نەوشیروان مستەفا خاکی بو یان موستەفا کازمی؟

Saturday, 09.12.2020, 22:50

2794 بینراوە


باشترین ڕابەر کە باشور لە چاو ئەوانی تردا بووبێتی و تا سەردەمانێک شانازی پێوە کرابێت، نەوشیروان مستەفا بوو، کە لە دەرەوەی کوردستان ناویان نابوو: پیاوە ترسنۆکەکە.
کاتێک وێنەی ئەوم دەبینی، تەپڵەک و جگەرە بە چواردەوریدا دانرابوو، و دەفتەرو قەلەمو پەڕە و کتێب پەرژو بڵاو کرابووەوە، لەسەر فەرشێک بە چوار مشقی دانیشتبوو، هەموو ئەمانەش بۆ ئەوەی کە پێی بڵێن پیاوە خاکییەکە، گوایە ئەو لەسەر کورسی دانانیشێت وەک سەرۆکەکانی تر. کە ئەو دیمەنانەم دەبینی بە بیرمدا دەهات کە بچم فێری بکەم چۆن لەبەردەم کامێرادا هەڵسو کەوت بکات، چۆن خۆی بنوێنێت، چونکە ئەو وێنانە لە دەرونی بینەردا ئاڵۆزی فکری ئەو پیشان ئەدەن، کە چۆن لەناو تەنگژیەکاندا نازانێت ریگایەک بۆ خۆی بدۆزیتەوە.
وێنەکە کەسێکی ونبوی پیشان ئەداین لەناو کەرەساتەکاندا و خەڵکیشی لەگەڵ خۆیدا ون دەکرد، بەڵام کە کەسێک خۆی ئەو ئامەدەیەی تێدا نەبێت ئیتر تۆ ناتوانیت فێری بکەیت، ئەگەر ئەمڕۆش فۆتۆگرافێکی کوردی بە توانا دەچێت هونەرەکەی دەخاتە خزمەتی کەسێکی وەک کازمی و فۆتۆگرافی وەهای دەگرێت کە دەرونی کازمی نیشانی خەڵکی ئەدات، لەبەر ئەوەیە کە دەزانێت کازمی وەک ئەو مۆدێرنە، دەزانێت کازمی مۆمێک ناکاتە ئالای پارتەکەی، ئەگەر بیشی کات، مۆمێک بە ستایلی وەلی دێوانە ناکات، بەڵکو بەستایلی گرافیزمێکی مۆدێرن دەیکات. ئەگەر کازمیش فۆتۆگرافێک بانگ دەکات، مانای وایە کازمی وەک مرۆڤێکی مۆدێرن دەزانێت کە ئەو خاوەنی هەموو زانستێک نییە بەڵام پێی ئاشنایە.
نەوشیروان مستەفا خۆی، کەسێکی مۆدێرن نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا حەزی بە مۆدێرنیتێ بوو، چەندەها ساڵ لە ئەوروپا ژیابوو، وا دیاربوو، کە ئەو تەنیا لە ژوورێکی ئەوروپادا ژیابوو، فێری ئەو هونەرە نەبووبوو. بەڵام کازمی مۆدێرنە و بە شیوەیەکی مۆدێرنیش هەڵسوکەوت دەکات. مۆدێرن لێرەدا بەمانای ئەوە دێت کەسێک وەک سەردەمەکەی خۆی، وەک ئەوەی کە پێویست دەکات هەڵسوکەوت بکات. بێگومان نەوشیروان مستەفا لەو تەمەنەدا هەر ئەوەندەی پێ دەکرا، بۆیەش هەوڵی ئەدا گەنجانێکی زۆر کۆبکاتەوە لەدەوری خۆی هەتاوەکو ببنە پێشڕەو، بەڵام چونکە خۆی نەیتوانی ببێتە مۆدێلێکی مۆدێرن، وەک بینیمان تەنانەت ناشتنەکەشی جۆرێک بوو لە هۆسە، دوای ناشتنیشی ئەوەبوو بنەماڵەی گۆڕان لە ترسی جەماوەری سلێمانی نەیانتوانی وەک دوو بنەماڵەکەی تری کوردستان، دەسەڵات بدەنە دەست کوڕەکانی، دەستەڵات درایە دەست کابرایەکی بەساڵاچوو، ئەم کابرایەش لە بری ئەوەی بچێت بەدەم جەماوەرەکەیەوە کە دەنگیان پێ دابوون، هەندێکیان قوربانیشیان دابوو، یەکەم وێنەی ئەم کابرایە ئەوەبو کە هەموومان بینیمان، گۆچانێک بەدەستێکەوە، بەدەستەکەی تریشی دەستی کوڕێکی عەشایەری گرتبوو، هەڵبژاردنی ئەم کابارایە تەنها بۆ ڕازیکردنی دڵی مەسعود بوو، چونکە کاتێک سەرۆکێک ئاستی وشیاریی و زانستی نزم دەبێت، نابێت دەوروبەرەکەی لەو زیرەکتر بن، خۆ ئەگەر زیرەکتر بن ئەوا نابێت توانای خۆیان ئاشکرا بکەن. بۆیە هەڵبژاردنی ئەم کابرایە بۆ ئەوەبو نەوەکا گەنجێک ببێتە پێشڕەو بەو بۆنەیەوە ببێتە سێبەر بۆ ئاغای بارزانی و سەغڵەتی بکات، هەموو ئەم کۆمەڵە بڕیارانەی کە دران هۆکاری نەبونی ئەقلێکی مۆدێرن بوو پێش خۆیان، ئەقڵێک کە بتوانێت بناغەیەک بۆ سیستەمێکی مۆدێرن داڕێژێت.
ئەمڕۆش ئەو گەنجانەی کە کاکە نەوە هەڵی بژاردن، هەندێکیان بە ئاشکرا چوونەتە باوەشی مەسعود و هەندێکیشیان جارە جارە دۆسیەیەکی گەندەڵی هەڵئەدەنەوە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکی بەلای خۆیاندا و شتێکی نوێیان پێ نییە و خۆیان تازە ناکەنەوە.
لەم سەردەمەشدا کە گۆڕانکارییەکان لە بواری تەکنەلۆژی و ئابوری و سیاسیدا هێندە خێرا دەگۆڕێن کە دواکەوتنی هەروا ئاسان نییە، ئەم دیاردەیەش جیهانیە، هەر بۆیەش لە فەرەنسا چەندەها پارتی سیاسی کتوپڕ لەناوچون لەبەر ئەوەی، کە پرۆگرام و وتارەکانیان لەئاستی داواکاری کۆمەڵگادا نەبوون، ئێستاکە هەر هەموویان سەرلەنوێ بەجۆرێکی تر لە فەرەنسا لەهەوڵی ئەوەدان جارێکی تر خۆیان نوێ بکەنەوە. خۆ ئەگەر لەئەوروپا گۆرانکاری لە دەموچاوەکاندا دەکرێن بە سیستەمی دیموکراسی ئەوا لەهەرێم ئەبێت چاوەڕوانی مردنیان بکەین، دەنا گۆرانکاری مەحاڵە.

سلێمانی بارۆمەتری مۆدێرنەیە، هەر پارتێکی سیاسی وەڵامی داواکاریەکانی جەماوەری سلێمانی نەداتەوە ئەوا وەک ئەوە وایە دوای مۆدێرنێتی نەکەوتبێت، خۆی بۆ خۆی دەمرێت. بۆیە ئەو مۆمە مەحاڵە جارێکی تر بتوانێت داگیرسێتەوە، بۆ هەتا هەتایە خامۆش دەبێت، چونکە گۆڕان لەبەر نەبوونی کەرەسەیەکی نوێ واخەریکە هەر هەمان دروشمی عەشیرەت دەڵیتەوە، دروشنی عەشیرەت وەک بەھایەکی کۆن پەنای دەبەینە بەر کاتێک ھیچمان لە ھەگبەدا نییە.. ڕاستە ئەمەش هەروا ئاسان نییە لە هەرێمێکدا کە سەرۆک عەشیرەتێک دەیبات بەڕێوە مەحاڵە گۆڕانکاری ڕیشەیی بکرێت، بەڵام کە دەزانن بەو جۆرەیە ئیتر بۆچی و چی دەکەن لەو حکومەتەدا، بۆجێ ناکشێنەوە و ببەنە ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاستەقینە ؟

لەناو عەشیرەتی بارزانیشدا نێچیرڤان توانی بە پارە ئەو زانیاریانەی کۆمۆنیکاسیۆن وەدەست بخات و بەکاری بهێنێت، بەو پێیەش وێنەیەکی مۆدێرنی خۆی پیشان بدات، هەتا ئاستێک  لەو بوارەدا سەرکەتوبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی، کە ئەقلی عەشایەرییە، هەر توێکڵەکەی مۆدێرنەیە، ئیتر ناتوانێت هەتا سەر خەڵکی هەڵبخەلەتێنێت، لەبەر ئەوەی ناخی ئەو پڕە لە قانون و یاسای عەشایەری، بە جۆرێک کە تۆپی دانەیی زەمانیش ناتوانێت بیڕوخێنێت. خۆ ئەگەر نێچیرڤان بیەوێت ببێتە سیاسەتمەندارێکی مۆدێرن ئەوا دەبێت ئەندامانی بنەماڵەکەی بکوژێ، بەتایبەتی مەسعود و مەسرور، دەنا پێی ناگات، ئەمەش مەحاڵە .

خۆ ئەگەر مەسعود بارزانیش لەبری ئەوەی بە سەدەها سەیارەی جام ڕەش و گاردی ستایلی ئەمەریکی سەردانی خەڵکی بکردایە، بۆ ئەوەی وەک کەسانی مۆدێرن خۆی نمایش بکات، ئەگەر بەسواری ئەسپ سەردانی دێهاتەکانی کوردستانی بکردایە، کاریگەری ئەرێنی زیاتر دەبوو  لەسەر خەڵکی، خەڵکی وەک تازەپیاکەوتو سەیریان نەدەکردن، زیاتر نزیک دەبویەوە لەوان و لەگەڵ ناخی ئەواندا دەگونجا و لەگەڵ مۆنتالیتێی مەسعودیشدا دەگونجا، لەبەر ئەوەی وێنەی راستەقینەی ئەو پیشان ئەدات و لەهەمان کاتا خەڵکیش خۆیان لەو دیمەندا دەبینیەوە وەک بەهایەکی کۆن و ڕەسەن، ئەوسا مەسعود دەیتوانی بەو دیمەنەوە بانگەشەی پاشای کوردستان بکات، نەک سەرۆکی هەرێم.
مەسعود خۆی بەزۆر هەڵواسیوە بەو رۆڵەدا کە بۆ خۆی هەڵی بژاردوە، ئەو رۆڵەش هی ئەو نییە و لێی نایەت: کاتێک دەیبینیت لەگەڵ کۆمەڵە کەسێکدا وێنەی گرتووە، وا هەست دەکەیت کە فۆتۆشۆپە، لەبەر ئەوەی سەری مەسعود بارزانی لەسەر سەری بە ستونی رانەوەستاوە، لەوانەیە تۆی خوێندەر بڵییت کە ئەوە خۆی وەهایە، نەخێر لەبەر ئەوەیە، کە مەسعود لەگەڵ خۆیدا نەبووە بەیەک و ناگونجێت، مەسعود لە شانۆیەکدایە کە رۆڵێکی نەشیاوی بۆ خۆی هەڵبژاردوە، ئەو بۆ بوون بە سەرۆک نەکراوە، بۆیە سەری بەستونی لەسەر لەشی نەوەستاوە و خوارە، هەروەها لەشیشی لەگەڵ ئەو خەڵکەدا ناگونجێت، وەک ئەوەی کە لەگەڵ ئەواندا نەبێت وا دێتە بەرچاو، ئەمەش راستیەکمان پێدەڵێت کە مەسعود و جەماعەتی بارزانی، کە خۆیان بە کورد دەزانن، هێندە لەو خەڵکە دورکەوتونەتەوە بە وێنە و بە ئەقڵ، بەتایبەتی بەو دیمەنە ناشرینەی مۆدێرنیتێ وەک پیاوانی تازە پیاکەوتوو دێتە بەرچاو، بۆیە بوونەتە خیزان و بنەماڵەیەک تەواو  بە کۆمەڵگای کوردەواری نامۆن، لەمەدا کەلێنێکی گەورە کەوتۆتە نێوان ئەوان و کۆمەڵگا، بۆیە خۆشیان باش دەزانن کە هیچ کەسێک خۆشی ناوێن جگە لەوانەی، کە بە پارەی نەوتی دزاراو خۆیان فرۆشتووە، یان کڕدراون، دەزانن کە هیچ چارەیەکیشیان بۆ نەماوەتەوە جگە لە جاشایەتی بۆ بێگانە نەبێت، ئەگەر هێزێکی بێگانە نەیان پارێزێت، ئەوا بەمزوانە خەڵکی سەری هەمویان دەپەڕێنن . پێ دەچێت بەم زوانەش ئەوە رووبدات و راویان بنێن بەرەو تورکیا . 
ئێستاکەش کاتێک خەڵکی کازمی دەبینن، دێت سەری ژنێکی ئەنفال ماچ دەکات، بە شێوەیەکی مۆدێرن دەچێتە ناو جەماوەر و گوێیان لێ دەگرێت، دەستیان دەگوشێت، دەوری نەدراوە بە سەدەها گارد و تەمسیلی کەسانی تر ناکات، لەگەڵ ئەو خەڵکەدا بە هارمۆی دەبینرێت، لەگەل ئەو خەڵکەدا بووە بەیەک، لەبەر ئەوەی گەورەیی خۆی بە ژمارەی سەیارە و گارد پیشانی ئەو خەلکە نادات، هەست دەکەین ئەقڵێکی زیرەک و وشیار و بەئاگا ڕێنیشاندەریەتی. لەم لاو لەولاش دەبیستین کە گوایە ئەمە بۆ هەڵبژاردنەکانە و نابێت بەوە هەڵخەلەتێین، بێگومان ئەمە بۆ هەڵبژاردنەکانە، ئەی کەواتە هەڵبژاردن مانای چییە ؟
هەڵبژاردن بەمانای ئەوەیە، ئەو کەسە خۆی بە جەماوەر دەناسێنێت، بە شێوازی دوان و هەڵس و کەوتەکانیدا لەناو جەماوەر، ئەو کەسەش هاتا ئاستێک ئەتوانێت درۆ بکات، راستیەکان لە هەلسوکەوت و جولاندنەوەی لە ئیستادا بەرامبەر بە جەماوەر دەردەکەون، خۆ ئەگەر کازمی لە سەیارەیەکەوە وەک نەوشیروان سەلامی بۆ ئەو خەڵکە بکردایە، ئەوا زۆر جیاواز دەبوو، کەواتە کازمی خاکییە،  نەک نەوشیروان، لەبەر ئەوەی دەچێتە ناو خەڵکەکەوە و ڕاستەوخۆ لەگەڵیاندا دەدوێت و گوێ لەداواکاریەکانیان دەگرێت.
وێنەی کازمی ڕاستە لە چاوی فۆتۆگرافەری جەمال پێجوێنی هونەرمەندەوە پیشاندراوە، بەلام کازمی دەگونجێت لەگەڵ ئەقڵی جەمال پێنجوێنی و ئەو خەڵکەدا وەک وێنە و وەک شانۆ. وشەی خاکی لێرەدا شێوەی مۆدێرنیتێی ڕاستەقینەی وەرگرتوە .
خۆ من لێرەدا گرەو لەسەر کازمی ناکەم، ناڵێم کازمی بەدارێکی سیحراوی دێت هەمو گیروگرفتەکانی ئێراق چارەسەر دەکات، یان دەبێتە دۆستێکی کورد، پێ دەچێت بەیانی بیکوژن، بەڵام کازمی دەتوانێت ببێتە مۆدێلێک بۆ حوکمرانی و هەڵسوکەوت، وەک کەسێکی مۆدێرن. کاتێکیش چینی ڕۆشنبیر و داهێنەر ئەو کەسایەتیە دەبینن چلۆن مۆدێرنە، زاتی ئەوە دەکەن بچن داهێنان و زانستیان بخەنە خزمەتی کازمیەوە، چونکە دەزانن کە ئەو وەک کەسێکی مۆدێرن لە زانستەکەیان تێدەگات .
لە رابوردودا خەڵکی بە مەزەنەی ئەقڵ توانیویانە ئاشێک دروست بکەن و گەنمی پێ بهاڕن، بە میکانیزمێکی سادە توانیویانە ئەو پیویستیە بە چەند دار و تەختەیەک دروست بکەن بۆ دێهاتێک، بەڵام کاتێک گەیشتینە ئەوەی کە دەبێت بۆ وڵاتێک گەنم بهاڕین، پێویستمان بە زانستی فیزیا بوو، لە سیاسەتیشدا بەهەمان شێوە، دێهاتێک لە ڕابوردودا پێویستی بە پیاوێکی عەشایەر هەبوو بۆ بەڕیوەبردنی، بەڵام بۆ بەڕیوە بردنی ولاتێک پێویستمان بە هونەری سیاسی و زانستە، ئەوەش لەم سەردەمەدا بە خەڵکی نەخوێندەوار ناکرێت. بەڵام ئەمانە، کە دەلێم مەبەستم لەبەرپرسی گۆڕان و هەموو ئەو بەرپرسانەیە کە تۆزیان لەسەر نیشتوە، دەبێت بە گسکی کارەبایی گسکیان لێ بدەین، لەبەر ئەوەی توانایان نییە خۆیان نوێ بکەنەوە و دەمێکە بەسەرچوون .

سەرنجی ئەو فۆتۆگرافیەی کازمی بدەن لەسەرەتای وتارەکەدا، کە چۆن بە هونەری فۆتۆگرافی ئەقڵ و ناخی کازمیمان بۆ بەیان دەکات. هەروەها سەرنجی ئەو فۆتۆگرافیەش بدەن لە خوارەوە، کازمی و دکتۆر بەرهەم پێکەوە لە باخێکدا، وێنەی ژیانێکی بەختیاری و قەشەنگە. سی ساڵی حوکمڕانی لە کوردستان، بەهەموو ئەو توانا دارایەوە کە هەیانە بە بەرهەم ساڵحیشەوە، نەیانتوانیوە وێنەیەکی ئاوا بەرهەم بێنن، لەبەر ئەوەی کە لەناخیاندا وەکو خۆیان وێنەیەکی جوان بوونی نییە.


تێبینیەکی سەرپێی کوردستانپۆستیش لەسەر ئەم ڤیدیۆیەی خوارەوە:


ئەو قسانەی کە وێنەگرەکە باسی دەکات بەشێکی لەسەر هونەری وێنەگرتن، پەیوەندیی بەم نووسینەی کاک سەردارەوە هەیە، وێنەگرەکەش کوردە و خەڵکی پێنجوینە، کەسێکی لێهاتووە، هەرچییەک لە دوای کارەکەیەوە بێت ئێمە قسەی لەسەر ناکەین، بەڵام ئەوەی سەرنجی ئێمەی راکێشا، لە هەمان کاتدا گوێ لە پێشکەشکاری ئەو بەرنامەیە بگرە، کە دیمانەکەی لەگەڵدا کردووە، ئایا هەست ناکەیت کەسێکە بە زۆر سواری ملی کارەکەی بووە، لە زۆر شوێندا پرسیار دەکات، چاوەڕوانی وەڵام ناکات، یان لە نیوەیدا پێی دەبڕێت، تەنیا مەبەستی  ئەوەیە کۆمەڵێک پرسیار فڕێ بدات و وەکو کارێکی موخابەراتی دەستکەوتی زانیاریی لێ وەربگرێت، ئەوەندە بێ ئەقڵە هەر بە شێوازی پرسیارەکاندا هەست بە نزمی ئاستی وشیاریی و  نەزانینی دەکرێت، کە کەسێکی شیاو نییە بۆ کاری راگەیاندن. ئەم کەسە تەنیا نییە، زۆربەی کارمەندەکانی کەناڵە کوردییەکان بەو شیوەیە رەفتار دەکەن.




(دەنگدراوە: 5 . زۆرباشە: 3/5)