مەسعود بارزانى ده‌زگاى پاراستن به‌ باره‌گاى بارزانى ده‌به‌ستێته‌وه‌


فیزیای کوانتەم و دەرەنجامە ناوازە و سەرسڕکەرەکانی (بەشی دووەم)

Wednesday, 12.16.2020, 6:03

1513 بینراوە


زانای بەناوبانگ ڕیچارد فاینمان، خاوەن نۆبڵی فیزیا دەربارەی ئەزموونی دزری دووانەیی دەڵێت: ئەستەمە بتوانین بە شێوازێکی کلاسیکی ڕاڤەی بکەین، چونکە لە ناخیدا قووڵترین مەتەڵی فیزیای کوانتەم دەشارێتەوە.


بەشی دووەم: ئەزموونی دزری دووانەیی و ڕەفتارە سەیروسەمەرەکانی ئەلیکترۆن

ئەزموونی درزی دووانەیی یەکێکە لە ئەزموونە هەرە ئاڵۆزەکانی بواری زانستی فیزیا کە کێشە و مشرومڕییەکی یەکجار مەزنی هێنایە ئاراوە، ژمارەیەکی زۆری زاناکان ئەم بابەتە بە بنچینە و کڕۆکی میکانیکی کوانتەمی دادەنێن. ئەم ئەزموونە دەیسەلمێنیت، ئەو سروشتەی تێدا دەژین دەشێ زۆر جیاواز و دوور بێ لە ڕاستییەتی، هاوشێوەی گوتەکەی فەیلەسووفی ناودار ئەفلاتون کە پێی وابوو، هەموو ئەوانەی لە دەوروبەرماندا دەیان بینین، بەرهەمی هزر و بیرکردنەوەی خۆمانن و مەرج نییە شتگەلانێکی ڕاستەقینە بن. 
ئەم ئەزموونە پێشبینییەک بوو بۆ تایبەتمەندی شەپۆلەکی ئەلیکترۆن، لە ئەگەری ئارستەی تێپەڕبوونیدا پێش چاودێریکردنی، بەرانبەر بە شوێنە دیارکراوەکەی لەو دەمەدا کە خۆی بە تەنۆلکە نیشان دەدات. ئەمەش دەرنجام بەرە ئەوەمان دەبات هەر کاتێک بپرسین، ئایە ئەلیکترۆن شەپۆلە، یان تەنۆلکە؟ وەڵامەکەی ئەوەیە کە هیچیان نییە، بگرە تەنێکە بەگوێرەی چاودێری و ئامێرەکانی پێوانەکردن خۆی بە یەکێک لەوانە دەنوێنێت.
لەبەشی یەکەمدا ئاماژەمان بەوە کرد کە گڵۆپی ئەدیسۆن بووە هۆکاری گومانکردنمان لە سروشتی گەردیلە و گشت شتەکانی دیکە، بۆیە دەبووایە ئەو گومانانە بگۆڕدرێن بۆ دڵنیایی و ڕاستییە باوەڕپێکراوەکان. زاناکان لەڕێی فیزیای کوانتەم وێڵی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە بوون: ئێمە چین، ئایە بوونێکی ڕاستەقینەمان هەیە، یان تەنیا کۆمەڵە شەپۆل و لەرەیەکین لەم گەردوونەدا؟

ئەزموونی دوو درزیی

ئەزموونی دوو درزیی (Double Slit Experiment)، بە مەبەستی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەی کە کران ئەنجام درا. زاناکان هەمان ئەزموونی دوو درزەکی سەدەی حەڤدەی (1802) تۆماس یۆنگ (Thomas Young)، دووبارە کردەوە کە تێدا سەلمێندرا تیشک شەپۆلە، بەڵام ئەم جارەیان لەسەر چییەتی ئەلیکترۆن. لەو سەردەمەدا یۆنگ بەربەستێکی هێنا دوو درزی تێکرد بەستوونی، بەربەستێکی دی لەپشتەوەی ئەوەی یەکەم دانا، پاشان تیشکێکی ئارستەی دوو درزەکە کرد، بەگوێرەی بۆچوونەکانی نیوتن چاوەڕوان دەکرا، وەک تەنی ئاسایی دوو هێڵ لەسەر بەربەست، یان دیوارەکەی پشتەوە پەیدا بکات، کەچی بینی وانییە و تیشکەکە بە هەردوو درزەکەدا تێپەڕی و کۆمەڵێک هێڵی رووناک و تاریکی لەسەر بەربەستی دووەم دروست کرد، بەمەش بۆی دەرکەوت کە نیوتن هەڵە بووە و تیشک شەپۆلە. لەبەرچی یۆنگ بیری لەوە کردەوە کە تیشک شەپۆلە؟ ئێمە کاتێک لەسەر ئاوی گۆمێک بە دەستمان شەپۆلێک بەرپا دەکەین، ئەوا شەپۆلەکە بەرزترین و نزمترین خاڵی هەیە، ئەگەر لە تەنیشت یەکەوەش دوو شەپۆل دروست بکەین، دەبینین بەیەکدا دەچن. ئەو دەمەشی دوو شەپۆلی بەرز، یان دووی نزم بەریەک دەکەون، یەکێکی بەرزتر، یاخۆ نزمتر پەیدا دەکەن، بەیەک گەیشتنی شەپۆلێکی بەرز بە یەکێکی نزم، ئەوا یەکدی لەناو دەبەن. لە ئەزموونکەدا هاوشێوەی ئەمیان ڕووی دا، بۆیە سەلمێندرا تیشک شەپۆلە.
زاناکان ئەم ئەزموونەیان ئەنجام دا، بۆ ئەوەی بزانن ئایە ئەلیکرتۆن تەنۆلکەیە (تۆمسۆن، ڕەزەرفۆرد، نیلز بۆر)، یان تیشکە (دی برۆی، شرۆدینگەر، ماکس بۆرن)؟‏ پاش ناردنی گورزێک لە ئەلیکترۆنەکان بە ئارستەی دوو درزەکە، بۆیان ڕوون بووەوە کە ئەلیکترۆنیش وەک تیشک چەند هێڵێکی ڕووناک دروست دەکات، کەواتە ئەمیش شەپۆلە. پاش ئەمە زاناکان بیریان لە شتێکی دیکە کردەوە، بەوەی دانە دانە ئەلیکترۆن بگرنە دوو درزەکە، نەک لە شێوەی تەوژمێک. بینییان هەر کاتێک دانەیەک دەگرنە درزەکان، یەک خاڵ لەسەر بەربەستی پشتەوە پەیدا دەبێ! باشە ئەی کوا بەیەکداچوونکەی پێشوو؟ دوای بەردەوام بوون لە هاویشتنی ئەلیکترۆن یەک بە دوای یەک، ئەوەی جێی سەرسڕمان بوو کە دەبینن دیسانەوە کۆمەڵە هێڵێک دەنەخشێت لەسەر دیوارەکەی دواوە. زاناکان لەبەر ئەم دیاردە سەیروسەمەرەیە، هاتن کامێرایەکیان لەبەردەم یەک لەو درزانە دانا، هەر دەمێک ئەلیکترۆنێک لە درزەکە تێپەڕێت ئەوا زەنگێک لێ بدات. پاشان دەبینن نیوەی ژمارەی ئەلیکترۆنەکان بە درزی یەکەم و نیوەکەی دی بەدرزی دووەم چووەتە لایەکەی ئەمبەر، لەسەر بەربەستی دواوە تەنیا دوو هێڵیان دروست کردووە، کەواتە ئەلیکترۆن تەنۆلکەیە، نەک شەپۆل. لەوێدا یەکێک لە ئامەدەبووان وتی، لەوانەیە ئەلیکترۆنەکان هەستیان بەوە کردبێ کە ئێمە چاودێریان دەکەین بۆیە وا ڕەفتار دەکەن، با ئەم جارەیان کامێراکە بکوژێنینەوە، سەرەتا ئەلیکترۆنەکان دەگرینە درزەکان، پاشان دەچین سەیری دەکەین. وایان کردوو و بینیان جارێکی دیکە کۆمەڵە هێڵە ڕووناکەکان دەرکەوتنەوە، واتە ئەلیکترۆن پێیانی گوت، من ئاگادار بووم کە ئێوە کامێراکەتان کوژاندەوە. ئەمەش واتایەکی ترسناکمان پێ ڕادەگەینێت، بەوەی ئەگەر ئێمە واز لە ئەلیکترۆن بهێنین و چاودێری نەکەین، ئەوا شەپۆلە و وەک ئەوە وایە بوونی نەبێت، بەڵام ئەو دەمەی لێ دەنۆڕین دەبێتە تەن. گوتومانە هەر پێناسەیەک بدەینە ئەو تەنۆلکە وردانە، هاوکات ئێمە و گشت تەنەکانی ئەم گەردوونە دەگرێتەوە، واتە کە سەیری دارێک دەکەین ئەو دەمە دێتە بوون، کاتێکیش لەبەرچاومان نەبێ، لە شێوەی شەپۆلێکە و بوونێکی ڕاستەقینەی نییە!
دەرەنجام زاناکان کۆبوونەوە و بڕیاریان دا، بەهەرچی شێوەیەک بێت شێوازێک بدۆزنەوە تا بتوانن لەم بابەتە سەرنجڕاکێشە تێبگەن. بۆیە لەسەر ئەوە پێک هاتن، پیلانێک بگێڕن و فێڵ لە ئەلیکترۆن بکەن، ئەم جارەیان کامێراکە لە پشت دوو درزەکە دابنێن، بەمەش ئەلیکترۆن بە شێوەی شەپۆل بە دوو درزەکەدا تێدەپەڕێت و دەزانێت کە کەس ئاگای لێ نییە، هەرکە تێپەڕی لە درزەکان ئەوا هەریەکەیان شەپۆلێک بەبەرهەم دەهێنێت، پاشان چەند هێڵێکی بەیەکداچوو لەسەر بەربەستی دووەم دروست دەکەن، گەرچی ئەلیکترۆن دواجار بشزانێت چاودێری کراوە لە پشت دوو کونەکەدا. بەڵام ئەوەی هەمووانی بەتەواوی تووشی سەرسڕمان کرد ئەوە بوو، هیچ پێکداچوونێک دەرنەکەوت لەسەر بەربەستی دواوە، بگرە تەنیا دوو هێڵ دەبیندرا. لێرەدا تاکە یەک ڕاڤەمان بۆ دەمێنێتەوە، کەواتە ئەلیکترۆن پاش ئەوەی وەک شەپۆلێک بەو دوو درزەدا تێپەڕی و زانی کە سانسۆری لەسەرە و چاودێری دەکرێت، هەڵدەستێت بە گۆڕینی ڕابردووی لە شەپۆلەکییەوە بەرەو تەنۆلکەیی، لە دوو درزەکەوە خۆی بە شێوەی تەنۆلکە تێپەڕاند و دوو هێڵی نیشان داین. هەر ئەوەش بوو وای لە زاناکانی ئەم بوارە کردووە بڵێن، کات هەمیشە بەرەو ئایندە نییە، دواڕۆژ دەکارێ ڕابردوو بگۆڕێت!

فرەگەردوونەکان

فرەگەردوونی (Multiverse)، گەردوونی جێگرەوە، گەردوونە کوانتەمییەکان و گەردوونە تەریبەکانیشی (Parallel Universes)، پێ دەگوترێت، کۆمەڵە گریمانەیەکە لە بوارە جیاجیاکانی وەک، فیزیا، ئەندێشەی زانستی، فەلسەفە، خواناسی و هی دیکەدا دەبیندرێت. ئەم تێزە باس لە ژمارەیەک لە گەردوونەکان ( بەوەی ئێمەشەوە) دەکات کە سەرلەبەری هەبوونایەتی لێ پێک دێت، سەرهەڵدانیشی دەرەنجامی ئەو هەوڵانەیە کە دەدرێن، بۆ ڕاڤەی بنەما سەرەکییەکانی ماتماتیک لە بیردۆزی کوانتەمی و گەردوونناسی. ئەو گەردوونانە زۆر لەیەک دەچن، دەشێ لە یەکێک لەو گەردوونانەدا هاوشێوەی گەردوونی ئێمە هەسارە و ئەستێرە و گەلەستێرە و کۆمەڵە خۆرەکان، هەروەها بوونەوەری زیندووی تێدا هەبێ. لەوانەشە ئەینشتاین لەوێدا باخەوان بێ لەبری فیزیازان، یاخۆ کەسێکی وەک تۆی لێ بێت بە تۆزێک جیاوازییەوە، یان لە تۆ خۆشگوزەرانتر بژیێت. ئەم بیردۆزە سەیر و ناوازەیە لە سەرەتای پێشنیارکردنیدا نەبووە جێی باوەڕ و متمانەی زاناکان، چونکە زۆربەیان پێیان وابوو ئەوەی هەیە پتر نییە لە هەندێ ژمێرەکردنی ماتماتیکیکی، زانستیش لەو ئاستەدا هیچی بۆ ناگوترێ و لەبەر نەبوونی ئەزموون و بەڵگەی ماددەیی. بەڵام بە پێشکەوتنی زانستی هاوچەرخ چەند گریمانەیەک هاتنە ئاراوە، بۆ پاڵپشتیکردنی فرەگەردوونی و گەردوونە تەریبەکان، لە نموونەی، هەڵاوسانی هەتاهەتایی، وزەی تاریک و بیردۆزی ژێیەکان.
ئەگەر بگەڕێینەوە لای زاناکان دەبینن، پاش ئەوەی دیاردە ناوزەکەی ئەزموونی دوو درزیی ئەنجام دراو و بووە جێی سەرنجی هەموومان، هەر زانایەک لەلای خۆیەوە هەوڵی دا هەر چۆنێک بێت ڕاڤەیەکی گونجاوی بۆ بدۆزێتەوە. یەکێک لەمانە ئەو بابەتەی فرەگەردوونی، یاخۆ گەردوونە تەریبەکانە کە دەڵێت، هەر تەنۆلکەیەک لە گەردوون هاوتایەکی هەیە لە گەردوونێکی تەریب، ئەو گەردوونانەش بەیەکدا دەچن و تێک هەڵدەکێشرێن لە کاتێکدا ئەگەر پرسیاری ئەوە نەکەیت من لەکامەیانم. هەر دەمێک بمەوێت بزانم لە کەمە گەردوونم، کەواتە سەیر دەکەم و چاوردێری خۆم دەکەم، بەمەش هەموو گەروونەکان ون دەبن و تەنیا ئەو گەردوونە دەمێنێتەوە کە منی تێدام. ئەم تێڕوانینە هاوشێوەی ئەوەیە ئۆتۆمبێلێک لەبەردەم دووڕیانێکدا بێت، هەریەک لەو دوو ڕێیە بۆ گەردوونێک بڕوات، کاتێک ئاگامان لێی نییە، ئەوا ئۆتۆمبێلەکە لەیەک کاتدا بە هەردوو ڕێدا تێپەڕ دەبێت. سەیرکردنیشمان واتاکەی ئەوەیە لەو گەردوونە پرسیار دەکەین کە تێداین، ئەمەش ئەویان دەکاتە گەردوونێکی ڕاستەقینە، ئەوەی دیکەش بزر دەبێ و لەگەڵ هی ئێمەدا بەیەکدا ناچن. لێرە لەشی ئێمەش بە ملیۆنان ملیۆن گەردیلە لەخۆ دەگرێت، گشت ئەلکترۆنێکیش هاوتایەکی هەیە لە گەردوونێکی تەریب، واتە بە ملیاران دانە لە من و لە تۆ لە گەردوونە تەریبەکاندا هەیە. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ، ئەم بۆچوون و تێڕوانینانە نەبوونە جێی باوەڕی زۆربەی زاناکان، تا ئەو دەمەی ڕاڤەیەکی نوێ هاتە ئاراوە بەناوی (ڕاڤەی کۆبنهاگن).

ڕاڤەی کۆبنهاگن

ڕاڤەی کۆبنهاگنی (Copenhagen interpretation) زانا بۆر هەر لەسەرەتاوە بووە کێشە و گرفتێکی مەزن بۆ ئەینشتاین، لە تێڕوانینیدا بۆ ڕەفتاری ئاسایی و شیاو بۆ تێگەیشتن لە تەنە ماددەییەکان، دوور لە ئەگەر و پێناسە سەیر و نامۆکان. ئەم ڕاڤەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات، ئێمە ناتوانین بەو چەمکانەی لە فیزیای کلاسیکیدا هەمانە، هیچ واتایەک بە شتگەلە ماددەییەکان بدەین پێش بینین و پێوانەکردنیان. واتە ئەو شتانەی لە کۆمەڵێک تەنۆلکە پێک دێن، بەناچاری هەڵسوکەوتێکی باو نیشان دەدەن، هەرچەندە تایبەتمەندی هەریەکە لە تەنۆلکەکان بە تەنیایی و تاکایەتییان بەپێی فیزیای کوانتەم دەناسرێن. لەبەرئەوەی ئامێری پێوانەکردنەکانیش ژمارەیەکی یەکجار زۆر گەردیلە لەخۆ دەگرن کە دەبنە چاودێر، بۆیە دەبینین هەمیشە دەرەنجامێکی تەواو و دیارکراومان پێ دەدەن، نەک دۆخێکی تێکەڵاو لە ئەگەرە جیاجیاکان.
ڕاڤەی کۆبنهاگن تێزێکی گەلەک ناسراو و بەربڵاوە لە میکانیکی کوانتەمدا کە لەلایەن زانا بۆر خرایە ڕوو، ناوەکەشی بۆ ڕێزلێنان لەو شارە خواستووە کە تێدا لەدایک بووە. لە بنەما سەرەکییەکەیدا پشت دەبەستێت بە بیرۆکەکەی خۆی دەربارەی تێزی دووانەکی شەپۆل-تەنۆلکە، هەروەها ئەگەرەکانی بۆرن و نادڵنیایی هایزنبێرگ. بۆر دەبێژێت: ئەو شتەی پێی دەگوترێت شوێن هیچ بوونێکی نییە، ئەلیکترۆن شەپۆلە ئەگەر چاودێری نەکرێ، هەر کاتێکیش لێی بڕوانین و چاودێری بکەین، ئەوا دەتوانین شوێنەکەی دەستنیشان بکەین. بەڵام کە پرسیار دەکرا دەربارەی چییەتی شەپۆل و جێی ئەلیکترۆن لەناویدا، وەڵامە سەیروسەمەرەکە ئەوە بوو، ئەوەی هەیە شەپۆلێکی ڕاستەقینە نییە، بگرە شەپۆلێکە لە ئەگەرەکان. واتە لووتکەی ئەو شەپۆلە، لووتکەیەکی تەواو نییە، تەنیا بەرزترین ئاستی ئەگەرییە بۆ ئەو ئەلیکترۆنەی کە لە ئێستەدا بوونی نییە، هاوکات بەرزترین پلەی ئەگەرییە بۆ ئەو ئەلیکترۆنەی کە دەخرێتە ژێر چاودێری. ئەو دەمەشی ئەو شەپۆلە بەرە بەرە نزم دەبێ، ئەگەری بوونی ئەلیکترۆن لەو شوێنانەدا کەمتر دەبێتەوە، ئەمەشیان تەنیا لەو کاتەیە کە ئەلیکترۆن چاودێری دەکرێت. لەبەرئەوەش بوو کاتێک دانە بەدوای دانە ئەلیکترۆنمان دەگرتە دیوارە درزدارەکە، هەریەکەیان تاکە خاڵێکی ڕووناکیان تۆمار دەکرد گەرچی چاودێریش نەکرابن، چونکە تاکە یەک ئەگەری نیشان دەداین بۆ بوونی ئەلیکترۆن لەو شوێنەدا. بەبەردەوامبوون لە تێگرتنی ژمارەیەکی زۆر لە ئەلیکترۆنەکان، بینیمان چۆن کۆمەڵێک ئەگەری جیاجیای پێ داین، بۆ شوێنی بوونی ئەلیکترۆن.
ئەینشتاین ئاگاداری هەموو ئەمانە بوو، بەڵام نەبوونە جێی باوەڕ و متمانە بۆی، دەیگوت: چۆن کۆمەڵە تەنۆلکەیەک بە ئەگەرەکی بەڕێوە دەچن؟ هەموومان دەزانین تەنۆلکە تاکەکان، هەمیشە بەندن بە یاساکانی نیوتن و دەکارین هەڵسوکەوت و جووڵەیان بەوردی بپێوین. تێناگەم چۆن دەبێ ڕوانین و چاودێری کردن هۆکاری بوونایەتی بن؟ بەرانبەر بەمەش وتەیەکی بەناوبانگی هەیە: "حەزم لێیە لەو باوەڕەدا بم کە مانگ بوونی هەیە، ئەگەرچی لێشی نەڕوانم." لە ڕاستیدا مشتومڕی نێوان بۆر و ئەینشتاین لەسەر تێڕوانینیان بۆ سروشت و هەبوون، تا کۆتایی ژیانیان درێژەی هەبوو.

پشیلەکەی شرۆدینگەر

پشیلەکەی شرۆدینگەر (Schrödinger's cat)، ئەزموونێکی ئەندێشەیی (گریمانەکی ڕووتە و هەرگیز بە کردارەکی ئەنجام نەدراوە) بەناوبانگی ئەم زانستەیە، لەلایەن شرۆدینگەر و هاوەڵەکانی بووە هۆکاری تێگەیشتنێکی یەکجار قووڵ و داهێنانی چەمکێکی نوێ، بۆ سروشت و رەفتاری تەنۆلکەکانی خوار گەردیلە. وەک گوتمان، ئەلیکترۆنەکان خاوەنی ڕەفتارێکی گەلەک سەیر و نامۆن و هیچ تایبەتمەندییەکی جێگیر و دیارکراویان نییە. پێش پێوانەکردن لە بارێکی تایبەتین پێی دەگوترێت، بەسەریەکەوەبوونی کوانتەمی (Quantum superposition)، بەوەی هەموو دوو، یان زیاتر لە دۆخە کوانتەمییەکان دەشێ بەیەکدا بچن، یاخۆ بەسەریەکەوە ببن، وەک چۆن شەپۆلەکان لە فیزیای کلاسیکیدا بە بەرهەمی دەهێنن، دەرەنجام دەبێتە هۆی هاتنەکایەی دۆخێکی کوانتەمی دیکە، بەپێچەوانەوەش ڕاستە و دەکارین هەموو دۆخێکی کوانتەمی بە شێوەی دەرەنجامی دوو دۆخ، یان زیاتر ببیندرێت. بەو واتایەی بۆ نموونە، ئەگەری ئارستەی بەرەو سەرەوەچوونی تەنۆلکەکان ٪50، یەکسانە بەهەمان ئەگەری بەرەو خوارەوەچوون ٪50.
شرۆدینگەر لە درێژەی ڕاڤەکردنی ئەم بابەتانە و بۆ بێمتمانەیی و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی ئەینشتاین، بیرۆکەیەکی لەسەر شێوەی ئەزموونێکی گریمانەکی داڕشت. گوتی، ئەگەر من سندووقێک بهێنم، پشیلەیەک، شووشەیەک گازی ژاراوی داخراو، چەکوشێک، بڕێک ماددەی تیشکدەرە و ئامێرێکی هەستیاری تیشکاوەری، لەناو دابنێم. بۆ ئەوەی کاتێک ماددەکە شی دەبێتەوە و تیشک دەر دەکات، ئامێرەکە هەستی پێدەکات و چەکوشەکە دەجووڵێنێ و دەیکێشێ بە شووشە ژەهرەکە، بڵاوبوونەوەی گازە ژاراوییەکە پشیلەکە دەکوژێت. بە داخستنی سندووقەکە، ئەو پشیلەیە دەبێ بمرێ، چونکە هەر دەمێک ماددەکە تیشکی دایەوە، بێگومان پشیلەکە دەمرێت. بەڵام ئەگەر تاکە یەک گەردیلەی توخمێکی تیشکدەرە بخەمە ناو سندووقەکە، کەواتە ڕووبەڕووی ئەگەرەکان بوومەوە، بەمەش بواری چاودێری و پێوانەکردنم بۆ نەمایەوە، گشت شتەکانیش بوونی ڕاستەقینەی خۆیان لەدەست دا. دەشێ لێرەدا بپرسین، ئێمە بۆچی کاتێک تەنیا یەک گەردیلە بەکار دەهێنین، دووچاری ئەگەرەکان دەبینەوە؟ لەبەرئەوەی هەموو توخمێکی تیشکدەرە بە ماوەیەکی دیارکراو، لەڕێی تیشکاوەرییەوە نیوەی بارستاییەکەی شی دەبێتەوە، ئەم کردارە پێی دەگوترێت، تەمەنی نیوە. بە نموونە، من یەک کیلۆ لە ماددەیەکی تیشکدەرەم هەیە، تەمەنە نیوەکەی یەک کاژێر بێ، دەبینین پاش کاژێرێک نیوەی بارستاییەکەی شی دەبێتەوە، دوای کاژێرێکی دی نیوەکەی ماوەتەوە دەبێتە چارەکە کیلۆیەک ... هتد. ئەگەر یەک گەریلە لەو ماددەیەی تەمەنەکەی کاژێرێکە وەربگرین، نازانین کە دوو گەریلە بوون کەی یەکێکیان بووە تیشک، بۆیە ناتوانین بڕیار بدەین ئەم گەردیلەیە کەی دەبێتە تیشک (جارێکی دیکە نابێتە نیوە ) لە کاژێرەکەدا؟ ئایە پاش دە چرکە، پێنج خوولەکی دی، یان کاژێرێکی تەواو؟ چوونمان بۆ ناو بازنەی ئەگەرەکان، مانای ئەوەیە تووشی تەڵەی کوانتەم بووینەوە. من هەر دەمێک تاکە یەک گەردیلە بخەمە ناو سندووقەکە و دای بخەم، ئەوا لە ماوەی نێوان ئەو کاژێرە، پشیلەکە هەم زیندووە و هەم مردوو، تەنیا لەو کاژێرەدا ئەگەر سەری سندووقەکە هەڵبدەمەوە، پشیلەکە ناچار دەبێ لە دوو ئەگەرەکە یەکیان هەڵبژێرێت، زیندوو، یان مردوو. ئەمەش جیهانی کوانەتەم و وەڵامی شرۆدینگەر بۆ ئەینشتاین و هاوبیرانی.
ئەوەی جێی سەرنجە، ئەزموونی پشیلەکەی شرۆدینگەر یەکێکە لەو چەمکانەی زیاترین بەهەڵە تێگەیشتنیان دروست کردووە لە فیزیای کوانتەمیدا. چونکە زۆربەمان پێمان وایە ئەم ئەزموونە نموونەیەک بوو، بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی تەنەکان تایبەتمەندی دیارکراویان نییە تەنیا لە پێوانەکردن نەبێت، بەڵام لەڕاستیدا مەبەستی شرۆدینگەر تەواو پێچەوانەی ئەمە بوو، ئەو دەویست نالۆژیکی بیرۆکەی بەسەریەکەوەبوونمان بۆ بسەلمێنێت. پاشان ئەم کێشەیە لەلای زۆربەی فیزیازانەکان بۆ چەندین ساڵ فەرامۆش کرا، تا لەم دواییانەدا توانرا بەشێوازێکی نوێ و ئەزموونێکی ڕاستەقینە پشیلەکەی شرۆدینگەر (بەبێ بەکارهێنانی پشیلە) ئەنجام بدرێ. بۆ ئەمە زاناکان پێکهاتەیەکی بچووکی هێندەی قەبارەی پیکسلێکی شاشەی کۆمپیتەر دروست کرد، خرایە دۆخێکی لەرەدار و بێلەرە لەیەک کاتدا، بەمە دەرکەوت کە تەنە تا ڕادەیەک گەورەکانیش، دەشێ بکەونە باری کوانتەمی نائاسایی و ناوازە. لە دوا تۆژینەوەشدا بۆ بابەتەکانی دیکە، نێزیکەی 2000 گەردیلەیان بە هاوکاتەکی لە دوو شوێنی جیاواز دانا، لێرەش لێڵبوونی هێڵی یەکتربڕی نێوان جیهانی مایکرۆیی و جیهانەکەی ژیانی ڕۆژانەمان پتر بووەوە. هەرچەندە چەندان پسپۆڕی ئەم بوارە و فەیلەسووفان بەتەواوی هاوڕای بیرکردنەوەی زانایانی کوانتەم نین، کەچی لەگەڵ ئەوەش بیروڕاکانی شرۆدینگەر دەروازەیەکی پڕبایەخی لەبەردەم لێکۆڵینەوە زانستییە بەهادارەکان واڵا کرد، بێگومان تا ئایندەیەکی دووریش هەر بەردەوام دەبێت.