شیعە تایپی دووەمی بەعس لە حوکمڕانیدا (بەشی دووەم)

Saturday, 16/01/2021, 16:56

5897 بینراوە


لەبەشی یەکەمی ئەم باسەدا، ئاماژەم بەوەدا کە چۆن کاتێک شەڕی تایفی نێوان شیعە و سوننە ھەڵگیرسا، شیعەی فەرمانڕەوا (هاوشێوەی بەعس)حکومەت و ھێزە ئەمنی و سەربازییەکانی خستە خزمەتی تایفەی شیعەوە، دەستیان نەپاراست لەگرتن و ڕاپێچ کردنی سوننە بۆ زیندانە نھێنییەکان و بێسەرو شوێنکردنیان، ڕفاندن و بەکۆمەڵ کوشتنیان، بینیمان نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق بەئاشکرا ھێرشی تووندی کردەسەر ئەھلی سوننە و ووتی: ئەوانەی حسێنیان کوشت کۆتاییان نەھاتووە و لەئێستادا بوونیان ھەیە، حسێنیش بەڕەنگی تر بوونی ھەیە، جارێکی تر لەلایەن ئەھلی ئەوانەی کە شەھیدیان کرد کراوەتەوە ئامانج، حسێن و یەزید جارێکی تر بەریەک دەکەونەوە، ئەوە بوو لەئەنجامی ئەو شەڕە تایفییەدا شیعەکان براوەبوون و توانیان تەواوی شارە تێکەڵەکان لە سوننە و شیعە بکەنە شاری شیعی و پێناسی شیعێتی بەبەردا ببڕن بە بەغدادی پایتەختیشەوە.
دوای کۆتای ھاتنی شەڕی تایفی ھەڵبژاردنەکانی ساڵی «٢٠١٠» ھاتەپێشەوە، سوننە وەك دەرفەتێک بۆ دووبارە گەیشتنەوە بە دەسەڵات لێی دەڕوانی، بەھاوکاری تورکیا و دەوڵەتە سونییەکانی تر توانیان ماڵی خۆیان یەكبخەن و لێستێکیان بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی پێکھێنا، لیستەکەیان توانی ھەڵبژاردنەکان بباتەوە و «٩١» کورسی بەدەست بھێنێت، لیستی دەوڵەتی یاسای شیعەکان «٨٩» کورسی بەدەستھێنا، شیعەکان بەپاڵپشتی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق و گلۆپی سەوزی ئەمریکیەکان نەیانھێشت لیستی عێراقیە حکومەت پێکبھێنێت و دەسەڵات بگرێتە دەست، بەمەش جارێکی تر نوری مالیکی کرایەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق، خولی دووەمی حوکمی مالیکی دەستی پێ کرد کە درێژەدان بوو بە سیاسەتی سەرکوتکردن و لەناوبردن و پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی سوننەکان لەدەسەڵات، لەو چواچێوەیەشدا زۆر لەسەرکردە و ڕەمزە دیارەکانی سوننە کرانە ئامانج، تۆمەتبارکران بەتاوانی جیا جیا و ناچار بەھەڵھاتن بۆ دەرەوەی ووڵات کران، وەکو تارق ھاشمی و رافع عیساوی و ئوسامە نوجەیفی ....ھتد. لەساڵانی «٢٠١٠» بۆ «٢٠١٤» شیعەکان بەنەفەسی تۆڵەکردنەوەی دەیان ساڵەی بێ بەشبوونیان لەدەسەڵات حوکمیان کرد، سوننەکانیان بەتەواوەتی تەنگەتاو کرد لەھەموو لایەکەوە فشاریان خستنەسەر و بەتەواوەتی لەدەسەڵات دووریان خستنەوە، بەرئەنجامی ئەو تاکڕەویەی حوکمی شیعە، کەوتنی موسڵ و ھاتنی داعشی لەساڵی «٢٠١٤» بەدوادا ھات، بە بڕوای چاودێران داعش دەرھاویشیەی زوڵم و ھەیمەنەی حوکمی شیعە بوو لەسەر سوننە.
لەمەشدا شیعەکان زیرەکانە مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکەدا کرد و بەفتوای کفائی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەکان، حەشدی شەعبییان پێکھێنا کە ژمارەیان خۆی لە «١٥٠» ھەزاردا کەس دەبینێتەوە، بەمەش بەتەواوەتی کۆنترۆڵی ھێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ووڵاتیان کرد، ھەرچەندە ئەم ھێزە ڕۆڵی بەرچاوی بینی لەگۆڕینی پارسەنگی ھێز لەبەرژەوەندی حکومەتدا، بەڵام لەچەندین تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی و کۆمەڵکوژکردنی سوننەکانەوە تێوەگلاوە.
هەرچی تایبەتە بەکورد، چۆن شیعە مامەڵەی لەگەڵ پێکھاتەی سوننەدا کردووە، بەھەمان شێوەش لەگەڵ کوردا مامەڵەی کردووە، هیچ جیاوازییەکی نابینیت، بینیمان شیعە و کورد لەیەک سەنگەردابوون دژ بە داعش، بەڵام دوای ئاوابوونی حوکمی داعش، بێ وەستان و بەبێ ئەوەی پشوویەک بەھێزەکانیان بدەن، ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستانیان کردە بیانوو و پەلاماری ناوچەی مادەی «١٤٠» یاندا و داگیریان کرد، بەمەش بەتەواوەتی دەسەڵاتی کورد و حکومەتی ھەرێمیان لاواز کرد.
ئێستا حوکمی شیعە لەتەواوی ناوچە سونییەکان و ناوچەی مادەی «١٤٠» حزوری ھەیە، سەرکردە کوردی و سونییەکان لەچەندین بۆنەدا داوای دەرچوونی ھێزە شیعییەکانیان لەناوچەکانیان کردووە، بەڵام حوکمی شیعە لەو ناوچانە درێژەی هەیە.
لەکۆتایدا ئەگەر سەرکردە شیعییەکان بۆچوونەکانیان لەمەڕ حوکمی ئێستایان نەگۆڕن و پێداگربن و ڕێگربن لەوەی عێراق بکرێتە سێ ھەرێمی فیدراڵی، ئەوە چاوەڕوانی تەقینەوەی پەستانی کەڵەکەبووی چەندین ساڵەی سوننە و کورد لەناوچەی «١٤٠» دەکرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە