ژنی نەرگسی و تایبەتمەندییەکانی لەگەڵ چۆنێتی مامەڵەکردنیان (بەشی دووەم)

Monday, 20/02/2023, 8:06

6027 بینراوە


لەبەشی یەکەمی باسەکەمدا ئەوەم خستەڕوو کە نەرگسی، خوود ویستی یان خوود زل بینینە، یان هەستکردنە بەگەورەیی خوود، یاخوود زیادەڕۆییە لەگرنگیدان بەخوود.  هەروەها ئەوەمان خستەڕوو کە ژنی نەرگسی خۆیان بەگەورە و باڵاتر لەتۆ دەزانن، دان بەهەڵەکانیاندا نانێن و ناتوانن بەرپرسیارێتی هەڵەکانیان هەڵبگرن، بۆیە هەرگیز داوای لێبووردن ناکەن.
جگە لەوە ژنی نەرگسی پێویستیەکی لەڕادەبەدەریان بە سەرنجی پیاوە، بۆیە بەردەوام هەوڵ دەدەن سەرنجڕاکێش و کەشخە دەربکەون، سەرەڕای ئەوەی خۆیان سەنتەرن و ناتوانن کەسیان خۆشبوێت، پیاوێکیان دەوێت تا ئەندازەی پەرستن خۆشی بۆین. هەروەها حەزێکی سەیریان هەیە بۆ کۆنترۆڵکردن، هەموو کارێک دەکەن تا کۆنترۆڵی هاوسەری ژیانیان بکەن و بیخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە. جگە لەوانە  ئاڵودەی نائارامی و فەوزان و بەردەوام دەنگە دەنگ و ئاڵۆزی درووست دەکەن. وە لاوازن لەوەی هەست بەئازاری کەسانیتر بکەن، هاوسۆزی بنوێنن.
ئەگەر هاوبەشی ژیانت هەموو یان زۆربەی ئەو نیشانە و تایبەتمەندییانەی سەرەوەی تێدایە، ئەوە بە ئەگەرێکی زۆرەوە تێکچوونی نەرگسی هەیە (NPD)، لێرەدا چەند ڕێگەیەک دەخەینەڕوو کە دەتوانیت بیانگریتەبەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیاندا کە ئەمانەی لای خوارەوەن:-
1- داننان بەڕاستیدا: پێویستە دان بەو ڕاستییەدا بنێیت کە ئەو ژنەی لەگەڵیدا دەژیت نەرگسییە. لەوانەیە سەرەتا مامەڵەی جوان و شیرین بوو بێت، بەڵام ئێستا کاتێک شتێک دەکەیت یان بڕیارێک دەدەیت و بەدڵی ئەو نییە و بەهەڵەی دەزانێت، ئەوە ناوەخنی خۆیت بۆ دەرخات، دەتوەستێنێت و بەخراپترین و ناشرینترین شێوە دەتشکێنێت و ئیهانەت دەکات. لەوانەیە وابیربکەیتەوە کە هەڵەکانی تۆ ئەویان هانداوە کە بەو شێوە خراپە ڕەفتار بکات، بەڵام لەڕاستیدا وانییە، هیچ هەڵەیەکی تۆ ئەوی نەگۆڕیوە بۆ ئەوەی ئێستا، بەڵکو ئەو نەرگسییە و  لەسەرەتاوە وابووە و دەبێ ئەو ڕاستییە قبوڵ بکەیت.
2- سنوورێکی ڕوون و دیار لەنێوان خۆت و ئەودا بکێشە: کاتێک زانیت هاوبەشی ژیانت نەرگسییە، لەتایبەتمەندی و شێوازی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی گەیشتیت. ئەوە سنوورێک لەنێوان خۆت و ئەودا دابنێ، ئاگاداری بکەوە کە نابێت ئەو سنوورە تێپەڕێنێت، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی خۆت و کەسێتیت، ئەو پەیوەندییەی کە هەتە لەگەڵیدا.
3- کاریگەر مەبە بەو ژینگە فەوزەوییەی کە درووستی دەکات:
ڕەنگە بە تاکتیکەکانی لەیاریکردن بەعەقڵ و هەستت، ئەو نائارامی و ناجێگیری و بێ سەروبەرییەی کە درووستی دەکات، کاریگەریت لەسەر دابنێت و ناچارت بکات بچیتە ژێر ڕکێف و سایەیەوە. بەڵام هەوڵ بدە باوەڕت بەخۆت لەدەست نەدەیت، مەهێڵە یارییەکانی و ژینگە فەوزەوییەکەی، کاریگەری نەرێنیت لەسەر دابنێن.
4- لەڕەخنەگرتن دووربکەوەرەوە: ئەو ڕەزامەندی و پەسەندکردنی بەردەوامی دەوێت، کەسێکی دەوێت کە بیپەرستێت، بۆیە ئەو کەسێک نییە بەئاسانی ڕەخنە وەربگرێت. بۆیە تا دەتوانیت بەدووربە لەڕەخنەگرتن لێی، هەوڵ بدە دەربڕینەکانت لەشێوەی پێشنیاردابن بۆی، ئەم شێوازە هەندێ جار سوودی دەبێت.
5- لەکاتی خۆیدا قسە بکه: ئەو زوو زوو سنوور دەبەزێنێت، ئاڵۆزی و دەنگە دەنگ و سەرلێشێواوی درووست دەکات، بۆیە پێویستە لەکاتی خۆیدا هەڵوێست وەربگریت و بیوەستێنیت، بۆی ڕوون بکەرەوە تاکو بزانێت ڕەفتارەکانی، چۆن کاریگەری خراپیان کردووتەسەر ژیانت، چیتر ناتوانی تەحەمول بکەی و بەرگەیان ناگریت. مەهێڵە هیچ سنوور بەزاندنێک بەبێ حساب بڕوات.
6- لەبیرت بێت هەڵە و تاوانی تۆ نییە: بۆ بەدبەختی و نەهامەتییەکانی ژیانی، تۆ تاوانبار دەکات. ئەمە یارمەتی دەدات لەوەی کە خۆی لەبەرپرسیارێتی ڕەفتارەکانی بدزێتەوە و هەست بەباشبوون بکات. بۆیە بەردەوام سکاڵا و بۆڵەبۆڵ و شەڕێتی  لەگەڵتدا و ئاسوودەنەبوونی خۆی دەخاتە ئەستۆی تۆ. بەڵام هەمیشە ئەوەت لەیادت بێت تۆ تاوانبار نیت، هیچ تۆمەتێک قبووڵ مەکە لەکاتێکدا کە هیچ هەڵەیەکت نەکردووە. مەهێڵە بۆچوونەکانی کاریگەری نەرێنیان هەبێت لەسەر ژیانت.
7- مەودایەک بەخۆت بدە: هەرکات زانیت هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانی کاریگەرییان لەسەر درووست کردویت، تووشی ئازار و ناڕەحەتی بوویت، لەنائارامی و بیرکردنەوەی بەردەوامدا دەژیت. مەودایەک بەخۆت بدە و پشوویەک وەربگرە، ماوەیەک لەدووری ئەو بەسەر ببە. بۆئەوەی سەرنجت کۆبکەیتەوە و  کاریگەری ئەو ژینگە ئاڵۆز و پڕ لەکێشمە کێشمە لەسەرت کەم بێتەوە. ئەو کارانە ئەنجام بدە کە خولیای تۆن و دڵخۆشت دەکەن، ئەمە ئارامت دەکاتەوە و دووبارە ووزەت بۆ دەگەڕێنێتەوە.
8- دوور بکەوەرەوە لەکاردانەوە: یەکێک لەتاکتیکەکانی ژنی نەرگسی کە دەیگرێتەبەر یاریکردنە بە عەقڵ و هۆشی (Gaslighting) تۆ، کە ئامانج لێی درووستکردنی گومانە لەسەر ڕەفتار و ناو و ناوبانگی تۆ.  بۆیە یاری بەعەقڵت دەکات و ئاڵۆزی و مشتومڕ و دەنگە دەنگ درووست دەکات، تا تۆ تووڕە بکات و کاردانەوەی ناشرینت هەبێت بۆی، بۆئەوەی ئەوە بەتەواوی بسەلمێنێ کە ئەو قوربانییە. هەوڵبدە دوور بیت لەکاردانەوە و تەکنیکی شەش چرکە پەیڕەو بکە، کە لەژمارە یەک تاکو شەش دەژمێریت بۆ کۆنترۆڵی خوود، تا دۆخەکە بەبێ کاردانەوە تێپەڕێت.
9- پەیوەندییەکانت بپارێزە: هەوڵ بدە پەیوەندییەکانت بپارێزیت، لەخێزان و هاوڕێکانت دانەبڕێیت. بێگومان پەیوەندییەکی ناجێگیر و ئاڵۆز و پڕ لە کێشە لەگەڵ هاوبەشی ژیانت کاردەکاتەسەر پەیوەندییەکانت، بەڵام هەوڵ بدە لەپەیوەندیدا بیت لەگەڵ ئەو کەسانەی کە بۆت گرنگن. هەبوونی پەیوندی کۆمەڵایەتی یارمەتیدەر دەبێ لە کەمکردنەوەی کاریگەری نەرێنی ئەو ژینگە نائارام و ئاڵۆزەی کە تێیدا دەژیت.
10- داوای یارمەتی لەکەسانی پسپۆڕ بکە: مامەڵەکردن و ژیان لەگەڵ ژنی نەرگسی ئاسان نییە. هەرکات هەستت کرد کە ئیتر لەتواناتدا نەماوە و بەرگەی ئەو دۆخە ناگریت. هەوڵ بدە پەیوەندی بەڕاوێژکارێکی دەروونییەوە بکەیت، ئەو یارمەتیت دەدات لەسەر چۆنێتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخەی کە هاوبەشی ژیانت بۆی درووست کردویت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە