پارتەکانی سیاسی کوردی باکوری کوردستان و قلیجدارئوغڵو حیکمەتی سیاسی یان خەیانەتی سیاسی؟

Thursday, 18/05/2023, 23:31

3587 بینراوە


بە بڕوای من سیاسەت یانی ھونەری مومکین کردنی ئاستەمە نامومکینەکان و باشترین بریاری ژیرانەیە، لە ھەستیارترین کاتدا کە کەمترین زەرەر وەبەر بەرژەوەندی گشتی گەلو نەتەوەکەت بکەوێت و لە بەرامبەریشدا زیاترین قازانجی گشتی بەدەست خستنە بە ھۆی باشترین ھەڵبژاردن لە نێو بژاردەکانی بەردەم لە جمو جۆڵە سیاسیەکاندا کە دێنە پێش و ڕو ئەدەن لە ساتەوەختە خێراو ھەستیارەکاندا .
 لە بژاردەکانی بەردەم گەلی کورد لە باکور باشترین ئالترناتیڤ وەکو تاکتیکی ڕۆژ ! بۆ کورد ئەوەیە کە * بە ھۆی کەمی ڕێژەی خەڵکی کورد لە چاو تورک * گەلی ئێمە لە باکوری وڵاتدا ناچارە کە لە تەک ئەو تورکانەی وا بە ھۆی فاشیسمی تونداژۆی ئیسلامی سیاسی ئاک پارتیەوە ھەست بە چەوسانەوە  لەو وڵاتەدا دەکەن ! ھاوپەیمانی ڕابگەیەنێت، ئەوە وەکو ڕێگا چارەی تاکتیکیە لە بەردەم کوردو ئەو بەشە لە تورکیش، بۆ لادانی ئەردوغانێک کە دو جار فاشیستە * ھەم بە ناوی تورکایەتی و ھەمیش ئیسلامەتی* و تورکە لائیکو ئاتێئیستە سێکولارەکانییش و بیر جیاوازان و دین و مەزھەبو ئایین جیاوازانی ئەو وڵاتەش وێڕای کورد دەچەوسێنێتەوە * .
ئایا جگە لە ئەم ھاوپەیمانییە تاکتیکییەی کوردی باکور لەگەل جەھەپە و قلیدار ئوغڵو ! * کورد دەتوانێت بەڕاستی بە بایکوت و بەشداری نەکردنیش لە ھەڵبژاردندا ببێتە ڕێگرو بەربەست بۆ نەبونەوەی ئەردوغان بە دەسەڵاتی یەکەمی ئەو وڵاتە کە دوجار لە خودی کەمال ئاتاتورک مەترسیدارترە بۆ سەر مافو ئازادیەکانی گەلی ئێمەی کورد لە باکوری نیشتماندا؟ *
لادانو خستنی ئەردوغان ئەگەر تەنانەت بە ھاوپەیمانی شەخسی جەنابی ئەھریمەنیش بوبێت چ بگا بە قلیجدار ئۆغڵو !* بۆ ئەمڕۆی کورد لە باکوری کوردستان زەرورەتێکی سیاسیو مێژوییە* و ئەمە ناوی خەیانەت نییە* بەڵکو حیکمەتی سیاسیو کەڵک وەرگرتنە لە دەرفەتەکانی بەردەم گەلێکی قەت نە حەساوە بە نێوی کورد ھەر لە پێنج سەدەی ڕابردو تا ئەوڕۆ لە جوغرافیای سیاسی وڵاتێک بە نێوی تورکیا.
 بەڵێ راستە جەھەپە واتە حیزبەکەی ئاتا تورک لە گورگە فاشیستەکانن! بەڵام دیسان ھەستی پێشخستنی نەتەوەی تورک و خەونی بردنی تورکیە بۆ ناو ئەندامێتی ئوروپا وەک خەونی بتر لە یەک سەدەی ڕابردوی ئەو حیزبە وا دەکات ھەندێک خوێندنەوەی سەردەمیانەتری ببێت و پابەندبونی خۆی بە شەرتەکانی پارلمانی ئوروپا بۆ وەدی ھاتنی خەونەکەیان *! وای لێ دەکات کە بۆ سیاسەت لە دژی کورد و چاوو گوێی ڕای گشتی وڵاتانی ئوروپایی زیاتر پابەند بێت بە شروتی دیموکراتیکو مافەکانی مرۆڤ کە ئەوە بۆ کورد دەستکەوتێکی کاتی دەبێت بۆ کەڵک وەرگرتن لە فرسەتو مەنفەزو ڕۆچنەو ڕوناکایی و پشودانو نەفەس تازەکردنەوە و ڕوبەڕوبونەوە لە گەڵ ئەو دەرفەتانەی داھاتوە کە بەم ھۆیەوە بۆی دەڕەخسێت* ! 
 جا بۆیە پێشینیان فەرمویانە کە : دوژمنی زانا باشترە لە دۆستی نەزان * و دوژمنێکی زانا لە دۆستێکی نەزان کەمتر زیانت پێ دەگەیەنێت*
کە ئەگەر قلیجدارئوغڵو و ئەردوغان وە پارتەکانیان واتە جەھەپەو ئاک پارتی پێکەوە قیاس بکەین قلیجدار ئۆغڵو دوژمنێکی ژیرترە و پارتەکەشی خەونی سێکولاریزمی ھەیە بەڵام خەونەکانی ئەردوغان و ئاک پارتی فناتیسک و مورتەجیعو دواکەوتوانەیەو تێکەڵ کردنەوەی دینە بە سیاسەت و تا ئەو ڕادەیەی کە پشتگیری داعشی دەکردو سنورەکانی تورکیای بۆ ھەناردەکردنی جیھادیەکانی داعش لە کارنامەی سیاسی ئاک پارتی و دوکتێرێنی سیاسی ڕەجەب تەیب ئەردوغان بووە کە بەو ئاکامە دەگەین کە قلیجدار ئوغڵو و پارتەکەی بە سەر ھەمو دژە کوردبونێکیاندا ھێشتا دوژمنێکی ژیرو وریاو عاقڵترن لە چاو ئاک پارتیو ئەردوغان !*
 ھەر بەو پێیەش بە باوەڕی من سیاسەتمەدارانی کوردی باکور بە بۆچۆنی من باشترین تاکتیکی سیاسیان بە کار ھێناوە لە عەرزی واقیع و مەیدانی سیاسی تورکییەی ئیمڕۆژدا و ئەوەی کردویانە حیکمەتە لە سیاسەتدا نەوەک خەیانەت !* 
تکایە با لە جیات بێڕێزی ئەگەر دەکرێت یارمەتیدەر بن دەنا ھیچ مەڵێن با ئەوان کاری خۆیان بکەن و ورەو ئیرادەیان بە ھەدەف مەگرن.
بژی خەباتی ڕەوای گەلی کورد و خەڵکی خەباتکاری باکوری کوردستان.
https://www.facebook.com/Xebat.Qureishi

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە