سودان لە سێبەری ئاین و سەربازدا

Sunday, 23/04/2023, 18:41

7714 بینراوە


دوای ڕووبەڕووبوونەی سوپایی سودان و ملیشیا نیمچە سەربازیەکانی "هێزی پشتیوانی خێرا" ناوی ئەوەی دووەم بەشێوەیەکی فراوان لە ئاژانسە نێو دەوڵەتیەکاندا کەوتە سەر زاران و گەورەترین فۆکس لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ، لەسەر ئەو بوو. 
بۆ تێگەیشتن لەو شەڕوپێدادانەی سودان ، دەبێت هێزە بە شەرهاتووەکان و ڕابردوویان  بناسین.
هێزی پشتیوانی خێرا
 میلیشیایەکی نیمچە سەربازییە کە لە میلیشیاکانی جەنجاوید پێکهاتووە، کە لە کاتی شەڕی هەرێمی دارفور بەناوی حکومەتی سودانەوە، شەڕیان کردووە. هێزەکانی پشتیوانی خێرا لەلایەن دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانییەوە بەڕێوەدەبرێن، کە ئەوەی دووەمیان لەژێر فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی سوداندایە. فەرماندەی ئەم هێزە له لایه ن محه مه د حه مدان ده گڵۆ، ناسراو به (هێمه دتی) که دوای ڕووخانی ڕژێمی به شیر بووه به جێگری سه ڕۆکی ئه نجومه نی سه ڕبازی، که بڕیاربوو له قۆناغی ڕاگوزەردا سه رکردایه تی وڵات بکات. لە کاتی خۆپیشاندانەکانی سودان لە ساڵی ٢٠١٩؛ وە دوای ئەو کودەتا سەربازییەی کە لەلایەن سوپاوە ئەنجامدرا، کە وایکرد بتوانێت بگاتە دەسەڵات؛ هێزی پشتیوانی خێرا دەسەڵاتی گەورەتری بەدەستهێنا و دیارترین ڕۆڵی لە سەرکوتی توندوتیژی خۆپیشاندەرانی لایەنگری دیموکراسیدا بینی. لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی دیکە؛ هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٩دا کۆمەڵکوژی فەرماندەیی گشتییان ئەنجامدا کە بەهۆیەوە زیاتر لە ١٠٠ خۆپیشاندەری بێ چەک لە پایتەخت گیانیان لەدەستدا.

دارفور و جەنجاوید

هەرێمی دارفور وەك باقی هەرێمەکانی تری سودان لە کۆمەڵێك خێڵ ، ئاین و میللەتی جیاواز پێکهاتووە. سیاسەتی فەرمی حکومەت ، توانەوەی ئەو خەڵکە بوو لە بۆتەیی سودانی عەرەبی _ئیسلامیدا. لێرەوە ملیشیاکانی جەنجاوید پێکهێنران. بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی یاخیبوونی دژە حکومەت لە هەرێمی دارفوردا ،بەکاری دەهێنران. زۆر بەی هێزەکانی ئەم ملیشیایە لە خێڵە عەرەبە موسوڵمانەکانی دارفور پێکهاتووە.هێزی پشتیوانی خێرا لە مانگی ئابی ساڵی 2013 دوای ئەوەی لە ژێر فەرماندەیی دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانیدا ڕێکخرایەوە و بە فەرمی پێکهێنرا، ئەمەش دوای کاراکردنەوەی میلیشیاکانی جەنجاوید بۆ بەرەنگاربوونەوەی گروپە یاخیبووەکان لە ویلایەتەکانی دارفور و کۆردۆفانی باشوور و نیلی شین دوای هێرشە هاوبەشەکانی یاخیبووانی بەرەی سودانی لە باکوور و باشووری کۆردۆفان لە نیسانی ٢٠١٣.
هەروەها جگە لە وەی ڕۆڵی گەورەیان لە یەکلا کردنەوەی شەڕەکانی دارفوردا بینی؛ هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەزۆری بۆ پاسەوانی سنوورەکان لەگەڵ لیبیا و کۆکردنەوەی پەنابەرانی ئێریتریا و ئەسیوپیا جێگیر دەکران، ئەمەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی مەرجەکانی دەستپێشخەرییەکی هاوبەشی نێوان وڵاتانی ئەوروپا و ئەفریقا، لەنێویاندا سودان، بۆ ڕێگریکردن لە ڕۆیشتنی کۆچبەران بۆ ئەوروپا.
دەبێت ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ بدرێت؛ هێزەکانی پشتیوانی خێرا "تۆمارێکی زۆر خراپ"یان لە بواری مافەکانی مرۆڤدا هەیە بەهۆی کاروکردەوەیان لە شەڕەکانی دارفوردا. ئەوان بە هێرشکردنە سەر گوندەکان و سووتاندن و تاڵانکردنی ماڵەکان، هەروەها لێدان و دەستدرێژیکردنە سەر گوندنشینەکان بە هاوکاری هێزە ئاسمانی و زەمینیەکانی سوپایی سودانی ، تاوانگەلێکی گەورەیان خوڵقاند، کە دەچێتە خانەی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدەوە.

شەڕی ناوخۆی یەمەن

هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەشدارییان لە شەڕی ناوخۆی یەمەنیشدا کرد؛ لەو شوێنەی کە لە ڕووی سەربازییەوە تێوەگلاوە - لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی دیکەی سودان- لە دەستێوەردانەکەدا بە سەرۆکایەتی شانشینی سعودیە لە یەمەن و بەهۆی ئەم بەشدارییە لە ژێر ڕۆشنایی تێکچوونی دۆخی یەمەن بەهۆی ئەو شەڕەی کە تووشی بووە، تووشی چەندین ڕەخنە بووە لەلایەن میلیشیا حوسییەکانەوە کە ئێران پشتگیریان دەکات.
شرۆڤەکاران ژمارەی هێزەکانی پشتیوانی خێرایان بە نزیکەی ١٠٠ هەزار کەس خەمڵاندووە کە بنکە و بارەگایان لە سەرتاسەری سودان هەیە، ئەوان خاوەنی ١٠ هەزار ئۆتۆمبێلی چوار تایەی دەبڵ ئەکسڵن کە بە دۆشکە و چەکی دژە فڕۆکە، تەیارکراون.

سوپایی پیشەیی سودان

یەکە سەرەتاییەکانی سوپای مۆدێرنی سودان پێش ساڵی 1955ی زایینی دامەزران و لەو سەردەمەدا بە هێزی بەرگری سودان ناسرابوون، کە لەژمارەیەک سەربازی سودانی لەژێر فەرماندەیی سوپای داگیرکەری بەریتانیا پێکهاتبوون، بەناوی سوپای سودان .
سوپای سودان بە سوپایەکی خاوەن ئەزموونی درێژخایەنی شەڕکردن ناسراوە، بەو پێیەی لە دوای (جەنگی جیهانی دووەم) و قۆناغی دوای سەربەخۆیی لە پێگەیەکی شەڕکەردا مابووەوە بەهۆی یاخیبوون و شەڕە ناوخۆییە پچڕپچڕەکان. ئەزموونێکی فراوانی بەدەستهێنا.
سوپایی سودان وەك باقی سوپاکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی سێ، دوورە پەرێزی سیاسەت و دەسەڵات نەبوو . ئەو لە تەمەنی خۆیدا گەلێك کودەتایی سەرکەوتوو یان شکستخواردووی ئەنجامداوە. دیارترینیان:
- یەکەمیان لە ١٧ی تشرینی دووەمی ١٩٥٨ی زایینی بە سەرۆکایەتی لیوا ئیبراهیم عەبود
- دووەمیان لە ٢٥ی ئایاری ١٩٦٩ی زایینی بە سەرکردایەتی عەقید جەعفەر نیمێری
- سێیەمیان لە ٦ی نیسانی ١٩٨٥ی زایینی بوو، کاتێک فیڵد مارشال عەبدولڕەحمان سیوار ئەلدەهاب، وەزیری بەرگری ئەوکاتە، ڕاسپێردرا بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنێکی سەربازی کاتی بۆ حوکمڕانی سودان دوای ڕاپەڕین.
- چوارەم: لە 30ی حوزەیرانی ساڵی 1989ی زایینی بە سەرکردایەتی عەمید عومەر بەشیر سەرۆکی پێشووی سودان.
- پێنجەم: لە 11ی نیسانی 2019 بە سەرکردایەتی لیوا ئەحمەد عەواد ئیبن عەوف، وەزیری بەرگری و جێگری سەرۆکی وڵات عومەر بەشیر لەو کاتەدا، بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنێکی سەربازیی کاتی بۆ حوکمڕانی لە دوای شۆڕشی 19ی کانونی یەکەمی سودان.
سودان وەك یەکێك لە وڵاتانی کەنار و جیهانی سێ، وەك وڵاتێکی شکستخواردوو، لە لێواری گۆڕدا هەڵدەلەرزێت. هیچ بە دووری مەزانن ململانێکی سوپایی فەرمی و هێزەکانی پشتیوانی خێرا ببێتە شەڕێکی درێژخایەنی ناوخۆ و دوابزمار لە تابوتی ئەو وڵاتە بدات. لە سودان ئاین و سەرباز دەستیان خستۆتە بینەقاقایی ئەو کۆمەڵگایە . زیاد لە ٧٠ ساڵە لەسەر شانۆیی سیاسی ئەو وڵاتە ئاین و سەرباز دەسەڵاتی خۆیان نمایش دەکەن، ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویدا ، پەردەیەکی تری ئەو شانۆگەریەیە کە سیناریۆکەی ،بە خوێنی خەڵکی ئەو وڵاتە نوسراوە و دەنوسرێت!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە