دەسەڵاتی خۆسەری و هەرێمی، سوڕانەوەیە لە بازنەیەکی داخراودا!

Tuesday, 09/05/2023, 16:13

5604 بینراوە


پێشەکی:

لەگەڵ بەسەرچوونی کاتدا و سەرقاڵ بوونی نەوە دوای نەوە بە ژیانی تایبەتی، گوزەر کردن لەگەڵ ڕووداوە سیاسی و سەربازیەکان و جەنگ و سەختی دۆخی خۆگونجاندن لەگەڵ ڕووداوە ساتە وەختەکاندا، گەڕانەوە بۆ مێژوو پلەی یەکەمی نابێت لە ژیانی تاک و کۆمەڵگەدا، بۆیە ڕووداوەکانی ڕابردوو هەموو کاتێک لەسەر خوانی ژیانی ساتەوەختدا میوان نابن، تەنیا ئەوە نەبێت کە خەڵکانێک هەڵدەکەون کە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ڕابردوودا دەکەن، لەتۆی کتێب و نووسراودا کۆیان دەکەنەوە و سوچێکی پەرتوکخانەکان پێ پڕ دەکەنەوە و تۆزیان لێ دەنیشێت لەبەرئەوەی بەدەگمەن زۆرینەی کۆمەڵگە دەستییان بۆ دەبەن، بۆیە ڕووداوەکانی ڕابردوو لەبیر دەچنەوە. 
هەندێک مۆدیلی حوکمڕانی هەیە نەوەی تازە بەدەستکەوت و مۆدیلی تازەی دەبینێت، لە کاتێکدا ئەو ئەزموونانە بۆ سەدان ساڵ لەنێو کۆمەڵگە و ژیانی سیاسی و حکومڕانی گەلاندا پەیڕەو کراون، وەک بەهەرێم کردن و حکومەتی خۆسەر، کە ئێستا میللەتی کورد بە دەستکەوتی دەزانێت وەک مودێلێکی تازە چاوی لێ دەکات، بە سەدان ساڵ لەلایەن ئیمپراتوریتی بریتانی، ئیسپانی، ئەڵمانی، ڕۆمانی و ئیمپراتوریەتی عوسمانییدا پەیڕەو کراون بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی زێتری گەلانی ژێر دەسەڵاتیان.
لە مێژووی کورددا باسی ئیماراتەکان دەکرێت، ئەو ئیماراتانە لە زەمانێکدا هەبوون کە گەلێک ئیمپراتۆریەت لە دنیادا هەبوون و گۆی زەویان لەنێوان خۆیاندا دابەش کردووە و لەژێر سنووری دەسەڵاتی خۆیاندا دەسەڵاتی هەرێمی و ناوچەیان یان لۆکەڵیان دامەزراندووە، واتە هەبوونی ئیمارات و هەرێم و خۆسەری و لۆکەڵی هەرگیز مانای سەربەخۆیی و دامەزراوەی حوکمڕانی سیاسی ناگەیەنێت.     

نێوەڕۆک:

بەهەرێم کردنی وڵات و کۆبوونەوە لەژێر یەک  دەسەڵاتی سیاسی ناوەنددا، لەنێو چوارچێوەی سنووری جوگرافیی وڵاتێکی دیاری کراودا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەزموونێکی تازە نییە، بەهیچ جۆرێک مانای سەربەخۆیی بوونی، هیچ گەل و نەتەوەیەک ناگەیەنێت، کە خاوەن شوڕش و قوڕبانی بووە، بۆ گەیشتن بە ئازادی سیاسی و دیاری کردنی سنوور و هەڵکردنی ئاڵا، وەک نەتەوەی کورد.
 بەهەرێم بوون و ئازادی وڵات، دوو شتی ئێجگار جیاواز و دوورن لە یەکدی، مەرج نییە کاتێک کە وڵاتێک دابەش کرا بەسەر دەسەڵاتی سیاسی خۆسەری و هەرێم و کرا بە بەشێک لە دەسەڵاتی سیاسیی وڵاتێکی دی کە بەناوێکی دی ناسراوە، لە ئاکامدا ئەو دەسەڵاتی هەرێم و خۆسەریە، سەربەخۆی مسۆگەر بکات، ئەم یارییە ئەگەر بە وریایەوە نەکرێت لە کات کوشتن بەولاوە هیچی دیکەی بەرهەم نابێت. 
 ئەزموونی بەهەرێم کردن لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتەکاندا لە مێژوودا، سیاسەتێک بووە ڕەگێکی مێژووی قوڵی هەبووە، وەک ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کە ئەو سیاسەتەی پەیڕەو کردووە، بۆ ئەو وڵات و نەتەوانەی کە بەزەبری شمشێر خستویەتە ژێر دەسەڵاتی خۆی، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەو ئەزموونە لە سەدەی چواردەوە  تا سەرەتایی سەدەی بیست، بەردەوام بووە تا ئەو کاتەی کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا ڕووخاوە، دووبارە ئەو وڵاتانەی کە بەهێز بوون وەک بەریتانیا و فرەنسا میراتی عوسمانییان لەنێوان خۆیاندا دابەش کردووە، ناوی بەهەرێم بوونیان لابردووە،  لەژێر دروشمی بریقەدار و  ناوی حکومەتی سەربەخۆدا، هەمان ئەزموونی عوسمانییەکانیان پەیڕەو کردووە، سوڵتان ئاسا ئەو کەسانەیان لە دەسەڵاتدا دەستنیشان کردووە کە ڕاستەوخۆ گوێلەمستی خۆیان بوون، ئەوجا دووبارە وەک سوڵتان خۆیان لێ هەڵکردووە، بە دزینی سامانە سروشتیەکانی ئەو وڵاتانە و پشتیوانی کردن لە دەسەڵاتێکدا کە تا بەنەقاقایان نوقومی دیکتاتوریەت بوون. ئەم ئەزموونە کە تەمەنی لە سەد ساڵ زێترە، تا ئێستا بۆ پرسی نەتەوەیی کورد لە نەهامەتی بەولاوە هیچی دی لێ شین نەبووە، ئەوەی لە سێبەری هەردوو دەسەڵاتدا واتە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی و ئیمپریالیزمی نوێدا بە میللەتی کورد کراوە هاوشێوەی یەک بوون و بە تاڵە مووێک جیاوازییان نییە. 
لە کۆتاییەکانی سەدەی چواردەهەمدا، بۆ یەکەم جار ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بڕیاری دا بە دابەش کردنی دەسەڵاتی سیاسیی ئیمپراتۆریەتەکەی بەسەر چەند هەرێمێکدا، هەڵبژاردنی بەڕێوەبەری ئەو هەرێمانە ڕاستەوخۆ لەلایەن سوڵتانەوە بوو. لە قۆناغی دەسەڵاتی عوسمانییەکاندا مەسەلەی ڕێکخستنی وزارەتەکان و خەزێنەی ئیمپراتۆر کە ڕاستەوخۆ لەژێر کۆنتڕۆڵی سوڵتان بوون، هەردوو دامەزراوە گرنگترین دامەزراوە بوون کە سوڵتان فۆکەیسی خستبووە  سەر و کردبووی بە دامەزراوەیەک کە تەنیا خەڵکی بە ئەزموون و خاوەن بڕوانامەی بەرزی تێیدا دەستنیشان دەکرد بۆ کار کردن و بەڕێوە بردنیان، کە ئەو کات ناویان "پیاوی پێنووس بە دەستەکان" بوو، هەموویان دەبوایە دەسەڵاتی سوڵتان و ملکەچ بوونی خۆیان بۆ سوڵتان عەیان بکەن، ئەم دەزگەیە لەگەڵ کاتدا ببوو بە دامەزراوەیەکی بێرۆکراتی.   
لە ئیمپراتوریەتی عوسمانییدا حکومەتی هەرێمەکان لەسەر شێوەی هەرەمی ڕێکخرا بوون، لەنێو هەرێمە گەورەکاندا حکومەتی ناوچەیی هەبوون، بۆ نمونە میسر وڵاتێکی پان و بەرینە کاتێک کە دەسەڵاتی عوسمانی لەسەردەمی سلێمانی قانونی گەیشتە ئەوێ، ئیبراهیم پاشا کە لەلایەن سوڵتانەوە دەسەڵاتی پێ درابوو، میسری کرد بە ١٤ ئیدارە بە سەرۆکایەتی ئەفسەرە کۆنەکانی میسر. کاری سەرەکیی سەڕۆکی ئەو هەرێمانە، کۆکردنەوەی باجی ساڵانە بوو لە بەروبوومی ئەو وڵاتە داگیرکراوەدا و ناردنی بۆ حکومەتی ناوەند لەوێوشەوە بۆ سوڵتانی عوسمانی. 
ئەوانەی لە هەرێمەکان دەستبەکار دەبوون و پۆستی باڵای ئەو حکومەتانەیان وەردەگرت، وێنەی بچووکیی سوڵتان بوون، خاوەن دەسەڵاتێکی بێروکراتی بوون، ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە سوڵتانەوە هەبوو و هەموو پرس و ڕاوێژکاریان لەوەوە بۆ دەهات، ئەم دەسەڵاتە لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانییدا ناوی نرابوو (ماڵی عوسمانییەکان). هەموو ئەو گەل و کەمەنەتەوانەی نێو سنووری دەسەڵاتی ئیمپراتوریەتی عوسمانی، دەبوایە سەربازی بۆ لەشکری عوسمانی بکەن. جگە لە بەرێوەبردن و دابین کردنی خزمەت گوزاریەکان و دەزگەی پولیس و هەڵگرتنی لێپرسراوەتی ئاسایشی ناوچەکە، کاری سەرەکیی ئەو حکومەتە ناوچەیەی و هەرێمانە بە پلەی یەکەم کۆکردنەوەی باج و سەرانە بوو، کە دەچووە خەزێنەی سوڵتان لە ئەستانبول، کە ئەو کات پایەتەختی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو. هەر تاکێک کە لە دەسەڵاتدا بوو لە هەرێمەکان، سەرپێچی لە بڕیارەکانی "ماڵی عوسمانی" بکردایە، یان بۆنی ئەوەی لێ هاتبا کە نیازی جاڕدانی سەربەخۆیی هەیە، ئەوا سزا دەدرا و لادەبرا. بۆ نمونە لە میسر سوڵتان لە سەرەتادا پشتیوانی لە ئیسماعیل خدێوی کرد، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی بەرێوەبردنی میسری بکەوێتە ئەستۆ، بەڵام دواتر لە ساڵی ١٨٧٩دا کە سوڵتان هەستی کرد خدێوی مەیلی ڕاگەیاندنی سەربەخۆی هەیە، لەلایەکی دی ئەگەری ئەوە هەیە کە فرەنسا و بریتانیا ئەو هەلە بقۆزنەوە و خۆیان لە خدێوی نزیک بکەنەوە دژی دەسەڵاتی عوسمانی لە میسر، سوڵتان بە پەلە بڕیاری دەرکرد بە دوورخستنەوەی خدێوی لە دەسەڵات. 
لەنێوان ساڵانی ١٥٣٤-١٧٠٤دا ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە عیراق و کوردستاندا چەند هەرێمێکی دامەزراند کە بریتی بوون لە، ویلایەتی بەغداد. ویلایەتی شارەزوور. ویلایەتی بەسرە. ویلایەتی موسڵ. دواتر  لە ساڵی ١٨٣١- ١٩٢١دا ویلایەتی شارەزوور نەماو ئەو ناوچەیە لە چوار ویلایەتەوە کرا بە سێ ویلایەت.
 میللەتی کورد مێژوویەکی دەوڵەمەندی هەیە لە دەسەڵاتی هەرێمی و لەژێر باڵی ئیمپراتوریەتەکانی دنیادا، بۆ نمونە ئیماراتی بابان و ئەردەڵانی دوو دەسەڵاتی لۆکەڵی بوون، لە زەمانی سوڵتان سلێمانی قانونی واتە لە ساڵی ١٥٣٥-١٥٣٧یەکیان لەژێر چەتری ئیمپراتوریەتی سەفەوی و ئەویدی لەژێر چەتری ئیمپراتوریەتی عوسمانی سەقامگیر بوون، لە سەرەتادا ئەو دەسەڵاتە ناوچەییە پایەتەختیان کەرکوک بوو دواتر کە ئەردەڵانییەکانیان شکاند پایەتەختیان گواستەوە سلێمانی.
 بێ گومان ئەو دوو ئیمپراتوریەتە لە ناوچەکەدا جگە لە سەپاندنی باج بەسەر ئەو ناوچانەدا هەوڵیان داوە بۆ پارێزگاری لە سنووری ناوچەکەنیان، بەتایبەتی لە کوردستان کە عوسمانییەکان و سەفەویەکان هاوسنوور بوون، بۆ خەڵکی لۆکەڵ بگەرێن وەک لە میسر ئەفسەرە کۆنەکانیان کرد بە سەڕۆکی ١٤ هەرێم، لە کوردستاندا بەهۆی جیاوازی سروشتی کۆمەڵگە، ئەوان بەدوای سەڕۆک عەشیرەتێک دەگەڕان کە خاوەن نفوز و پیاوی چەکدار بێت، بۆ ئەوەی بە پلەی یەکەم سنووری دەسەڵاتی عوسمانیی لە ناوچەکانی خۆیاندا دژی ئیمپراتوریەتی سەفەوی بپارێزن و ئەوانیش مانەوەیان لە دەسەڵاتدا مسۆگەر بکەن، واتە سەفەوی و عوسمانییەکانی دوێنی کە تورکیا و ئیرانی ئەمڕۆیە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان  دوو هێزی کوردییان بەرامبەر بەیەک لە کوردستاندا قوت کردوە. جگە لەوەی کە ئەو دوو ئیماراتە ئەرکیی سەرەکیی سەرشانیان پاراستنی سنووری عوسمانی و سەفەوی بوو، لەنێو خۆشیاندا ملاملانی و دووبەرەکیی هەبوو بۆ بوون بە سەڕۆکی ئەو ئیماراتانە، واتە بە هەردوو مەبەست یەکدیان دەکوشت. تا هەردووک ئیمارات توانای پاراستنی بەرژەوەندیی و سنووری ئیمپراتۆریەتی سەفەوی عوسمانییان هەبوو لە دەسەڵات مانەوە، دواتر بەدەستی یەکدی لاواز بوون، ئەو دەسەڵاتە ناوچەییە کۆتایی هات لە ساڵی ١٨٥٠دا ئیماراتی بابان بەسترایەوە بە دەسەڵاتی والی عوسمانی لە بەغداد. 
ئیمپراتوریەتی عوسمانی بە درێژایی دەسەڵاتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا مەبەستی دوو شت بوو، یەکەم باجی ساڵانە بگاتە خەزێنەی سوڵتان. دووەم، سنووری دەسەڵاتی پارێزراو بێت لە مەترسیە دەرەکییەکان و ناوەخۆییەکان. واتە ئەو ژیان و گوزەرانی میللەتانی ژێر چەپۆکی خۆیان لا گرنگ نەبوو، دابڕابوون لە میللەتان، تەنیا پردی پەیوەندییان ئەو کەسانە بوون کە لە دەسەڵاتیان دانابوون، ئەوانیش ئامانجە سەرەکییەکانی سوڵتانیان پێکابوو، لە پاڵیەوە خەڵکیان دەچەوساندەوە، ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی لەنێو خەڵکدا ببوو بە دیاردەیەکی زەق، دەسەڵاتدارانی هەرێمەکان و ناوەندەکان خەریکی گەندەڵی بوون، دەسەڵاتیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکار دەهێنا، بەو جۆرە بیرۆکراتیەت و مەحسوبیەت لە هەموو جومگە سەرەکیی و ناسەرەکیی دەسەڵاتی حوکمڕانی هەرێمەکان و ناوەندی دەسەڵاتی ناوچەکاندا گەیشتە لووتکە، ئەم ئەزموونە بۆ گەلانی ژێر دەست بەتایبەتی بۆ میللەتی کورد هیچی لێ شین نەبوو وەک ئەمڕۆ. 
ئەم ڕووداوە مێژوویانە پێمان دەڵێن، کە ئەزموونی بەهەرێم بوون بۆ میللەتی کورد سەرکەوتوو نەبووە، بۆیە بە سەدان ساڵە ئەو میللەتە هەر ژێردەست ماوەتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا دەگوزەرێت هەمان شێوەی ئەو ویلایەتانە بووە کە عوسمانییەکان و سەفەویەکان دایانمەزراندووە، ئەزموون و تاقیکردنەوەیەکی تازە نییە. ئەزموونی چارەکە سەدەیەکی هەرێمی باشوور هەمان ئەزموونی ئەو ویلایەتانەیە، تا ئێستا ئەو میللەتە لەو دەڤەرە خاوەن ئابووریی نیشتمانیی و نەتەوەیی سەربەخۆ نییە، خاوەن سوپایەکی بەهێز و خاوەن شکۆ نییە، گەندەڵی هەموو سوچێکی دامودەزگە حکومیی و حزبیەکانی گرتۆتەوە. گرنگی دان بە گەشە کردنی رۆحی عەشایری و هۆز و قەبیلە لە لووتکە دایە، کە دیاردەیەکی ترسناکە، میللەت بەرەو دواوە دەبات، لەبری پەرەسەندنی ڕۆحی نیشتمانیی و نەتەوەیی لای تاکی کورد، ڕۆحی وەلا بۆ سەڕۆک عەشیرەت و عەشیرەتگەری لە پەڕەسەندنە، بەم حاڵە میللەتی کورد لە هاڤڕکێی سیاسیی لەسەر ئاستی ناوچەکە و دنیادا لە پاشەکشەیە، بەم جۆرە بڕوات میللەتی کورد ناتوانێت لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێت.

دەرئەنجام:  

چارەنووسی ئەو جۆرە پەیکەرە سیاسییانە، بە پلەی یەکەم بەندە بە هێزی ئابووریی و سەربازیی تا بتوانێت لەسەر ئاستی ناوچەکە و دنیادا خۆی بسەلمێنێت و پێداگری بکات بۆ گەیشتن بە ئامانجە نیشتمانیەکان. تا ئەم ساتە دوای چارەکە سەدەیەک لە بەهەدەردانی سامانە سروشتیەکانی باشووری کوردستان و هەناردە کردنی بۆ تورکیا و ئیران، بەرامبەر خۆدەوڵەمەند کردنی لێپرسراوانی هەرێم لە سلێمانی و هەولێر، پشتگوێ خستنی ئەو ڕاستیەی کە بەهێز بوونی زێتری عیراق و تورکیا و ئیران و سوریا، لە بەرژەوەندیی پرسی ڕەوای میللەتی کورد نییە، بۆیە مێژوو و  ئاماژەکانی هەنووکە دەیسەلمێنن، کە بەهەرێم بوون و حکومەتی لۆکەڵی لەژێر باڵی حکومەتی ناوەند ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، سووڕانەوەیە لە بازنەیەکی داخراودا. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە