ڕۆژژمێری هەفتەیەک

Sunday, 24/04/2022, 21:09

6808 بینراوە


1- شەڕفرۆشتنی جلخوارە کوردەکان بە نەتەوەی کورد

ھەر کوردێک لە ھەر پلە و پایە و ناوەندێکدا بێت، پشتگیر، باربۆکەر، ھەواڵگر و ڕێپیشاندەری سپای فاشستی تورک بێت و ڕووی تفەنگەکەی بکاتە جەنگاوەرانی ( سپای ڕزگاریی کوردستان) لە قەندیل و باشووری نیشتمان، خیانەت بە نەتەوەکەی دەکات و مەرامی پیسی سەرکردەیەتی جلخواریی باشوور جێبەجێ دەکات.
ئەگەر کوژرا، کورد وەک  خیانەتمەند ناوی تۆمار دەکات و ئەگەر ماش، دادگای گەل، ھاوشانی سەرکردە خیانەتمەندەکان، لێپرسینەوەی قورسی لێ دەکات.
• بژێوی خۆت و خێزانت، لە ڕێگەی ڕشتنی خوێنی خوشک و براکانتەوە، بەدەست نایەت.
•تفەنگەکەت فڕێ بدە، دڵنیابە وەک ئەو ملێۆنان کوردە، نەتەوەکە دەتپارێزێ و سەرت بەرز و شەرافەتمەندانە ھاوبەشی
  ڕزگاریی نیشتمان و بەرھەم ھێنانی ئازادی دەبیت بۆ مرۆڤی کورد.
سەرکەوتوو بێت تێکۆشانی کوردستانی سپای ڕزگاریی کوردستان، قەندیل وەک شکۆی تێکۆشانی نەتەوەکەمان ھەر بڵندە و بەبوونی سپای ڕزگاری کورد لە قەندیل، نەتەوەکەمان پارێزراوە و تێکۆشانی بۆ ئازادیی بەردەوامە.

2- لە چەمچەماڵەوە بۆ لەندەن

زنە دەبێت بەکانی، کانییەکان دەبن بە چەم، چەمەکان دەبن بە ڕووبار و ڕووبارەکانیش بە زەریا.
١٤-٠٤-٢٠٢٢ لە یادی شەھیدانی ئەنفالدا، شەرافەتمەندانی دەڤەری چەمچەماڵ، وەزیرێکی (مەسرور مەسعوود مستەفا) یان لەو شانۆگەرییەی کە دەیویست خۆی وەک ساڵانی ڕابووردوو ببێتەوە پاڵەوانی، دەرکرد و کوونە مشکیان 
لێکردە قەیسەریی، واتە سەرەتای ڕاپەڕینی گەل بریسکەی دا.
٢٠-٠٤-٢٠٢٢ کوردانی ھەڵاتوو لە ستەمی سەرکردەیەتی خێڵ- حیزب و خێزانی مەلایی و جەلالی، یەک دەنگ، یەک بڕوا، بە نوێنەرایەتی نەتەوە ستەمدیدەکەیان، وەک درێژەدان بەو بزووتنەوە گەلییەی باشووری نیشتمانە زەوتکراوەکەیان، ھێلکە بارانی لوتکەی ھەرەمی ستەمیان کرد و سەرۆک وەزیران و براگەورەی دیواخانی باشووریان، شەرمەزار کرد.
زنە بوو بەکانی، کانییەکان بوون بە چەم، چەمەکان بوون بە ڕووبار و ڕووبارەکانیش بوون بە زەریا.
وتیان ئەو پیاوە ستەمکارە، ڕاستیان وت.
وتیان ئەو پیاوە تیرۆریستە، ڕاستیان وت.
ئەوان، کوڕان و کچانی شەھید،
 نەوەی شەھید، 
براو خوشکی شەھیدانی ئێمەن.
 ئەوان بەر لە سی ساڵ لەدایک بوون، تەنیا لە زمانی دایکیانەوە، وەسفی باوکی خۆیان بیست، چوونکە باوکیان شەھید ببوو نەیان دی بوو.
بەکراسە ڕەشەکەی دایکیاندا و ئەو خەمەی ھەمیشە لە ڕووخساری خوشکە گەورەکەیان نیشتبوو، زانیان خاڵێکی قارەمانیان ھەبووە و شەھید بووە.
- ئەوەیان دەبینی، ئەوە بە ناوی مامەیە ناونراوە، مامەی ناوی ھەڵمەت بوو.
- ئەوەی تریان کە پڕ بە گەروی ھاوار دەکا ئازادی، ئەوە بە ناوی خاڵۆیەوە ناونراوە، خاڵی ناوی ھەڵۆ بوو.
ھەڵمەت و ھەڵۆ، لە ناو دوو دنیای دژ بەیەکدا، گەورەبوون.
بەیانیان کە دەچوون بۆ ناوشار، ھەر ستەم و چاوسوورکردنەوە و برسێتییان دەبینی و ڕۆژەکەی لێ تاریک دەکردن.
ئێواران کە دەھاتنەوە بۆ ماڵەوە، بەسەر سۆزیی، پڕ لە ئازاری دایکیاندا دەکەوتن، کە مەرگی خاڵیانی دەلاواندەوە.
ستەم و برسێتی و درۆی سەرکردەیەتی خێڵ - حیزب سی ساڵ درێژەی کێشا، خەم و پەژارە و سۆزیی دەروونی دایکیان سەد ئەوەندە، چوونکە: " خەم دەوامی زۆرە زوو ئەڕوا لەدڵ سەیر وسەفا ".
سی ساڵ خەڵک لە پێناوی نیشتماندا، ئولفەتیان بە ھەموو خەمەکانەوە گرت، دەسڕیان لەسەریان بەست و نەیانوت سەرمان ژان ئەکا.هەموو دەفتەرەکانی ڕابووردووی پڕ لە خیانەتیان پێوەدا لە پێناوی نیشتماندا و نەیان وت، دڵمان ژان ئەکا.
بەڵام ھەڵمەت و ھەڵۆ، نەوەی ئازادیی و دنیای ھەناسە و مەیدانی قەڵەم و کتێبی پرسیارە بێ وەڵامەکان بوون.
بۆ باوکی خۆمم نەبینی؟! خاڵم بۆ کوژرا؟! مامم چۆن دەستی چووە خوێنی براکەی خۆی؟! ئەوە ئەو پرسیارانە بوون، کە سەریان بە ھەڵمەت و ھەڵۆ ھەڵگرت.
وتیان کە نیشتمان، بچووک دەکرێتەوە، لە ڕێبازێکدا، نیشتمان دەبێ ئەو قەفەزە بشکێنێ.
وتیان کە نیشتمان، دەکرێتە دەنکە تەزبیحی دەستی خائینان، نیشتمان دەبێ ئەو تەزبیحە بپسێنێ.
وتیان کە نیشتمان، دەکرێتە مەیدانی تەراتێنی دوژمنی دێرینەی گەل، نیشتمان دەبێ بە دڵ بسپێررێ.
وتیان و وتیان و وتیان... تا ئەمڕۆ لە لایەکی تری دنیا، ھەڵمەت وھەڵۆ، کوڕانی باوک وکچانی خاڵ و برازای مامۆ.
دەسڕەکەیان لەسەریان کردەوە و وتیان، نەک ھەرسەرمان، ھەموو ئازای ئەنداممان، بەھۆی ستمەی ئێوەوە، ژان ئەکا.
دەفتەرەکەیان واڵاکرد و وتیان: بێدەنگ نابین وەک و دایکمان، خوێنی شەھیدان بانگمان دەکا.
جا پرسیاری ناو کتێبەکەیان خوێندەوە: 
سەردەشت و سۆران، بۆ تیرۆر کران؟!.
کاوە و ویداد بۆچی کوژران؟!.
بۆیە ئەمڕۆ دەنگی خەڵک بوو بە ھێلکە.
سبەی ھێلکە دەبێتە بەرد، بەرد دەبێ بە دار، دار بە تفەنگ
ئەم زنانە یەک دەگرن، دەبن بەکانی
کانییەکان کۆ دەبنەوە، دەبن بە چەم
چەمەکان یەکتر دەدۆزنەوە، دەبن بە ڕووبار
ڕووبارەکان بەرەو یەک شوێن سەر ھەڵدەگرن، 
دەبن بە زەریا، 
زەریای ئازادی
زەریای ئازادی
3- نامەیەک بۆ سەردار کەرکوکییەکان*
لەبەر ئەوەی بەڕێزتان لێت شێواوە و لە خەت دەرچوویت و  پێت وایە کوردستان موڵکی بنەماڵەیە، ھەڵەیت.
کوردستان وڵاتی کوردانە، خاکی تێکۆشەران و سپای ڕزگاری نەتەوەکەیە، خاکی ئەو شێرە ژنانەیە، کە ئابڕووی
تکاوی سەدان ساڵەی پیاوانی سەرکردەیەتی کورد کۆدەکەنەوە، کاکە  قسەکانی تۆ خەیاڵێكی بڵاوی سەردەمی 
ئاژاوەیەکی کۆن بوو ئاشبەتاڵی کرد.
- ئێستا قۆناغی بزووتنەوەیەکی کوردستانیی گەشە، جێگای سوڵتان و شازادە و سەرۆک خێڵی تێدا نابێتەوە.
بزووتنەوەی نەتەوەکە سواڵ لەکەس ناکات، بەڵکو:
- " خاک دەخۆین لە برسانا، خاک جێ ناھێڵین لە ترسانا".
ئەوانەی سواڵ لە بەغدا دەکەن خۆیان بە فرۆشتنی نەوتی دزراوی نەتەوەکە بوونەتە ملیاردێر، دەیانەوێت 
بەوڕەفتارانە( پیشەی سواڵکەریی، کە بردنی بەرەو دزیکردن لە نەتەوەکە و خیانەتی نەتەوەیی)و خوویان پێوەگرتووە،شکۆی تاک بەتاکی نەتەوەکە بشکێنن، کوردستان مەیدانی تێکۆشانی ھەموو دڵسۆز و 
خەباتکارێکی کوردە، تۆھەڵەیت برام، یەک دوو کتێبی مێژوو بخوێنەوە و ڕۆژی یەک دوو سەعات دابنێ 
بۆ بیرکردنەوەی چاک.
- بۆچی پێت شەرم نییە، بنەماڵە ملیاردێرەکانی دەستە و تاقمەکان کە بە دزینی نەوتی باشوور بوونە ملیاردێر، شکۆی تۆ بشکێنن و بڵێن: کاک سەردار کراس لەبەریا نییە،  سواڵی بۆ دەکەین؟! 
سووکایەتییە خۆیان ملیاردێر بن و تۆ بکەنە ڕێکلامی سواڵ کردن، من لە دڵەوە پێم ناخۆشە بەو جۆرە دز و 
جەردەمامەڵە بە خەڵکانی وەک بەڕێزتەوە بکەن تۆ تاکێکی لە نەتەوەی کورد، ڕاستە گومڕا و سەریان 
لێ شێواندووی، بەڵام ئێمە نایەڵین: ئەو چەتانە شکۆی مرۆڤی کورد بشکێنن، بگەڕێوە ناو نەتەوەکەت، جێگای تۆ 
ناونەتەوەکەیە، تۆ لە ناونەتەوەکەتدا سەرت بەرز و دەنگت دلێرە، ھیوادارم بیرێکی لێ بکەیتەوە، کاکە گیان.

سەرنج/

 * مەبەست، شوێنێکی دیاری کراو نییە لە باشووری نیشتماندا، بەڵكو ڕەتکردنەوەی بیرێکی سەقەت و وەهمێکی حەفتاساڵییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە