دنیا لە ئاستانەی جەنگی سێیەمی جیهانیدا

Thursday, 10/03/2022, 4:02

6003 بینراوە


ئەمڕۆژانە مرۆڤایەتی دەستی لە سەر دڵیەتی و ترس و دڵەڕاوکی، سەراپای دانیشتوانی گۆی زەوی گرتووەتەوە. گەرچی پەلاماری ڕوسیا بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا هەم نوێ نەبوو، وە هەم چاوەڕێکراویش بوو. بەڵام ئەوەی جیهانی توشی شۆكکردووە، هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیە کە وەك مۆتکەیەك هەڕەشە لەسەر ژیانی نەك هەر مرۆڤ بەڵکە سڕینەوەی ژیانی هەموو گیانلەبەر و درەختەکانیشە. بۆ ئەوەی لە ماهیەت و هۆکارەکانی ئەم ڕووداوانە بگەین دەبێت بە کورتیشبێت، ئاماژە بە چەند خاڵ بدەم:
- سیستەمی بەڕێوەبردنی ئەمڕۆیی جیهان، بەرهەمی ڕێکەوتنی نێوان براوەکانی جەنگی جیهانی دووەمە. دابەشکردنەوەی سەرلەنوێ جیهان و ناوچەی جیۆپۆلیتیکی هەریەك لە جەمسەرەکانی ئەو سیستەمە دیاری کرا.  دانیشتنەکان و ڕێکەوتنەکانی (مالتا ) کە لەنێوان ستالین، چەرچل و ڕۆزلفت  ئەوانەی دواتریش، نەك هەر ئەڵمانیایی کرد بە دوو بەشەوە، بەڵکە تەواوی ئەوروپاش دابەشکرا و ئەوروپایی خۆرهەڵات بە دیوارێکی ئاسنین بە خولگەی یەکێتی سۆڤیەتەوە پەیوەستکرد و سیستەمی جیهانی بە هەموو دامەزراوەکانیەوە لە دایك بوو. 
- لە ساڵی ١٩٤٥ تا ساڵی ١٩٩٠ جیهان دابەشبوو بوو بەسەر دوو بەرەی سەرەکیدا، کە هەر یەکەیان لە هاوپەیمانیەکی سیاسی، ئابووری، ئایدیۆلۆژی و سەربازیدا خۆیان ڕێکخستبوو. واتە هاوپەیمانی سەروی ئەتڵەسی ( ناتۆ ) و بەڕابەری ئەمەریکا و هاوپەیمانی وارشۆ بە ڕابەری یەکێتی سۆڤیەت. گەرچی دواتر دەوڵەتە بێلایەنەکانیش سەریان هەڵدا، بەڵام بە کردەوە هەر لە خولگەی ئەو دوو جەمسەرەدا دەخولانەوە. جەنگی سارد و ململانێی ئەو دوو جەمسەرە، جەگە لە کۆمەڵێك جەنگی خوێناوی لە وڵاتانی (بێلایەن)دا، چەند جاریش جیهانی تا لێواری جەنگی ئەتۆمی برد.
- جەنگی سارد بە داڕوخانی دیواری بەڕلین و هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت کۆتایهات. هەلومەرجێکی نوێ هاتە ئاراوە کە ڕێگە خۆشبوو بۆ ئەمەریکا وەك تاکە جەمسەر و دەسەڵاتداری جیهان هەژموونی خۆی بە سەر هەموو لایەکدا، بسەپێنێت. ژوڕنالیزمی خۆر ئاوایی و تیئۆریسیۆنەکانی لە چەشنی (فرانسیس فۆکۆیاما) جاڕی "کۆتایی مێژوو"یاندا، سەروەری لیبڕالیزمی خۆرئاوایان وەك دوا قۆناغی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، ناساند.
- بەڵام هەر زوو ئەم هەژموون و تاك جەمسەریە کێشەی گەورەی بۆ مرۆڤایەتی خوڵقاند. ئەمەریکا لە خۆباییانە، لە دەرەوەی یاسا و ڕێسا نێو دەوڵەتیەکان، دەستی دەخستە نێو کاروباری وڵاتان و بەکردەوە هیچ وڵاتێك لە بەرامبەر ئەم پاسەوانەی سیستەمی جیهاندا، نەی دەتوانی سەروەری خۆی بپارێزێت. داگیرکردنی عێراق، ئەفگانستان، دەستێوەردانەکانی ناوچەی بەلقان، لیبیا، سۆمال، ئەمەریکایی لاتین ...هتد لە نمونەکانی ئەو ملهوڕیەن . بە کردەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بویە ئۆفیستێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، کە کاری تەنیا ڕەوایدان بە سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی ئەو بوو.
- دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت و هاوپەیمانی وارشۆ، ئەمەریکا و ناتۆ زۆربەی وڵاتانی ئەوروپایی خۆرهەڵاتیان لە خوڵگەی ڕوسیای فیدراڵی دابڕین و بە ئەندامی ناتۆ قبوڵیان کردن. تێکچونی ئەم هاوسەنگی هێزە، پێچەوانەی سەرجەمی ڕێکەوتنەکانی پێشووی نێوان جەمسەرە بەڕێوەبەرەکانی جیهان بوو. 
- هەڵبەتە ئەوە ڕۆشنە کە نەتەنیا یاسا و ڕێکەوتنە نێو دەوڵەتیەکان، تەنانەت لە ئاستی خوارەوەشدا، یاسا و ڕێكکەوتنەکان پێش ئەوەی دەقێکی نووسراوبن و بە ئیمزاکردنیان ڕەوایەتیان پێبدرێت، بەرهەمی هاوسەنگی هێزی نێوان ڕەوت و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانن.  
- بەپێچەوانەی هاتوهاواری ژوڕنالیزمی خۆرئاواوە، ئەمە جەنگی پۆتین نیە. بەڵکە جەنگی ناتۆیە و بە دیاریکراویش جەنگی ئەمەریکایە لە پێناو پاراستنی هەژموونی سیاسی- ئابووری خۆی بەسەر جیهاندا. جەنگی دابەشکردنەوەی سەرلەنوێی جیهانە. ئەم جەنگە کە بە ڕواڵەت لە ئۆکرانیا بەڕێوە دەچێت و ئەم ڕۆژانە دەستی پێکردووە، لەڕاستیدا دەمێکە هەڵگیرساوە و ملیۆنان کەسیشی کردوەتە قوربانی.
- دەسپێکی جەنگ بە ( شۆڕشی پرتەقڵی) وڵاتانی ئەوروپایی خۆرهەڵات دەستیپێکرد، کە ئامانجی کلكوگوێ کردنی دەسەڵاتی ڕوسیایی دوای ڕوخانی دیواری بەڕلین بوو. لەم چوارچێوەیەشدا ( بەهاری عەرەبی) پێوەی پەیوەستبوو. جەنگی ئەمڕۆی ئۆکرانیا دەرەنجامێکی حەتمی ئەو هەلومەرجە نوێیەبوو، ناتۆ سەپاندی بەسەر ئەوروپایی خۆرهەڵاتدا.
- ئەم قۆناغە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، قۆناغی گوزارە. قۆناغێك باوکی سیستەمی جیهانی نەخۆشە و لە گیانەڵادایە، کێشەکە ئەوەیە هێشتا باوکە نوێکە لەدایك نەبووە! چیدی ڕوسیایی هەستاوەی دوای شکست و چینی ئابووری گەشەکردو ناتوانن هەژمووی ئەم باوکە" ئەمەریکا"  قبوڵ بکەن. ئەم قۆناغە قۆناغی ناسەقامگیری سیستەمی بەڕێوەبردنی جیهانە. جیهان ڕووە و هەلومەرجێك ملدەنێت، کە جنگی خوێناوی نەك تەنیا لە ئەوروپا، بەڵکە لە چەندین کیشوەری تری جیهاندا، دەبێتە سیمایی سەرەکی ساڵانی داهاتووی مرۆڤایەتی.
- گەمارۆدانی ڕوسیا و سزا ئابووریەکان نەك هەر ناتوانێت ڕێگا چارەیەكبێت، بەڵکە ئم سزایانە چەکێکی دوو سەرەیە و دەکرێت لە کورتماوەدا کەمەری ئابووری ڕوسیا بشکێنێت، بەڵام لە درێژماوەدا ئابووری جیهان بە تایبەت لە بواری وزەدا، ئیفلیج دەکات. هەربۆیە ئەم سزایانە هێندەی تر قەیڕانەکە ئاڵۆزتر دەکات و جەنگی جیهانی ( واتە جەنگی ئەتۆمی) لێدەکەوێتەوە. جەنگێك کە تەڕ و وشکی تێدا دەسوتێت و براوەی تێدا نامێنێت!
- هێزێك کە دەتوانێت بەر بەم کارەساتە مێژووییەی مرۆڤایەتی بگرێت، بەداخەوە لە مەیداندا نیە! ئاخر جەنگ قۆناغێکی حەتمی بەڕیوەبردنی سیستەمی ئەمڕۆی جیهانە و بەشێکە لە پێکهاتەکەی. جەنگ بە پێناسە کلاسیکیەکەی ( سیاسەتێکی خوێناویە، هەرچی سیاسەتیشە خۆی جەنگێکی سپییە) بزوتنەوەی دژی شەڕی ئێستا، بێلایەن نیە! بەڵکە خۆی بەشێکە لە جەنگەکە! بزوتنەوەیەك دەتوانێ بەر بەم جەنگە بگرێت کە ئامانجەکەی تەنیا دژی ئەم جەنگە نەبێت، بەڵکە بزوتنەوەیەكبێت خودی ئەم سیستەمەی ئەمڕۆی جیهان کە جەنگ بژاردەیەکی بنەڕەتیەتی، بکاتە ئامانج و ئەلتەرناتیڤی خۆی بۆ سیستەمێکی نوێ جیهانی کە پایە بنەڕەتیەکانی سیستەمی ئەمڕۆی جیهانی بڕوخێنێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە