فیزیای کوانتەم و دەرەنجامە ناوازە و سەرسڕکەرەکانی (بەشی چوارەم)

Thursday, 31/12/2020, 4:00

7620 بینراوە


بەشی چوارەم: کاریگەری زینۆی کوانتەمی و ئەندێشەی جووڵە و وەستانی کات


کاریگەری زینۆی کوانتەمی (Quantum Zeno effect)، دیاردەیەکی سەیر و ناوازەیە لە فیزیای کوانتەمدا، بەوەی ئەگەر بتوانین بەخێرایی و چەندان جار بەدوای یەک، گەردیلە پێوانە بکەین بۆ زانینی دۆخە سەرەتاییەکەی، ئەوا گەردیلەکە هەمیشە لەو دۆخەدا دەمێنێتەوە. بە دەربڕینێکی دیکە، پێوانەکردن و چاودێری بەردەوامی تەنۆلکەکان دەبێتە هۆی دواخستن، یاخۆ وەستانی گۆڕانیان بەرەو ئاستێکی دی، هاوشێوەی ئەو گوتەیەی دەڵێت: "بە چاوبڕینە مەنجەڵ هەرگیز چێشتەکەت ناکوڵێت."
بنەمای کاریگەری زینۆ بەهەردوو شێوازەکەی بەدەر دەکەوێت، بۆ نموونە کاتێک دەمانەوێت زانیاریمان هەبێ دەربارەی شیبوونەوەی گەردیلەی توخمە تیشکدەرەکان، لەگەڵ ئەوەی تەنیا لە دوو باردا دەبیندرێن، کەچی ڕێژەی ئەگەرەکەیان هەردەم یەکسان نابێ، چونکە شیبوونەوە کاتێکی دیارکراوی دەوێ هەرچەندە گەلەک کورتیش بێت. لێرەدا لێکۆڵینەوە و چاودێری بەردەوامی گەردیلەکە ناهێڵێت شی ببێتەوە، ئەم دواخستنە هۆکارەکەی کاریگەری زینۆی کوانتەمییە (Quantum Zeno effect). بەپێچەوانەوەش ئەم دەرنجامە سروشتییە ڕاستە، ئەگەر لە پێوانەکردن دوا بکەوین، ئەوا زۆربەی جار گەردیلە شیبۆتەوە، کاتێکیش بکارین ئەم ئاستە بپارێزین، پێمان دەکرێ کرداری شیبوونەوەکە خێراتر بکەین، ئەمەشیان ناو دەنرێت بە کاریگەری دژە زینۆی کوانتەمی (Quantum anti-Zeno effect). لێرەدا پێویستە هەر لەسەرەتاوە بڵێین، ئەم کاریگەرییەی پێوانە و چاودێریکردن بۆ تەنۆلکەکان تەنیا گریمانە نییە، بگرە دەرنجامێکی ڕاستەقینەی زانستییە و بەکردارەکی سەلمێندراوە. 
لە ئەزموونەکەی شڕۆدینگەر ئامەژمان بەوەی دا، ئێمە ئەگەر تاکە یەک گەردیلەی تیشکدەرە بخەینە ناو سندووقەکە، نازانین لە ماوەی یەک کاژێردا کەی پشیلەکە دەمرێت، چونکە لەو دەمەدا لە دۆخێکی لە ئاسابەدەرە لە بەسەریەکەوەبوون (مردوو و زیندوو)، بەڵام بە تێپەربوونی ئەو کاژێرە گومانمان لە مردنی نامێنێت، ئەگەرچی سەری سنووقەکەش هەڵنەدەینەوە. ئەو پشیلەیە لە یەک بار و هەلومەرجی تایبەتیدا نامرێت، ئەویش ئەگەر کاریگەری زینۆی کوانتەمی لەگەڵدا بەکار بهێنین. بە چاودێریکردنێکی بەردەوامی هەزاران جاری گەردیلەکە، وای لێ دێت ڕەفتاری بگۆڕێت. ئەمە ڕاستە، هەرچەندە دیاردەیەکی شێتانەش بێ، دەبێتە هۆی دواخستنی شیبوونە تا ئاستی وەستانی کات، بەمەش پشیلکە هەرگیز نامرێت. کاریگەری زینۆ دەرەنجامی ئەو شێوانەیە لە سەرنجدان و لێکۆڵینەوەمان بۆ سندووقەکە دێتە ئاراوە، بەو ڕادەیەی کە تەنیا هەژاندنەوەی سندووقەکە بەسە بۆ ئەوەی ئەوە فێڵە ئەنجام بدرێت.

دژبەیەکییەکانی زینۆ

پێش نێزیکەی 2500 ساڵ، فەیلەسووفێکی گریکی هەبوو بە ناوی زینۆی ئێلیایی (Zeno of Elea)، بەر لە سوکرات ژیاوە و هاوڕای پارمنیدس بوو لەوەی کە جیهانی هەستپێکراو وڕێنە و ئەندێشەیە. بیروڕاکانی زینۆ کاریگەرییەکی زۆریان هەبوو لەسەر فەیلەسووفی ناودار کانت، لە نکووڵیکردنی بوونی کات و شوێن، بەوەی ئەو دووانە تەنیا چەمکن و بوونێکی ڕاستەقینەیان نییە، ئێمەش هاوشێوەی فێڵێکی هزریی پەنایان بۆ دەبەین لەکاتی دەربڕینی بیرۆکەکانمان. زینۆ چەندین دژبەیەکی لۆژیکی داهێنا وەک، پێشبڕکێی ئەخیلس و کیسەڵ، دژبەیەکی دابەشکردن، دژبەیەکی تیر و چەندانی دیکە. ئەوەی جێی ئاماژە پێکردنە، دژبەیەکییەکانی وای لە زاناکان کرد بەرەوڕووی کێشەیەکی مەزن ببنەوە دەربارەی چەمکی بێکۆتا، ئەمەش دەرەنجام بووە هۆی سەرهەڵدانی ژمێرەی بێکۆتاکانی ماتماتیک (تەواوکاری و جیاکاری).
ئەم فەیلەسووفە پرسیاری لە ڕواڵەت ئاسان دەکرد، بەڵام وەڵامەکان لەڕووی فەلسەفییەوە گەلەک ئاڵۆز و دژوار بوون. ڕۆژێکیان لە ماڵەکەیەوە بەرەو باخێکی نێزیک دەڕۆیشت و گوتی، گریمان من دووری باخەکە دابەش بکەمە سەر هەنگاوەکانم، بەجۆرێک هەموو جارێک نیوەی دوورییەکەی پێشووم ببڕم، کەواتە من بەهیچ شێوەیەک ناگەمە باخەکە، چونکە گشت جارێک و هەتاهەتایە من دەبێ هەر دوورییەکەم بکەمە نیوە. بۆ ئەوەی بە دوورییەکی بێکۆتا تێپەڕم، پێویستم بە کاتێکی بێکۆتا هەیە، بۆیە من هەرگیز بە باخەکە ناگەم. من ئێستە ئەوا لەناو باخەکەدا دانیشتووم، ئەی باشە کردارێک هەنگاوەکانی بێکۆتا بێت، من چۆن توانیم تەوای بکەم؟
بەهەمان شێوە ئەگەر من سێگۆشەیەکی گۆشە وەستاوم هەبێ و هەریەکە لە لاکانی 1 بێت، بە فیساگۆرس درێژی ژێیەکەی یەکسان دەبێ بە ڕەگی دوو. ئەم ڕەگی دووە، پاش هێمای دەیەکی ژمارەیەکی بێکۆتایە و تەواو نابێت (......1.4142135)، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە، من نەتوانم وێنەی سێگۆشەکە بکێشم، نەخێر! وێنەی دەکێشم و نێوان دوو لایەکان بە ژێیەک بەیەک دەگەینم بەبێ کێشە. چۆن دەبێ ماتماتیک شتێک بڵێ، لەڕاستیشدا شتێکی دەیکە هەبێ، ئایە کەس هەیە وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە؟
بۆ ڕوونکردنەوە با نموونەیەکی دیکە وەربگرین (دژیەکی تیرەکە - The arrow's paradox)، ئەو دەمەی تیرێک دەگرینە نیشانەیەک، ئەم تیرەش وەک ئەوەی پێشوو پێویستی بە جووڵانەوەیەکی بێکۆتا هەیە بۆ گەیشتن بە نیشانەکە، کەچی لەمەشدا هیچ ڕووی نەدا، بینیمان کە تیرەکە نیشانەکەی پێکا.
کەس نەبوو وەڵامی زینۆ بداتەوە، هەتا خۆی هاتە دەنگ و گوتی: لەڕاستیدا ئەو تیرە لە هەوادا ناجووڵێت، چونکە لە فڕینیدا هەر چاوتروکانێک دیمەنێکە، واتە تیرەکە تەنیا لە یەک خاڵدایە و یەک دیمەن نیشان دەدات و وەستاوە، ئەمەش پێم دەڵێت، جووڵە ئەندێشەیە و بوونی نییە، گەرچی بۆ هەستەکانمان واش دەرنەکەوێت.
مەبەستی ئەم فەیلەسووفە ئەوەیە، کات و شوێن بە یەکدییەوە بەند نین و هەریەکەیان لە ژمارەیەکی بێکۆتا بەش و پارچەی یەکجار بچووک پێک هاتوون، هیچ شتێک نییە پێی بگوترێت جووڵە، جووڵە جگە لە گۆڕانێک لە بڕی ئەو پارچانە زیاتر هیچی دیکە نییە. ئەمەش کتومت هاوشێوەی وێنەکانی فلمە کارتۆنییە کۆنەکانە، کەسایەتییە کارتۆنییەکان هیچ جووڵەیەک ناکەن، تەنیا ئەوە نەبێ ژمارەیەکی زۆر لە وێنەی تۆزێک جیاواز لەیەکدی بە تەنیشت یەکەوە دادەنرێن، بە وێنەگرتنێکی خێرا وا هەست دەکەین دەجووڵێن، بەڵام لە ڕاستیدا بەو شێوەیە نییە.
بۆ تێگەیشتنێکی باشتر، پارچە بچووکەکانی کات و شوێن یەکە بە یەکە دیمەنێکی جووڵەیان لەسەر تۆمارکراوە، بەهۆی کرداری بینین و چاودێری کردن وەک جووڵە دێتە بەرچاومان. واتە کاتێک بۆ سڵاوکردن دەستم بەرز دەکەمەوە، ئەوا دەستم نەجووڵاوە، بگرە سەیرکردنم بۆ بەشە بچووکەکانی شوێن کە وێنەی دەستمیان لەسەردا نەخشێندراوە، هەڵم دەخەڵەتێنن بەوەی دەستم جووڵاوە! پێش ئەوەی بڕیار لەسەر ئەوە بدەین، من بەڕاستی دەستم دەجووڵێنم، یان جووڵە خۆی هەستێکی ئەندێشەییە، پێویستە بزانم کات و شوێن پێکەوە گرێدراون، یاخۆ بەشی بچووکن بە تەنیشت یەکەوە؟ بۆ ئەوەی وەڵامێکی گونجاو بەدەست بهێنین بۆ ئەو پرسیارە سەخت و ئاڵۆزانە، ناچارین پەنا ببەینە بەر زاناکانی فیزیای کوانتەم.

نەبوونی جووڵە و وەستانی کات

بیستمان کە ماکس پلانک دەڵێت، وزە هاوشێوەی ماددە دابەش دەبێتە سەر بڕی یەکجار ورد و پێیان دەگوترێت بڕ، یان کوانتەم، ئاواش شوێن، یاخۆ درێژییەکان دەکرێنە بەشی لەڕادەبەدەر بچووک و ناو نرا بە دڕێژی پلانک. ئاشکرایە مەتر دەکرێتە سانتیمەتر، سانتیمەتریش بۆ میلیمەتر، پاشان بۆ مایکرۆ و نانۆ ...هتد. بەڵام ئایە ئەمە هەتا هەتایە بەردەوام دەبێت؟ بەگوێرەی پلانک، نەخێر! چونکە ئەو دابەشکردنە تەنیا لە نووسین و هاوکێشەکانماندا هەیە و لە جیهانی ڕاستەقینەدا ڕوو نادات، دەگەینە ئاستێکی یەکجار ورد نەتوانین چیدیکە درێژییەکە بچووکتر بکەینەوە. ئەوە بە درێژی پلانک ناسرا کە بڕەکەی یەکسانە بە 1.6x10 توان(-35) مەتر، هەرگیز ناگەینە درێژییەکی کورتتر لەمە، بۆیە کرایە یەکەی بنەڕەتی شوێن. کەسێکیش دەیەوێ بیهێنێتە بەرچاوی و لەم درێژییە تێی بگات چەندە؟ ئەوا دەبێژین، درێژییەکە 100 کوینتیلیۆن جار بچووکترە لە نیوەتیرەی پرۆتۆن، بۆ تێگەیشتنێکی پتر، ئەگەر بە پێنووسەکەت یەک خاڵ دابنێی، ئەو خاڵە گەورەترە لە هەموو گەردوون، بەهەمان ڕێژەی مەترێک بۆ درێژی پلانک!
ئەوە بۆ شوێن و درێژی، ئەی بۆ بچووکی کات؟ ئێمە دەزانین، کات یەکسانە بە دووری لەسەر خێرایی، کورتترین دووری وەک گوتمان درێژی پلانکە، بەتینترین جووڵەش خێرایی تیشکە، بە دابەشکردن کورترین ماوەی کاتی خایەنراومان دێتە دەست لە گەردوون کە دەکاتە 5.39x10 توان(-44) چرکە، ئەمەشیان ناو دەنرێت بە کاتی پلانک. لێرەدا بەگوێرەی گوتەکانی پلانک، کات و شوێن پێکەوە بەند نین و هەردووکیان لە بەشی لەڕادەبەدەر بچووک پێک دێن کە درێژی پلانک و کاتی پلانکن، کەواتە بەڕاستی جووڵە ئەندێشەیە و بوونی نییە.
بۆ ئاسانکاری، پێویستە بڕوانینە یەکەی کات و شوێنی گەردوون هاوشێوەی شاشەی تەلەفزیۆن، یان کۆمپیوتەر کە پێکهاتووە لە بەشی زۆر بچووک (پیکسل). ئەو دەمەی دەبینین شتێک لەسەر شاشەکەمان دەجووڵێت، دەبێ بزانین جووڵە نییە، بگرە تەنیا گڵۆپە وردەکانن زۆر بەخێرایی ڕەنگیان دەگۆڕێت (30 جار لە چرکەیەکدا)، ئێمەش پێمان وایە ئەوەی ڕوو دەدات جووڵەیەکی ڕاستەقینەیە. دەشێ یەکێک بپرسێ، بۆ دەبێ ئێمە پارچەکانی کات و شوێن وەک پیکسلەکان ببینین، بۆچی هەر بەشێوەی کاشی نەبن، بەوەی دەتوانین بەسەریاندا بەخێراییەکی ئاسایی بجووڵێین، بەبێ هیچ گۆڕانێک لە ڕەنگی کاشییەکان؟ ئەمە پرسیارێکی بەجێیە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە، ئەگەر تیرەکەی زینۆ بە نموونە وەربگرین و وا دابنێین بەسەر ئەو کاشییانە تێپەڕ دەبێت کە پێکهاتوونە لە یەکەی کات و شوێن. ئەو تیرە ئەگەر بیەوێت لە پارچەیەکەوە بچێتە پارچەیەکی دیکەی تەنیشتەی خۆی، ناچار دەبێ بە دووری نێوان ئەو دوو پارچەیە تێپەڕێت. ئێمە گوتمان لە گەردووندا لەو پارچانە بچووکتر نییە، کەواتە هیچ دوورییەک لەنێوانیاندا نییە، بۆیە دیسانەوە دەیڵێینەوە جووڵە ئەندێشەیە و شتێکی ڕاستەقینە نییە. ئەمە دەچێتە چوارچێوەی سەلماندنێکی ماتماتیکی، چونکە تا ئێستە کەس نەکارێت بگاتە درێژی و کاتی پلانک و پێوانەیان بکات، هاوکات مەبەستیش ئەوە نییە، بەتەواوی بەلاوە بنرێن و هیچ بایەخێکیان بۆ دانەنرێت.
پێشتر گوتمان شتگەلەکانی ئەم گەردوونە بە هەموو شێوە ئەگەرییەکان بوونیان هەیە، تەنیا پێوانە و چاودێریکردنمان دەبێتە هۆی ئەوەی لەیەک ئەگەردا خۆیان بنوێنن. با وای دابنێین ئێمە کرداری چاودێریکردن لە ماوەیەکی زۆر کورت ئەنجام دەدەین، دەبێ چی ڕوو بدات؟ بە سەیرکردنم بۆ تیرە جووڵاوەکەی زینۆ لە ماوەیەکی یەکجار کورت، ئایە تیرەکە بە وەستاوی دەبینم، یان بە جووڵاوی؟ بمانەوێت بەڕاشکاوانە وەڵام بدەینەوە دەڵێین، ئەم بابەتە هەرگیز بەم شێوەیە نییە، لەبەرئەوەی کاتێ من بمەوێت سەرنج بدەمە تەنێکی گەورەی جووڵاوی وەک تیرەکەی زینۆن، پێویستە چاودێری ملیاران گەردیلە بکەم کە تیرەکەی لێ پێکهاتووە، ئەمەش ئەستەمە بکرێت، بۆیە ناچار دەبم تاکە بە تاکەی گەردیلە وەربگرم بۆ زانینی چییەتی ئەو دیاردەیە.

ئەزموونی سەلمێندراو و بایەخەکانی ئەم کاریگەرییە

لەپێناو ئەمەدا زانایەک (خەڵاتی نۆبڵ 2012) بەناوی دێیڤید واینلاند (David J. Wineland)، هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی ئەزموونێک لەسەر گەردیلەی توخمی بریلیۆم، بۆ زانینی ڕێژەی هاتوچۆی ئایۆنەکان لە ئاستی گەردیلەییدا. ئەو دەمەی گەردیلەکانی بریلیۆم لە دۆخی ئاساییدا دەدرێنە بەر شەپۆلی ڕادیۆیی، ئەلیکترۆنەکانیان باز دەدەنە ئاستی بەرزتر (بازدانە کوانتەمییەکان). بەڵام کاتێک ئەم زانایە ویستی چاودێری بکات بە بەکارهێنانی ئامێرێکی گەلەک ئالۆز لەڕێی لەرەی تیشکی سەروو وەنەوشەیی، دیاردەکە بەجۆرێکی دیکە گۆڕانی بەسەردا هات. ئەو ئەلیکترۆنانەی دووچاری شەپۆلە ڕادیۆییەکان دەبوونەوە و دەچوونە شوێنی بەرزتر، پاش چاودێریکردنیان لەلایەن تیشکی خێرای سەروو وەنەوشەیی، ئەوا زۆر بەکەمی لە شوێنی خۆیان دەجووڵانەوە، ئەمەش بوو کە ناونرا بە کاریگەری زینۆی کوانتەمی. پاشان لە سەرەتای سەدەی بیستویەکەم، هەمان ئەزموون دووبارە کرایەوە لەسەر گەردیلەکانی ڕوبیدیۆم، تێدا ئەو بازدانانە تا ڕادەی 30٪ خاوتر کرایەوە، لەلایەنی تیۆرییەوەش دەشێ بەتەواوی بوەستێندرێت.
ئایە ئەمە دژ بە بیردۆزی ڕێژەیی نییە؟ ئەوەی دەڕوانێتە کات و شوێن لە سەرلەبەری گەردوون وەک پێکبەندییەکی پتەوەی شانەی کاشوێن؟ لێرەدا کات و شوێن دوو یەکەی جیا و دابڕاون لەگەڵ یەک، بۆیە بێگومان ڕاستە و ئەو دژایەتییە بوونی هەیە، هەر ئەمەشە ئەو کێشە و ململانەی دوورودرێژەی نێوان فیزیای کوانتەم و ڕێژەیی ئەینشتاین.
دەرەنجام بۆمان هەیە ببێژین، ئەگەر یەکێک توانی کات بۆ خودی گەردیلە بوەستێنێت، بە هۆکاری چاودێریکردنی لە ماوە زۆر کورتەکان، یان بگاتە ئەوەی بکارێ چاودێری گشت گەردیلەکانی گەردوون بکات، کەواتە ئەو کەسە پێی دەکرێ دەست بەسەر وردەکارییەکانی هەموو شتێکی ئەم سروشتە بگرێت، وێنەیان، شێوەیان، چارەنووس و دواڕۆژیان. باشە ناتوانین ئەو کەسە ناو بنێین بە داهێنەری گەردوون، یاخۆ بە دەربڕینی ئاینداران پێی بگوترێت، خواوەند؟
دواجار پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە بایەخ و گرینگی کاریگەری زینۆی کوانتەمی لە چەندان بواری جۆرادا دەبیندرێت، لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەو دیاردەیەیە پێی دەگوترێت، پێک گەیشتن، یان پێوەندی پێکردنی کوانتەمی پێچەوانە. زاناکان بە پشت بەستن بەو بابەتە، توانییان یەکەمین کرداری گواستنەوەی وێنە ئەنجام بدەن، بەبێ ناردنی هیچ تەنۆلکەیەکی ماددەیی، وەک "ساینتیفیک ئەمەریکان" گوتەنی، ناردنی نامەیەک بەبێ ناردنی هیچ شتێک.
لەڕاستیدا زاناکانی فیزیای تیۆری لەمێژە پێشبینی ڕوودانی ئەو پێکگەیشتنە کوانتەمییەیان دەکرد، تا لە ساڵی 2017دا بۆ یەکەمین جار بە ئەزموون و کردارەکی سەلمێندرا. ئایە ئەمەیان هەمان ئەو گواستنەوە دەستبەجێیەیە پێشتر لێی دواین؟ ئەوەی پێشوو ناسراو بە پێکبەندی کوانتەمی، گواستنەوەی زانیارییەکان بوو بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بێ ڕەچاوکردنی کات و دووری نێوان خاڵەکان. هاوکات گواستنەوەی کوانتەمی بەندە بە بارودۆخی ماددەیی تەنۆلکەکان، چونکە پێکبەندبوونی دوو تەنۆلکە هەر دەبێ لەیەک شوێندا بن، پاشان یەکێکیان بنێردرێتە جێیەکی دی، پێش ڕوودانی پێوەندی کردنیان بەیەکەوە. بەرانبەر بەمە، پێک گەیشتنی کوانتەمی پێچەوانە، دەوەستێتە سەر کاریگەری زینۆ بۆ گوێزانەوەی بڕێک بۆ شوێنی دیکە، بەبێ ناردنی هیچ تەنۆلکەیەکی ئاسایی لە نێوانیاندا.
بۆ ئەم بابەتە، زاناکان پێکهاتەیەکی گەلەک ئاڵۆزیان دروست کرد، کاری لەسەر سەرچاوەیەکی لەیزەری دەکرد، دەیتوانی تاکە یەک فۆتۆن بهاوێژێتە ئاراستەی جۆراوجۆری زنجیرەیەک لە گورزی تیشکەیی، لە دەروازەکانی دیکەشدا کۆمەڵە ئامێریکی هەستدار بە یەکانە فۆتۆن دانرا. بە هۆکاری کاریگەری زینۆی کوانتەمی، ئەو سیستەمە لە دۆخێکی دیارکراودا سڕ کرا، ئەمەش ڕێخۆشکەر بوو بۆ زاناکان تا بزانن فۆتۆنەکە چی ڕێڕەوێک دەگرێتەبەر، کامە ئامێڕیش ئەو تێپەڕینە تۆمار دەکات. دەرەنجام گەیشتنە ئەوەی وێنەیەکی یەک ڕەنگی بگوێزنەوە بۆ شوێنکی دی، بە بەکارهێنانی ئەو سەرچاوە یەکانەییەی فۆتۆن. لەگەڵ ئەوەی ئەم ئەزموونە تەنیا بایەخی بە تەنۆلکە وردە کوانتەمییەکان دەدات، بەڵام هەنگاوێکی یەکجار مەزن بوو بۆ پێوەندی کردن و پێک گەیشتنە کوانتەمییەکان و کۆمپیوتەرە لەڕادەبەدەر خێراکان. هاوکات لە چەندان بواری جیاجیادا گرینگییەکی زۆری هەیە، هاوشێوەی وێنەگرتنی دۆزەوە و پاشماوە کۆنینە هەستیار و ناسکەکانی کە بەرگەی تیشکە بەهێزە ڕاستەوخۆیەکان ناگرن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە