هەوڵی مەسعود بارزانی بۆ گەراندنەوەم بۆ لای خۆیان لەرێگای مامۆستا جەرجیس فەتحوڵاوە

Monday, 17/04/2023, 18:41

3276 بینراوە


هەوڵی مەسعود بارزانی بۆ گەراندنەوەم بۆ لای خۆیان لەرێگای مامۆستا جەرجیس فەتحوڵاوە
مامۆستا جەرجیس فەتحوڵا کوردێکی ئاسوری و دەرچوی یەکەم کۆمەڵی زانکۆی یاساناسانە لە عێراق، لەتافی لاویەتیەوە لەسەردەمی شەڕەکانی بارزانیەکانەوە لە ساڵانی چلەکان بەدواوە، پەیوەندیەکی پتەوی لەگەڵ بارزانیەکان دا هەبووەو هەر کە پارتی دیموکرات کوردستان دروست بوو لە ساڵی ١٩٤٦، مامۆستا جەرجیس فەتحوڵا بوو بەئەندامی پارتی و دوای هەڵگیرانی شۆرشی ئەیلول، هاتە ناو شۆڕش و کرایە ئەندامی مەکتەبی سیاسی، لەسەردانێکمدا بۆ لای مەلامستەفای بارزانی لە کۆتای بەهاری ١٩٧٠، کۆمەڵێک بەرپرسی گەورە لەلای مەلامستەفا بوون و مامۆستا جەرجیس فەتحوڵاش یەکێک بوو لە ئەوان، دوای گەیشتنم، مەلا مستەفای بارزانی پێشوازیەکی گەرمی لێکردم باسی سەنگەر پارێزی منی بۆ هەموو بەرپرسەکان کرد، کە کاک ئیدریس و کاک مەسعودیش لە ژورەوە بوون، لە مەدحی مەلا مستەفاوە بۆ من،
مامۆستا جەرجیس فەتحوڵا شیرینی بەمن داچوو و دوای دانیشتنەکە خۆی بە من ناساند، هەر لەو رۆژەوە پەیوەندیمان بەردەوام بوو، بەتایبەتی لە سەردەمی پڕۆژەی نەوتی کوردستاندا کە هاتبوو بۆ سوێد، لە زۆر بۆچون دا هاوبیر بووین و زۆر دڵگران بوو لەهەڵوێستی کاک مەسعود بارزانی بەرامبەر بەمن دەربارەی پڕۆژەی نەوتی نەوتی کوردستان، چونکە بۆ خۆی شارەزایەکی زۆری لەسیاسەتی نەوتی هەبوو و پێ وابوو ئەوپڕۆژەیە تاکە رێگای بەدیهێنانی سەربەخۆیی کوردستانە، چەند جارێک نامەی رەخنەی بۆ کاک مەسعود نوسیبوو لەو بارەوە، نامەکانی کاک مەسعودی هاندا کە پێی بڵێ سەردانی سەردار بکە بۆ لەندەن و هەوڵ بدە لەگەڵ خۆتی بهێنەوە بۆ کوردستان، مامۆستا جەرجیس فەتحوڵا داواکەی کاک مەسعودی پەسند کردو لە هاوینی ١٩٩٧ هات بۆ لاندەن و بوو بە میوانی من، داوای دروست بوونەوەی پەیوەندی کاک مەسعودو منی لێکردم، منیش پێم گووت مامۆستا، کاک مەسعود شارەزای سیاسەتی نەوت نیەو من بەباشی دەزانم تۆ وەک شارەزایەک لە سیاسەتی نەوت هەندێک ئامۆژگاری بکەی و پێی بڵێی کە با ئەو دەرفەتە لەدەست کورد نەچێت، من نامەیەکی کراوەم بۆ دەوڵەت و پەرلەمان نوسیوەو لە نامەکەدا نوسیومە کە پێویستە وەزارەتێکی تایبەت بە نەوت بکرێتەوەو ئەو وەزارەتە بێ لایەن بێ و هیچ حیزبێک دەسەڵاتی بەسەردا نەبێت، وەزارەتەکە هی هەموو کورد بێت و داهاتەکەش بۆ هەموو کورد بێت و خۆم وەزیرەکەی بۆ دابنیم و خۆشم سەرپەرشتی دەکەم، هەرکاتێک کاک مەسعود ئەو نامەی پەسند کرد، ئەوجار دەگەرێمەوە.
مامۆستا جەرجیس فەتحوڵا دوای ئەوەی لەنزیکەوە لە پڕۆژەکەم ئاگادار کردەوەو وام کرد نوێنەری کۆمپانیای نەوتەکەش بێت بۆ مالەوەو بەشدار بێت لەدانیشتنەکەمان، مامۆستا جەرجیس دوای نامەیەکی بە دەست و خەتی خۆی لێکرد کە چوناوچۆن لەگەڵمان دێتە پێشەوە، نوێنەری کۆمپانیاکە نامەکەی نوسی و مامۆستا جەرجیس فەتحوڵاش زۆر بەنامەکە دڵخۆش بوو، بەڵام لە نامەکەدا نوسرابوو دەبێ کۆنترۆڵی نەوتەکە بەتەواوی لەژێر دەستی سەردار دابێ.
مامۆستا جەرجیس نامەکەی لەگەڵ خۆی بردوەو کوردستان و دایە دەست کاک مەسعود بارزانی، کاک مەسعود بە مامۆستا جەرجیسی گوتبوو، ئاوا ناکرێت، دەبێ کاک سەردار بۆخۆی بێتەوەو بێتەوە ناو پارتی ئەوجار چۆنی دەوێ لەگەڵی رێک دەکەوین.
مامۆستا جەرجیس جارێکی تر هاتەوەو گوتی کاک مەسعود دەڵێ با بێتەوە کوردستان و ببێتەوە بە پارتی، چۆنی دەوێ وای بۆ دەکەین، منیش پێم ووت، مامۆستا جەرجیس من دەیان دۆکیمەنت و نوسراوم نیشانی تۆ داوەو بۆ خۆشت قسەت لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکە کردوە، من تەنها خاوەن بریار نیم و دۆستەکانم بەوە رازی نین نەوتی کوردستان بکەوێتە دەست مەسعود بارزانی، پێشتر موحسین دزەیی و لۆرد جێفری ئارچەر زۆر هەوڵیان داوە بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، مامۆستا جەرجیس رۆیشتەوەو پەیامەکەی منی گەیاند مەسعود بارزانی، ئەویش وەک خێڵەکیەک و نەزان لە سیاسەتی نەوت و بۆخۆ پچڕ، پەیامەکەی منی قبوڵ نەبوو و هەر سور بوو لەسەر قسەی خۆی کە دەبێ بگەرێمەوە و کار بۆ پارتی بکەم، جارێکی تر مامۆستا جەرجیس هاتەوەو گووتی کاک مەسعود رازی نەبووە بە پەیام و داواکەی من، منیش بە مامۆستا جەرجیسم گوت، کاک مەسعود دەیەوێ من برۆم نەوتەکە بۆ ئەو دەربهێنم بیفرۆشم بۆ ئەوەی هەردوکمان ببینە ملوێنەر، ئەوەش پڕۆگرامی نەتەوەیی من دا نیەو ئەو نەوتە نەوتی هەموو کوردە، نەک هی کاک مەسعود و من، هەوڵەکەی مامۆستا جەرجیس سەرکەوتوو نەبوو و دوای ئەوە ئاشتی هەورامیان پەیدا کرد بۆ ئەوەی دزیەکەیان بۆ بکات و دوارۆژی کوردو نەوتی کوردستانیان بەم رۆژەی ئەمڕۆ گەیاند.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە