جوزێف ماتزینی، پەیامبەری نەتەوایەتی (بەشی ١ ـ ٢)

Thursday, 01.07.2021, 2:41

958 بینراوە


نیشتمان بەر لەهەر شت هوشیارییە بە نیشتمان، نەک ئەو خاکەی پێی پێدا دەنێن و ئەو سنوورەی سروشت خوڵقاندوویەتی لەنێوان خاکەکەتان و خاکی ئەوانی تردا، ئەو زمانە سازگارەی تێیدا دەزرنگێتەوە،هیچ نیین جگە لەوەی لە نیشتمان بینراون. بەڵام ئەگەر بێت و ڕۆحی نیشتمان لە پەرستگای ژیانتا نەبێت، کە پێی دەووترێ هوشیاری، ئەوا ئەم شێوەیە بە لاشەیەکی بێ ژیان دەچێ، ئێوە گۆڕی بێ ناون و دەستەیەکن لەخەڵک نەک میللەت. نیشتمان بریتییە لە باوەڕهێنان بە نیشتمان. ئەگەر بێت و هەر یەک لە ئێوە خاوەنی ئەم باوەڕ و ئیمانە بێت، ئامادە بێت خوێنی خۆی بڕێژێ لە پێناویدا، ئەوکاتە دەبنە خاوەنی نیشتمان ،نەک پێش ئەوە

  ماتزینی.


ئەوروپای سەدەی 18- 19 ، کیشوەری ڕێنیسانس و شۆڕشی فەڕەنسی و پیشەسازی و پێشکەوتنی کۆمەڵاتی و پوژانەوەی ڕۆشنبیریی و ڕزگاریی نەتەوەکان و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەییە.
لە زەمینەی ڕەوتی ئەم زنجیرە گۆڕان و بەرەو پێشچوونانەدا، گەلێ ھونەرمەند و شاعیر و فەیلەسوف و سیاسی و مرۆڤدۆستی گەورە ھەڵکەوتوون، کە پەردەی تاریکییان بە ڕووی جیهاندا دڕاندووە و ئاسمانی ئەوروپایان ڕووناکتر کردۆتەوە.
شاراوە نییە ئەم جوامێر و خاوەن بەھرانە، دینەمۆی بەبڕشتکەر و ھەڵسوڕێنەر و بەرەو پێشبەری ڕووداوەکان بوون و سیمای گەشاوەی سەردەمی خۆیان بوون. چونکە کوڕی سەردەمی خۆیان بوون و لەگەڵ ئازار و ژانی نەتەوەکانی خۆیاندا دەژیان و تێدەکۆشان بۆ بەختەوەری نەتەوەکانیان.. لە ڕاستیدا بەختەوەری هەر نەتەوەیەکیش، واتە بەردەبازێ بەرەو بەختەوەری مرۆڤایەتی. ھەربۆیەشە بێ کاریگەرێتی ئەم ھەڵکەوتووانە لە بوارە جۆراو جۆرەکاندا، مەحاڵ بوو ھیچ کام لەو دیاردانە شیاوی ڕسکان بن و شتێ ھەر بەو چەمکانە دروست بێت و بێتە مەیدانەوە.
Giuseppe Mazzini، جوسێف ماتزینی 11.3.1872-2.6.1808 ی کەڵە سیاسی و فەیلەسوف و ڕیفۆرمستی دیار و ئەدیبی پایە بڵند و باڵادەست و سەرکردەی میللی ھێژای ئیتالی و ڕابەرو بیرمەندی نەتەوەیی ھەرگیز نەمر، یەکێکە لەو تاکە ھەڵکەوتووانەی گۆڕەپانی تێکۆشان کە ھەتا ھەتایە مێژووی ئیتالیا و ھەموو مرۆڤایەتی شانازی پێوە دەکات. پایە و شوێنی خۆشەویستی ماتزینی لە دڵ و دەروونی ھەموو نەتەوەپەروەرێکی ڕەسەن و مرۆڤدۆستێکی ڕاستەقینە و دیموکراسییەکی ڕاستگۆ و ڕۆشنبیرێکی بەئاگا و خەمخۆردا دیارە. بە ڕادەیەک بە پەیامبەری نەتەوایەتی و حەزرەتی عیسای ئیتالیا ناو دەبرێت، بۆیە ناوی ھەر بە زیندوویەتی دەمێنێتەوە و دەژی. ماتزینی دەیگووت" ژیان پەیامە" بۆیە زۆر جوامێرانە دوای گەیاندنی پەیامی خۆی کەوت.
ئەورۆکە.. کەم سیاسی و ڕۆشنبیری دنیا ھەیە Mazzini نەناسێ و بە بیروبۆچوون و تێز و جیھانبینی و ھەڵسەنگاندنەکانی بیر و مێشک و چاوی خۆی زاخاو نەدابێت. ماتزینی لە دایکبووی شاری جێنوا/ Genua یە و لە بنەماڵەیەکی دیار و ئەرستۆکرات بوو. Giaccomo Mazzini باوکی پرۆفیسۆری زانکۆ بووە و دایکیشی Marina، کەسایەتییەکی زۆر بەھێز و خواناس و خانەدان بووە و زۆر خوێندەوار و ڕۆشنبیر و موزیکزان و بەهرەمەند بووە و دڵ و دەروونێکی باشی بۆ کۆمەکی هەژاران هەبووە و دەستگیرۆیی لێقەوماوانی کردووە، دەرفەتی ژیانی بۆ ڕەخساندوون. بەم خەسڵەتانەوە دایکی دەبێتە یەکەم و گەورەترین کەسایەتی، کە گاریگەرێتی قووڵ لە سەر ژیان و تێڕامانی کوڕەکەی دادەنێ. ماتزینیش تا دوا چرکەساتەکانی ژیانی بە دڵسۆزیی و ئەمەکەوە لەگەڵیدا دەمێنێتەوە. سەرەتای خوێندنی ڕووی لە ئەدەب و پزیشکی کردووە، پاشان وازی لەمانە ھێناوە و بە 14ساڵی، لە زانکۆ وەردەگیرێ و خۆی بۆ خوێندنی یاسا تەرخان دەکات. تا دواجار بە پلەی دکتۆرا کۆتایی پێ دەھێنێ و بە 22 ساڵی دەبێتە پارێزەری ھەژاران.
ماتزینی ئارەزووی زۆری لەوە بوو، بێتە نووسەری ڕۆمانی مێژووییی و شانۆنامە/ دراماتیکی. لە سەرەتایەکی زوودا بە هۆی شیعر و نووسینەکانییەوە دەبێتە ئەندامی ئاکادیمیای Savona، لەمەنێکی زوودا دەکەوێتە ژێر گاریگەرێتی قووڵی دانێوە و لەسەر « نیشتمانپەروەری دانتێ» دەنووسێت. لە خۆڕایی نییە، نووسەری بیۆگرافیای ئینگلیزی ماتزینی Bolton King، دەربارەی کەسایەتی ماتزینی دەنووسێ:"سەرچاوەری زۆری بیروڕاکانی ماتزینی دانتی بووە". 

ماتزینی بیڕوڕای تایبەتی لە ئەدیب هەیە و بە " پیری ڕەوشتیی" دادەنرێ و لەمەڕ شیعرەوە بۆچوونێکی تایبەتی هەیە و دەڵێ:" شیعر ژیان و بزاڤ و گەرمی کوڕەیە. لەناو ناخی کارکردندا و ئەو ئەستێرەیەیە کە ڕێگای ئایندە ڕووناک دەکاتەوە و مەشخەڵی بڵێسەدارە،کە ڕابەرایەتی مرۆڤ دەکای لە بیابان دا، شیعر پەرۆشێکە بە باڵی ئاگرەوە، ئەو بیرۆکە بێگەردانەیە کە پێشنیازی هێزی قوربانیدانمان بۆ دەکات. نەخێر شیعر نامرێ،شیعری نەمر نامرێ وەک سەرچاوەکانی خۆشەویستی و ئازادی، کە ئیلهامی لێ وەردەگرێ(...) ئەی شاعیران ئێوە برای هەڵۆن، بۆچی ڕووی خۆتان بۆ دواوە وەدەگێڕن،؟ تەماشای دەوروبەر و پێشەوەتان بکەن، گەلانی ئەوروپا چاوەڕێتانن..چاوتان هەڵبڕن و ببنە پەیامبەری ئایندە.. بەر لەموو شتێ تەماشای ئایندە و گەل بکەن".
ماتزینی مرۆ بەردەوام لەمەڕ بزاڤی نەتەوەییەوە بۆ کۆمەڵی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمە دەنووسێت. دەرئەنجام زۆر لەو بڵاوکراوانە بەھۆی وتارە ئاگرینەکانی ماتزینییەوە قەدەغە دەکرێن. لەوانە L,lndicotor Livornese کە بیروباوەڕەکانی لەمەڕ کۆماری نەتەوەیی ئیتالیای تێدا بڵاو دەکردەوە. ئەم بیرمەندە، حەزی لە موزیک ھەبووە و گیتارژەنێکی بەتوانا بووە و دەنگێکی سەرسوڕھێنەری ئەفسوناویشی ھەبووە. بەھرەی ئەکتەریشی ھەبووە و کەسایەتییەکی زۆر کۆمێدی بووە و شارەزای شمشێربازیش بووە و وەرزشوانێکی لێهاتوو بووە لە ڕاکردن و مەلەوانی دا و دۆستی ئاژەڵ بووە و لە ڕۆژانی ئاوارەییدا سەگ و پشیلەی ڕاگرتووە. زۆربەی ژیانی لەنێو خوێندنەوەی کتێبدا بەسەر بردووە. بەتایبەت لە کایەی « ئەدەب و مێژوو» دا. بە زمانەکانی ئیتالی و فەرەنسی و ئینگلیزی دەیخوێندەوە و ھەموو بەرھەمەکانی نووسراوە ناسراوەکانی ئەڵمانی لە ڕێگای ئەو زمانانەوە دەخوێندەوە.
سەرقاڵبوونی زۆری بە خوێندنەوە و نووسینەوە، گەیاندییە ئەو بڕوایەی کە لەگەڵ کۆمەڵێ لە ھاوبیر و ھاوڕێکانیدا، کۆمەڵەیەک بۆ« لێکۆڵینەوەی ئەدەب و سیاسەت» دابمەزرێنێ و پاشان ھەوڵی دا، ھەموو ئەو بەرھانە چاپ بکات، کە لەژێر شمشێری سانسۆردا قورتاریان نەدەبوو.
کتێبی پیرۆز- بیبل و بەرھەمەکانی دانتێ و شیعرەکانی بایرۆن و بۆچوونەکانی فەیلەسوف هێردەری ئەڵمانی سەرچاوەی ئیلھام و ھەوێنی نووسینەکانی بوون.

شارەزای تەواوی بەرھەمەکانی مەکیاڤیللی و شەکسپیر و ڕۆسۆ و ڤۆڵتێر و ھۆگۆ و ھێگڵ و کانت و فیختە بوو، بەردەوام ھزر و بیری خۆی دەوڵەمەند و فراوانتر دەکرد و خۆی پێ چەکدار دەکرد.
بە بیروڕای زۆر لە شارەزایان گەر بھاتایە ماتزینی، هەر تەنیا خەریکی نووسینی ئەدەب و ڕەخنە بوایە، وا یەکێک دەبوو لە ئەستێرە ھەرە دیار و گەورەکانی هەردوو بوارەکە لە جیھان دا. بەڵام جێی داخە، کاتێ ماتزینی بە سەروووخواری باڵای وڵاتە پارچەپارچە و بێ شیرازەکەیدا دەیڕوانێ، دەڵێ: « ئێستا کاتی لێکۆڵینەوە و ئەدەب و نووسین نییە، بەڵکو ئەرکە نەتەوەییەکە ژوورووی پاک لە پاکی ئەم کارانە دەکەونەوە»... ھەربۆیەشە بووە سەربازێکی مەشخەڵ بەدەستی کۆڵنەدەری بە ئەمەکی ئەم ڕێبازە.
ماتزینی لە بارودۆخێکدا گەورە بوو، ئیتالیا لەوپەڕی تەڵەزگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و قەیرانی ئابووریدا بوو. لە لایەن گەورەترین دەسەڵاتەکانی ئەو ڕۆژگارەوە" فەرەنسا، نەمسای هابسبۆرگی و بۆڕبۆنەکانی ئیسپانی"ەوە حوکم دەکرا . ئیتالیا پچڕپچڕ و میرنشینی و پاشاگەڕێتی و نەبوونی پەیوەندییەکی سیاسی لە نێوان ئەم مەڵبەندانەدا، باڵی کێشابوو بەسەر نەخشەی ئیتالیای ئەو سەردەمەدا. بەو ڕۆژگارەی ئیتالیا دەگووترا« ئیتالیای جوگرافی» واتە ئیتالیا ھەر لە ڕووی چەمکی جوگرافییەوە ھەبووە . ئەگەرنا وەکی دیکە وێرانە و داڕزاوی دەستی داگیرکراوی بووە. ھەموو بەھا و سەروەرییەکانی ئیمپراتۆرێتی« ڕۆمانی» بەرەو فەوتان و لەبیرچوونەوە چووبوون. ئەو حاڵ و بارە نالەبار و ناسروشتییە، ئەو وڵاتەی کردبووە تۆپێکی یاری نێوان زلهێزەکان.

Piemonto، جێنوا کە کۆمارێکی سەربەخۆ بوو، پاش کۆنگرەی ڤییەنای 1815سەربەخۆیی خۆی لەدەست دەدات و دەخرێتە سەر پاشانشینی Lombardie/ لۆمباردی. کایزەری نەمساوی Franz I ئەم هەرێمە بە بەشێک لە وڵاتی خۆی دەزانێ و ڕوو دەکاتە ئیتالییەکان و دەڵێ:" ئێوە چیدی لەبیری خۆتانی بەرنەوە کە ئیتالین". ئەم ڕەوشە ناسروشتییە بۆ لاوێکی تازە هەڵکەوتووی عاشق بە نیشتمانی دایک، کاریگەریی قووڵی لەسەر هەست و نەست دەبێت، بۆیەکا لە دەمێکی کورتدا، بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیا و تێڕوانین و لۆژیک و جیھانبینییەکی تایبەتی ڕیالیستانەی لا دروست دەکات. بیری نەتەوەییانەی لا دەخاتە کار، ھەموو ھەوڵ کۆششی و خەباتی بۆ ئامانجی پیرۆزی یەکگرتنەوەی ئیتالیا تەرخان دەکات و دەڵێ: پێویستە خەبات لە جێنواوە دەست پێ بکات. خۆشەویستی ئیتالیا ئەمەندە بە ھەست و دەروون و گۆشت و ئێسقانیدا ڕادەچێت، کە ئیدی بەرگەی « چاو نوقاندن و دەم داخستن و دەستەوسانی» ناگرێت، دەکەوێتە جموجوڵ و چالاکییەکی یەکجار یەکبینانەی دڵسۆزانە.
سەرەتا دۆخەکە تەواوی ئیتالییەکان پێی نائومێد دەبن، ماتزینیش بڕیار دەدات هەمیشە ڕەشپۆش بێت، بە ستایلی خۆی. دەرئەنجامی بیرکردنەوە و تێڕامانێکی قووڵ و بابەتێتی، دەگاتە فۆرمەلەکردنی بیر و ستراتیژی کارەکانی خۆیی بەرامبەر بە نیشتمانەکەیی و دەڵێ:" تەنیا چارەسەر دەوڵەتێکی یەکگرتووی سەربەخۆیە، دوور لە حوکمی بێگانە و دروستکردنی سیستەمێکی کۆمارییە".
ساڵی1821 دواتر 1830شۆڕشێ لە فەڕەنسا هەڵدەگیرسێ و کاریگەری زۆر لەسەر دۆخی ئیتالییەکانیش دەکات و دەرگای هیوایەکیان بۆ دەکاتەوە. ھەر لە ھەمان ساڵدا کۆمەڵەی کاربۆناری/Carbonari شۆڕشێ لە باشووری ئیتالیا ھەڵدەگیرسێنێ، بە ئومێدی ڕووخاندنی دەسەڵاتی Ferdinand I ی Bourbonen. زۆری نامێنێ شۆڕش بگاتە ئامانج، لێ خێرا کایزەری نەمساMetternich هێزێکی 80,000 هەزاری بۆ سەرکپکردنیان دەنێرێ و شۆڕش دادەمرکێتەوە. ئیدی کوژاو و بریندار و هەڵاتوو و برسی و هەژاریی زۆر دەبێت. زۆر کەس دەگیرێ و لە سێدارە دەدرێن و گوللەباران دەکرێن. بەشێک لەم ئاوارانە ڕوو دەکەنە شارەکەی ماتزینی Genua و ماڵەوەیان بەتایبەت دایکی زۆر کۆمەکی هەڵاتوو و لێقەوماوان دەکات. ئەم خەسڵەتە دواتر دەبێتە بەشێکی پتەو لە کەسایەتی ماتزینیش، کە هەمیشە دەستی بە هەژاران و هاوڕێکانییەوە بووە. ماتزینی لەو کاتەدا ئەندامی ڕێکخراوی کاربۆناریCarbonari ، دەبێت، کە کۆمەڵەیەکی سیاسی قەدەغە بوو، بنکەکەیان لە پاریس بوو. سەرانی ئەم کۆمەڵەیە خەڵکی ناسراوبوون، بەڵام بەساڵاچوو و دور لە نیشتمان بوون و خەریکی بەزم و کەیفی خۆیان بوون. ماتزینی زوو لێیان پەست دەبێت و وازیان لێ دێنێ.
مێتەرنیخ بە وردی ماتزینی دەخاتە ژێر چاودێری وردەوە. بە فەرمانی ڕاستەوخۆی خۆی ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس دەکات، بگەڕێن بەدوای بەڵگەی تێوەگلانی ماتزینی لە سیاسەت دا. ئەوە بوو پۆلیسێک بە ناوی Major Cottin ،وەک سیخوڕ دەنێرنە نێو ڕیزەکانی کاربۆناری. ناوبراو دوای سوێندخواردن و وەرگرتنی بەئەندام دەچێ بۆلای ماتزینی، داوای پاڵپشتییەکی بەنووسراو لێ دەکات. ماتزینی وریا و زرنگ دەبێ نایداتێ. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم گفتوگۆ زارەکییە بەسە بۆ بەگرتندانی ماتزینی.
پاش قەدەرێک ئاشکرا دەبێ، ماتزینی جموجوڵی سیاسی ھەیە و ئەندامی کاربۆنارییە و دەستی ھەبووە لە ھەڵگیرساندنی ئەو شۆڕشەدا. ماتزینی جگە لەوەش چالاکی فرە ڕەنگی هەبوو. هەر لەوکاتەدا وتاری بەهێزی دەنووسی بۆ ڕۆژنامەی L,Indicatore Genovese ،کە دواتر بەهۆی ماتزینییەوە رۆژنامەکە دادەخرێ. دواجار لە 13.11.1830، دەگیرێ و زیاتر لە 4 مانگ زیندانی دەکرێ لە قەڵای ساڤۆنا و تاوانی هەڵوێستی دوژمنکارانە و دژە حکومەتی دەدرێتە پاڵ.
سەرەتا هیچ پەیوەندییەکی بەدەرەوە نابێت. پاشان قەڵەمێکی بەدزییەوە بۆ دەبەنە ژووری زیندان. ئیدی بەردەوام بە جفرەی تایبەت و بەکارهێنانی سیمبۆلی تایبەتی لەسەر ئەو جلوبەرگانەی خۆی شت دەنووسێ بۆ دایکی و هاوڕێکانی. ئەو جلکانەش پێویست بوو بۆ شتن هەفتانە ببرێنەوە بۆ ماڵەوە. کاتێ ھیچ بەڵگەیەک بەدەست حکومەتەوە نابێت لەسەری و تاکە شایەتێک لەسەری بەس نییە، ماتزینی دەبرێتە بەردەم دادگا ئەویش بە توانا و لێھاتوویی خۆی بەرگرییەکی زۆر بەھێز لەخۆی دەکات. دادگا بڕیار دەدات ماتزینی سەرپشک بێت لە نێوان دوو هەڵبژاردەدا:-
١- لە شارێکی بچووک نیشتەجێ بێت. بۆئەوەی دابڕاو و لەژێر چاودێریدا بێت.
٢- ئیتالیا بەجێ بهێڵێ، واتە دوورخرێتەوە.
لەم کاتەدا باوکی خۆشی خۆشی دێ بەدوایدا و شوێنی بۆ هەڵبژاردووە بیبات و پێی وابوو ماتزینی بژاردەیەی یەکەم هەڵدەبژێرێ. بەڵام ماتزینی باوکی دڵشکاو دەکات و تاراوگە ھەڵدەبژێرێ و بە یاوەری مامی ڕوو دەکاتە فەرەنسا. تا لەوێوە ئاگای لەبارودۆخ بێت و ھەناسە و ترپەی دڵ و پێڵووی چاوەکانی بەسەر نەخشەی ئیتالیادا بگێڕێ و سەرپەرشتی چالاکییەکانی ڕێکخراوەکەی بکات. ماوەیەکی کورت لە ژنێڤ/ سویسرا لادەدات، لەوێوە بۆ شاری " لیۆن"ی فەرەنسا، و دواتر بۆ کۆرسیکا و خۆی حەشار دەدات. لە کاتێکدا لێرە پارەیان لێ دەبڕێ و چاوەڕێ دەکەن کۆمەکیان پێ بگات، هەواڵی شکستی شۆڕشەکەی ناوەڕاستی ئیتالیای پێدەگات. نیگەران و پەست دەبێت، لێ هیوابڕاو نابێت.

ئینجا بە بەلەمێکی ماسیفرۆش خۆی دەگەیەنێتە مارسیلیا،کە ئەودەم پڕ بوو لە هاوڵاتی خۆیی و هەموو ئامادەی خەبات و شۆڕش بوون. لێرە لە مارسیلیا خێرا بیر لە دامەزراندنی ڕێکخراوێکی نوێ دەکاتەوە، لە لاوانی تازە پێگەیشتووی ئیتاڵی. گەر کەسێ تەمەنی لەسەروو 40 ساڵییەوە بوایە، زۆر ئەستەم بوو بتوانێ مافی ئەندامێتی لەم ڕێکخراوەدا بەدەست بھێنێ. ساڵی1831 « کۆمەڵەی ئیتالیای لاو»/La Giovine Italia ی دروست دەکات و بەنھێنی دەستبەکار دەبێت. بیرۆکەی ئەم ڕێکخراوەی هەر لە زیندانەوە لا دروست دەبێت. دەسەڵات سزای لەسەر ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە گەلێ توند و قورس پێڕەو دەکرد، تاوەکو خەڵک بتۆقێندرێ و کەس نەبێتە ئەندام تێیدا. ماتزینی ئەم بیرۆکە و پەیامە پیرۆزەی بە تەواوی ئەوروپادا گێڕا و بڵاوکردەوە.
کۆمەڵەی ئیتالیای لاو.. دروشمی سەرەکی یەکگرتنەوە و ئازادی ئیتالیا و دامەزراندنی ڕژێمێکی کۆماری دیموکرات بوو. ئاڵایەکیان دروست کرد بوو، لە دیوێکی نووسرا بوو" ئازادی،یەکسانی، مرۆڤایەتی" و لەدیوەکەی تری لقە سنۆبەرێک وەک هێمای خۆڕاگری "یەکگرتنAdesso e sempre-" و خوا و گەلDio e Popolo و سەربەخۆیی" . ھاوکات پێیان وابوو بێ ڕێزگرتن لە بیروباوەڕی ڕێکخستنەکە و بە توندی چنگ گرتن بە ڕاستی و دادپەروەرییەوە ، سەرکەوتن مەحاڵە. ھەروەھا ئامانجی ڕیفۆڕمی کۆمەڵاتیشییان ھەبوو. هەر لەم سەروبەندەدا خانمێکی ئیتالی زیرەک و وریا و شۆڕشگێڕ و وێنەکێش بەناوی Giuditti Sidol دەناسێ، کە خۆیی و مێردەکەی و سێ منداڵ لەتاو زەبروزەنگ و وەک لایەنگرێکی ماتزینی هەڵاتوون و پاش کەمێک مێردەکەی مردووە. ئەم خانمە دەبێتە تاکە ئافرەتێ، ماتزینی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ پەیدا دەکات و بە شێوەیەک کە دیار نییە چۆنە!، دەبێتە خێزانی.
ساڵی 1831 لە تاراوگەوە نامەیەک بۆ پاشای پیمۆنتیKarl Albertino دەنووسێ. ئەم نامەیە پاشان دەنگ دەداتەوە و ناوبانگ لە ڕووی سیاسی و مێژووییەوە پەیدا دەکات. لە نامەکەدا داوا لە پاشا دەکات: " بەدڵ و گیان و ڕاستگۆیانە و بۆ خزمەتی میللەتی ئیتالیا کار بکات و هاوکات دەیەوێ پێی بڵێ، گەل هەر دەگاتە ئاوات،بێ تۆش و دەڵێ: " ئەگەر ئێوە دانوساندن نەکەن وا هی تر هەن بەبێ ئێوە دەیکەن و دژی ئێوەش دەیکەن". لەسەر ئەم نامەیە بڕیاری گرتنی بۆ دەردەچێ. حکومەتی نەمسا و شاری تۆرین گوشار بۆ فەرەنسا دێنن، ماتزینی ڕادەست کەنەوە.

ماتزینی هەوڵی خۆشاردنەوە دەدات، تا لەماڵی فەرەنسییەکی کۆمارخواز Demosthene Ollivier بۆ ماوەیەک داڵدە دەرێ. لێرەش لەسەر تێکۆشانی پێشووی بەردەوام دەبێت. بەشەو دەچێتە دەرێ جلوبەرگی ژنانە و یونیفۆڕمی گاردی نیشتمانی دەپۆشێ، بۆئەوەی نەناسرێتەوە و بۆ ماوەیەک ناوی خۆی دەگۆڕی بە Filippo Strozzi . لەم کاتەدا گیودیتای خێزانی دێت بۆ لایی و ئارامییەکی نوێی پێ دەبەخشێت و ماوەیەک پێکەوە دەبن. دواتر لە 11.08.1832 کوڕێکیان دەبێت ناوی دەنێننJoseph Demostene Adolph Aristide. ئەم ناوە دوورودرێژە بۆ شوێنەونی و نەناسینەوە و پاراستنی منداڵەکەیەتی تا ژیانێکی ئارام بەسەر بەرێت. هاوکات ئەرکەکانی تری سەر شانی ڕادەپەڕێنێ، کە نەخشەی شۆڕش و ڕاپەڕینە لەسەرتاسەری ئیتالیا و پێویستە لە پیمێنتەوە پزیسکی خۆی بدات. ئەم ڕابوونەش تێدەشکێندرێ و خەڵکێکی زۆر دەگیرێن و دەکوژرێن. حکومەتی هەڕێمەکە بە تاوانی ناپاکی گەورە لە نیشتمان سزای لەسێدارەدان بۆ ماتزینی دەردەکەن.
پاشان لەگەڵ ژنەکەی دەچن بۆ ژنێڤ و دەچنە هۆتێلی de la Navogation . ماتزینی کار بۆ گەڵاڵەکردنی نەخشە و پلانێکی تر بۆ شۆڕشێکی نوێ دەکات. تا بیسەلمێنێ ماوە و شۆڕش تەواو نابێت و ورەی هاوبیران و میللەتەکەی بەرز ڕاگرێ. نەخشەکە بریتی بوو لە دەستگرتن بەسەر پاپۆڕێکدا، بەهۆی جەنەڕاڵێکەوە. دواتر جەنەڕاڵ پەشێمان دەبێتەوە و خۆشبەختانە لەم کاتەدا ماتزینی، سەرکردەی دیار جیۆزیف گاریبالدی Giuseppe Garibaldi دەناسێ و دەبێتە هاوڕێی تەمەنی. گەرچی پەیوەندییان جارەوجار هەوراز و نشێویشی تێدەکەوێت، بەڵام هەروەک یەک دڵ و گیان دەمێننەوە. ساڵی 1833 لە مارسیلیا بۆ یەکەمین جار یەکتر دەبین و گاریبالدی بەخێرایی سەرسامی وتە و ڕەفتار و کەسایەتی ماتزینی دەبێت و پێشتریش ناوبانگی بیستبوو.
گاریبالدی ئەرکی چالاکییەکە دەگرێتە ئەستۆ. بەداخەوە ئاشکرا دەبێت و لەوێوە هەڵدێ بۆ جێنوا و دواتر نیسا/ Nizza و دەگاتە فەرەنسا و تێی دەتەقێنێ بۆ بەرازیل و ساڵانێکی زۆری لێ دەمێنێتەوە. لەوێ ژنAnita دێنێ و سەرەتای ساڵی1848 دێتەوە بۆ درێژەدان بە شۆڕش و خەباتکردن. دوای دروستکردنی ئیتالیای لاو Giovine Italia ، ماتزینی دەبێتە ئەندامی « کۆمەڵەی ئیتالییەکانی تاراوگە». لە 15.4.1836 لە شاری بێرن/ سویسرا لەگەڵ 7 ئیتالی و 5 ئەڵمان و 5 پۆڵەندیدا « ئەوروپای لاو» لەژێر دروشمی ««ئازادی و یەکسانی و مرۆڤایەتی»» بۆ یەکێتی و برایەتی ئەوروپا دروست دەکات. لە یەکەم بەیاننامەدا دەنووسێ:" هەر نەتەوەیەک پەیامی خۆی هەیەـ هەموو پێکەوە کار لەیەکتر دەکەن،بۆ ئەوەی پەیامی مرۆڤایەتی بە ئەنجام بگەیەنن.ئەم پەیامە نەتەوایەتی دەخوڵقێنێ و نەتەوایەوتیش پیرۆزە".
ماتزینی باوەڕی وابوو پێویستە ئەوروپای میر و پاشا بێتە ئەوروپای گەلان و گەلانیش یەکگرن. چونکە ماتزینی ئەو دەسەڵاتەی ئەوانی بەوە تاوانبار دەکرد،کە هەر خەریکی شەڕ و کوشتارن. ئەو ڕۆژگارە دروشمی هەرە زەق " ئەی پرۆلیتاریای جیهان یەکگرن" بوو. ماتزینی لەو سەردەمەدا تاکە دەنگێ بوو بۆ یەکێتی نێوان گەلان، خۆشەویستی و بنیاتنانی ژیانێکی تژی لە مرۆڤانە، بیری دەکردەوە و کاری دەکرد و تێدەکۆشا و قوربانی دەدا. کاتێ ماتزینی بیری لە یەکێتی کیشوەری ئەوروپا کردۆتەوە و کاری بۆ کردووە. واتە 150 ساڵێک پێش ئێستای یەکێتی ئەوروپا.
دواتر "سویسرای لاو"یش دروست دەکات، بەشێوەیەک کە مەرج نییە خەباتی چەکداری بکەن، بەڵکو خەباتی دیموکراسی و ڕیفۆڕمخوازی بەرن بەڕێوە. هاوکات ڕۆژنامەیەک بە ناوی L Junge Suisse دەردەکات، هەر هەفتە دووجار بە زمانی فەرەنسی و ئەڵمانی. لەسەر ئەم مۆدێلەی ئیتالیای لاو لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپادا ڕێکخراو دروست کرا،تەنانەت تورکیای لاو کۆپی ئەم ڕێخراوە بووە. ماتزینی بەم جموجوڵە زۆرە ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە و سویسراش ترسی لێ دەنیشێت،تا ناچار دەبێت بڕوا بۆ لۆزانLausanne/ . ماتزینی بەدرێژایی ژیانی پیاوێکی ڕاوەدوونراوی پەڕاگەندەی خۆحەشاردەر بووە. لە سویسراش ناتوانێ ئارام بژی. مێتەرنیخ هەر بەدواوەیەتی و گوشار لەسەر سویسرا دروست دەکات ماتزینی بداتێ. دوای ئەم هەموو هەڵاتنە ئەی ئەمجارەیان ماتزینی بەرەو کوێ بڕوا؟.
زۆری پێناچی دەرەتانێکی بۆ دەرەخسێ لەگەڵ هاوڕێکەیدا Givanni Ruffini لە نزیک ئەو دەڤەرەوە لەماڵی Dr. Josef Girad ، لە Grencheb/Solothurn زۆر بەنهێنی داڵدە دەدرێن. ئەم شوێنە ماڵ و شوێنی کاری دکتۆر بوو، بۆ چارەسەری نەخۆشی و دکتۆری ناوبراو بەرپرسی بوو. شوێنێکی چەپەک و دوو ژووری خۆشی دڵگیری دەدرێتێ. کچی دکتۆری ناوبراو زۆر سەرسامی ماتزینی دەبێ و عاشقیشی دەبێ، لێ ماتزینی بە ئەمەکەوە خۆشەویستی بۆ ژنەکەی دەپاریزێ. بەم شێوە بەدرێژایی ساڵانی 1835-1836 لێرە بەوپەڕی ڕێزەوە دەمێننەوە میوانداری شاهانەیان لێ دەکرێت. ئەم شوێنە لە ساڵی 1916ەوە کراوە بە خانەی منداڵان و ئەو دوو ژوورەی ماتزینی و هاوڕێکەی لێ ژیاوە، کراوە بە وەقفی/ فۆندێشنی ماتزینی و گەلێ نووسین و کەلوپەلی ئەو ڕۆژگارەی ماتزینی تێدا پارێزراوە. ماتزینی زۆر حەزی لە کێکێ بووە بەناوی Backtelgebäck ئێستا ناوەکەی کراوە بە Mazzinikuchen.
زۆرجار ماتزینی ڕەچەتەکەی بۆ دایکی دەنارد و نامەی بە شێوازی جیاجیا و ناوی ئافرەتەوە بۆ دەنارد و هەموو شتی بۆ دەنووسی. بەڵام سەیر ئەوەیە دەزگای سانسۆر و چاودێری شاری Turin بێ ئاگا نەبوون لەم نامانە و هەرجارەی کۆپییەکیان لە نامەکان لای خۆیان دەپاراست. ڕاستە کەسوکاری ماتزینی ئەو ڕۆژگارە بەهۆی نامەکانەوە تووشی تەنگوچەڵەمە دەبوون و ژیانی ماتزینیش ناڕەحەتتر دەبوو، لێ دواجار پاراستن و بڵاوکردنەوەی ئەو نامە گرنگانە، بە چاکەیەکی گەورە دەشکێتەوە و ئیمڕۆ بوونەتە سەرچاوەیەکی بەنرخ بۆ مێژووی ئیتالیا.
هەر لەو دەمەدا ڕۆژنامەی سویسرای لاو دادەخرێ و چاپخانەکەی لێی چاپ دەکرا، دەبەسترێ. دوای ئەمەش لە 12.6.1836 ماتزینی وەک هاوڵاتییەکی سویسری خەڵکی دەڤەری گرێسەن سۆلۆتورن، داوای مافی هاوڵاتێتی دەکات. ئەنجومەنەکە بە 122 دەنگ لە142 بە بەڵێ دەنگی بۆ دەدەن و بەمشێوە بڕیاری دەرکردنی لە سویسرا ڕادەگیرێ. دۆخەکە وا بوو، نە خەبات و تێکۆشان تەواو دەبوو، نە ماتزینی ماندووبوون و وەڕسی دەزانی چییە. ئەگەر سەرگەرمی کاروباری ڕیکخستن و پلانی شۆڕش و ڕاپەڕین نەبووایە، وا ڕووی دەکردە دنیای نووسین.. لەم کاتەدا یەکێ لە کتێبە ناودارەکانی بە ناوی"باوەڕ و ئایندە ـ Foi et Avenir دەنووسێ. ناوەڕۆکی کتێبەکە بریتییە لە گرێدانی هێزی ئایین و نیشتمان، بۆ بایەخی یەکێتی نەتەوەیی. هەڵبەت ئەم هەموو جموجوڵ و چالاکییانەی بەردەوامی ماتزینی، هەمیشەی جێی ترسی دەسەڵاتدارانی ئەوروپا بووە. بۆیەکا جارێکی تریش وڵاتی سویسرا دەکەوێتەوە ژێر گوشاری تووندەوە و بەناچاری بڕیاری پێدانی هاوڵاتی سویسری هەڵدەوەشێنێتەوە. بەمجۆرە بۆ جارێکتر ماتزینی پێویستە هەڵبێت و پەناگەیەکی دیکە بدۆزێتەوە و خۆی حەشار بدات. بەڵام ئەمجارە زۆر نووسین و کەلوپەل و کەرەسەی تایبەتی شیعرەکانی خۆی نابات و بەجێیان دێڵێ و ئێستا وان لە مۆزەخانەی باختەلن و پارێزراون.
زۆری پێناچی لای قەشەیەک بەناویGottlieb Stähli لە Lengnan پەناگە دەدۆزێتەوە. زۆربەی کاتەکانی بە جگەرەکێشان و قاوە خواردنەوەوە دەباتە سەر. لێرە لەسەر Goethe & Byron دەنووسێ. ئاماژەمان پێدا کەوا ماتزینی بەهرەمەند بوو لە مۆسیقا و دەنگ خۆشیدا، هەر لەم عەشقەوە کتێبی " فەلسەفەی مۆسیقا" دەنووسێ. ئەم گتێبە گرنگە دوایی دەبێتە سەرچاوە و بنچینەی کارە شاکارەکانی Richard Wagner ی ئەڵمانی. دوای ئەمە ئینجا Giuseppe Verdi ئیتالی بە شۆڕشی مۆسیقای ئۆپێرای یەکەم Nabucco ئەوروپا و جیهان دەهەژێنێ.
نامە نووسینیش یەکێکی ترە لە کارە بەردەوامەکانی ماتزینی، بۆ دایکی یان ژنەکەی یان هاوبیر و دۆستانی . ئەم نامانە هێشتا جێی بایەخن، چونکە بەداڕشتنی ئەدەبی بەرز و دڵداری تەڕ و پاراو و هەستی گەرمی خۆشەویستی بەرزەوە نووسراون و نهێنی زۆریان تێدا هاتووە. لە بەهاری 1835دا، ماتزینی ئەم شوێنە بەجێ دێڵێ و ڕوو دەکاتە لۆزان و لای خێزانێکی لیبەڕاڵ Mandral نیشتەجێ دەبێ. کچی ئەم ماڵەش شێت و شەیدای ماتزینی دەبێ، لێ ماتزینی جارێکی تر ئەمەکداری بۆ ژنەکەی دەسەلمێنێتەوە و چ ڕویەک ناداتە مادەلینای شۆخ و شەنگ.
سەرەتای 1837 ماتزینی بە تەواوی سویسرا بەجێدێڵێ و لەم کاتەدا نەمسا و فەرەنسا و ئەڵمانیا دەیانەوێ ئەم ئاژەوەگێڕە بگرن و ڕزگاریان بێت لێی. دەچێت بۆ لەندەن و بە فەرەنسادا تێدەپەڕێ. ئیدی وردە وردە لەندەن دەبێتە نیشتمانی دووەمی. ئەمجارە بارودۆخی ئابووری زۆر خراپ دەبێت. تەنانەت پارەی چوونە لای دکتۆری بەدەستەوە نابێت. ماتزینی هەرگیز کۆمەک و یارمەتی کەسی قبوڵ نەکردووە تەنانەت هاوڕێکانیشی. هێندە ناچار دەبێت، موستیلەیەکی نازاداری دایکی،کە وەک یادگارێ لای زۆر بەنرخ بوو دەفرۆشێ. دواتر ئەگەرچی زۆر پەیوەندی لەگەڵ باوکی خۆش نەبوو، چونکە دڵی شکاند بوو،لێ ناچار دەبێت داوای پارەی لێ بکات. ئەویش یارمەتی بۆ دەنێرێ و ماتزینیش بەشی زۆر بە هەژاران و ئاوارەکانی وڵاتەکەیدا دەبەخشێتەوە. هەوڵ دەدات کار بکات، هیچی دەست ناکەوێ. دواجار زەبری قەڵەم و پێزی نووسینەکانی دەخاتە کار و وتار بۆ ڕۆژنامە ئینگلیزییەکان دەنووسێ. داهاتێکی کەمی دەستدەکەوێ و گوزەرانی پێ دەکات. زۆری پێناچی ئاشنایەکی لە بنەماڵەی Eliza Fletcher کە زۆری پێ سەرسام دەبێ، بەکۆمەڵێ خەڵکی ناوداری لەندەنی دەناسێنێ.Charles Darwin,Robert Owen,George Sand یەکێکی تریان گەورە مێژوونووس و نووسەر Thomas Carlyle دەبێت.Carlyle لەمەڕ ماتزینییەوە دەنووسێ:" ماتزینی ئایدیالیست سەرکەوت، ئەو توانی یوتۆپیاکەی بگوێزێتەوە بۆ هەقیقەتێکی ڕوونی بەهێز(...) لەنێو ئەو خەڵکانەی ئێستادا،من دەیانناسم، ماتزینی جوامێرترینیانە". پاش ساڵێک دوا خوشکی دەمرێ ئیدی بەتەواوی ناڕەحەت و تەنیا باڵ دەبێت.
لە ساڵی 10.4.1838 ڕۆژنامەی LA Postolato Popolare دەردەکات. لە 30.April بانگەوازی ژیانەوەی ئیتالیای لاو دەردەکات. بەردەوام کۆنسێرت بەڕێوە دەبات و پارەکەی بۆ چاکەی گشتی خەرج دەکات و سەرپەرشتی منداڵە ئیتالییە هەژارەکان دەکات و وانەی فێربوونیان پێ دەڵێتەوە و دەبێتە مامۆستایان ئەم شێوازە لە کاردکردنی ماتزینی دوایی دەبێتە مۆدێلێک لە ئەمەریکا نیۆرک و بۆستن و مۆنتەریدیۆ بەخۆشییەوە وەردەگیرێ. Sussane منداڵێکی بچوکە لەبەر برسێتی فڕێدراوەتە بەردەرگای ماڵێک. ماتزینی هەڵی دەگرێتەوە و بەخێوی دەکات و پێی دەگەیەنێ هەتا شوو دەکات و دواتریش دەستی پێوەی دەبێت.
حەسرەتی وڵات و شەیدایی دیداری دایکی، ناچاری دەکەن بەهەر شێوەیەکی شارەوە و نهێنی بێت، خۆی بگەیەنێتەوە نیشتمان. ئیدی ماتزینی دەگەڕێتەوە شاری میلان لە وڵاتی خۆی و دواتر بەھۆی کوژرانی پاپاوە لە ڕۆم ھەڵدێتەوە بۆ لەندەن دەچێ. لە نێوان ئیتالیا و ئاوارەییدا لە سویسرا و فەرەنسا و لەندەن دەھات و دەچوو و کۆڕی خەباتی گەرم دەکرد و ڕێکخستنەکانی پتەو دەکرد. سەرئەنجام لەمەشدا تووشی نووشستی دەبێت و نائومێدانە دەگەڕێتەوە بۆ لەندەن . لەندەن وەک نیشتمانی دووەم و لەوێ قەڵەمەکەی دەخاتە کار بۆ نووسین و ڕەخنە و لێکۆڵینەوە و گوزەرانکردن. لە ڕووی فیکری و سیاسییشەوە، سەرگەرمی پرسی یەکێتی ئیتالیا و پرسی ئەوروپا دەبێت. ئاخر ماتزینی بە یەکێ لە گەورەترین بیرمەندە سەرەتاییەکانی خاوەن بیرۆکەی یەکێتی ئەوروپا دادەنرێت.
دواتر « کۆمەڵەی نیشتمانی ئیتالیا» دروست دەکات بۆئەوەی جێگەی کۆمەڵەی ئیتالیای لاو بگرێتەوە و ئامانجەکانی بریتی بوون لە:- ئازادی و یەکێتی نەتەوەیی و دەرپەڕاندنی نەمسا و بەھێزکردنی ھەستی نەتەوەیی و وریاکردنەوەی نەتەوەیی ئیتالیا بۆ ڕاپەڕین و شۆڕش»..
دیارە کاریگەرێتی کۆمەڵەی ئیتالیای لاو ، کە زۆر جاران بە ماتزینییەکان ناودەبران، لەسەرکۆمەڵگەی ئیتالی زۆر گەورە بوو و ئاپۆڕەیەکی زۆری لە ڕۆشنبیرە تازە پێگەیشتووەکانی لە دەور خڕ ببووە و لە ھەمووی بەرچاوتر ڕەنگدانەوەی بیر و بۆچوونەکانی ئەم کۆمەڵەیە بوو لەسەر داوا و ویستی جەماوەریی و نەتەوەیی میللەتی ئیتالیا. دواتر بەهۆی هێرشێک بۆ سەر پاپا هەڵدێ و دەچێت بۆ لەندەن. بەمجۆرە لەنێوان ئیتالیا و فەرەنسا و سویسرا و شاری لەندن دا، دێت و دەچێ و پلان و نەخشەی شۆڕش و خەبات دادەڕێژێ و بژێوی مینۆکی بە هاوبیرەکانی دەبەخشێ. هەوڵێکی تریان بۆ ڕاپەڕین شکست دێنێ.
ساڵی 1837 « کۆمەڵەی نەتەوەکان» لەسەر پێشنیازی ئەم و بە یارمەتی کۆمەڵێ لە ھاوبیرە ئازادیخوازەکانی دروست دەبێت. ئەم کۆمەڵەیە زۆر جێی ھیوا و خۆشی ماتزینی دەبێت، بەو مانایەی کە ئەم ڕێکخراوە بۆ ماتزینی بەیەکگەیشتنی نەتەوەکان و ھاوکارییەکی بەرامبەرییە.
هەر لێرەش بانگاشە و هاوار بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوێک بۆ ئەوروپا دەکات و بەلایەوە گرنگ دەبێت ڕێکخراوێک هەبێت بۆ پشتیوانی و دەستگیرۆیی گەلان بەتایبەت لەپێناوی ئەوەی دەوڵەتی خۆیان هەبێت. لەم ڕووەوە دەڵێ:" بێ میللەت، هیچ خەباتێکی رزگاریخوازی نەتەوەیی نییە،کە بەهێز و توانای خۆی بەرەو سەرکەوتن بڕوات". دەیەوێ بڵێ هەر میللەت سەرچاوەی خەباتە و دەبێ پشت بە هێزەکەی ببەسترێ و نابێ بە گفت و ڕێکەوتنی زلهێزەکان بخەڵەتێین و دەڵێ:" بە هیچ جۆرێ هاوپەیمانێتی لەگەڵ شانیشینی تردا ناکات، چونکە ئەوانە پەیمان و گفتەکان بەزۆری لە دوا چرکەکاندا دەشکێنن". ئەمەش ڕووی لەمیللەتە بندەستەکانە. ئەم پرنسیپەی لەگەڵ شۆڕشی ئیتالیادا تا سەر پێڕەو کرد و لە پێناوی چەسپاندنیدا، ڕەنجی زۆر کێشا.
ئاخر ماتزینی لەو ڕاستییە باش گەیشتبوو، بێ بەرامبەر کەس شتێ ناکات،بۆیە دەیویست هێزی شۆڕش و سەرکەوتن لە میللەتەوە هەڵقوڵێ و ڕوو دەکاتە میللەتیش، داوای لێ دەکات کە:"میللەت پێویستی بە بیروباوەڕ و قەناعەتێک هەیە". واتە خۆی بدۆزێتەوە. ماتزینی لەدەرەوەی ئیتالیا بەردەوام بەیاننامە و ڕۆژنامە و بەلاڤۆک و جارجار چەک و تەقەمەنی دەناردەوە، لە بەرمیل و تۆپی لە قوماش دروستکراو و پاکەتی سەلامی و بنی جانتا و شوێنی دیکەدا دەیشاردەوە.
پاریس وەک ناوەندی بزاڤە دەستنیشان دەکرێ. چونکە ئەو کاتە بۆ ھەموو لایەک بایەخی سیاسی و زۆری ھەبوو. لە 15.4.1840— 5.3.1848 واتە نزیکەی ھەشت ساڵ ماتزینی ھەموو جموجوڵ و چالاکییەکی لەلایەن Giuseppe Lambartiەوە لەسەر تۆمار کرا بوو وەک ئاژاوەگێر و تێکدەر و ھەزاران بەڵگەشیان لەسەری کۆکردبۆوە. سەردەمانێک لە ئەوروپا، ھەرچی لەدژی دەسەڵاتی میر و پاشا بکرایە ماتزینی پێ تاوانبار دەکرا. مێتەرنیخ گووتەکی سەیروسەمەرەی لەمەڕ لێوەشاوەیی و کارامەیی و زۆرزانی ماتزینییەوە هەیە و دەڵێ:" من دژی زۆر سەرباز شەڕم کردووە، توانیومە کایزەر و پاشا و سوڵتان و تزاری و پاپا لگەڵ یەکترد یەک بخەم، بەڵام هیچ کەسێک لەسەر ئەم زەوییە،هێندەی سەرئێشە و ناڕەٶەتی بۆ دروست نەکردووم،هێندەی ئەم چەتە ئیتاڵییە، ڕەقەڵە، ڕەنگ پەڕیو، ڕووتوڕەجاڵ، بەڵام ڕەوانبێژ وەک بروسکە و گەشاوە وەک فریشتە و زۆرزان و فێڵباز وەک دز و بێچاوڕووی قۆشمە و کۆڵنەدەر وەک عاشق،ئەویش ناوی جۆسێف ماتزینییە".
ئەمەش بێ دەمەتەقێ بەڵگەی دینامیکی بیروبۆچوون و داخوازییە نەتەوەیی و سیاسییەکانی ماتزینی دەسەلمێنێ. ساڵی 1841 سەرۆکی ئیتالیای لاو لە Montevideo بۆ ماتزینی دەنووسێ: « گاریباڵدی چاوەڕێی ئاماژەی ئێوەیە بۆ گەڕانەوە. گاریباڵدی بێ چەندوچوون ھێشتا سوورە لەسەر ڕێباز خەباتەکەی بۆ ژیانەوە و یەکگرتنەوەی ئیتالیا». ناوچەکانی ناپولی، ڕماگنا، تۆسکانا جموجوڵ و سەرھەڵدان ڕوو دەدات، بەداخەوە بێ کاریگەریی دەبێت.. Attilio&Emilio Bandiera دوو بران لەدەسەڵاتی نەمساویدا دەبنە ئەفسەری باڵا. ھەردوو ھاوبیری ماتزینی و دڵسۆزی ڕێبازەکەین. بڕیار دەدەن پێکەوە چالاکییەکی گەورە بکەن دژ بە بۆربۆنەکان. بەداخەوە پلانەکەیان ئاشکرا دەبێت و گوللەباران دەکرێن.
لەو ھەلومەرجەدا 3 کەسایەتی دێنە کایەی سیاسییە و ناو دەردەکەن.Vincenzo Gioberti، بە دوژمنی ماتزینی ناسراوە. لە بنەڕەتدا لەگەڵ تێزەکانی ماتزینیدایە لەسەر مەسەلە ڕزگاری لەناو میللەتەوە کۆکە. لێ باوەڕی بە شۆڕش و ڕاپەڕین نییە. یەکێکی ترCésar Bablo ە،دژی بۆچوونەکانی گاریباڵدییە و لەسەر شۆڕش و ڕابوون بیروڕای تری ھەس،ئەگەرچی خاوەنی گووتەیەکە:" بەبێ سەربەخۆیی نەتەوەیی، شتە باشەکانی تر بوونیان نییە".. وێنەکێش و نووسەری دیارM.Masimo DAzeglio. ئەمیش باوەڕی تەواوی بە مافەکانی ئیتالیا ھەیە، بەڵام بە شێوەی ئاشتی خەباتی بۆ دەکات و حیزبێک دروست دەکات جەماوەرێکی باشی لەدەور خڕ دەبێتەوە و لە پەرلەمان لایەنگری زۆر دەبێت. ماتزینی لەم کاتەدا کتێبێکی دەنووسێ بەناویIl primato morale e civile degli Italiani/ پێشەنگی کولتوور و مۆڕاڵی ئیتالییەکان.
مێژووی ئەو گیانبازییەی ماتزینی ساڵی 1844 دەیکات و دەگاتەوە شارەکەی جێنوا و دەچێتە سەردانی دایکی دیار نییە. ھەر زوو بە کوشتی دوو برا نابراوەکە تۆمەتبار دەکرێت، ئەگەرچی ئەو لەو کاتە لە لەندەن بووە. ماتزینی لە لەندەن ژیانی بەسەر دەبرد، بە نووسین و کۆڕگێڕان و کاروباری ڕێکخستنەوە سەرگەرم بوو. خۆشترین کەشوھەوای بۆ کارکردنی خوڵقاند بوو. شەو تا بەیانی و بەیانی تا ئێوارە لە جوڵەدا بوو. قاوە خواردنەوە و جگەرەکێشان و نان و پەنیر خواردن تاکە شتێ بوو دەیکرد. بەم ھۆیەوە زۆر ماندوو دەبوو، خواردنی باش نەبوو. تا دەھات باری تەندروستی خراپ دەبوو . گورچیلەی ڕاستی ئازار پەیدا دەکات و سەروڕیشی بەخێرا سپی دەبێت، بەڵام دڵە گەورە پڕ لە ھیواکەی ھەر لێدەدات..
ھەواڵێکی خۆش لەم کاتەدا بریتییە لە گەڕانەوەی گاریباڵدی لە بەرازیلەوە کە زیاتر لە 10 ساڵێک تێیدا مایەوە بە خۆی و پاپۆڕێکەوە کە ناوی MAZZINI لەسەر نووسیووە.
پاشا A.Alberto ساڵی 1845 پەیامێک بڵاو دەکاتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەدات، کەوا بە ھەموو وزە و توانا و باوەڕییەوە کار بۆ ریسۆرگیمێنتۆی ئیتالیا دەکات. ئەم ھەواڵەش خۆشییەکی تر دەخاتە دڵی گشت لایەکەوە. ھەر لەم سەروبەندەدا گۆڕانێکی تری ئەرێنی ڕوودەدات و پاپای نوێ Mastia Ferretti لە 14.6.1946 دا ھەڵدەبژێردرێت. ئەمیش ھەندێ گۆڕانکاری دەکات . ئەم ھەواڵ و گۆڕانە نوێیانە دەبنە جێی ئومێدێکی نوێ بۆ ماتزینی.
ماتزینی بە پیشەی خۆی گەرماوگەرم نامەیەکی کراوە دەنووسێ بۆ پاپا و داوای لێ دەکات: " لە خزمەتی ئامانجی یەکگرتنەوەی ئیتالیادا بێت و خزمەتی خەڵک بکات و ئەوەیشی بەبیر دێنێتەوە، مادامێکی گەل ھەیە و خاوەنی ڕاستەقینەی دۆزەکەیە، ئەو ئاواتانە بێ پاپاش ھەر دێنە دی". ساڵی 1848 جارێکی تر لە Sizilien دژ بە پاشا Ferdinand II کە نوێنەری دەسەڵاتی نەمسایە ڕاپەرین سەرھەڵدەدات. پاشاA.Alberto دەستبەجێ دەست بە کۆمەڵێ چاکسازی دەکات. لە ڤییەناش داوا دەکرێ Metternich واز بھێنێ. ئیدی ئەم ڕووداوانە دەبنە بەشێکی گرنگی ئەو چرکەساتە، کە ماتزینی چاوەڕێی دەکردن. دەستبەجێ بڕیار دەدات لە ڕێگای پاریسەوە بگەڕێتەوە بۆ ئیتالیا، ئەگەرچی ھێشتا سزای مەرگی لەسەر ھەڵنەگیرا بوو. سەرەتا دەچێتە میلان. لەگەڵ گەشتنی بە ھەزاران ھەزار لە جەماوەر لێی کۆدەبنەوە و بەھاتنەوەی خۆشی و شادی دەدەبڕن و نەعرەتەی« بژی ماتزینی» دەگاتە ئاسمانی ھەموو ئیتالیا. پاش ماوەیەک مانگرتنێک بەناوی "جگەرەنەخۆرەکانەوە" سەرهەڵدەدات،داواکانی پارە و باج نەدەن بەم شتانە و جۆرێک لە بایکۆتکردنە. ماتزینی خەریکی جۆشدانی خەڵکە بۆ دەرپەڕاندنی 13,000هەزار سەربازی نەمساوی. بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ راۆەرینەکە سەردەکەوێ و بە ناوی خەباتی
Le Cinque giornote لە مێژوودا ناسراوە.
پاشا ئەلبێرتۆ دەیەوێ ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە، بۆیەکا گورجوگۆڵانە نوێنەری خۆی بۆ لای ماتزینی دەنێرێت، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخەکە و پێکەوە کارکردن. بەڵام ماتزینی دیدار ڕەت دەکاتەوە و بە نوێنەرەکە دەڵێ: با سەرەتا پاشا ئیمزای خۆی بخاتە سەر یەکێ لەو بەیاننامانەی بڵاومان کردۆتەوە،ئەوسا گفتوگۆ دەکەین. پاشاش ئەم داوایە دەداتە دواوە. لە میلان سەرەتا خوشکی ماتزینی و دواتر دایکی دێنە سەردانی. ئەمەش جارێکی تر ورەی ماتزینی بەھێز دەکات و چاوەکانی بەدیدتنیان گەش دەبنەوە.
ھەر لە میلانۆ دوای ساڵێ واتە 1849، دەیەوێ بچێتەوە بۆ جێنوا بۆ دیداری دایکە پیرەکەی. پۆلیس ڕێگری لێ دەکات. ناچار دەچێ بۆ Livornoلەوێشەوە بۆ Parmaبۆ لای ژنەکەی.
لە ڕۆما ھەڵبژاردنی پەرلەمان دەکرێ و" گاریباڵدی" ش وەک نوێنەرێکی ناسراو بەشدار دەبێت. واتە دەچێتە پاڵ پاشا ئەربێرتۆ. ئەم ڕووداوەش جێی نیگەرانی ماتزینی دەبێت. دەڵێ: بەداخەوە بۆ گاریبالدی بۆ ئەو نازانێ پاشا و میرەکان زۆربەی کات ناپاکییان لە میللەت کردووە. وا دیارە گاریبادی ئیمڕۆ،گاریباڵدی دوێنێ نییە!. گاریبالدی لە وەڵامدا دەڵێ: بەڵێ ئەوە دەزانم لێ ئێستا پێداویستییەکی تر دەبینم، دەمەوێ لەخزمەتی پاشای ساردینیادا وڵات بەرەو پێش بەرم . کاتێ وەزیری ناوخۆ Carlo Armellini وتارێک دەدات، گاریباڵدی قسەکانی پێ دەبڕێ و دەچێتە سەر سەکۆکە و داوای ئیتالیایەکی کۆماری دەکات.کەواتە گاریباڵدی هەر ماتزینیانە بیر دەکاتەوە. ئەم ھەڵوێستەشی بەناپاکی لەگەڵ پاشا ئەلبێرتۆ بۆ ھەژمار ناکرێ.. بەڵکو بە ھەنگاوێ دادەنرێ بەرەو رزگاریی و سەربەخۆیی وڵات. دوای ئەم ڕووداوە لە 8.2.849 لە پەرلەمان دەنگدان لەسەر پرسی سەربەخۆیی دەدرێ، لە 142 نوێنەر 120 دەنگ بۆ کۆماری دەدەن بە مانا ماتزینییەکەی. ئیدی بیرۆکە بنچینەییەکەی ماتزینی « خوا و گەل» دەبێتە مۆتیڤی ژیان.
لەم کۆمارە نوێیەدا کە تەمەنی تەنیا 4 ڕۆژە داوەتی ماتزینی دەکرێ بۆ Rom. . ڕۆژی 5.3.1849 بەدەم بانگ و ھاواری بەخێرھاتنەوە و بژی ماتزینی، بۆ یەکەمین جار پێ دەنێتە سەر خاکی ڕۆمانی. ئەم ڕووداوە مێژووییە، ئەم نزیک بوونەوەیە لە ئامانج و ئەم خۆشییە بێ سنوورەی خەڵکی و ئەم جۆرە لە ھەستی گەرم، دەبێتە جێی خۆشحاڵی و ھیوایەکی گەورە بۆ ماتزینی. کاتێ پێ دەنێتە ھۆڵی کۆبوونەکەوە، ھاوار و خۆشی Evviva Mazzini گوێی پیاو کەڕ دەکات..
پاش ماوەیەک 29.3.1849ئەنجومەنی نوێنەران بڕیار دەدەن، دەسەڵات دابەش بکەن لە نێوان Armellini ,Saffi ,Mazzini دا، بەڵام وەزیر و ئەندام پەرلەمانەکان ناگۆڕدرێن. لەیەکەم چرکەدا ماتزینی بەھۆی مێژوو و خەبات و کەسایەتی کاریزمییەوە، وەک ڕابەر و سەرۆکی گشت لایەک دەناسرێ. لەسەردەستی ماتزینی کارنامەیەک ئامادە دەکرێت و دەست بە کار بۆ گۆڕانکاری.
ماتزینی سەرەتا داوا دەکات ھەر سێ سەرۆکەکە، لای خۆیانەوە دەستبەرداری نیوەی مووچەیان بن بۆ خەڵکی ھەژار. لە بوارەکانی تری دارایی و سیاسی و سەربازیدا یاسای نوێ دەردەکەن. بڕیاری دروستکردنی کۆمەڵێ خانووبەرە بۆ ھەژاران دەدەن. نرخی پێداویستییەکانی ژیان، خوێ لەنێویاندا، کە زۆر گران بووە، کەم دەکەنەوە. بایەخی زیاتر بە بواری کشتوکاڵ دەدرێ و ھەر خێزانێ لە 3 سەر زیاتر بن، پارچەیەک زەوییان دەدرێتێ. جێگا و خانەی تایبەت بۆ نەخۆش و پەککەوتە و ناتەواوەکان دروست دەکرێت. لەسەر ئاستی ئایینیش دەسەڵاتی کڵێسە دیاری دەکرێ و بەتوندی دژی ئەوانە دەوەستێتەوە، کە دزییان لە کڵێسا دەکرد و کەسایەتییە ئاینییەکانیان ئازار دەدا. خاوەندارێتی گەورە و فراوانی کڵێساشی بەسوودی جووتیاران کەم دەکاتەوە. بەم جۆرە خۆی زۆر توخنی ئایین ناکاتەوە و چونکە حەزی بە پەیوەندییەکی باش دەکرد لەگەڵ دەسەڵاتی کڵێسادا. ئیدی لەوەو پاش کڵێسا چۆڵ و ھۆڵەکان پڕ دەبنەوە لە خەڵک و لە ئارامیدا جمەیان دێت.
ماتزینی دژی ئەوە بوو دەسەڵاتی ڕۆژئاواییەکان بەسەر کڵێسادا بسەپێندرێت. لەم ڕووەوە دەڵێ: " ئێمە دەبێ میرەکانی کڵێسا لە میرەکانی ڕۆژئاوا جودا بکەینەوە و جەخت لەسەر مافی خۆمان بکەینەوە، بێ ئەوەی باوەڕی ئاینی بشێوێنین یان بریندار بکەین".
ھەروەھا گفتی ئەوە دەدات کە دەسەڵاتی پاپا لە ئەنجوومەنی ڕۆمادا زامن بکات. سەرباری ئەم ھەموو گۆڕانکاری و ئامادەگییە. ئەگەرچی تا دەھات پێگەی ماتزینی لە نێو پیاوە ئاینییەکان ھەڵدەکشا و بەھێزتر دەبوو. کەچی پاپا ئامادەی ھیچ ھەمئاھەنگییەک نابێت لەگەڵ ناوبراودا.
ماتزینی لەناو میللەتەکەیدا بەوە گرەوی بردبۆوە، گوفتار و ڕەفتاری ھاوجووتی یەک بوون. کەسایەتییەکی گەشبین بوو، ھەمیشە ھیوا بە ھاوبیرەکانی و میللەت دەبەخشێ. لەبەرانبەر ھەژار و دەوڵەمەندا سادە و ساکار ڕەفتار دەکات، شەو و ڕۆژ بێ ماندووبوون دڵ و گوێی بە کراوەیی بۆ ڕازی میللەت دەکاتەوە، کار دەکات و بێ ترس دێ و دەچێت. شتێ کە ھاوڕێکانی نیگەران دەکات، ماتزینی ڕێگە نادات کەسی لەگەڵ و بیپارێزن. لەکاتێکدا لەو ڕۆژانە زۆر جار خەڵک دەکوژران.