تەرمەكەی بسوتێنن

Tuesday, 25/04/2023, 18:51

8310 بینراوە


نووسینی: هەڤاڵ ئاکۆ

بیگرن. عەلی سیاسی لە ماڵەكەی خۆی داڵدەی كوڕەكانی سوڵتان ھاشم ی ئەنفالچی داوە ، ئەو ڕۆژەش لەگەڵیان چوبوە سەر قەڵای ھەولێر بەبەر چاوی ئەو ھەموو پۆلیس و موخبیرو موعتەمیدو جاسوسە، وێنەی یادگاریان چركاندبوو. 
دادگایی بكەن. ئەو تاوانبارە موچەی پیاو ماقوڵانەی بۆ ئەو كۆنە جاشانە بڕیوەتەوە كە سەردەمانێك پێشڕەوی سوپای بەعسیان كرد بۆ ڕوخانی پێنج ھەزار گوندی كوردستان. كوڕی یەكێ لە كۆنە سەرۆك جاشەكانیشی كردۆتە قایمقامی پایتەختی (كوردایەتی)
ئەشكەنجەی دەن. عەلی سیاسی شوقەو پەناگەی تایبەتی بۆ گاردو پاسەوان و ئامۆزاو بەرپرسی دیوانی سەرۆكایەتی سەدام دروستكردوە لە شاری ھەولێر.
لە سێدارەی دەن. ئەو تاوانبارە پلەی خانەنشینی لیوای بەو قەڵەمفرۆشە بەخشیوە كە چەند ڕۆژێك دوای كیمیابارانكردنی پێنج ھەزار ھەڵەبجەیی، شعری (سەرۆكمان زێڕە)ی بۆ سەدام نوسی.
ھەر ئەوەندە نا ! دوای مردن تەرمەكەی لەم خاكە مەنێژن! لە دەروازەی شار سەرەو خوار ھەڵیواسن و لە سەری بنوسن:
ئەم ناپاكە، تاوانباری سەرەكی شەڕی ناوخۆ بوو.
فەرشی سوری بۆ سوپاسی بەعس ڕاخست لە ٣١ی ئاب.
ڕێ نیشاندەرو یارمەتی دەری جەندرمەو، لەشكری (گورگە بۆرە) تۆرانیەكان بوو.
بكوژی ڕۆژنامەنوس و شەق وەشێنی سەر خۆپیشاندەران بوو. 
ئینجا بە دوو پیاڵە نەوتی بای حەسەن و بابە گوڕ گوڕی فرۆشراو ، تەرمەكەی بیسوتێنن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە