دیسان مۆتەکەی بەکالۆری

Tuesday, 06/06/2023, 13:15

3167 بینراوە


کچێکی خوشکەزام لە پۆلی شەشی ئامادەییە (پۆلی دوانزە) ، کاتێک باسی پرسیارەکانی زیندەوەرزانی (٤ ی ٦ ی ٢٠٢٣) ، تاقیکردنەوەی بەکالۆری بۆ کردم، خەمێکی زۆر دایگرتم. قوتابی بە چ  شێوازێک تواناکانی دەردەکەوێ کاتێ هەموو وەڵامەکانی بە بژاردەیە؟  بە چ شێوەیەک بیر و بۆچوونەکانی خۆی بۆ شیکردنەوە و لێکدانەوە دەردەکەوێ؟ 
تاقیکردنەوەی بەکالۆری لەگەڵ ئەوەی کە کاریگەرێکی دەروونی زۆر خراپ دەکاتە سەر قوتابی، هاوکات پێوەرێکی دادپەروەرانەش نییە بۆ دەرخستنی توانا و بەهرەکانی قوتابی... تاقیکردنەوەی بەکالۆری خونچەی توانا و بەهرە و خەونەکانی قوتابی وەک تەرزەیەکی لە ناکاو هەڵدەوەرێنێ...
دوو هەفتە لەمەوپێش قوتابیەکانی خۆم تاقیکردنەوەی نیشتمانییان لە وانەی ماتماتئک دا نوسی. لە هەموو کۆرسەکانی ئامادەییدا، تاقیکردنەوەکانیان لە سێ بەش پێک هاتبوو. دووبەش بەبێ هاوکاری ئالاتی ژمێریاری، بەشی دووەم و سێیەم کە زۆرینەی پرسیارەکانی ئەم تاقیکردنەوەیە بوون، هەموویان کێشە بوون، دەبێ قوتابی خۆی چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە و شیکاریان بکا، پرسیاریان هەبوو بە یەک لاپەرەی ئا٤ ، بە زمانێکی دروست و رەوان، باسی لە کێشەکە دەکرد. کێشەکانیش زۆرینەیان لە کێشەی ژیانی راستەقینەوە وەرگیرابوون. جگە لەوەش زۆرینەی پرسیارەکان بە وێنەی رەنگاو رەنگ کێشەکانیان زیاتر ئاسانترکردبوو بۆ تێگەیشتن. دیارە پرسیارەکانی تاقیکردنەوەش تایبەت بوو بەو بابەتانەی کە لە کاتی خوێندنی کۆرسەکەدا وەریانگرتبوو.
بەراستی بەزەییم بە قوتابیانی کوردستان و بە نیشتمانەکەم دا دێتەوە... 
رێکەوت نییە وڵاتی سوید دووەم وڵاتە لە جیهاندا لە بواری innovation  دا. سیستمی پەروەردەی سوید نەوەیەک بەرهەم دێنێ کە ترسی نەبێ لە هەنگاونان بۆ بەدیهێنانی خەونەکانی خۆی... 
دەبێ ئامانج لە بە ریفۆرمکردنی سیستمی پەروەردەی کوردستان بەگشتی و سیستمی تاقیکردنەوەکان بەتایبەتی، کردنی سیستمی پەروەردە، لە سیستەمێکی ڕەقەوە بۆ سیستمێکی نەرم و مرۆڤدۆست بێ. سیستمێک کە توانا وبەهرەکانی قوتابی بەهەند وەربگرێ و قوتابی هانبدرێ و پشتگیری بکرێ بۆ گەشەپێدانی تواناکانی و هەنگاونان بۆ بەدیهێنانی خەونەکانی...  
چەند ساڵێک لەمەو پێش لەسەر مۆتەکەی تاقیکردنەوەی بەکالۆری لە سیستمی پەروەردەی کوردستان دا و هەبوونی تاقیکردنەوەی نیشتمانی، چەند وتارێکم نوسی. بە ئامانجی ئەوەی کە تاقیکردنەوەی بەکالۆری نەمێنێ و سیستمێکی نەرم و مرۆڤدۆست جێگای بگرێتەوە. هەروەک ئاسانکاری بۆ خوێندکار و هاوکاری و پشتگیریەکیش بۆ مامۆستا لە کاتی نمرەدانانی کۆتادا، زیاتر لەسەر بیرۆکەی تاقیکردنەوەی نیشتمانی لە پۆلە جیاوازەکاندا، زیاتر لەو وتارانەدا روونکردنەوەم دابوو...  
زۆر بە داخەوە ئەمرۆ لە کوردستان تاقیکردنەوەی نیشتمانی کراوەتە هەمان مۆتەکەی بەکالۆری و هەناسەی لە قوتابییان بڕیوە. پرنسیپی تاقیکردنەوەی بەکالۆری بەکاردەهێنرێ و بە تەواوی مەبەست و ئامانجی تاقیکردنەوەی نیشتمانی شێواندوە. تاقیکردنەوەی نیشتمانی ئەو ئامانجەی نەپێکاوە کە لەسەرەتاوە مەبەست بووە.  
تا ئێستاش ته‌نیا پێوه‌رێک بۆ خوێندنی به‌رده‌وام له‌ زانکۆ و په‌یمانگاکان له‌ کوردستان، ته‌نیا ئه‌نجامی تاقیکردنه‌وه‌کانی به‌کالۆریه‌. بڕیاری دواڕۆژی هه‌زاره‌ها قوتابی  شه‌شی ئاماده‌یی به‌ستراوه‌ به‌ توانای ته‌نیا دوو هه‌فته‌یانه‌وه‌.  سیسته‌می به‌کالۆری مۆته‌که‌یه‌که‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک نا‌هێڵێ قوتابیان بره‌و به‌ توانای داهێنه‌رانه‌ی خۆیان بده‌ن.
بە چ پێوەرێک رەوایە لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا هەموو توانا و بەهرەی قوتابیەک دەربکەوێ. یا تەنیا بە دەرئەنجامی یەک تاقیکردنەوە بریار لەسەر نمرەی کۆتایی و دوارۆژی قوتابیەک بدرێ. 
کەمکردنەوەی بەها و پیرۆزی تاقیکردنەوە و هەوڵدان لە پێناوی هاندانی قوتابیان بۆ گەشەکردن و پێشکەوتنی بەهرە و تواناکانیان کاریگەری ئەرێنی لە سەر ژینگەی فێربوون دەبێ و قوتابی بەدەروونێکی ئارامەوە هەوڵی فێربوون دەدا. ئەوکات خونچەی بەهرە و تواناکانیش دەبنە گوڵ.
بەریفۆرمکردنی ‌سیستمی پەروەوردە و لابردنی سیسته‌می به‌کالۆری ئەرکێکی نیشتمانییە. له‌ بری ئه‌م سیستمه‌ ده‌کرێ سه‌رجه‌م ئه‌نجامه‌کانی هه‌ر سێ ساڵی خوێندنی ئاماده‌یی، بۆ داواکردنی به‌شه‌کانی په‌یمانگا، کۆلیژ و زانکۆکان به‌کاربهێنرێن‌. به‌م گۆڕانه‌ ژینگه‌یه‌کی دڵنیا و ئارام بۆ قوتابیان دوور له‌‌ دڵه‌ڕاوکێ و باری ده‌روونی خراپ ده‌خوڵقێێ... هاوکاتیش توانا وبەهرەکانی قوتابی دەردەکەون و خۆشیان بە دڵنیایی بۆ دوارۆژی خۆیان و نیشتمان هەنگاودەنێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە