پرۆژە یاسی چاکسازی یان راستکردنەوەی هەلەکانتان؟!

Wednesday, 25/12/2019, 22:22

7412 بینراوە


مامم جار جارە دەگێرێتەوە ،دەلێت جارێک لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو لە تکریت بەرەو کەرکوک دەهاتینەوە،شۆفێری پاسەکە پارەی وەرگرت کاتێک هەموو سەرنیشینەکان پارەیان واسڵ کرد، گەنجێکی لاوازی بێ دەنگ لە کورسی ناوەراست هەڵساو بە شۆفێرەکەی گوت درهەمێکی بۆ هەموو سەرنیشینەکان بگێرەوە چونکە زیادت لێ وەرگرتوین،لەوکاتەیە شۆفێرەکە دەلێت نایگێرمەوە نەفەر بەوەندەیە،ئینجا گەنجە لاوازەکە هەویەکی دەردینی و نیشانی شۆفێرەکە دەدات دەلێن من تەنها بۆ ئەوە دێم بۆ کەرکوک بزانم ئێوە غەدر لە خەلک ناکەن لەو نرخەی سەرۆک دیاری کردوە زیاتر وەرناگرن؟! دەلێت دوای ئەوەی درهەمەکەمان بۆ گەرایەوە ئینجا بە شۆفێرەکەی گوت کاتێ ئەوانمان گەیاند دەبێت تۆ لەگەل من بێی!.

ئەم باسەم بۆیە گێرایەوە بۆ ئەوەی باشتر تێبگەن کە خەلەلی فەسادی ئیداری لە کوێوەیە؟.

راسپاردەو پرۆژە بڕیارو پرۆژە یاسا دەرکردنیان ئاسانە بەلام دەبێت نیەتێکی پاک و ئیرادەیەک هەبێت بۆ جێ بەجێکردنی!، ئەو هەموو نادادی و گەندەلی و پۆخلەواتەی لە ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان کە هەبووە و هەیەو دەشمێنی هیچی لەغیابی یاسا نەبووە بەلکو هەموو لەلایان پارتی و یەکیەتیەوە لەسەر پشتی ئەو یاسایانە کراوە کە بە دەق هەبوونەو هەنە.

چاکسازی بە قسەو راسپاردە ناکرێت دەبێت بەرلەوەی دەست بۆ ئەو پۆخلەواتانە بەری کە پێشتر کردووتانە، ئێستا بیوەستێنن و خۆتان سزا بدەن لەگەل ئەوانەی کە بەردەوامن لەو فەسادی ئیداریە ئینجا دەست بۆ راستکردنەوەی هەلەکانتان بەرن، ئاوێک سەروچاوکەی لێڵ بیت چۆن لە دامێنی ئاوەکە روون دەردەچێت،ئێوەش هەتاکو لە خۆتان و بنەمالەکانتانەوە چاکسازی نەکەن چۆن رووی ئەوەتان هەیە باسی چاکسازی لەخوارەوە بکەن؟.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت بەس لە بنەمالەی جەنابیان هێندی جەیشێک جەنەراڵی بێ سوپای سەرشان تەندراو بە شیرو تیرو داڵ و نەجمە هەنە ئادەی با پێمان بڵێت بە کام یاسایە ئەمانە لە پڕا بوون بە جەنەڕاڵ؟
لەدوای سالێ ۱۹۹۱ پارتی و یەکیەتی بە دیاریکراویش بنەمالەی بارزانی لە لوتکەی دەسەلات بوونە پێمان ناڵێن کێ ئەم هەموو دزی و تاڵان و فەسادی ئیداریەی کردووە؟.

سەرۆکی هەرێم خۆتانن سەرۆکی حکومەت و ئاژانسی پاراستن وزانیاری خۆتانن،سەرۆکی دادگای تەمییزی هەرێم و داواکاری گشتی خۆتانن،وەزیری ناوخۆ و هەرچی بەرپرسی سەربازی هەیە لەخۆتانە ئەرێ پێمان ناڵێن ئەو فەسادی ئیداریە کێ کردویەتی،ئێوە خۆتان یاسا و پادشاو شاژن و وەزیر و دادوەر و پەرلەمانتارن،کەواتا چاکسازی لەخۆتان بکەن ئینجا باسی پرۆژە یاسای چاکسازی بکەن!.

لەم وەزارەتی ناوخۆیە عمید هەیە دوو کور و براو ئامۆزاو خالۆزاو کورە خەزوری بۆ دامەزراون بەلام یەک رۆژ دەوامیان پێ ناکات تەنها دەوام بەو دوو یان سێ فەرمانبەرە دەکات کە لەدائیرەکەینی بەلام خزمی نین دەی بڕۆن جارێ ئەوانە ڕاگرن با ئێمەش دەستخۆشیتان لێ بکەین و هەموومان ببینە گوێچکەو چاوی دادگاکان بۆ دەستنیشانکردنی ئەو جۆرە گەندەلانە ئەگەر ئێوە چاوتان نابینایە لە ئاست ئەو فەسادی و نادادیە گەورانە!.

کە ئێوە راست دەکەن بە جدی دەتانەوێت چاکسازی بکەن فەرموون دوای خۆ چاککردنتان لیژنەیەکی چاودێری کە جێگەی متمانە بیت دروست بکەن و بەهەموو دائیرەکانی حکومەتدا بیانگێڕن هەتاکو تەواوی ئەو مەلەفە گەندەڵیانەتان بۆ بیننە سەر مێزی ئەنجومەنی وەزیران بەلام لەسەر ئەو لیژنەیەش رەقابەیەک دابنێن نەوەک چاوپۆشی لە هەندێک کەس بکەن ئینجا دەزانن ئێوە چیتان کردووە لەماوەی حوکمڕانیتان.

چاکسازی بە کەسانێک دەکرێت کە خۆیان دەستیان پاک بێت نەک خۆیان تاکو سەر ئێسقان گەندەڵ و فەساد بن کەچی بانگەشەی چاکسازی بکەن! دەزانم لەم نوسینەم بە سەدان کەس نیگەران دەبن و قسەی ناشیرن دەکەن چونکە بە جۆرێک لە جۆرەکان سودمەندن لەو فەسادی ئیداریە باکیشی نیە ولات بەرەو چ نەهامەتیەک دەڕوات .

سەرۆکی حکومەت کە پێشتر بەرپرسی دەزگایەکی هەوالگری وەک پاراستن بووە لەهەموومان باشتر دەزانیت چ فەسادیەک هەیە و خۆشیان بەشی شێریان بەردەکەوێت لەو فەسادیە چونکە بە زۆر بۆ کەسانێکیان کردووە کە جاسوسی بۆ کردوون،تەنانەت بەهەزاران مەلەفی ئەخلاقی خزاوەتە نێو ئەو فاسادییە بۆیە چاکسازی بە دەستێکی ئەمین دەکرێت نەک بەو دەستە پیسانەی سەرانی پارتی و یەکیەتی.

ئیتر بەسە بۆ سەرقالکردنی میللەتی کوردستان بە پرۆژەی بێ کردار بۆ لەبیر بردنەوەی موچە فەوتاوەکانیان،میللەت کرداری لێتان دەوێت گەرچی دەشزانین کرداری چاک لە ئێوە نایەت،باسی چاکسازی دەکەن خەرێکە لەسەر پرۆژە یاساکە بیکەنە شەڕ هەر یەکەو دەیەوێت بیکاتە دەستکەوتی خۆی دەی ئەوە دەرخەری ئەوەیە کە ناتانەوێت چاکسازی بکەن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە