سەلەفییە کوردەکان خائین و خۆفرۆشن، لە پارتیی و یەکێتیی مەترسیدارترن


هەڵدانی تەلسکۆپی مەزنی جێیمس وێب بۆ دۆزینەوەی نهێنییەکانی گەردوون

Wednesday, 12.29.2021, 0:57

2148 بینراوە


زاناکان بەهیوای ئەوەن جێیمس وێب وەڵامی ئەم دوو پرسیارە بداتەوە: "لە کوێوە هاتوین؟" و"ئایا ئێمە تەنیاین لەم گەردوونەدا؟"


تەلسکۆپی جێیمس وێبی بۆشایی ئاسمان (James Webb Space Telescope)، پاش چاوەڕوانییەکی زۆر و چەندان جار دواخستن، پێش چەند ڕۆژێک (لە کریسمس: 25ی دیسێمبەری 2021)، لە لایەن ئاژانسی ئەمریکایی بۆشایی ئاسمان ناسا (NASA)، لە بنگەی کوروی گویانای فەڕەنسایی بەسەرکەوتوویی هەڵدرا. تەلسکۆپەکە کە بە مووشەکی (ئاریان 5) بارکرا، ئێستە بەڕێوەیە بۆ گەیشتن بەو شوێنەی بۆی دیارکراوە لە خاڵی لاگڕانجی 2 (2 Lagrange point)، لە دووری 1.5 ملیۆن کیلۆمەتر لە زەوی (چوار هێندەی دووری مانگ).
بەم هەنگاوە مەزنە، خەونی چەند ساڵەی زاناکان و زانستخوازان هاتەدی و زانست پێی نایە چەرخێکی نوێ لە بواری گەردوونناسیدا.
ئەمەیان بە گەورەترین و بەهێزترین دووربین دەژمێردرێ لە مێژوودا، پێشبینی ئەوەی لێ دەکرێ بە تەکنیکە بەرز و وردایەتییە یەکجار ناوازەکەی، بتوانێت بەدوای نهێنییەکانی گەردووندا بگەڕێت و شتانێکی لە ئەندێشە بەدەرمان بۆ ئاشکرا بکات. بە ڕوانین و پشکنینێکی چڕەوە دەیەوێ بگاتە ئەو جێیەی بە (بەرەبەیانی گەردوونی) دەناسرێت، واتە لە دەمی دەرکەوتنی یەکەمین ئەو گەلەستێرانەی گەردوونیان ڕووناک کردەوە لە سەرەتای تەقینەوە مەزنەکەی پێش 13.8 ملیار ساڵ.
زاناکان لە هەوڵی ئەوەن بەم تەلسکۆپە وەڵامی چەندان پرسیار بدەنەوە دەربارەی بنەچەی ئێمە و بوونی ژیان لە گەردووندا. هاوکات پتر لە چاڵە ڕەشەکان (Black hole) بکۆڵنەوە و لە چییەتی پێکهاتن و دروستبوونی ئەستێرە و گەلەستێرە و هەسارەکانی دەرەوەی کۆمەڵە خۆرەکەمان تێبگەن، بۆ زانینی بوونی هەڵمی ئاو، یاخۆ گازەکانی وەک میسان و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگە هەوایاندا، بە مەبەستی دۆزینەوەی بوونەوەری زیندوو و هەسارەی دیکەی شیاو بۆ ژیان.
تەلسکۆپی جێیمس وێب گەلەک هەستیارترە لەوەی هابڵ (Hubble Space Telescope)، تەلسکۆپی هابڵ لەکاتی خۆیدا شۆڕشێکی مەزن بوو لە بواری تەکنیکی و ڕوانگەکانی بۆشایی (ئاسمان)، زاناکان لەڕێی ئەوەوە توانیان بۆ نموونە، بوونی چاڵێکی ڕەش لە چەقی هەریەک لە گەلەستێرەکانی گەردوون بسەلمێنن.
جیاوازی ئەم دووربینە نوێیە لەگەڵ هابڵ ئەوەیە، جێیمس وێب دەڕوانێتە بۆشایی لە ئاستێکی تایبەتی تیشکەوە و دەکارێت لەو شوێنانەشدا بگەڕێ کە درێژی شەپۆلی تیشکەکەی بەچاو نابیندرێت، ئەویش تیشکی ژوور سووری ناوەنجییە. چونکە لە گەردوونناسیدا ئێمە چەندە توانای بینینی دیمەنی دوورترمان هەبێ، هێندە بینینەکەمان بەرەو کۆنترین کات و سەردەممان دەبات.
تەلسکۆپی هابڵ بە دۆزینەوەی گەلەستێرەی (GN-z11) گەیشتە سنووری نێزیکەی 13.4 ملیار ساڵ، هەرچەندە ئەو گەلەستێرەیە وەک پنکێکی بچووکی بێبایەخ لێی دەڕوانرا، کەچی درەوشانەوەکەی لەو دوورییە لەڕادەبەدەرە بووە جێی سەرسڕمانی زاناکان. بەڵام ڕوانگەی جێیمس وێب پێی دەکرێت، وێنەی دیمەنی گەلەستێرە سەرەتاییەکانی بەرلە ملیاران ساڵمان بۆ بگوێزێتەوە، ئەوانەی لە گەردووندا تازە سەریان هەڵدابوو، کەمتر لە تێپەڕبوونی 400 ملیۆن ساڵ بەسەر تەقینەوەی مەزن. 

تەلسکۆپی جێیمس وێب لەبەر بوونی توانی کارکردن لە دەرەتان و بوارەکانی تیشکی ژێر سوور، چاوەڕێی ئەوەی لێ دەکرێ زۆر کاریگەر و چالاک بێت لە دۆزینەوەی گەلەستێرەکان و بەدەستهێنانی گەلەک زانیاری بەنرخ و بەهادار. پێشبینی دەکرێ وێنەی سەد هێندە وردتر و ڕوونتر لەوانەی هابڵ بخاتە بەردەستمان، بەوەش یارمەتی گەردوونناسەکانمان بدات بۆ گەیشتن بە بڕێکی باشی وردەکارییەکانی ئەو سەردەمە فرە کۆن و تاریکەی مێژووی گەردوون، ئەوەی تێیدا گازی سووکی وەک هایدرۆجن و پاشان هیلیۆم هاتنەبەرهەم بەبێ بوونی تیشک.
بیردۆزە زانستییەکان پێمان دەڵێن، چڕبوونەوەی ئەو گازانە لە (بیرەکان)ی ماددەی ڕەشی لێڵ و نادیار، بوونە هۆی دروستبوونی ئەستێرە سەرەتاییەکان، بە چەندجارەبوونەوەی ئەمانەش هاوشێوەی تۆپەڵە بەفر، پاشان بە بارگاویبوونی کارەبایی گازەکان (بەئایۆنبوون)، گەردوون لە لێڵێیەوە بەرەو ڕوونی هەنگاوی هاوێشت. لەگەڵ هەموو ئەوانەش تا ئێستە بەتەواوی نازاندرێ کەی گەلەستێرەکان سەریان هەڵداوە، بەڵام تۆژینەوە و کرداری لاساییکردنەوەی ڕووداوەکان، قۆناغێکمان پێ دەدات لە نێوان 100 و 200 ملیۆن ساڵی دوای تەقینەوەکە.
پاش هەڵدانی هابڵ لە ساڵی 1990، ئاژانسی ناسا (NASA)، هەڵدەستێت بە دانانی نەخشە بۆ تەلسکۆپی جێیمس وێب بە بەشداری و هاریکاری ئاژانسی ئەوروپایی (ESA) و کەنەدایی (CSA) بۆشایی ئاسمان، بەمەش لە ساڵی 2004 دەست بە دروستکردنی کرا. ئەوەی شایەنی ئاماژە پێکردنە ئەم تەلسکۆپە بە ناوی جێیمس وێب (James Edwin Webb 1906 - 1992) کراوە، ئەو کەسایەتییە ناودارەی بەدرێژایی ماوەیەکی زۆر سەرۆکی ناسا بوو.
تەلسکۆپی جێیمس وێب کێشەکەی لە 6 هەزار کیلۆگرام پترە و لە کرانەوەیدا هێندەی ڕووبەری یاریگەیەکی تێنسی سەر زەوی دەبێت. ئاوێنەکەی ئەم تەلسکۆپە لە 18 پارچەی شەش لایی زێڕپۆشکراو پێک دێت تێکڕای تیرەکەی (بازنەیی) نێزیکەی 6.5 مەترە (سێ جار گەورەتر لەوەی هابڵ)، ئەمەش وای لێدەکات ئاستی هەستکردنی لەڕادەبەدەر بەرز بێت، بەشێوەیەک بتوانێ شوێنەواری گەرمیی لەشی هەنگێک لەسەر مانگدا دەستنیشان بکات! ئەو هەستییارییە بۆ تیشکی ژێر سوورە گرینگییەکی زۆری هەیە لەو بابەتەدا، چونکە سەرجەم تەنە گەردوونییەکان ئەو جۆرە تیشکە دەدەنەوە، لە ئەسێرە و هەسارەکانەوە بگرە تا دەگاتە مرۆڤ ئاژەڵ و تاکە گوڵێک.
زاناکانی بەشداربوو لەم پڕۆژە فرە بایەخە، بە پەرۆش و دڵەڕاوکێ و بەگوێرەی پلانە ورد و نەخشەکێشراوەکان چاودێری بەڕێوەچوونی کارەکانیان دەکەن. چونکە گومانی تێدا نییە، هەڵدانی ئەو دووربینە مەزنە و جێگیربوونی لەو شوێنە فرە دوورە، کارێکی گەلەک سەخت و ئاڵۆزە و کۆمەڵێک مەترسی لەخۆ دەگرێ. ئەمەیان هاوشێوەی تەلسکۆپی هابڵ نییە کە لە بەرزاییەکی 600 کیلۆمەتری لەسەر زەوییەوە دانراوە، ئەم دوورییە بۆ تەلسکۆپی جێیمس وێب دەست نادات، لەبەر گەرمبوونەوەی لە بەرانبەر خۆر و دانەوەی تیشکەکەی لەسەر زەوی و مانگ.
مەرجی هەرە سەرەکی بەچاکی بەڕێوەچوونی کار و فەرمانەکانی ئەو تەلسکۆپە، دەوەستێتە سەر نزمی پلەی گەرمیی دەوروبەرەکەی، بۆیە دەبێ تا ئەو ئاستە بێت کە کاریگەری نەرێیی نەبێ لەسەر چاودێری ئاراستەی تیشکەکان.
لە شوێنە دیارکراوەکەیدا بوونی پێنج چین لە چارۆکە نەرمەکان، دەبێتە هۆی کەمکردنەوە و پەرتکردنی گەرمیی لە نێزیکەی 80 پلەی سەدییەوە بۆ پلەیەکی یەکجار نزمی ژێر سەدی (-233) لە دیوی تەلسکۆپەکەوە، بۆ پاراستنێکی تەواوی لە تیشکی خۆر. تەلسکۆپەکە هەمیشە ئاراستەیەکی تایبەتی و جێگیری خۆی وەردەگرێ لە ڕیزی زەویدا، بۆ ئەوەی هەسارەکە و تەلسکۆپەکە بەتەنیشت یەکەوە بەدەوری خۆر بخوولێنەوە.

ئاژانسەکە دەبێژێت، ئەمەیان خاوەنی گەورەترین ئاوێنەیە لە مێژووی ناسادا کە بەبەرهەم هاتبێ، بۆیە کێشەیەکی سەیری بەرپاکرد. چونکە فرەوانییەکەی لە کاتی کرانەوەیدا هێندە بوو کە جێی نەبێتەوە لەناو موشەکەکەدا، لەبەرئەوەش بوو ناسا ئەو تەلسکۆپەی لە چەند بەشێکی جیا و بزێو دروست کرد کە بتواندرێ بنوشتێندرێتەوە.
دەبێ ئەوەش بزانین کە تەلسکۆپی جێیمس ویب، دەوروبەری مانگێکی دەوێ بۆ گەیشتن بە دوورییەکی 1.5 ملیۆن کیلۆمەتری لەزەوییەوە. پاشان چاوەروان دەکرێ لە مانگی شەشی ساڵێ 2022 بەتەواوی بکەوێتە گەڕ.
دواجار پێویستە ئاماژە بەوە بدەین، خۆشبەختانە سەرپەرشتیکاران دەکارن زۆربەی هەر زۆری کێشەکانی ئەم تەلسکۆپە لە زەوییەوە چارەسەر بکەن، بەڵام دیسانەوە ناسا بەردەوامە لەگرتنەبەری رێکاری گەلەک تووند، بۆ پێشگرتن لە ئەگەری هەر ڕووداوێک کە بشێ زیان ببەخشێت بەو ئامێرەی نێزیکەی 10 ملیار دۆلاری تێچووە، بە ئەرک و ماندووبوونی ژمارەیەکی زۆری زانا و ئەندازیارانی چەندان وڵاتی جیاجیا.
...............................

سەرچاوەکان؛