پارتی- ئەنتی پەیڤ

Sunday, 23/08/2020, 22:42

4182 بینراوە


پارتی بناغەکەی لەسەر نەخوێندەواریی و یەکێتیش لەسەر فێڵ و تەڵەکە دامەزراوە، ئیدی وەرە ئەو دوو بەڵایە لە خەوندا یەخەت پێ بگرن و دەنگیشت دەرنەیەت و کەس لێت تێنەگات بۆچی وا پەشۆکاویت و داوای چ دەکەیت؟
پارتی بێجگە لەوەی لەشەڕی ناوخۆدا هەوڵی دەدا قەڵەم بەدەستەکان بۆ خۆی ڕابکێشێت و چەقێک بۆ ئەو کارەش دانرابو کە لەلایەن ئازاد ئەبدولواحيدەوە بەڕیوە دەچوو  و لەژێر ناوی (گۆڤاری رامان)دا کارەکان رووپۆشیی دەکران. ئەو وەکو کەسێکی ناوەندگێڕ لە بۆنە و کاتە پێویستیەکاندا پەیوەندی بە نووسەر و قەڵەمبەدەست و کەسایەتیەکانی ناوەندی رۆشنبیریی و هونەریەوە دەکرد، دەنگ و وەلائی کۆدەکردنەوە و دەیگەیاندە سەرووی خۆی و بارەگای بارزانی، ئەمەش نهێنی مانەوەی ئەم گۆڤارە و لەناوچونی ئەوانی تر بوون،  کە هەر زوو داخران.
ئیدی ئەگەر سیاسەتی نەخوێندەوارکردنی خەلك ئەجیندای سەرەکی حیزبێك بێت ئەوا چاوەڕوانی چ ئاوڕدانەوەیەکی لێ دەکرێت لە هونەر و رۆشنبیریی؟ بگرە تەنانەت کەسی جاهل و ناحاڵیی رقی لە کەسانی خاوەن بڕوانامە دەبێتەوە، چونکە لە خۆیان شارەزاترو شایستەترن، جیاوازیەکی تریشیان لەگەڵ مەسئولە حیزبیەکاندا ئەوەیە، کە خیانەت و نۆکەری قبوڵ ناکەن. کەچی لە وڵاتە دیموکراسی و کۆمەڵگا پێشکەوتوەکاندا ئەو حیزبە لە هەڵبژاردندا دەباتەوە،  کە وەزارەتی پەروەردە و رۆشنبیری لەدەستبگرێت!.

لەم دوایەدا گۆتیان ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبوەتەوە، بەڵام لە کوردستان بە پێچەوانەی دنیاوە حیزبی دەسەلات شاگەشکە بوو، چونکە کردیانە هۆکار بۆ پەکخستنی هەموو شتێك، لەوانەش دەنگی ناڕەزای خەڵك، بێ ئەوەی قەرەبووی زیانلێکەوتوان و بێ ئیشکردنی خەڵك بکەنەوە، جا بۆمان هەیە بپرسین کەی دز لە خەمی خەڵکدایە جگە لە گیرفانی خۆی؟
گەر حوکمەتی هەرێم کەمێك فامی ببوایە ئەوا ماوە و دەرفەتی کەرەنتینەی دەقۆستەوە بۆ سەرقاڵکردنی خەڵك بە خوێندنەوە و چاپکردنی کتێب و بڵاوکردنەوەی گۆڤارو رۆژنامەی زیاتر، کەچی پشتیان لە تاقە گۆڤارەکەی دەزگای پاراستنیش کرد، چونکە ئیتر ئیشیان پێ نەما، ئەوەیش هەر بە نێوی پەتای کۆرۆناوە.

ئەو مافیا و دزانە بە هیچ تێر نابن، وا مەلەفێکی تری دزیی نەوتیان خەریکە ئاشکرا دەبێت لە دادگاکانی ئەوروپا کە کۆمپانیای (داینا ستی) لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماری کردوە، دوای ئەوەی کە گرێبەستی دوو  چاڵە نەوتی بەدەست هیناوە کەچی ئاشتی هەورامی کارەکەی راگیرکردوە و داوای %٣٠ی پشکەکەی لێکردون، لەکاتێکدا خەڵکی هەژاری کوردستانیش نان نییە بیخۆن. ئەم فیرعەونانەش دەیانەوێت ملیاران دۆلاری دزی دیکە بخەنە سەر سامانە نایاسایەکانیان، بەڵام بۆ خۆشیان باش دەزانن ئەو رۆژە گەلەك نزیک بۆتەوە کە هەموی لە قوڕقوڕاگەیان دەربهێنرێتەوە؛ ئەوانە جەردەکانی سەردەمی تۆفانن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە