلۆمەتر لە زەوییەوە دوورە. ئەم دووربینە خاوەنی هاوێنەیەکە درێژیی ژێیەکەی ٦.٥ مەترە (بە بەراورد لەگەڵ هابڵ ٢.٤ مەتر)، هەستیارییەکی یەکجار بەرزی هەیە بۆ تیشکی ژێر سوور کە وای لێ دەکات، توانایەکی زۆری هەبێ بۆ بینینی دیمەنەکانی قووڵایی گەردوون، بەمەش بکارێت وێنەی لە ڕادەبەدەر ڕوون و وردمان بۆ بنێرێت. زاناکان پێشبینیی ئەوە دەکەن، لەڕێی ئەم پڕۆژەیەوە گەلێک زانیاریی پڕبایەخیان دەست بکەوێت، لەسەر سەرەتاکانی هاتنەکایە و پێکهاتنی گەردوون، چییەتی ئەو بوونەی کە لەپێش هاتنی گەردووندا هەبووە، گەڕان بەدوای ژیان و زیندەوەرانی هەسارەکانی دیکە، هەروەها ئەگەری نێشتەجێبوونی مرۆڤ لەسەر هەسارەکان و دەرچوونی لە سنووری زەوی و بوونی بە بوونەوەرێکی گەردوونیی. ئەگەر ئەو ئامانجانەی زاناکان بێنە دی و بگەنە ئەو ئاستە لە پێشکەوتنی زانستدا، گومانی تێدا نییە، مرۆڤ پتر لە بیرۆکەی هاتنی گەردوون لەلایەن خوایەکەوە دوور دەخاتەوە.
دواجار دەشێ بڵێین، هەموو بابەتەکانی ئەم بەشانە، کۆمەڵە ئەزموون و کردارگەلێکی زانستیین، دەتوانین پشتیان پێ ببەستین و ببنە جێی متمانەمان، بەڵام ئایە بەدیهێنان و دروستکردنی گەردوون لەلایەن خوایەکەوە، چی ئەگەرێکی هەیە و کوا بەڵگەکانی!؟
----------------------------------------------------------
ئەمەی سەرەوە بابەتێکە لە نووسێنێک بەناوی (زانست و چەند پرسێکی ئاینیی)، کە کۆمەڵیک بابەتی زانستیی لەخۆ دەگرێت.
دارا سلێمان

سەرچاوەکان:




(دەنگدراوە: 8 . زۆرباشە: 4/5)