گەردوون: لە سەرەتای تەقینەوەی مەزنەوە تا ئێستە لە دە هەنگاوی ئاساندا

Tuesday, 01.04.2022, 0:44

2978 بینراوە


گەردوون، مەتەڵە هەڵنەهێنراوە هەرە گەورەکەی مێژوو مرۆڤایەتییە، ئەو بوونە بە کۆی کات و شوێن و پێکهاتەکانییەوە، بووتە جێی تێڕامانی مرۆڤ و هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی وەڵامێکی گونجاو بۆ ئەو پرسیارە ئاڵۆز و دژوارانەی بەرەوڕووی دەبنەوە.
بۆ زانینی سەرەتای گەردوون و تێپەڕبوونی بە قۆناغە جیاجیاکانی، پێویستە لە تیۆری تەقینەوەی مەزن تێبگەین.
تەقینەوەی مەزن (Big Bang)، ناسراوترین تیۆری گەردوونناسییە کە لە نێوەندە زانستییە جیهانییەکان و لەلای زۆربەی هەر زۆری زاناکان پەسندکراوە و وەک ڕاستییەکی زانستی دانی پێدا نراوە. لەبەرئەوەی تاکە تیۆرە دەکارێ ڕاڤەی چۆنەتی سەرهەڵدانی گەردوون و بنچینەی پێکهاتە ناسراوەکان و ژمارەیەکی یەکجار زۆری دیاردەکانی دیکەی بکات. ئەمڕۆکە ئەم تیۆرە بە جۆرێکی وا چەسپاوە کە بەڵاوەنانی ئەستەم بێت، چونکە چەندان بەڵگەی یەکلاییکەرەوە پاڵپشتی لێوە دەکەن، هەروەها توانی کۆمەڵێک پێشبینی بخاتە بەردەست کە گەلەکیان بە ئەزموونی زانستی سەلمێندران.
بنەما سەرەکییەکەی تەقینەوەی مەزن پێمان دەڵێت، گەردوون لە خاڵێکی ناوازەی (تاکایەتیی - Singularity) لەڕادەبەدەر بچووک، پێش نێزیکەی 13.7 ملیار ساڵ پەیدابووە. دەشێ بپرسین، چۆن گەردوون لەو خاڵەوە بە ئەمڕۆکە گەیشت و هەنگاو و قۆناغە گرینگەکانی چین؟
لێرەدا شیکردنەوەیەک ئەنجام دەدەین بۆ تەقینەوەی مەزن لە سەرەتای ڕوودانییەوە هەتا ئێستە، لەڕێی چەند هەنگاوێکی ڕوون و ئاسان بۆ تێگەیشتن.

هەنگاوی یەکەم: ئەم هەمووە چۆن دەستی پێکرد؟

ئەگەر سەرنج بدەینە ناوی ئەم بیردۆزە، یەکسەر بیرمان بۆ ئەوە دەچێت تەقینەوەیەک بووە لە بۆشایی (ئاسمان)دا، بەڵام لەڕاستیدا بەم شێوەیە نەبووە، بەڵکوو هاتنەکایەی و سەرهەڵدانی خودی بۆشایی بووە لە هەموو لایەکەوە، وەک چۆن لە تۆژینەوەی زاناکاندا ئاماژەی پێکراوە. ئەوەی زانراوە سەرەتاکەی تاکە یەک خاڵی بێپایان چڕ و گەرم بووە. ئەوەشی ڕاستەوخۆ دەپرسێت پێش چرکەساتی تەقینەوەکە چی هەبووە؟ ئەوەیان جارێ بەتەواوی لای گەردوونناسان ئاشکرا نەبووە.
بەڵام زاناکان بەهۆی نێردە زانستییەکانی بۆشایی ئاسمان و تەلسکۆپە یەکجار پێشکەوتووەکان (لە نموونەی تەلسکۆپی جێیمس وێب) و ژمێرەکردنە ئاڵۆزەکان لە هەوڵەکانیان بەردەوامن، بۆ وەرگرتنی وێنە و نەخشەیەکی ڕوونتر لەسەر سەرەتای گەردوون و چۆنەتی پێکهاتنی. ڕۆڵی سەرەکی داهێنانە زانستییەکانیش بۆ کرداری پشکنین و دیارکردنی تیشکە پاشخانی مایکرۆوێیڤی گەردوونیی (Cosmic Microwave Background radiation) دەگەڕێتەوە، ئەوەی درەوشانەوەی ڕووناکی و تیشکەکانی بەجێماوی تەقینەوەی مەزن لەخۆ دەگرن. پاشماوەکانی تەقینەوەکە بە گشت لایەکی گەردوون بڵاوبوونەتەوە، ئەمانەش بەربینن بۆ ئامێرەکانی هەستکردن بە شەپۆلە وردەکان، دەرنجام دەبنە ڕێخۆشکەرێک بۆ زاناکان، تا بتوانن بە پێکبەندی ئەو بەڵگانە، ڕاڤەیەک بۆ سەرەتای گەردوون بەدەست بهێنن.
لە لایەن ئاژانسی ئەمریکایی بۆشایی ئاسمان ناسا (NASA)، لە ساڵی 2001 مانگی دەسکردی ویڵکنسۆنی شەپۆلە مایکرۆییەکانی خاوەن تایبەتمەندی جۆراوجۆر (Wilkinson Microwave Anisotropy Probe) هەڵدرا، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە هەلومەرجەکانی سەرەتای گەردوون، بەهۆی پێوانەکردنی ئەو تیشکانەی لە پاشخانی مایکرۆییەوە پەخش دەکرێن. بەمانە و کۆمەڵێک دۆزەوە و داهێنانی دیکە، نێردەی ناوبراوی (WMAP)، تەمەنی 13.7 ملیار ساڵی بۆ گەردوون دیار کرد.

هەنگاوی دووەم: یەکەمین بازدان لە فرەوانبوونی گەردوون

ئەو دەمەی گەردوون تازە سەری هەڵدا و تەمەنەکەی بەشێک بوو لە سەد ملیار ترلیۆن ترلیۆنی چرکەیەک (بەڕاستی جێی سەرسڕمانە!)، دووچاری بازدانێکی فرەوانبوونی ناوازە بووەوە، بەو تەقینەوەیە لە فرەوانبوون (بە فرەوانبوونە مەزنەکە دەناسرێ)، گەردوونەکەی ئەو کاتە بەلایەنی کەمەوە 90 هێندەی خۆی گەورەتر بووەوە.
زانای گەردوونناسی دەیڤد سپێرگل (David Spergel) لە زانکۆی پرینستۆنی نیوجێرسی بۆ ماڵپەڕی (SPACE.com) دەبێژێت: "گەردوون فرەوان دەبوو، بەمەش تا دەهات چڕی کەمتر و پلەی گەرمی نزمتر دەبووەوە."
پاش ئەو بازدانە گەورەیە لە هەڵئاوسان، گەردوون بەردەوام بوو لە فرەوانبوون بەڵام بەڕێژەیەکی خاوتر، بە ساردبوونەوەی پتر ماددە هاتە چێبوون.

هەنگاوی سێیەم: گەرمتر لەوەی بتوانێ ڕۆشنایی بداتەوە

توخمە کیمیاییە سووکەکان هەر لە یەکەمین سێ خولەکی پێکهاتنی گەردوون سەریان هەڵدا، بە فرەوانبوونی زیاتر و کەمبوونەوەی پلە گەرمی و بەبەریەک کەوتنی پرۆتۆنەکان و نیۆترۆنەکان دیوتیریوم پەیدا دەبێ کە هاوتایەکی تیشکدەرەی هایدرۆجینە، پاش یەکگرتنی ژمارەیەکی زۆری دیوتیریوم، هیلیۆم بەبەرهەم هات.
لەدوای تێپەڕبوونی نێزیکەی 380 هەزار ساڵ بەسەر تەقینەوەی مەزن، تا ئەو دەمە گەردوون گەلەک گەرم بوو ڕێی نەدەدا تیشک بدرەوشێتەوە و ڕۆشنایی بدات، بەڵام هێزی بەریەک کەوتن و خۆپێکێشانی گەردیلەکان هێندە تووند بوون، بکارن ببنە پلازمایەکی چڕی لێڵ لە پرۆتۆن و نیۆترۆن و ئەلیکترۆنەکان، ئەمەش دەرەنجام توانی تیشک هاوشێوەی تەمێک پەرتوبڵاو بکاتەوە.

هەنگاوی چوارەم: با ڕووناکی ببێت

دوای ئەو 380 هەزار ساڵەی تەمەنی گەردوون کە ئاماژەی پێکرا، ماددە بەو ڕادەیە سارد دەبێتەوە تا بشێت بە پێکبەندی ناوکە و ئەلیکترۆنەکان گەردیلەی هاوبارگەی کارەبایی چێ ببێت.
ئەم قۆناغە پێی دەگوترێت "لە نوێ کۆکردنەوە"، لەبەرئەوەی هەڵمژینی ئەلیکترۆنە ئازادەکان بوونە هۆکاری نەهێشتنی لێڵی و ڕوونی گەردوون. زانست ئەمڕۆکە پێی دەکرێ ئەو تیشکە بەرەڵایە بە شێوەی تیشکی پاشخانی مایکرۆیی گەردوونیی بدۆزێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش پاش چەرخی لە نوێ کۆکردنەوە، تاریکایی ماوەیەک باڵی بەسەر گەردووندا کێشابوو، پێش ئەوەی ئەستێرە و تەنە درەوشاوەکانی دیکە دروست ببن.

هەنگاوی پێنجەم: دەربازبوون لە چەرخی تاریکی گەردوونی

بە تێپەڕبوونی نێزیکەی 400 ملیۆن ساڵ بەسەر تەقینەوەی مەزن، گەردوون چاخە تاریکەکانی خۆی بەجێ هێشت، ئەم قۆناغەشیان ناو دەنرێت بە "چاخی لە نوێ بەئایۆنبوون".
هەندێ پێیان وایە لەوانەیە ئەو ماوەیە چالاک و کاریگەرە پتر لە نیو ملیار ساڵ درێژەی کێشابێ، بەڵام بەپشت بەستن بە تۆژینەوە هاوچەرخەکان، زاناکان لەو باوەڕەن لە نوێ بەئایۆنبوون زۆر خێراتر ڕووی دابێ لەوەی پێشتر بۆی دەچوون. بەدرێژایی ئەو کاتە، کۆبوونەوەی بڕی ئەو گازەی هەبووە گەیشتە ئاستێک ببێتە بنچینەی پێکهاتنی ئەستێرە و گەلەستێرە هەرە یەکەمەکان، هاوکات تیشکی ژوور وەنەوشەیی بەبەرهەمهاتوو لەو هەموو ڕووداوە بەگوڕە، هەڵسا بە پاککردنەوە و تێکشکاندنی زۆربەی گازی هایدرۆجینی هاوبەرگەی کارەبایی دەوروبەر.
دەرەنجامی کرداری لە نوێ بەئایۆنبوون و لابردنی گازی هایدرۆجینی تەماویی، گەردوون بۆ یەکەمین جار لەبەردەم تیشکی ژوور وەنەوشەیی تەمومژی نەما ڕوون بووەوە.

هەنگاوی شەشەم: ئەستێرەی پتر و گەلەستێرەی پتر

زاناکان لەهەوڵی بەردەوامن بۆ پشکنین و لێکۆڵینەوە لە دوورترین و کۆنترین گەلەستێرەکان، بۆ تێگەیشتنێکی چاکتر لە تایبەتمەندییەکانی گەردوونی تازە بەدیهاتوو. بەو شێوازە گەردوونناسان کار لەسەر گەڕانەوەی کات بکەن، بۆ لەیەکدی گرێدانی ڕووداوەکانی پێشوو، لەڕێی تۆژینەوە لە تیشکی پاشخانی مایکرۆیی گەردوونی.
بە ئامێرە مەزنەکانی وەک، مانگی دەستکردی پێشووتری (WMAP)، دۆزەوەی پاشخانی گەردوونی (COBE) هەڵدراوی لە ساڵی 1989 هەڵدرا، تەلسکۆپی (هابڵ)ی ناوداری ساڵی 1990، نوێترینیان تەلسکۆپی مەزنی جێیمس وێب (James Webb Space Telescope) بوو کە لە 25ی دیسیمبەری 2021 نێردرایە بۆشایی ئاسمان*. ئەمانە هەموویان لەپێناو دۆزینەوەی نهێنییەکانی گەردوون و گەیشتنی زاناکانە، بە وەڵامی ئەو پرسیارانەی زیاترین مشتومڕییان لەسەر دەکرێت لە بواری گەردوونناسیدا.

هەنگاوی حەفتەم: لەدایکبوونی کۆمەڵەی خۆرەکەمان

کۆمەڵە خۆرەکەی ئێمە، لەدوای نێزیکەی 9 ملیار ساڵ لە تەقینەوەی مەزن لەدایک بووە، ئەمەش تەمەنەکی یەکسان دەکات بە 4.6 ملیار ساڵ. بەپێی پێوانەکردنەکانی ئەمڕۆی زانایان، خۆرەکەمان یەکێکە لە زیاتر لە 100 ملیار ئەستێرە کە بەتەنیا لە گەلەستێرەکەی ئێمەی ناونراو بە (ڕێی شیریی)دا هەن، دەخوولێتەوە لەو جێیەی 25 هەزار ساڵی تیشک لە چەقی گەلەستێرەکەمان دوورە.
زۆربەی زاناکان پێیان وایە خۆر و تێکڕای کۆمەڵەکەمان، لە پێکهاتەیەکی هاوشێوەی هەورێکی زەبەلاحی خولاوە لە تۆز و گاز (السدیم - Nebula) هاتوونەتە چێبوون، کاتێک بەهۆی هێزی بەکێشکردن ئەو هەورە هەرەس دەهێنێت، ئەو دەمە خێرایی خوولانەوەی بەدەوری خۆی پتر دەبێ و شێوەی پەپکە، یاخۆ ساپێکی گەورە وەردەگرێت.
لەم قۆناغەدا زۆربەی هەرە زۆری بەشەکان لە چەقەکەیدا کۆدەبنەوە بۆ پێکهێنانی خۆر.

هەنگاوی هەشتەم: شتگەلە نەبیندراوەکانی گەردوون

لە ساڵانی شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، لەلای زاناکاندا بۆچوونێکی وا سەری هەڵدا کە ڕێژەیەکی زۆری شتگەلەکانی گەردوون نەبیندراون، کاتێک زانای گەردوونناسی فێرا ڕوبن (Vera Rubin) لە ئامۆژگەی کارنیجی لە واشنتۆن، چاودێری خێرایی ژمارەیەک ئەستێرە دەکات لە چەندان شوێنی جیاجیای گەلەستێرەکان.
بەگوێرەی فیزیای نیوتنی بنەڕەتی (فیزیای کلاسیکی)، ئەو ئەستێرانەی لە لێوار و دیوی دەرەوەی گەلەستێرەدا هەن، خاوتر دەسووڕێنەوە لەوانەی نێزیکن لە چەقەکەی. بەڵام ڕوبن هیچ جوداییەکی ئەوتۆی لە خێرایی ئەستێرەکانی دوورتر نەدۆزییەوە، بەڵکوو لەڕاستیدا سەلماندی هەر هەموو ئەستێرەکان بەهەمان خێرایی بەدەوری چەقی گەلەستێرەکانیان دەسووڕێنەوە، بە بوونی جیاوازییەکی زۆر کەمەوە.
پاشان بەم دیاردەیە کاریگەری ماددەیەکی شاراوە دیار کرا و ناسرا بە ماددەی تاریک (Dark matter)، ئەم ماددە تاریکەش بەهۆی هێزی بەکێشکردنەکەی دەیخاتە سەر ماددەی ئاسایی، ڕێی پێ دەبردرێ و هەست بەبوونی دەکرێت. یەکێک لە گریمانەکان دەبێژێت، دەشێ ماددەی نەبینراو و ناوازەی تاریک لە جۆرە تەنۆلکەیەکی نامۆی وا پێک هاتبێ، لەگەڵ تیشک و ماددەی ئاسایی کار لەیەک نەکەن، بۆیە دۆزینەوەیان کارێکی سەخت و دژوارە.
ئەوەی تا ئێستە زانراوە، گشت شتەکانی ئەم گەردوونە بە تێکڕای تەنەکان و هەسارە و ئەستێرە و گەلەستێرەکانییەوە، تەنیا نێزیکەی 4% ماددەی ئاسایی پێک دێ، ماددەی تاریکیش ڕێژەکەی خۆی لە 23% دەدات.

هەنگاوی نۆیەم: گەردوونی فرەوانبوو و خێراتر

لە بیستەکانی سەدەی پێشوو، زانای ناودار ئیدوین هابڵ (Edwin Hubble)، داهێنانێکی گەورەی هێنایە کایەوە کە وەک شۆڕشێکی مەزن دەژمێردرێ لە بواری گەردوونناسیدا. هابڵ ئەمەی بە بەکارهێنانی تەلسکۆپە نوێیەکەی ڕوانگەی چیای ویڵسنی لۆس ئەنجڵس بەدەست هێنا، کاتێک سەلماندی گەردوون چەسپاو و جێگیر نییە، بەڵکوو فرەوان دەبێت.
پاش چەند ساڵێک بەتایبەتی لەساڵی 1998، ئەو تەلسکۆپە پڕبایەخ و خاوەن کۆمەڵێک دۆزەوە گرینگەی کە ناوی زانای بەناوبانگی هابڵی پێ دەبەخشرێ، هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی چەند تۆژینەوەیەک لە تەنە گڕگرتووە فرەزەبەلاحە دورەکان (سوپەرنۆڤا). دەرەنجامی تۆژینەوەکان دەیسەلمێنن گەردوون لە مێژووە هەرە کۆنەکاندا فرەوانبوونەکەی خاوتر بووە لەوەی ئەمڕۆکە، ئەمەش شتێکی زۆر سەرنجڕاکێش و چاوەڕوان نەکراو بوو، چونکە زاناکان ماوەیەکی دوورودرێژ وای بۆ دەچوون، هێزی بەکێشکردنی ماددەی گەردوون نەک تەنیا دەبێتە هۆی سستکردنەوەی فرەوانبوونەکەی، بگرە تا ڕادەی هاتنەیەک و داتەپینیشی.
زاناکان لەو باوەڕەدان، وزەی تاریک (Dark energy) هۆکاری دوورکەوتنەی پتری شتگەلەکانی گەردوونە بە خێراییەکی بەردەوام لە زێدەبوون و هەڵکشان. ئەمەشیان هاوشێوەی ماددەی تاریک، نازاندرێ پێکهاتەکەی چییە و تا ئێستە بە نهێنی ماوەتەوە.
بەدەستهێنانی ئەو وزە شاراوەیەی کە وا پێ دەچێ بڕەکەی لە %73 گەردوون بێت، گەلەک سەخت و دوورە، یەکێکە لەو بابەتانەی زیاترین و تووندترین مشتومڕییان لەسەر دەکرێت لە گەردوونناسیدا.

هەنگاوی دەیەم: هێشتا زیاترمان دەوێ بزانین

لەگەڵ هەموو ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتوون دەربارەی سەرەتای گەردوون و پەرەسەندن و بەرەوپێشەوە چوونەکەی، دیسانەوە هەندێ پرسیار بەردەوام بێ وەڵام دەمێننەوە، چونکە پێشتر گوتمان، ماددەی تاریک و وزەی تاریک هێشتا وەک نهێنییەکی ئاڵۆز و دژوار دەمێننەوە. بێگومان زاناکانیش دەستەوەستان نابن و درێژە بە گەڕان و پشکنینەکانیان دەدەن، بە هیوای تێگەیشتنێکی باشتر و ڕوونتر لە سەرەتا و چۆنەتی سەرهەڵدانی گەردوون.
دواجار بەم هەنگاوانە بۆمان ڕوون بووەوە، دروستبوونی گەردوون تۆزێک لە حەفت ڕۆژی زیاتری پێویست بووە تا بگات بەشێوەیەی ئێستەی کە دەیبینین!
ماڵپەڕی (SPACE.com) بەدوای نهێنی ئاسمانەکان دەگەڕێت لە زنجیرەکەماندا کە لە هەشت بەش پێک دێت (The History & Future of the Cosmos)، ئەمە بەشی سێیەمیان بوو.
..................................
* لەمنەوە بۆ بابەتەکە زیاد کراوە، سەیری بابەتی پێش ئەمیان بکە:

سەرچاوەکان؛