تیرۆری سیاسی لەئیسلامدا

Monday, 20/03/2023, 21:54

6574 بینراوە


تیرۆری سیاسی ئەو دیاردە بۆگەنەی مرۆڤە بیرتەسک و ترسنۆک و دەمارگیر و دواکەوتوو ناشارستانی و شکستخواردوو و دیکتاتۆرەکان پەنای بۆ دەبەن و لە دژی نەیارەکانیان بەکاری دێنن!
بەتایبەتی توندئاژۆکان و گرووپە پەڕگیر و مەزهەبی و فۆندەمێنتالیستەکان، کە چەندین کەسیان لە سەردەمی کۆن و نوێدا تیرۆرکردووە. لە سەردەمی نوێ و لە سەردەستی ئیسلامی سیاسی، لە وڵاتی میسر نموونەی"ئەحمەد ماهیر"سەرۆک وەزیرانی میسر، لە ساڵی١٩٤٨، لەلایان ڕێکخراوی ئیخوانولمسلیمین،قازی"ئەحمەدخازنەدار" لە ساڵی١٩٤٨، هەر لەیان ئیخوانولمسلینەوە، سەرۆک وەزیران"مەحمود فەهمی نوقراشی" لە هەمان ساڵ و دیسان لە لایان ئیخوانولمسلمین.

"ئەنوەر سادات"

سەرۆکی میسر ساڵی ١٩٨١،"فەرەج فۆدە" بیرمەند و نووسەر لە ساڵی١٩٩٢، "نەجیب مەحفوز" نووسەرو ڕۆماننووسی کۆکچردوو لە ساڵی١٩٩٥، هەوڵی تیرۆرکردنی دراو بە چەقو هێرشی کرایەسەر و پەڵاماردراو بریندارکرا لەسەر نوسینی ڕۆمانی (منداڵانی گەرەک)، چەندین هەوڵی ترو تیرۆرکردنی تر، لەو وڵاتەو وڵاتانی تردا، لەلایان گروپ و حیزبە  ئیسلامی سیاسیە فۆندەمێنتالیست و ڕادیکاڵەکان ..
ئەو ڕادیکاڵ و فۆندەمێنتالیستانەی، جگە لە زمانی چەک و تیرۆر و تۆقاندن، لە هیچ زمانێکیتر تێناگەن.
ئەو توندئاژۆیانەی ژیان کاوڵ و وێران دەکەن لە پێناو مردن. ژیانی ئێره بە دۆزەخ دەکەن، لە پێناو بەهەشتی ئەو دیو. مرۆڤەکان لێرە دەکەن بە پردی پەڕینەوە و سیرات، بۆ گەیشتن به حۆری و غیلمان و شەڕابی تەهورو چێژو ڕابواردن و خۆشیەکانی ئەولا!
دەسپێک بەرلەوەی بە کورتی و بە کوردی ڕانانێکی کورت بۆ کتێبەکەی هادی عەلەوی بکەین و باس لە تیرۆری سیاسی بکەین، لە ئیسلامداو سەبارەت بەم باس و خواسەوە، لاپەڕەکانی کتێبی«تیرۆری سیاسی لەئیسلامدا». هەڵبدەینەوە و بابەتەکە شەن و کەو بکەین و بەڵگەکان و نموونەکان لە بارەی ئەم تیرۆرە سیاسیەی ناو هەناوی مێژووی ئیسلام بخەینەڕوو،
پێم باشە سەرەتا ئاماژە بۆ خاڵێک بکەم، ئەویش ئەمەیە کە دیاردەی تیرۆری سیاسی، یاخود تیرۆر بەشیوەیەکی گشتی، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.....
لە دیاردەی تیرۆری سیاسی، یاخود تیرۆر بە شیوەیەکی گشتی، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، دەدوێین. هەڵبەت، تیرۆری سیاسی، مناڵی ئەمڕۆ، یان کۆرپەلی دوێنێ، یاخود لە دایکبووی پێرێ نییە. بەڵکو ئەو ڕەگێکی درێژ و مێژوویەکی کۆن ومێژوویی هەیە و بە تەنها تایبەت نییە بە سەردەمێک و بڕگەیەکی تاریخی دیارکراو، یاخود شارستانیەتێک و مێژووی گەلێک و ئایین و نەتەوەیەک. بە پێی ئایینەکان و میتۆلۆژیاکان بێت، تیرۆر لە گەڵ یەکەم هەنگاوی دابەزینی مرۆڤ،لە بەهەشتەوە بۆ ئێرەو لەگەڵ یەکەم پێ خستنە سەر زەوی ئادەمەوە،دەست پێدەکات و یەکێک لە دوو کوڕەکەی ئادەم، ئەوەکەیتر تیرۆردەکات( قابیل، هابیل دەکوژێت).
کەواتە بە پێی ئەو تێگەیشتن و میتۆلۆژیایەبێت، کە ئادەم بە یەکەم قۆناغی ژیانی بەشەریەت دادەنێن، دەتوانین بلێین تیرۆر لەگەڵ دەستپێکی کاروانی ژیان و مرۆڤایەتی و،سەرەتای گەشەسەندنی شارستانییەتدا، هاوەڵێتی و هاودەمی مرۆڤی کردووە.
هەموو شارستانیەتەکان و سەردەمە مێژووییەکان،کەم و زۆر، بەشی خۆی تیرۆر، یاخود تیرۆری سیاسی تێدا هەبووە. لەگەڵ پەرەسەندنی شارستانیەت و بەرەو پێشەوەچوونی ژیان و پێشکەوتنی زیاتری کۆمەڵ و ژیار و درووستبوونی دەسەڵاتی سیاسی و ئیمپڕاتۆڕیەت و دەوڵەت و هەرێم و مەمالیک و مێرنشینەکان، دیاردەی تیرۆری سیاسیش سەری هەڵداوە. بە هۆکار و پاڵنەری جۆر بە جۆر، تیرۆر لە پێناوگەیشتن بە دەسەڵات، یاخود لە پێناو مانەوە لە دەسەڵات، تیرۆرکردن لە پێناو بەرژەوەندییەک، تیرۆر لە پێناو ئایین و ئایدیۆلوجیا و ئایدیایەکی دیاریکراو،تیرۆرکردنی بۆچونی جیاواز، تیرۆرکردنی ئازادیەکان،تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس و نووسەر و قەڵەمە ئازادەکان..هتد.
مێژووی ئیسلامیش وەک بەشێک لەو مێژووە دوور و درێژەی مرۆڤ، که ژیان پێیدا تێپەڕیوە و لە سایەیدا ئەزموون کراوە و مرۆڤایەتی بە ناوتۆنێلەکەیدا ڕۆیشتووە، یەکێکه لە مێژووە هەرە ناشیرینەکانی بوونی بەشەریەتە.
مێژوويەک، تیرۆر ڕەگ و ڕیشەی خۆی تێدا داکوتیوە و پڕیەتی له تاوان و لادان و ئەشکەنجە و داگیرکرکاری و تاڵان و فەرهود و بە کەنیزەکردن و بە کۆیلەکردنی مرۆڤ و جەنگ و کوشتن و تیرۆر.
ئەو مێژووەی پێکهاتووە لە زنجیرەیەکی بەردەوام، لە تیرۆری سیاسی و توندو تیژی و خوێن ڕشتن و کوشتن و کودەتاو پیلان و یەکتری لە ناوبردن و پاکتاوکردن و سەرکوتکردن و دیکتاتۆریەت و وێرانکردن.
ئەو مێژووەی بە تڕێڵە مێکابی بۆ بکەیت و بە ساڵان بە دیاریەوە دابنیشیت مۆنتاژی بۆ بکەیت و هەوڵی پەردەپۆشکردنی قێزەونیەکانی و جوانکردنی ناشیرینیەکانی بدەیت، ئەوە هەرگیز، بۆت ناکرێت، چونکە مێژووەیەکی هێندە قێزەون و بێ ئەندازە ناشرین و لێوان لێوە لە توندوتیژی. مێژووەک، بۆنی باروت و خوێن و خویزاو جەنگ و داگیرکاری و کاوڵکاری و تیرۆری لێ دێت.
ئەو مێژووەی زۆر چەواشەکارانە، وەکو پەپولەیەک و مانگی چواردەشەو، یاخود بوکێکیئارایشتکراو، پیشانی ئێمە مانان دراوە و دیوە ڕاستەقینەکەی و لایەنە دزێوەکەی، زۆر فێڵبازانە، هەمووی شاردراوەتەوە و پەردەپۆشکراوە.
ئەو مێژووەی کردەی تیرۆری سیاسی یەكجار زۆر و لە ئەژمار نەهاتووی بەخۆیەوە بینیوە، لە لایەن سەرکردە و خەلیفەو والی و ئەمیر و حاکم و قازیەکان و هاوەڵەکان و ئالو بەیت و ڕاشدی و ئەمەوی و عەباسی و هەموو ئەوانەیتری دوای ئەمان و بە درێژایی حوکمی خەلافەتی ئیسلامی و بوونی حوکمی ئیسلامی و دەولەتی سیوکراتی ئیسلامی و لە نێوان هەموو چین و توێژەکانەوە.
تەنانەت هەوڵدراوە خودی پەیامبەری ئیسلامیش بەژەهر تیرۆربکرێت،جا وەک ئاماژەمان بۆی کرد، لە پێناو دەسەڵات بووبێت، یان لە سەر ڕەخنەگرتن و بۆچوونی جیاواز و ئایینی جیاواز، یاخود بۆ تەۆڵەسەندنەوە و بۆ سەروەت و سامان و هەر هۆکارێکیتر بووبیت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە