کۆمەڵکوژیی هەولێر پەڵەیەکی ڕەش لە مێژووی پارتی

Thursday, 11/05/2023, 18:28

5202 بینراوە


ئەمڕۆ ٢٥ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر یەکێک لە پەڵە ڕەشەکانی ناو ڕۆژژمێری خیانەتی پەدەکە، کە چەکدارەکانی هاوشانی جەندرمەی تورک لە ناو شاری هەولێردا ئەنجامیاندا، کە تێیدا ٨٣ ڕۆژنامەنووس، سیاسەتمەدار و هونەرمەند و گەریلای برینداری بێ بەرگریی شەهیدکران.
پەکەکە بۆ ڕێگرییکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی تاڵی شەڕی کورد بە کورد و پاراستنی پەدەکە لەوەی کە جارێکی تر نەبێتەوە داردەستی دەوڵەتی تورک و نەکەوێتە بەرەی خیانەتەوە، لە ئاستی سەرکردایەتی کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ پەدەکە ئەنجامدا بۆ دانوستان و ئاشتەوایی.
ڕۆژی ١٤ی ئایاری ساڵی ١٩٩٧، دەوڵەتی تورک هێرشێکی فراوانی داگیرکاریی بۆسەر باشووری کوردستان دەستپێکرد، پەدەکەش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سوپای تورک بەشدارییکرد، لەو هێرشەدا زیاتر لە ٢٠٠ هەزار سەرباز و هەزاران چەکداری پەدەکە تێیدا بەشداربوون.
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، لەوبارەیەوە دەڵێت:”هەڤاڵان هاتن و وتیان پێشمەرگەکانی پەدەکە هێرشیان کردووەتە سەرمان دەیانەوێت گردی بەهار بگرن، تووشی سەرسوڕمان بووم من وتم چۆن دەبێت؟!، دوێنێ لەگەڵیان کۆبووینەوە وبەڵێنیان پێداین، کە شەڕ نەکەن و هاوکاریی دەوڵەتی تورک نەکەن”.
شایەتحاڵەکان باس لەوە دەکەن، خودی مەسعود بارزانی سەرۆکی پەدەکە بە بەڕێوەبەرانی پەکەکەی وتبوو” سوێند بەگۆڕی بارزانی بابم شەڕ  لەگەڵ پەکەکەدا ناکەین”، ئەوانیش ئەم قسەیان بەبنەما وەرگرتووە و باوەڕیان پێهێناوە، بەڵام پێچەوانەکەی هاتەدی.
هەروەها لە سەروبەندی کۆمەڵکوژییەکەدا، خەڵکانێکی زۆری شاری هەولێر ویستویانە خۆیان بکەن بە قەڵغانی مرۆیی و لە دەوروبەر و لەناو بارەگاکانی پەکەکەدا کۆبوونەتەوە بۆ ڕێگرییکردن لەو ڕووداوە، بەڵام جارێکی تر لەوێ پەدەکە بەڵێنی بە خەڵک دابوو، کە ئەوان خەڵک ناکوژن و ھیچ شەڕێکیش ڕوونادات، بۆیە دیسان لەسەر ئەو بەڵێنە خەڵک گەڕابوونەوە ماڵەوە.
کانی میران، زیندانییەکی سیاسیی دەربارەی ئەو قۆناغە دەڵێت: لەپێناو تێکۆشانی یەکێتی نەتەوەیی و یەکپارچەیی کوردستان، هاتینە باشووری کوردستان، پەدەکە پێشوازییەکی فریودەرانەی لێکردین.
دەگێڕێتەوە، ساڵی ١٩٩٧ پێش ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی هەولێر، پەدەکە هەڵمەتێکی شاراوەی ڕەشبگیرییان دەستپێکرد، من و چەند هەڤاڵێکی دیکەمیان بە شێوازێکی دۆستانە بانگهێشتی بارەگای خۆیان کرد، کاتێک گەشتینە ئەوێ خیانەتیان لێکردین و هێرشیان کردە سەرمان و دەستگیریانکردین و بە چاوبەستراوی ڕەوانەی زیندانی نهێنی ئاکرێ کراین.
، دواجار دوانیوەڕۆی ڕۆژی ١٦ی ئایاری ساڵی ١٩٩٧ چەکدارانی پەدەکە هاوشانی جەندرمەی تورک کۆمەڵکوژیی هەولێریان دەستپێکرد.
هێزەکانی پەدەکە و میت، لەیەک کاتتدا هێرشدەکەنە سەر بارەگاکانی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، مەڵبەندی ڕۆشنبیریی میزۆپۆتامیا، یەکێتی ئازادیی ژنانی کوردستان، نەخۆشخانەی گەریلا بریندارەکانی مانگی سووری کورد، ڕۆژنامەی وڵات و ڕۆژنامەی وەتەن شەمس.
بەپێی بەڵگەنامەکان، ٨٣ ڕۆژنامەنووس، سیاسەتمەدار و هونەرمەند و گەریلای برینداری بێ چەک لە ناو نەخۆشاخانەدا، لەو هێرشانەدا بەردەکەون، بەشێکیان شەهید دەکرێن و بەشێکی دیکەشیان بێسەروشوێن دەکرێن.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی چەتریش، کە لە ژمارە ٥٦ی ساڵی ٢٠١١دا بڵاوکراوەتەوە، تەرمی بەشێک لە شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکە لەناو گۆڕستانێک لەسەرڕێگای هەولێر-مەخمور لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا نێژراون، کە ناسراوە بە مەعمەل قیر لە سەربازگەی ڕەشکین و چەند شوێنێکی تریش گۆڕی بە کۆمەڵ ھەن، کە گومان دەکرێت تەرمی ئەو شەهیدانەی تێدابێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە