جێژنی جیهانی کرێکاران لە شاری هامار لە نەرویژ

Tuesday, 02/05/2023, 9:38

8015 بینراوە


ئەمرۆ لە شاری هامار لە وڵاتی نۆرویژ، جێژنی جیهانی کرێکاران گیرا و بەرز نەرخێنرا. بە سەدان کەس بەشداری ئەو جێژنە بوون. سێ حیزبی چەپ و سەندیکای کرێکارانی هەرێمی هامار و دەوروبەری بەرپرسیاری بەرێوەبردنی جێژنەکە بوون. ئەو سێ حیزبە بریتی بوون لە، حیزبی کرێکاران (سوسیاڵ دێموکرات) ، حیزبی چەپی سوسیالیست، حیزبی سور. هەر حیزبە دروشمی تایبەتی خۆی هەڵگرت بوو. هەروەها بەشدار بووانی بێ لایەن و سەربەخۆ دروشیمی داوخوازیەکانی خۆیان پێبوو. بەڵام دروشیمی سەرەکی ئەوە بوو، " ئاسایەش و سەلامەتی لە کۆمەڵگادا". 
وتاری سەرەکی سەرۆک وەزیران، " یوناس گار ستۆرە" پێشکەشی کرد. سەرۆک وەزیران سەر بە حیزبی کرێکارانی نۆرویژە. ئەو بەو شێوەیە وتارەکەی دەست پێکرد: مێژوی سەندیکای کرێکارانی نۆرویژ و جیهان پڕە لە سەروەری و شانازی. ئێمە دەبێ ئەو کەسانەی کە ئەو میژووە پڕ لە شانازیان پێکهێناوە سوپاسیان بکەین و سەری نەوازێشیان بۆ دانوێنین. کرێکاران بە گوێرەی یاسای تایبەتی سەندیکای کرێکاران، بە زۆربەی مافە رەواکانی خۆیان گەیشتون. بەڵام سەندیکای کرێکاران دەبێ زۆر چالاک بێت، کە پارێزگاری لە مافی کرێکاران بکات و  خەبات بۆ  داوخوازیەکانیان بکات. حیزبی کرێکارانی نۆرویژ هەموو کات خەبات و تێکۆشانی کردووە بۆ مافی کرێکاران. دروشمی یەکەمی حیزبی کرێکاران، ئەوەیە کە دەبێ هەموو کەس هەلی کاری بۆ برەخسێت و کار بکات. بە کار کردنی هاوڵاتیان و باج دانیان حکومەتێکی رەفا و دۆڵەمەند پێکدێت، کە هەموو کەس لێی بەهرەمەند دەبێت. لە یاسای حیزبی ئێمەدا کە داماناوەو کراوەتە جێ بە جێ کردن، دەبێ هەموو کرێکارێک بە گرێبەست دامەزێت و مافیان پارێزراو بێت. لە ساڵی ٢٠٢٢ ی زاینیدا حکومەت، کە حیزبی ئێمە بەڕیوەی دەبات،(١١٠٠٠٠) کەسی خستۆتە سەر کار. 
لە لای چەپەوە: یوناس گار ستۆرە ، سەرۆک وەزیرانی نۆرویژ
 
حکومەت و حیزبی ئێمە و من دەمانهەوێت کە خەستەخانەیەکی گەورەی مۆدێرنی سەردەمیانە لە پارێزگای ئینلەندە لە شاری هامار یان دەور و بەری دروست بکەین. وەزیری تەندروستی خەریکی پرۆژەکەیە و هیوادارم کە پەسند بکرێت و بکوێتە باری جێ بە جێ کردن. 
داگیرکردنی وڵاتی "ئوکرینا" لە لایەن حکومەتی "روسیا" کارێکی نامرۆڤانەیە. ئۆروپا و ئێمە دەبێ هاودەنگ بین لە گەڵ خەڵکی "ئۆکراینا" . دەبێ بە هەموو شێوەیەک یارمەتیان بدەین. هەر ئەو ساڵ (٧٠٠٠٠) ئوکرانی وەک پەنابەر هاتونە نۆرویژ. من سوپاسی شارەوانی و خەڵکی شاری هامار دەکەم کە بە سەدان ئۆکراینیان لە شارەکەی خۆ جێ کردۆتەوە و پەنیان داون. 
ساڵی ٢٠٢٣ ی زاینی هەڵبژاردنی شارەوانیەکان و پارێزگاکان دەکرێت. رۆژی هەڵبژاردنی ٢٠٢٣/٩/١١ دیاری کراوە. هیوادارم کە لە زۆربەی شارەوانیەکان و پارێزگاکان حیزبی ئێمە، حیزبی کرێکاران براوە بێت، بۆ ئەوەی مافی رەوای کرێکاران و خەڵک بپارێزرێن و زیاتر خەباتیان بۆ بکەین. کاندیدای سەرۆکی شارەوانی هامار " ئەرلینگ بەهرێنس" ە و سەر بە حیزبی کرێکارانە.  ئەو زۆر لێهاتو و زیرەکە و هیوادارم کە بە دەنگی خەڵکی شاری هامار وەک سەرۆک شارەوانی هەڵبژێردرێت.  حیزبی ئێمە خەبات دەکات بۆ کۆمەڵگایەکی یەکسان. هەموو تاکی کەس دەبێ لە بەرهەم و داهاتی حکومەتی وڵاتەکەمان بەشدار بێت و ژیانێکی ئاسایەش و خۆشگوزەرانی هەبێت. 
 
نووسینی: عوسمان کەوکەبی‌شاد
ئەندامی سیاسی ئەنجومەنی شارەوانی هامار، سەر بە حیزبی کرێکارانی نۆرویژ

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە