پێوەندی نێوان زانست و ئاین: ئایا زۆرینەی زاناکانی جیهان ئایندارن یان بێئاین؟

Tuesday, 05/07/2022, 22:20

8717 بینراوە


تۆماس هاکسلی: "کاتێک زانست لەدایک دەبێت، خوڕافەکان دەمرن."


بەشی یەکەم: زانست و ئاین، دژایەتی یان گونجان؟

پێوەندی نێوان ئاین و زانست بەدرێژایی مێژوو بووەتە هۆکاری گفتوگۆ و مشتومڕییەکی زۆری نێوان فەیلەسووفان و زانا و ئاینناسان، بەوەی هەندێک بە جۆرێک لە زۆرانبازی و ململانەی توندی دەبینێت، هەندێکیش بە تەواوکەری یەکدییان دەناسێنێ، بەشێکیشیان پێیان وایە دوو بواری جیان و هەریەکەیان لە ڕەهەندی تایبەت بەخۆی کارەکانی بەڕێوە دەبات.
لە تەوەرەی ئەم بابەتەدا لە تێڕوانینمان بۆ هەردوو چەمکی ئاین و زانست، هەوڵ دەدەین بگەینە وەڵام بۆ چەند پرسیارێکی وەک: تا چی ئاستێک دەشێ زانست و ئاین پێکەوە بگونجێن؟ ئایا بیروباوەڕە ئاینییەکان بەرەو بەدەستهێنانی زانستمان دەبەن، یاخۆ بەربەست دەخەنە بەردەم پێشکەوتنە زانستییەکان؟ ئایا بیردۆزە زانستییەکان خوا ڕەت دەکەنەوە، یان بوونەکەی دەسەلمێنن؟ ئایا زۆرینەی زاناکان ئایندارن، یاخۆ بێئاین؟
سەرەتا ئەگەر بمانەوێت لە زانست و ئاین و کاریگەرییان بەسەر یەکەوە تێبگەین، پێویستە بەلایەنی کەمەوە لە چییەتی هەریەکەیان بزانین، چونکە وشەی (ئاین) و (زانست) پێناسەیەکی دیار و ڕوونیان نییە. ئەو دووانە کۆمەڵە زاراوەیەک پێک دەهێنن کە لەم دواییانەدا داڕێژراون، لە سەردەم و کۆمەڵگەیەک بۆ هی دیکە، واتای جیاجیا دەبەخشن. بۆ نموونە، پێش سەدەی نۆزدەیەم وشەی ئاین زۆر بەدەگمەن بەکار دەهات، زاراوەی (ئاینیی) لەلای نووسەرانی سەدەکانی ناوەڕاست بە واتای لەخواترسی و پەرستن هاتووە. بەڵام ئاین بە مانایە فرەوان و تازەکەی لەڕێی کار و نووسینی زاناکانی مرۆناسی (ئەنترۆپۆلۆژیا)، بە جیهاندا بڵاو بووەوە. بەهەمان شێوە زاراوەی (زانست)، تەنیا لە سەدەی نۆزدەیەمەوە بەرچاو دەکەوێت، پێشتر ئەوەی ئێمە ئەمڕۆکە ناوی دەنێین بە زانست، پێی دەگوترا (فەلسەفەی سروشتی)، یاخۆ فەلسەفەی ئەزموونگەری.
گەلەک لە زاناکانی فەلسەفەی زانست هەوڵیان داوە، سنوورێک دیار بکەن لە نێوان زانست و بوارەکانی دیکە، بەتایبەتیش ئاین، ئەمەش بەچاکی لە کردەوەکانی فەیلەسووفی بەناوبانگ کاڕڵ پۆپەر (Karl Popper) دەبیندرێت، کاتێک جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، پێویستە لە بنچینەوە گریمانە و بیردۆزە زانستییەکان بەپێچەوانەی بنەما ئاینییەکان، بەرئەزموون بن و توانای بەهەڵەخستنەوەیان تێدا هەبێت.
جیاکەرەوەیەکی گرینگی زانست و ئاین لەوەدایە، زانست بایەخ بە سروشتی ماددەیی دەدات، بەڵام ئاین پێوەندی بە شتگەلە ناسروشتییەکانەوە هەیە. ڕاڤەکارییە زانستییەکان بۆ بابەتەکانی دەرەوەی سروشتی وەک خواکان و فریشتە و هێزە نادیارەکان دەست نادەن. بۆ نموونە، زاناکانی بواری دەمارناسی لەرێی دەمارەکان و بارودۆخی مێشک و هەستەکان شیکاری بیرۆکەکانمان دەکەن، نەک بە پەنابردن بۆ پرسە گیانییەکان و شتە ناماددەییەکان. لە زانستدا ڕاڤەی دیاردەیەک بە بەڵگە و ئەزموون نەسەلمێندرا، دەبێ چاک بکرێتەوە، یان هەموار بکرێت تا ڕادەی بەڵاوەنانیش، ئەمە بۆ باوەڕ و دەقە ئاینییەکان ناگونجێت، چونکە ئاین دەوەستێتە سەر ڕاستییەتی ڕەها و جێی گومانی تێدا نابێتەوە. کەواتە دەکارین بڵێین، زانست و ئاین لێک جیان و هەریەکەیان بە شێوازێکی تایبەتی مامەڵە لەگەڵ تێگەیشنی مرۆڤەکان دەکات. هەر لەم ڕووەوە گالیلێیۆ دەبێژێت: خوا و گیانی پیرۆز فێرمان دەکەن چۆن بچینە بەهەشت، نەک چۆن ئاسمان بەڕێوە دەچێت.
لە سەدەی حەفدەیەمدا تێڕوانینی لایەنگرانی نەخشەسازی ژیر و بەڵگەی بوونی ڕێکوپێکییەکی یەکجار زۆر لە گەردووندا، بۆچوونێکی بەربڵاو و ناسراو بوو، فەیلەسووفە سروشتییەکان بڕوایان بەوە هەبوو زانست دەتوانێت بوونی خوا بسەلمێنێت، هاوشێوەی نیوتن کە لەگەڵ ئاستە هەرە بەرزە زانستییەکەی، خاوەنی باوەڕێکی ئاینی پتەو بوو. ئەوە لە سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەمیشدا درێژەی کێشا، شتێکی ئاسایی بووە زاناکان زانست بەکار بهێنن بۆ مەبەستی داکۆکیکردن لە ئاینەکانیان. 
فەیلەسووفی ناودار ڕاسل لە کتێبەکەیدا (ئاین و زانست) ئاماژەی پێ دەدا، یەکەمین جەنگی نێوان زانست و ئاین لە بواری گەردوون و ئەستێرەناسی ئەوە بوو، کاتێک بیردۆزی کۆپەرنیکۆس تێڕوانینی بەتلیمۆسی بۆ چەقیی گەردوون بەهەڵە خستەوە، خوولانەوەی بە تەوەرەی خۆی لە ڕۆژێکدا و سووڕانەوەی بەدەوری خۆر لە ساڵێکدا سەلماند، ئەمەش تەواو پێچەوانەی تێگەیشتن لە دەقە پیرۆزەکانی ئاینی کرستیانەکان و موسڵمانان بوو، دەربارەی سروشتی زەوی و قەبارەکەی بەرانبەر بە گەردوون. پاشان زانا کیپلەر هات و پتر پەرەی دا بەو بابەتە و ڕوونی کردەوە خوولگەی زەوی هێلکەییە نەک بازنەیی، ئەمە بەهەڵەخستنەوەیەکی دیکەیە، لەبەرئەوەی ئەو باوەڕەی گریکییە کۆنەکان باوی هەر مابوو کە بازنەیان بە شێوە ئەندازەییەکی ناوازە و پیرۆز دەزانی.
دوای ئەمانە شۆڕشی زانای مەزن گالیلێیۆ دێت، هەموو ئەوانە و گۆیەتی زەوی و سووڕانەوەکەی بە بەڵگەی بینراو (تەلسکۆپ) چەسپاند، ئەمە بووە ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی ڕاستەوخۆی نێوان زانست و دەسەڵاتە ئاینییەکان، دەرنجام بینرا چۆن گالیلێیۆیان دادگایی کرد و سزایان دا تەنیا لەبەر داهێنانە گرینگەکانی. ئەم دۆزەوە زانستییانە گورزێکی توند بوون بۆ خودپەرستی و خۆبەزلزانینی مرۆڤ، بۆ بیرۆکەی کە گوایە خوایەک، یاخۆ هێزێکی باڵای سەروی سروشت چاودێریمان دەکات و سەرلەبەری گەردوون و تێکڕای زیندەوەرانی بۆ بەرژەوەندی ئێمە هێناوەتە بوون، ئێمەی هەڵبژاردەی ئەوین و لەسەر شێوەی خۆی دروستی کردووین.
کاتێکیش بیردۆزی پەرەسەندنی داروین دێتە مەیدان، کێشە و گرفتێکی هێندە مەزن لە نێوان زانست و ئاین بەرپا دەبێت، تا ئێستە و بۆ دواڕۆژێکی نێزیکیش چاوەڕوانی چارسەری تەواوی تێدا ناکرێت. لەبەرئەوەی ئەم بیردۆزە ئەمڕۆکە بە ژمارەیەکی یەکجار زۆر ئەزموون و بەڵگە سەلمێندراوە، بەتایبەتیش بەڵگە جینەکییەکان کە وایان لە پەرەسەندن کردووە ببێتە ڕاستییەکی زانستی و بچەسپێت. بیردۆزی پەرەسەندن هاتنی مرۆڤ لە سەرچاوەیەکی ئاژەڵی و بوونی پێشینەی هاوبەش لەگەڵ مەیموونە باڵاکانی هاوشێوەی شیمپانزی زۆر بەپتەوی یەکلایی کردۆتەوە، بێگومان ئەمەشیان بوومەلەرزەیەکی بەهێز بوو بۆ خۆبە ناوازە زانین و هەژاندنی تەختی ئاینی جووەکان و کرستییانەکان و ئیسلام، چونکە چیرۆکی هاتنی ئادەم ڕاستەوخۆ و بەجیا لە زیندەوەرانی دی، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ پەرەسەندن و بنەماکانی بایۆلۆژیا یەک ناگرێتەوە. دواجار بە بیردۆزی تەقینەوەی مەزن (Big Bang) و دۆزەوە زانستییەکانی دیکەی بواری گەردوونناسی لە چۆنەتی سەرهەڵدانی گەلەستێرە و ئەستێرە و هەسارەکان، زۆر بەچاکی بۆچوونە سادە و هەڵەی ئاینەکان بۆ چییەتی تەنەکانی گەردوون بەدیار کەوت.

  ئاین و دەرئاسا زانستییەکان

چەمکی دەرئاسای زانستی (الإعجاز العلمي)، لە ئاینەکاندا ماوەیەکە بایەخێکی یەکجار گەورەی پێدەرێت لەلایەن پیاوانی ئاینی، بەتایبەتیش لە ئیسلامدا لە سەدەی بیستەم کاتێک (دەستەی جیهانیی بۆ دەرئاسای زانستی لە قورئان و سوننە)، لە مەککەی عەرەبستانی سعودیە دەمەزرا. ئەو بابەتەی سەدان ملیۆن دۆلاری پارەی نەوتی بۆ خەرج دەکرێت لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان، لە نایابترین هۆتێلەکانی وڵاتانی جیهان، بە بانگهێشتنی (بازرگانەکانی ئاین) لە کۆمەڵێک بوار و پسپۆڕی جیاجیا. هەر لەو ساتەوە ئەمە گەلەک کەسانی ناودار و هەندێک لە زاناکانیشی بۆخۆی ڕاکێشاوە، ئەوانەی پارەیەکی یەکجار زۆر بەدەست دەهێنن لەم بازرگانییە، سەرمایەکەشی جگە لە فڕوفێڵ و درۆکردن بەناوی زانست هیچی دیکە نییە.
ژمارەیەک لە موسڵمانانی کار لە بوارە زانستییەکان دەکەن، هەوڵ دەدەن بەهەر شێوەیەک بێت بۆ سەلماندنی خوایەتی قورئان، لە ئایەتەکاندا شتێک بدۆزنەوە بگونجێت لەگەڵ داهێنانە زانستییە هاوچەرخەکان، چونکە چاک دەزانن ئەمڕۆکە ڕۆژی زانست و تەکنەلۆژیایە، ئاینەکانیش پاشماوەی پێشینەکانمانن و نەکارن شان لەشانی زانستەکان بدەن. موسڵمانان بەناچاریی بۆ گێڕانەوەی متمانە بە ئاینەکەیان، هەڵساون بە دەرهێنانی چەند زانیارییەک لە دەقی کتێبەکەیان گوایە ئاماژەن بۆ چەمک و بنەمای بیردۆزە زانستییە نوێیەکان، ئەمەشیان بە ملبادانی وشەکانی نێو قورئان و لێکدانەوەیەکی وا کە هیچ ڕاڤەکەرێکی ناسراوی قورئان ئاماژەی پێی نەدابێ.
لەڕاستیدا ئەم جۆرە کەسانە بەبێ بوونی ئاین و باوەڕداری ناتوانن ڕووبەڕووی ژیان ببنەوە، لەبەرئەوەی هەست بەکەمزانینی خۆیان دەکەن، ئەگەر ئاینەکەیان لەدەست بدەن، بۆیە بەخۆ هەڵخەڵەتاندن و بڕواهێنان بە شتانێکی ئەفسانەیی کە چەندە پڕوپووچیش بێت دڵیان پێی خۆش دەبێ. ئەمانە پێیان وایە دەستنیشان کردنی پێوەندی نێوان زانست و ئاین، تاکە چارەسەرە بۆ ڕزگارکردنی ئیسلام، بەرانبەر بەو گورزە بەهێزانەی زانست ئاراستەیان دەکات، لە دەرخستنی هەڵەی چیرۆکەکان و زانیاری و ڕاڤەی ئاینەکەیان بۆ دیاردە سروشتییەکان.
وەک پێشتر گوتمان، بازدانە مەزنەکەی زانستی هاوچەرخ لەلایەن خۆرائاواوە بووە جێی سەرسڕمانی موسڵمانان و جیاوازییەکی زۆری دروست کردووە لە ئاست و ڕێژەی پێشکەوتنی شارستانییەتی نێوانیان، ڕۆژ بەدوای ڕۆژیش ئەو ڕێژەیە گەورەتر دەبێت. ئەوەی لێرەدا جێی داخە، موسڵمانان لەبری ئەوەی هەوڵ بدەن لەگەڵ ئەو پێشکەوتنانە هەنگاو بنێن، دێن و پەڕەی کۆن هەڵدەدەنەوە و لە ڕابردوودا بەدوای سەرکەوتنەکانیان دەگەڕێن، هەموو ئەو داهێنانەی بە کار و ماندووبوونی بەردەوامی زاناکانی جیهان بەدەست هاتووە، زۆر بەئاسانی و بێ دوودڵی دەیگێڕنەوە بۆ قورئانەکەیان.
وەڵامی ئەو بانگەشەیەیان گەلەک سادەیە و پێویستی بە گفتوگۆ و درێژدادڕی نییە، چونکە دەشێ بپرسین، ئەگەر ئێمە هێندە ساڵە دوورودرێژە خاوەنی قورئانین، بۆچی کۆمەڵگەکەمان لە زۆربەی هەرە زۆری بوارەکانی ژیان لە دواوەیە؟ بۆ هەمیشە سەرسامین بە زانست و تەکنەلۆژیای خۆرئاوا، بەڵام دژی بیروباوەڕ و بیرکردنەوەی ئەوانەین کە خاوەنی ئەو داهێنانەن؟
لە لایەکی دیکەوە لەبەرچی دەرئاساکانی زانستی قورئان، گشت کاتێک پاش دۆزەوە زانستییەکان دێن و بۆ یەک جار ناکەونە پێشیان؟ یان بۆچی موسڵمانەکان بە تێکرای کۆمەڵە و مەزهەبەکانیان، بە پشتبەستن بە دەقەکانی قورئان تاکە یەک داهێنانی زانستی نوێیان ئەنجام نەدا، تا ئەو دەمە دەرئاساکەی قورئان ببێتە ڕاستی، نەک بانگەشەیەکی بێبنەما؟ یاخۆ لەبەرچی زانا و فەیلەسووفە مەزنە کۆنەکانی وەک، فارابی، ئیبن ڕوشد، ئیبن سینا و پزیشکی ناودار ئەلڕازی، لە کارە نایاب و کتێبە قەبارە گەورەکانیان، دەرئاسایەکی زانستی ناو قورئانیان باس نەکرد بۆمان، هەرچەندە لە ئێمە زۆر نێزیکتر بوون لە سەردەمی هاتنی پەیامی ئاینەکەیان؟
وڵاتە پێشکەوتووەکان بە بودجەیەکی یەکجار مەزن و بە کارکردنێکی بەردەوام لە وردبوونەوە و گەڕان و پشکنین، بە ماندووبوونی شەو و ڕۆژ لە چاوەدێری و دووربینە زل و زەبەلاحەکان دەچنە قوڵایی دوورییە ملیاران ساڵییەکانی تیشک، بۆ ناو زەریا و دارستانەکان، پاشان بە چوونەناو جیهانی وردی گەردیلە و خانەکانی لەشی زیندەوەران، دەگەنە زانستەکان. دەرەنجام هەڵدەستن بە تۆژینەوە و ئەزموونی یەک بەدوای یەک و داڕشتنیان بەشێوەی بیردۆزێکی زانستی کە دەشێ ساڵانێکی دوورودرێژ بخایەنێت و بەشێکی بەهادار لە تەمەنیان بخوازێت. کاتێکیش کەسێک خەڵاتێکی بەرزی زانستی پێ دەبەخشرێت، ڕاستەوخۆ ناڵێ، من پێشەوای زاناکانم و دەریایەک زانستم پێیە، بەڵکوو زۆر بەسادەیی و بێفیز پێمان دەڵێت، وەرگرتنی ئەو خەڵاتە پتر هانم دەدات بۆ لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی ڕاڤەی دروست بۆ دیاردەکانی گەردوون، لەبەرئەوەی مرۆڤ تا ئێستەش ئەوەی دەیزانێت، بڕێکی گەلەک کەمە لەو نهێنییانەی لە سروشتدا هەن. بەڵام لە کۆمەڵگەی ئێمە و هاوشێوەکانیدا، خۆبەزلزانین و خۆپەرستی بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە گەورەکەی زانست و تەکنەلۆژیا، زۆر بێشەرمانە ئەمانە بە داهێنانی ئاینەکەمانی دادەنێین و خۆمان دەکەینە خاوەنیان.
ئاشکرایە مێژووی ئیسلام لە چوار سەدەی یەکەمیدا، چەند ناودارێکی بەخۆوە بینیووە و تا ڕادەیەک پێشکەوتوو بووە لە زانستە سروشتییەکان و ماتماتیک و بواری پزیشکی، هۆکارەکەی ئەوەیە لەو دەمەدا زاناکان بە بنچینەیەکی پتەو خەریکی زانستی ڕاستەقینە بوون، هیچ داهێنانەکیان لە قورئانەوە سەرچاوەی نەدەگرت، بەڵکوو پشتیان بە زانستی ئەوانەی پێش خۆیان دەبەست وەک، پیتاگۆراس، گالینوس، هیپۆکراتیس، ديموکريتوس، پتۆلمیوس و هی یکە، ئەوەشیان تۆمار کردووە لە کتێبەکانیان و کەسیان نەیان گوت، بیردۆزێکی زانستیمان لە ئاینەکەمان وەرگرتووە. لەبەرئەوەیە پیاوانی ئاینی چەندانێکیان لەوانە بە بێبڕوا و خوانەناس تاوانبار کرد، هاوشێوەی جابری بن حەیان و خوارزمی و ڕازی کە دژایەتی ئاینیان درایە پاڵ، تا ئاستی ئەوەی ئیبن ڕوشد کە تەنیا داوای تێڕوانینێکی لۆژیکی دەکرد بۆ ئایەتەکانی قورئان، بۆ ئەوەی بیان گونجێنیت لەگەڵ هۆشێکی کراوە، کەچی کاردانەوەی موسڵمانان بەرانبەری زۆر تووند بوو، لە کار و پیشەی دوورخرایەوە و کتێبەکانی سووتێندران.
ئەم جۆرە ڕەفتارانە بەرانبەر بە زانست و ئاین بەشێکی گەورەی بۆ پەروەردە دەگەڕێتەوە، کاتێک منداڵەکانمان فێر دەکەین کە هەموو زانستێک لە خواوە دێت و خوا دەزانێت لە وشکانی و دەریا و ناو منداڵدانی دایکان چی هەیە، هیچ گەڵایەک ناوەرێت بەبێ ویستی و زانینی خوا، پێیان دەڵێین کە سەرلەبەری ئەو زانیارییانە لە قورئان ئاماژەیان پێدراوە. ئەم ڕاهێنان و مێشک پڕکردنە لە ماڵ و خوێندنگە و دەزگەکانی ڕاگەیاندن، جۆرە مرۆڤێکی لێ دێتە کایەوە، پێی وا بێت ڕاستی ڕەهای شتەکان تەنیا لە ئاینەکەی ئەودایە، بەمەش بیرنەکەنەوە لە گەڕان و گەیشتن بە زانست بۆ ڕاڤەی دیاردەکانی سروشت.
لەسەر ئەو بنچینەیەشە زانای ناودار ڕیچارد دۆکینز دەڵێت: ئاین نەک تەنیا زانست ، بەڵکوو هزر و مێشکیش تێک دەدات، چونکە مرۆڤ فێرە ئەوە دەکات کۆمەڵە ڕاڤەیەکی بەدەر لەسروشت بەڕاست بزانێ، لەبری ئەو ڕاڤە جوان و نایابانەی کە زانست بەبەڵگەوە دەیان خاتە بەردەست.
..............................

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە