دەروونناسی پەرەسەندنەکی: زانستێک بۆ تێگەیشتن لە سەرچاوە و هۆکاری شێوازی بیرکردنەوە و ڕەفتارەکانی مرۆڤ

Wednesday, 23/11/2022, 23:27

4375 بینراوە


زانای دەروونناسی پەرەسەندنەکی لیدا کۆسمیدس: "کەللـەسەرە هاوچەرخەکەمان هەڵگری هۆشێکی مرۆڤی چاخی بەردینییە."


بەشی یەکەم: پێناسە و بنەماکانی دەروونناسی پەرەسەندنەکی

زاناکانی دەروونناسی کۆمەڵێک ڕاپرسییان بۆ هەردوو ڕەگەزەکە ئەنجام داوە، یەک لە پرسیارەکان ئەوە بوو:
وای دابنێ تۆ خوێندکاری لە زانکۆیەکدا، گەنجێکی گەلەک ڕێک و جوان لە ڕەگەزەکەی دیکە لێت نێزیک دەبێتەوە و پێت دەڵێت: سڵاو! تۆ ماوەیەکە جێی سەرنجی منیت، من تۆ بە کەسێکی لەڕادەبەدەر جوان و سێکسی دەبینم، قەبوڵتە سێکست لەگەڵ بکەم؟ 
بێگومان ئەگەر تۆ لە ڕەگەزی مێینە بیت، ئەوا هاوشێوەی %100ی کەسانی ڕاپرسییەکە قەبوڵی ناکەیت، نەک هەر ئەوەندە، بگرە وەک زۆربەی ڕەگەزی مێینە ئەم داوایە بە سوکایەتی و ڕەفتارێکی ناشیرین دەبینیت.
بەڵام ئەگەر تۆ لە ڕەگەزی نێرینە بیت، ئەوا هاوشێوەی %75ی کەسانی ڕاپرسییەکە پێت قەبوڵە، نەک هەر ئەوەندە، بگرە وەک زۆربەی ڕەگەزی نێرینە ئەم داوایەت پێ خۆش دەبێ و بە پیاهەڵدانی دەبینیت.
لەڕاستیدا ئەو ڕێژە کەمەشی ئەوانەی لە ڕەگەزی نێرینە ئەو شتەیان ڕەت کردەوە، هۆکارەکەی لەلای زۆرینە تێپەڕبوونیان بووە بە ئەزموونێکی خراپی لەو شێوەیە.
دەروونناسی پەرەسەندنەکی ڕاڤەی بۆ ئەم بابەتە ئەوەیە: هەرچەندە ئاشکرایە لەم سەردەمەدا بۆ ڕەگەزی مێینە ئاسانە تا تووشی سکپڕبوون نەبن لە پەیوەندی سێکسییەوە، کەچی هەر هەموویان ئەم کردارە ڕەت دەکەنەوە. هۆکاری ئەمەش بەندە بە مێژووێکی چەند سەد هەزار ساڵێک پێش ئێستە، ئەو دەمەی سێکسکردن لە دەرەوەی هاوسەرگیری بۆ ڕەگەزی نێر چێژ و خۆشییەکی کاتی بووە، بەڵام بۆ ڕەگەزی مێ کۆمەڵێک کێشە بووە لە سەختی ژیان و سکپڕبوون و منداڵ بەخێوکردن. هاوکات هەڵبژاردنی سروشتیش کە هەمیشە لە هەوڵی پترکردنی ژمارەی نەوەکانە، زیاتر لایەنگیری نێرینەکان دەکات بۆ ئەنجامدانی سێکسی کاتی و خێرا، چونکە پیاو لە ساڵێکدا دەتوانێت ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە ژنان سکپڕ بکات، بەڵام ئەگەر ژنێک لە ساڵێکدا لەگەڵ سەدان پیاویش سێکس بکات، ئەوا هەر ناتوانێت لە یەک منداڵ زیاتر بخاتەوە.
دەروونناسی پەرەسەندنەکی پێمان دەڵێت، لەگەڵ کاریگەری کۆمەڵگە و پەروەردە، هۆکارەکانی زۆربەی شێوازی بیرکردنەوە و حەز و ئارەزوو و ڕەفتارەکانمان، پێوەندییان بە نەوەنانەوە هەیە و لە پێشینانەوە بۆمان بەجێ ماون و لەناو ناخماندا گلدراون.
زانستی دەروونی بە پشت بەستن بە بیردۆزی پەرەسەندن، هەوڵ دەدات ڕاڤەیەکمان پێ بدات دەربارەی چەندان پرسیاری جۆراوجۆر، ئەوانەی پێشتر وەڵامی گونجاویان لەلای هیچ بوارێکی زانستیدا نەبووە، پرسیارەکانی وەک؛
- بۆچی سروشت و ڕووبار و باخ و گوڵمان پێ جوانە؟
- بۆ دزیکردن خراپە و یارمەتیدانی کەسانی دیکە چاکەیە؟
- هۆکارەکانی خۆشویستنی هاوسەر و مناڵ و کەسوکارمان چین؟
- ڕەگەزەکان چی شتێکی ڕەگەزەکەی دیکەیان پێ باش و جوانە، بۆچی؟
- بۆ ڕەگەزی مێینە حەزی بە پیاوی باڵابەرز و خاوەن لەشێکی بەهێزی پڕ لە ماسوولکەیە، هەرچەندە لەمێژە سەردەمی شەڕ و کێبڕکێی پیاوان لەسەر ژنان بەسەرچووە؟
- بۆ ژن زیاتر حەزی بە پیاوی دەوڵەمەندە، پیاویش حەزی لە ژنی گەنج و جوانە؟
- بۆ حەزمان لە خۆراکی شیرین و چەور و ماددە ئەلکهولییەکانە کە هەرچەندە زیانیشی هەیە بۆمان؟
- نهێنی بەکارهێنانی ئەو هەموو جۆرە بەهاراتانە بۆ چێشتەکانمان چییە؟
- هۆکارەکانی چێژ و بوونی ئێش و ئازار چین؟
- سوودەکانی ترس چین؟ بۆ لە مار و دووپشک پتر دەترسین وەک لە ئۆتۆمۆبیل، هەرچەندە ژمارەی مردن بە ڕووداوی هاتوچۆ گەلەک زیاترە لە پێوەدانمان لەلایەن مار و دووپشکەوە؟
- بۆچی بایەخ دەدەین بە موزیک و هونەر و شیعر و ڕۆمان؟
- بۆ بەردەوام لەهەوڵی ئەوەین ببینە خاوەن دەسەڵات و سامان؟
- بۆ مرۆڤەکان شەڕ دەکەن و هۆکاری ڕوودانی جەنگەکان چین؟
- بۆ پیر دەبین و بۆ دەمرین و بۆ هەندێ کەس خۆیان دەکوژن؟
پاش پێناسەی زانستی دەروونی پەرەسەندنەکی و دەستنیشان کردنی چەمک و بنەماکانی، هەوڵ دەدەین لە چەند بەشێکی داهاتوودا وەڵامی ئەو پرسیارانە و گەلەکی دیکە بخەینە بەردەست.

  چەمکی دەروونناسی پەرەسەندنەکی

زانستی دەروونی پەرەسەندنەکی‏ (علم النفس التطوري - Evolutionary Psychology)، ئەو زانستە نوێیەیە بە لێکگرێدانی دەروونناسی و بیردۆزی پەرەسەندن، هەوڵ دەدات بنچینەی گشت ڕەفتارە کۆمەڵگەیی و تاکایەتی مرۆڤ ڕاڤە بکات، هەر لە سەرەتای دەرکەوتنی یەکەمی تا دەگاتە ئەم چەرخەمان. دەروونناسی پەرەسەندنەکی زانستێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکوو کەڵەکەبوونێکە بۆ شارەزایی و ئەزموونی چەندان بواری جۆراوجۆری وەک، شوێنەوارناسی، مرۆناسی، کۆمەڵناسی، دەمارناسی و هی دیکە. بەم زانستە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە بیردۆزی پەرەسەندن تەنیا هەندێ گوتە نییە دەربارەی رەچەڵەکی مرۆڤ و زیندەوەران، بگرە بیردۆزێکی هەمەلایەنە و لە زۆربەی زانستەکان پشتی پێ دەبەسترێت، بۆ ڕاڤەی ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە بابەتەکان.
لەڕاستیدا داروین شایەنی نازناوی یەکەمین زانای دەروونناسی پەرەسەندنەکییە، لەبەرئەوەی تێبینییە تۆمارکراوەکانی بوونە بنچینە بۆ سەرهەڵدانی ئەم زانستە لەدوای خۆیدا. داروین یەکەمین ئەو کەسە بوو کە بیرۆکەیەکی گرینگی خستەڕوو، بەوەی دەربڕینی هەست و سۆزداری لەلای مرۆڤدا هاوشێوەی تایبەتمەندییە لەشییەکان پەرەی سەندووە، وەک چۆن دەربڕینی ڕووخسارێکی تووڕە، واتای ئامادەیی بۆ شەڕکردن دەبەخشێت. بیروڕاکانی داروین وای لە زانای ناودار (فڕۆید)ی دامەزرێنەری زانستی دەروونی کرد بایەخ بدات بەو بابەتە، دەرەنجام دەروازەیەکی فرەوان کرایەوە بەسەر تێگەیشتن لە پەرەسەندنی ڕەفتارە مرۆییەکان و بەندبوونیان بە ڕەفتاری پێشینەکانیان.
لە مێژوودا ژمارەیەک لە زانا و فەیلەسووفان هەوڵیان داوە لە سەرچاوەی بیرکردنەوە و چییەتی هەست و هۆشمان بگەن، بۆ ئەمەش گەلەک مشتومڕیان کردووە دەربارەی ئەوەی، ئایە زانیاری و هۆکاری هەڵسوکەوتمان لە مێشک و ناخماندا گلدراون، یاخۆ هەمووی لە ژینگە و پەروەردەوە فێریان دەبین؟
فەیلەسووف جۆن لۆک (John Locke)، پێی وایە مرۆڤ کاتێک لەدایک دەبێت مێشکەکەی وەک پەڕەیەکی سپییە، بەو واتایەی هەرچییەک دەیزانین لە کۆمەڵگە و ئەزموونی ژیانەوە وەریان دەگرین. بەرانبەر بەمەش بە ڕای فەیلەسووف گۆتفرید لەیبنیز (Gottfried Leibniz)، هەندێ لە زانیارییەکان لەگەڵماندا لەدایک دەبن و بەشێکن لە پێکهاتەمان.
 لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لە تۆژینەوەکاندا بیردۆزی پەرەسەندن ڕۆڵێکی زۆر دەگێڕێت لە ڕاڤەی گەلەک ڕەفتار و دیاردەی ژیانی ئاژەڵان، هاوشێوەی ئەزموونەکانی پسپۆڕی ڕەفتاری ئاژەڵان زانای ناسراوی خاوەن نۆبڵ کۆنراد لۆرینز (Konrad Lorenz). لۆرینز چەند لێکۆڵینەوەیەک لەسەر بێچووی قاز ئەنجام دەدات و بۆی بەدەر دەکەوێت کە ئەو بێچووانە هەڵگری بەرنامەیەکی زگماکین، واتە ڕەفتارەکانیان بنچینەیەکی پەرەسەندنەکییان هەیە. هاوکات زانای کارئەندامزانی ئیریک ڤۆن هۆڵست (Erich von Holst)، لە ئەزموونێکی سەرنجڕاکێشدا لەسەر ماری ئاویی دەگاتە دەرەنجامێکی سەیر، ئەو دەمەی هەڵدەستێت بە دابڕینی مێشک لە دەماری دڕکەیی بە کونکردنی خاڵی پێکبەندییان. لەبەرئەوەی بەگوێرەی زاناکانی ڕەفتارەکی هەموو هەڵسوکەوتێکی مرۆڤ و ئاژەڵان دەوەستێتە سەر فێربوون و ڕاهاتن، کەواتە دەبێ ئەو مارە دەریاییە نەتوانێت مەلە بکات، چونکە مێشکی دابڕاوە لە دەماری دڕکەیی و پێی ناکرێ هیچ زانیارییەک لەوانەی بە فێربوون وەری گرتووە بۆ ماسوولکەکان بنێرێت. کەچی ئەو زانایە دەبینێت، مارەکە زۆر بەچاکی و بەبێ کێشە مەلە دەکات، مەلە پێچاوپێچە و ئاراستەکردنە ئاڵۆزەکەی، گشتی بەهۆی بەرنامەیەکی دەمارەکی بەشێوەیەکی خۆبەخۆ لەڕێی ناردنی چەند ترپەیەکی دیارکراو بۆ ماسوولکەکان بەڕێوە دەچێت. دۆزینەوەی ئەم بەرنامە هەستەکییە لە خودی دەماری دڕکەییدا، بەڵگەیەکی پتەو بوو کە ئەمەیان بە کاریگەری هەڵبژاردنی سروشتی هاتووەتە کایەوە، بەتەواوی کاری خۆی دەکات و پێویستی بە فێربوون نییە.
زاناکان سەلماندوویانە زیندەوەران لە خودی خۆیاندا ئامادەیی و توانایەکی خێرایان هەیە بۆ فێربوونی هەندێ شت. ئەمەش واتای بوونی ڕوودانی چەند کردارێکی هۆشەکین لەناو مێشکی زیندەوەرەکاندا، ئەوانەی ناکارین گشت کاتێک ڕاڤەیان بکەین بە کاریگەری دەرەکی و پەروەردەیی. کەڵەکەبوونی ئەم جۆرە تێگەیشتن و بیروڕایانە بوونە هۆکاری هەڵگیرسانی شۆڕشێکی زانستی لە بواری دەروونناسیدا، بەوەی دیسانەوە بایەخی سەرنجدان بۆ (ناو کەلـلەی) مرۆڤی هێنایەوە بەر ڕۆشنایی. لێکدانی بنەماکانی دەروونناسی لەگەڵ بیرۆکەکانی پەرەسەندنی بایۆلۆژی بووە ڕێکارێکی زۆر کاریگەر بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنەتی کارکردنی مێشک و دیارکردنی شێوازی هەڵسوکەوتەکان. مێشکی مرۆڤ بەهۆی هەڵبژاردنی سروشتی و هەڵبژاردنی سێکسییەوە پەرەی سەندووە و ساز و گونجاو بووە، بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە چەندبارانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە بەدرێژایی مێژووی پەرەسەندنەکەی.
بۆ لێکۆڵینەوە و ئاشنابوون بە نهێنییەکانی هەست و هۆشی مرۆڤ، دەروونناسی پەرەسەندنەکی لە چەند پرسیارێکی سەرەکی ورد دەبێتەوە وەک، ئەو هۆیانە چی بوون وایان لە مێشک و هۆشی مرۆڤ کرد ئەو شێوەیەی ئێستەی وەربگرێت؟ پێکهاتەی مێشکی مرۆڤ چۆنە و بەشەکانی لەچی پێکهاتوون، بەچی جۆرێک ڕێکخراون؟ کار و فەرمانی بەشەکانی مێشک چین، ئەو شتانە چین هۆشی مرۆڤ دەبێ ئەنجامیان بدات؟ کاریگەری ژینگەی دەوروبەر چییە بەرانبەر بە مێشک و هۆشمەندی، تا وای لێ بکات ڕەفتارێکی دیارکراو بەبەرهەم بهێنێت؟
بیرۆکەی ئەوەی کۆمەڵێک لە پەسندکراوەکانی هەڵبژاردنی سروشتی لەڕێی جینەکانەوە دەگوێزرێنەوە بۆمان، بووە هۆی سەرهەڵدانی زانستی دەروونی پەرەسەندنەکی. هەڵبژاردنی سروشتی گرینگترین میکانیزمی پەرەسەندنی زیندەوەرانە، ئەوەی هەلی مانەوەی ئەو بوونەوەرانە پتر دەکات بە بوونی چەند تایبەتمەندییەکی سازاوی ناونراو بە خۆگونجانەکان (Adaptations) لەگەڵ ژینگە، بەرانبەر بە کێشە و گرفتەکانی مانەوە و زاوزێکردنیان، دەرەنجام ئەو تایبەتمەندییانە دەگوازنەوە بۆ نەوەی داهاتوو. واتە ئەوەی هەڵبژاردنی سروشتی بەباشی زانیووە وای کردووە کرداری نەوەنانەوە تا ئەمڕۆکە بەردەوام بێت، چونکە بوونی من هۆکارەکەی ئەوەیە داپیرە و باپیرەم توانیوویانە بەسەرکەوتوویی زاوزێ بکەن و جینەکانیان نەوە لەدوای نەوە بگوێزرێنەوە تا بەمن بگات. کەواتە باری دەروونی و ڕەفتاری مرۆڤی ئەمڕۆکە تەنیا ناوەستێتە سەر ئەزموونی تاکەکان، بگرە بۆ ئەو بژاردانەی بەدرێژایی ملیۆنان ساڵ لە ناخیاندا ڕەگیان داکوتاوە.
سەرەتای ڕاستەقینەی زانستی دەروونی پەرەسەندنەکی لە ساڵی 1975دا لەسەر دەستی زانا ئێدوارد ویلسۆن (E. O. Wilson) دەستی پێکرد. ئەو دەمەی کتێبەکەی بەناوی (بیۆلۆژیای کۆمەڵایەتی) بڵاوکردەوە، تێیدا بۆ یەکەمین جار و ڕاستەوخۆ بیردۆزی پەرەسەندنی وەک شیکەرەوەی سەرەکی بۆ ڕاڤەی ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ ناساند. ویلسۆن بەتووندی دژی ئەو بیروڕایانە وەستا کە پێیان وابوو، مرۆڤ لەدایک دەبێت بە هۆشێکی بەتاڵی بێ بابەتگەلە زگماکییەکان، بەڵکوو جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە هۆشی مرۆڤ لەڕێی جینەکان و بۆماوەوە دێتە چێ بوون، هاوتای کاریگەری کۆمەڵگە و پەروەردە، بەڵکوو پتریش.
درێژترین ئەو مێژووەی ڕەگەزی مرۆڤ بەسەری بردووە، ئەو دەمە بووە وەک چەند هۆزێکی بچووک لە دەڤەڕی (ساڤانا)ی ژینگەی گەرمی ئەفریکا دەژیان، نێزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار ساڵ پێش ئێستە، لەو ڕۆژگارەی ڕاوکردن کاری سەرەکی مرۆڤ بووە. زاناکان ئەو ماوەیە بە گرینگترین و کاریگەرترین قۆناغی پەرەسەندنی مێشکی مرۆڤی دەبینن و بە ژینگەی بنچینەیی خۆگونجانی دادەنێن.
خەریکبوون بە کشتوکاڵەوە مێژووەکەی کەمترە لە 10 هەزار ساڵ، شۆڕشی پیشەسازیش خۆی لە دووسەد ساڵێک پتر نادات، ئەمانەش ناکەنە یەک لەسەدی کۆی گشتی سەرهەڵدانی مرۆڤ، کەواتە گومانی تێدا نییە خۆگونجان و سازانەکانمان ڕێژە هەرە زۆرەکەیان بۆ قۆناغەکانی پێش کشتوکاڵ و پیشەسازی دەگەڕێتەوە.
ئاشکرایە زۆربەی ئەو خۆگونجاندنانە بوونە هۆکاری پەرەسەندن و شێوەگرتنی مێشکی ئەمڕۆمان، بەڵام دەبێ بزانین تا چی ڕادەیەک ئەوانە لەگەڵ ژیانی ئێستەماندا دەگونجێن؟ ئەگەر سەرنج بدەینە هەندێک لەو تایبەتمەندییانەی لە پێشینەکانمانەوە بۆمان بەجێ ماون، دەبین هەمووی سوودبەخش نین و بگرە گەلەک زیانیشیان هەیە. بۆ نموونە، خواردنی بڕێکی زۆر لە خوێ و شەکر لەو سەردەمانەدا گرینگییەکی تەواوی هەبوو بۆ بەدەستهێنانی وزەی پێویست بۆ ژیان. کەچی وەرگرتنی ئەو بڕە لەڕێی بڵاوبوونەوەی خۆراکە پڕ لە خوێ و شەکرەکان، مەترسییەکی ڕاستەقینەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤی ئەمڕۆکە. کەواتە هەر بە کاریگەری ڕەفتار و هەڵسوکەوتی ئەو سەردەم و چاخە کۆنینانە، مێشکی ئێستەمان بڕیار لەسەر هەندێ بابەتگەل دەدات کە هەندێ جار زیانی گەورەیان لێ دەکەوێتەوە. 
لەبەرئەوەشە خانمە زانای دەروونناسی ئەمریکایی لیدا کۆسمیدس (Leda Cosmides) و هاوسەرەکەی زانای مرۆناسی جۆن تووبی (John Tooby) کە دوو زانای فرە بەناوبانگی دەروونناسی پەرەسەندنەکین و خاوەنی گوتە ناسراوەکەن ئەوەی کە دەڵێت: کەللـەسەرە هاوچەرخەکەمان هەڵگری هۆشێکی مرۆڤی چاخی بەردینییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە