ئایا زەوی تەختە، یان گۆیی، بەڵگە زانستییەکان چیمان پێ دەڵێن؟

Sunday, 18/06/2023, 0:56

3454 بینراوە


بەشی سێیەم: ئەزموونە ئاسانەکانی سەلماندنی خوولانەوەی گۆی زەوی و بوونی هێزی کێشکردن

خاڵە گەلەک ناسراوەکانی لایەنگرانی زەوی تەخت، بڕوا نەبوونە بە دوو تایبەتمەندی هەرە سەرەکی زەوی کە بەبەردەوامی دەربارەیان پرسیار دەکەن: یەکەم، ئەگەر زەوی بە خێرایی 1.670 کیلۆمەتر لە کاژێرێک بە دەوری تەوەرەی خۆی بخوولێتەوە، هاوکات زەوی بە خێرایی 107.000 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا بە دەوری خۆر بسووڕێتەوە، بۆچی ئێمە هەست بەو جووڵانەی زەوی ناکەین؟ دووەمیان، کوا بەڵگە بۆ ئەو شتە شاراوەیەی ناو نراوە بە هێزی کێشکردنی زەوی؟
سەرەتا بۆ ڕوونکردنەوەی هۆکاری هەست نەکردن بە جووڵەکانی زەوی، ئاماژە بە چەند بابەتێکی ناسراوی فیزیایی دەدەین لە نموونەی یاساکانی نیوتن بۆ جووڵەی تەنەکان، پاشان بۆ سەلماندنی بوونی کێشکردن چەند ئەزموونێکی سادە و ئاسان دەخەینە بەردەست. 

تاودانی زەوی

یاسای یەکەمی نیوتن دەڵێت، هەموو تەنێکی جێگیر هەتاهەتاییە هەر بەجێگیریی، جووڵاوەکانیش بەجووڵاویی دەمێننەوە، ئەگەر هێزێک کاریان لێ نەکات بۆ گۆڕینی دۆخەکەیان. ئەو کاتەشی هێزێک کار بکاتە سەر تەنێک ئەوا، ئەگەر جێگیر بێت دەیجووڵێنێت، بشجووڵێ خێرایی پتر دەکات، یان کەمتری دەکاتەوە بەگوێرەی ئارستەی هێزەکە، گۆڕانی خێرایی بە پتربوون و کەمبوونەوە پێی دەگوترێت تاودان (Acceleration).
تۆ ئەو دەمەی لەناو ئۆتۆمبیلێکدا بیت کە بەخێراییەکی نەگۆڕ ڕێ بکات، هەست بە جووڵەکەی ناکەیت چونکە تاودانی نییە، پەرداخێک ئاوی بەردەممان وەک خۆی بەجێگیری دەمێنێتەوە، ئەگەر شتێکیش بە دەستت بۆ بەرزی هەڵ بدەیت، ئەوا هەر بەر دەبێتەوە ناو دەستت. تەنیا کە سەیرێکی دەرەوە بکەیت، دەزانی دەجووڵێی و دەبینیت هەموو شتەکانی دەرەوەی ئۆتۆمبیلەکە بۆ دواوە دەڕۆن، هەرچەندە مێشکت بێگومانە لەوەی شتەکان جێگیرن لە شوێنی خۆیاندا. ئەو دیاردانە گشتیان دەرەنجامی جووڵەی ئۆتۆمبیلەکەمانە بە خێراییەکی نەگۆڕ، بەڵام بتەوێت لەپڕێکدا خێراییت پتر، یان کەمتر بکەیتەوە، یاخۆ هەوڵ بدەی بوەستیت، یانیش لەناکاو ئاراستەت بگۆڕیت، ئەوا هەست بە جووڵەت دەکەیت. واتە تاودان وای لێ کردی بزانی لە جووڵەیت، بۆیە لەو دەمەی ئۆتۆمبیلەکە خێرایی کەم دەکاتەوە لەشت بەرەو پێشەوە دەچێت، خێرایی زیاتر بکات لەشت بەرەو دواوە دەچێت، چونکە لە هەردوو باردا هەوڵ دەدەیت خێراییە نەگۆڕەکەت بپارێزیت.
هەمان ئەو شتە ڕوو دەدات تۆ لەسەر زەویت، هەست دەکەی تۆ جێگیریت و خۆر و مانگ و ئەستێرەکان دەجووڵێن، هۆکاری هەستنەکردن بە جووڵەی زەوی لەبەرئەوەیە خێراییەکەی نەگۆڕە. لەڕاستیدا کە دەڵێین خێرایی زەوی نەگۆڕە، دەبێ بشزانین خێرایی بڕێکی خاوەن ئاراستەیە، زەوی گەرچی خێراییەکەشی نەگۆڕ بێت، بەڵام لە سووڕانەوەیدا بەدەوری خۆر بەردەوام ئاراستەکەی دەگۆڕێت، ئەمەش کار دەکاتە سەر گۆڕانی خێراییەکەی، واتە زەوی دەبێتە خاوەنی تاودان، دەرەنجام دەبووایە هەست بە جووڵەکەی بکەین، بەڵام جیاوازی لە خێرایی بەراورد بە خێرایییە بێشوومارەکەی و خوولگە یەکجار گەورەکەی سووڕانەوەی بەدەوری خۆر گەلەک کەمە بۆیە پێی نازانین. دەشێ بپرسین، ئایا ئەو هێزە چییە بۆ ئەوەی بزانین زەوی دەجووڵێت؟

هێزی وەدەرنان بەرانبەر بە هێزی کێشکردن

با بە ئەزموونێک ئەم بابەتە ڕوون بکەینەوە: وا دابنێ تۆ لەناو جۆلانەیەکی خوولاوەی بازنەیی دانیشتوویت و قورساییەکت بە پەتێک بە جۆلانەکەوە بەستاوە، تۆ لەناو جۆلانەکە دەبینیت هێزێک دەیەوێت قورساییەکە بە ئاراستەی دەرەوەی دوور لە چەقی جۆلانەکە فڕێ بدات، ئەوشی لە دەرەوەی جۆلانەکە سەیری قورساییەکە دەکات هەست دەکات هێزێک بۆ چەقی جۆلانەکە ڕای دەکێشێت. ئەو هێزەی شتەکان بۆ دەرەوە هەڵ دەدات ناو دەنرێت بە هێزی وەدەرنانی ناوەندگەرایی (Centrifugal force)، ئەوەشی بۆ ناوەوە ڕایدەکێشێت هێزێکی دیکەی پێچەوانەیە لە ئاراستەی هێزی پێشوو. ئەمە واتاکەی ئەوەیە ئێمە و هەموو ئەو شتانەی لەسەر زەوین، زەویش بەخێرایی دەسووڕێتەوە دەبێ ئەو هێزەی وەدەرنان هەڵمان بداتە دەرەوەی زەوی، چونکە هیچمان بە پەت نەبەستراوین بە زەوییەوە.
ئەم دیاردەیە لە زۆربەی ڤیدیۆکانی لایەنگرانی زەوی تەخت نموونەی بۆ دەهێننەوە، کاتێک دێن تۆپێک (تۆپی تێنسی سەر زەوی) تەڕ دەکەن و هەڵی دەدەنە هەوا، لەو دەمەی تۆپەکە دەخوولێتەوە، ئەوا ئاوەکەی لێ جیا دەبێ و بەهەوادا بڵاو دەبێتەوە. مەبەستیان ئەوەیە بۆچی زەوی بەو خێراییە زۆرە دەخوولێتەوە، کەچی شتەکانی سەر زەوی بە ئاوی دەریاکانەوە هەڵ نادرێنە دەرەوەی زەوی؟ ئەگەرچی ئەم پرسیارە لۆژیکیش دەربکەوێت، بەڵام دەکرێ بپرسین، چۆنمان زانی هیچ پەتێک بوونی نییە تا ئەو شتانە بە زەوی ببەستێتەوە؟
تێکڕای گەردیلەکانی سەر زەوی بە پەتێکی یەکجار پتە و بەهێز بە زەوی بەستروان پێی دەگوترێت، بەکێشکردن، یاخۆ هێزی کێشکردن.
ئێستە با بێین بەراوردێک بکەین لەنێوان ئەو دوو هێزەدا بۆ ئەوەی بزانین کامەیان بەسەر ئەوەی دیکەیان زاڵە؟
هێزی وەدەرنانی ناوەندگەرایی (F = V^2/R) لەسەر تەنێک لە کەمەرەی زەویدایە بە کێشی، یاخۆ بارستایی یەک کیلۆگرام، یەکسانە بە دوجای خوولانەوەی زەوی (1670کلم/کاژێر) لەسەر نیوەتیرەی خوولگەی سووڕانەوە کە دەکاتە نیوەتیرەی ڕێژەیی زەوی (6300کلم)، دەرەنجام ئەو هێزەی وەدەرنان دەکاتە 0.03 نیوتن.
هێزی کێشکردن بەگوێرەی یاسای نیوتن یەکسانە بە بارستایی جارانی تاودانی زەوی بکەی (F = m*g) ئەمەشیان دەکاتە 1 کیلۆگرام جاران 9.8م/چرکە^2، دەرەنجام بڕی هێزەکە 9.8 نیوتنە. لە ڕاستیدا هیچ بەراوردێک ناکرێ لەنێوان ئەو دوو هێزە، چونکە ‌هێزی کێشکردن 326 هێندەی هێزی وەدرنانە بۆ یەک کیلۆگرام، بەمەش هەرگیز شتەکانی سەر زەوی ناتوانن بە هەوادا بفڕن و لە زەوی دوور بکەونەوە.
با واز لەمەش بهێنین، ئایا لۆژیکییە زەوی بە خێرایی 1.670 کلم لە کاژێرێکدا بە دەوری تەوەرەکەی دەخوولێتەوە کەچی ئێمە نای بینین؟ بەڵێ لۆژیکییە ئەگەر هەزار هێندەش خێراتر بێت، لەبەرئەوەی ئێمە و هەموو شتەکانی دیکە لەسەر خودی زەوین و هەست بە جووڵەی ناکەین، بەڵام ئەو دەمەی زەوی بەجێ بهێڵین و بچینە ئاسمان، ئەوا بەچاوی خۆمان خوولانەوەکەی دەبینین. پێویستە ئەوەش بزانین زەوی لەسەر هێڵی کەمەرە خێراییەکەی 1.670کلم لە کاژێرێکدایە، چەندەی بەرەو جەوسەرەکان بچین هێڵی پانی زەوی بچووکتر دەبێ، واتە ئەو دوورییەی بە 24 کاژێر دەیبڕێت کورتترە، بەمەش خێراییەکەی کەمتر دەبێتەوە، تا دەگاتە خاڵی جەوسەرەکان، وەک ئەوە وایە زەوی وەستاو بێت.

کاریگەری کۆریۆلس

ئەو جیاوازییانەی خێرایی لەسەر هێڵەکانی زەوی، بەڵگەی بەهێزن بۆ گۆیەتی و خوولانەوەکەی. ڕاستە تۆ ئەگەر لەسەر شتێکی گەورە و فرەوان بیت کە بەشێوەیەکی بازنەیی بخوولێتەوە هەست بە جووڵەی ناکەی، بەڵام کاتێک جووڵەکەت بەرەو شوێنێکی دوور بێت، ئەوا تێبینی شتێکی گەلەک سەیر و نامۆش دەکەی. ئەویش بوونی هێزکی شاراوەیە جگە لە هێزی وەدەرنانی ناوەندگەرایی، ئەوەی کار دەکاتە سەر تەنە جووڵاوەکان و وایان لێ دەکات ئاراستەیان بگۆڕن، ئەم هێزە ناو دەنرێت بە هێزی کۆریۆلس (Coriolis force)، یاخۆ کاریگەری کۆریۆلس.
وا دابنێ تۆ و هاوڕێیەکت بەرانبەر بەیەک لەسەر جۆلانەیەکی خوولاوە دانیشتوون، تۆ تۆپێکت پێیە و بە ئاراستەی هێڵێکی ڕاست بۆ هاوڕێکەت دەهاوێژێت، دەبینی هەرچەندەی هەوڵ بدەی هەردەم تۆپەکە ئاراستەیەکی چەماوە وەردەگرێت و بەرانبەرەکەت ناتوانێت تۆپەکە بگرێتەوە. پاشان تۆ دابەزە و هاوڕێیەکی دیکە بچێتە شوێنی تۆ، ئەم جارە لەبەرئەوەی تۆ لەدەرەوەی جۆڵانەوەکەوە سەیری دیمەنی تۆپ هاوێشتنەکە دەکەیت، دەبینیت تۆپەکە ڕێک ئاراستەی هێڵێکی ڕاست دەگرێتە بەر. کەواتە لەسەر جۆلانەکە بوویت تۆپەکە ئاراستەکەی چەماوە بوو، ئەو دەمەشی لە دەرەوەی جۆلانەکە بووی تۆپەکە ئاراستەکەی ‌هێڵی ڕاست بوو، ئەمەیە کاریگەری کۆریۆلس بەهۆی جیاوازی خێرایی پەیدا دەبێت.
لەسەر زەویشدا ئەم دیاردەیە پێڕەو دەکرێت، کاتێک تەنێک لە هێڵی کەمەرەی زەوییەوە بەرە و باکوور یان باشووری زەوی دەفڕێت. بۆ نموونە ئەگەر فڕۆکەیەک بیەویت بەرەو جەوسەری باکوور گەشت بکات، فڕۆکەکەش لەگەڵ زەویدا (بە خێرایی 1.670کلم لە کاژێرێک) دەخوولێتەوە، هاوکات چیوەی زەوی لە ژێریدا بەرەبەرە بچووکتر دەبێتەوە، بۆیە ئاراستەکەی چەماوە بەدەر دەکەوێت، ئەمەشە وا لە فڕۆکەکان دەکات بەبەردەوامی ئاراستەیان بگۆڕن. واتە فڕۆکەیەک لە کەمەرەی زەوییەوە بەرەو وڵاتێکی بەشی سەرەوەی، یان خوارەوەی زەوی بڕوات دەبێ هێڵێکی چەماوە بگرێتە بەر، فڕینت بە ئاراستەی هێڵی ڕاست هەرگیز ناگەیت بە شوێنی مەبەست. هاوشێوەی ئەوە لە مووشەک گرتن بۆ پێکانی نیشانەکان دەبێ ئەم هێزەی کۆریۆلس لەبەرچاو بگیرێت، مووشەکەکان بە هێڵێکی چەماوە بەرەو نیشانەکان بچن. لەبەرئەوەی زەوی گۆیییە، ئاراستەی چەمانەوەی نیوە گۆی بەشی سەرەوەی زەوی بەرەو لای ڕاستە، نیوە ژێرەوەش بەرەو لای چەپە، بۆ گشت دیاردە سروشتییەکانی وەک، با و زریان و گەردەلوولەکانیش هەمان بنەمایە و ئاراستەیان پێچەوانەیە، بە هۆکاری کاریگەری کۆریۆلس. 
لێرەدا ئەوەی بەچاکی لەم دیاردەیەش تێ نەگات، دەکرێ بە تاقیکردنەوەیەکی زۆر ئاسان بۆی بسەلمێندرێت زەوی دەخوولێتەوە و گۆیییە.

پەندولی فۆکو

 فیزیازانی فڕەنسایی لیۆن فۆکو (Léon Foucault 1819 - 1868)، ئەزموونێکی زانستی سادەی ئەنجام دا وەک بەڵگەیەک بۆ خوولانەوەی زەوی بە تەوەرەی خۆی، ئەوەی بە پەندولی فۆکو (Foucault pendulum) بەناوبانگە. لەو ئەزموونەدا فۆکو تۆپێکی قورسی نێزیکەی 30 کیلۆگرام و بە پەتێک کە درێژییەکەی خۆی لە 70 مەتر دەدا، بە گومەزی کلێسای پانتیۆن لە پاریسدا هەڵ دەواسێت و پەندولێکی گەورەی لێ دروست دەکات.
فۆکۆ سەرنج دەداتە جووڵەی پەندولەکە، لەبەرئەوەی تەنێکە دەجووڵێ و لەسەر شوێنێکی جووڵاو دانراوە کە زەوییە، ئێمەش بەهەمان شێوە لەسەر زەوین هەست ناکەین زەوی دەجووڵێت، بەڵام دەبینین پەندولەکە تەوەرەی خوولانەوەکەی دەگۆڕێت. فۆکو دەڵێت، ئەگەر ئەو پەندولە لەسەر خاڵی ناوەڕاستی جەوسەری باکوور دابندرێت، ئەو دەمە لەگەڵ تەوەرەی زەوی هاوتا دەبێ، دەزانین زەویش خوولێک بە تەوەرەی خۆی بە 24 کاژێر تەواو دەکات، ئەمەش یەکسانە بە خوولی پەندولەکە.
لەوانەیە یەکێک ڕاستەوخۆ بپرسێت، باشە ئەگەر هێزی کێشکردن هەیە ئەی بۆ پەندولەکە لەگەڵ خوولانەوەی زەوی ناخولێتەوە؟
هۆکارەکە ئەوەیە وەک پێشتر ئاماژەمان پێی دا لەشی پەندولەکە لەشێکی جێگیرە لەسەر تەنێکی جووڵاو، لەبەرئەوەی تۆ و پەندولەکە و زەوی هەمووتان بەیەک خێرایی دەخوولێنەوە، بۆیە هەست ناکەیت لەشی پەندولەکە دەجووڵێت. کەچی ئەو بەشە جووڵاوەی پەندولەکە ئێمە بەو جۆرە دەیبینین کە بەپێچەوانەی ئاراستەی زەوی دەخوولێتەوە، بەڵام کاتێک لە دەرەوەی زەوی لە ئاسمانەوە سەیری پەندولەکە دەکەین، ئەوا بە ئاراستەیەکی نەگۆڕ و لەسەر هێڵێکی ڕاست دێ و دەچێت، زەوی لەژێریدا دەخوولێتەوە، هاوشێوەی ئەوەی لە نموونەی جۆلانەکە بینیمان.
پرسیارێکی دیکە گەلەک جار لایەنگرانی زەوی تەخت دەیکەن و دەبێژن، بۆ فڕۆکەی هێلیکۆپتەر ناچێتە بەرزایی ئاسمان بوەستێ و زەوی لەژێریدا بجووڵیت تا بگاتە ئەو شوێنەی دەیەوێت؟ وەڵامی ئەمەش بەوە دەدرێتەوە، کاتێک فڕۆکەکە لە ئاسماندا دەوەستێت، ئەوا دەبێتە تەنێکی وەستاو لەسەر شوێنێکی جووڵاو و لەبەر بوونی هێزی کێشکردن، لەگەڵ زەویدا دەخوولێتەوە. ئەگەر بە گریمانە وا دابنێین هێلیکۆپتەرەکە زۆر دوور بکەوێتەوە و لە بواری کێشکردنی زەوی دەربچێت، ئەوا بێگومان زەوی لەژێریدا دەخوولێتەوە و بەبێ لێخوڕین دەتوانێت لە شوێنێکی دیکە بنیشێتەوە. 
لەڕاستیدا ئەم پەندولی فۆکو نەک تەنیا بەڵگەیە بۆ خوولانەوەی زەوی، بەڵکوو گۆیەتی زەویش دەسەلمێنێت، چونکە ئاراستەی خوولانەوەی پەندولەکە هەردەم بە پێچەوانەی خوولانەوەی زەوییە. گۆیییەتی زەوی وا دەکات، دوو نیوە گۆی زەوی ئاراستەی خوولانەوەیان بە پێچەوانەی یەکدی بێت، لە نیوەی سەرەوە پێچەوانەی میلی کاتژمێر و لە نیوەی ژێرەوە بە ئاراستەی میلی کاتژمێر دەخوولێتەوە.
کەواتە تەنیا بە پەندولێک سەلماندمان زەوی دەخوولێتەوە و گۆیییە، لەبەرئەوەشە ئەمڕۆکە چەندان نموونەی جۆراوجۆر لە پەندولەکەی فۆکو لە گەلەک نێوەندی زانستی و زانکۆکانی جیهاندا دانراون.
لە گشت ئەوانە سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە، بە زانیارییەکانی دەستمان دەکەوێ لەو کەسەی پەندولێک دروست دەکات، دەتوانین بزانین لە کامە نیوە گۆی زەوی پەندولەکەی داناوە، نەک هەر ئەوەندە، بەڵکوو دەزانین شوێنی ئەنجامدانی ئەزموونی پەندولەکە لەسەر کامە هێڵی پانی زەوییە؟
هەر هێڵێکی بازنەیی پانیی زەوی، گۆشەیەک دروست دەکات لەگەڵ تەوەرەی ئاسۆیی زەوی لەخاڵی چەقی زەوییەوە، واتە ئەگەر لە جەوسەرەکان بین گۆشەکە 90 پلەیە، ئەو دەمەشی لەسەر کەمەرەی زەوی بین گۆشەکە یەکسانە بە سفڕ، لە نێوان ئەو دوو شوێنە گۆشەکان دەگۆڕێن لە سفڕەوە بۆ 90 پلە، بەو جۆرە نیوەی گۆی زەوی سەروو کراوەتە 90 هێڵ، نیوەی ژێرەوەش وەک ئەو 90 هێڵە. کەواتە تۆ لە هەر کوێیەک بیت و پەندولێک دابنێیت، دەبێ بزانی کاتی تەواوکردنی خوولێکی تەواو چەند کاژێر دەخایەنێت، بەمە ئەگەر لە جەوسەرەکان بیت، پەندولەکەت بە 24 کاژێر خوولێکت پێ دەدات، خوولیش یەکسانە بە 360 پلە، واتە پەندولەکە دەخوولێتەوە بەڕێژەی 15 پلە لە یەک کاژێردا، ئەو پلە دیارکراوە ناو دەنرێت بە خێرایی گۆشە. کاتێکیش پەندولەکە لەسەر هێڵی کەمەرەی زەوی بێت، ئەوا ستوون دەبێت لەسەر تەوەرەی خوولانەوەی زەوی و لەگەڵ زەویدا یەک ئاراستەی دەبێ بە گۆشەیەکی سفڕیی و هەرگیز خوولێکت بۆ تەواو ناکات. واتە پەندولەکە لە هەر شوێنێکدا بێت لە نێوان جەوسەر و کەمەرەی زەوی، ئەوا کاتێکی لە 24 کاژێر زیاتری دەوێ تا یەک خوول تەواو دەکات، بۆیەش پەندولەکەی فۆکو لە فڕەنسا پتر لە 32 کاژێری پێویست بوو بۆ یەک خوول.
کەواتە لەسەر هەر خالێکی سەر زەوی پەندولێک دابنێی دەتوانیت هەنگاوی یەکەم ئاراستەی خوولانەوەی دەستنیشان بکەی بۆ دیارکردنی یەک لە نیوە گۆیەکانی زەوی، هەنگاوی دووەمیش نیوە خێرایی گۆشەکەی بپێویت، پاشان بە هاوکێشەیەکی ناسراوی ماتماتیکی دەگەیتە ئەوەی بزانیت ئەم خێراییە گۆشەیە بەرانبەر بە کامە هێڵی پانی زەوییە. بۆ نموونە ئەگەر گۆشەکەت 10 پلە بێت، واتە پەندولەکەی تۆ لەسەر هێڵی پانی 42 دایە.

سووڕانەوەی زەوی بەدەوری خۆر

بۆ بابەتی جووڵەی دووەمیش، گەلەک لە کەسانی ناودار و فەیلەسووفانی کۆن پێیان وابوو زەوی بەدەوری خۆر دەسووڕێتەوە، بەڵام بەڵگەی یەکلاییکەرەوەیان نەبووە. کۆپەرنیکۆس وای بۆ دەچوو زەوی چەقی گەردوون نییە و بەدەوری خۆریش دەسووڕێتەوە، لەلای ئەمیش جگە لە گریمانەیەک هیچی دیکە نەبوو.
گالیلێیۆ یەکەم کەس بوو بەکردارەکی بەڵگەی پێمان دا، بەهۆی تەلسکۆپەکانی کە خۆی دروستیانی کردبوو، کاتێک قۆناغ بە قۆناغ سەیری هەسارەی ڤینۆس (Venus) دەکات، ڕووی جیاجیای ڤینۆسی دەبینی. بەمەش گوتی، ئەگەر خۆر و هەسارەکان بەدەوری زەوی بسووڕێنەوە، ئەوا هەرگیز ڤینۆس بە پڕی وەک مانگی چواردە نایبینین، بەڵام بە تەلسکۆپ لێی دەروانی، وەک مانگ بەپڕیی دەیبنی.
ئەوەی جێی سەرنجە گومەزەکەی بەسەر سەرمانەوەیە هاوشێوەی وێنەی سەر کاغەزی دیوار دەیان بینین، لەبەرئەوەی بە دوو دووری بەدەر دەکەون و هیچ قوڵاییان تێدا دیار نییە، بۆیە هەست بە گۆڕینی شوێنیان ناکەین کاتێک زەوی دەجووڵێتەوە. ئەمەش ڕێک وەک ئەوەیە ئۆتۆمبیل بەخێرایی لێ دەخوڕیت، هەست بە جووڵەی دارەکانی تەنیشت خۆت دەکەی، بەڵام چیایەکی زۆر دوور بە جێگیر و نەجووڵاو دەیبینیت.
وەک پێشتریش گوتمان، هەستنەکردن بە جووڵەی زەوی بەدەوری خۆر ئەگەرچی خێراییەکەی 107.000 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا (نێزیکەی 30 کیلۆمەتر لە یەک چرکە) و زەویش هەمیشە ئاراستەکەی دەگۆڕێت، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خوولگەی سووڕانەوەکەی زەوی لەڕادەبەدەر درێژە. تەواو وەک ئەوەیە ئۆتۆمبیلێک بەخێراییەکی زۆر لەسەر هێڵێکی بازنەیی یەکجار گەورە ڕێ بکات، ئێمە لەناویدا هەست بە خووڵانەوە ناکەین، بەڵام ئەگەر لە بازنەیەکی بچووکدا بسووڕێتەوە، ئەوا بەچاکی هەست بە هێزی وەدەرنانی ناوەندگەرایی دەکەین.
خوولگەی زەوی گەلەک دوورودرێژە، نێوەندە ڕێژەییەکەی دووری زەوی لە خۆر 149.60 ملیۆن کیلۆمەترە، زەوی پێویستی بە 365.25 ڕۆژە بۆ تەواوکردنی یەک خوول بەدەوری خۆر، درێژی ئەم خوولەش 940 ملیۆن کیلۆمەترە.

ئایا هێزی کێشکردن بوونی هەیە؟

لەبەرئەوەی لەم بەشەدا چەند جارێک ئاماژەمان دا بە کێشکردن، هاوکات لایەنگرانی زەوی تەخت بەتووندی دژی بوونی ئەو هێزەن، بۆیە پێمان باشە زۆر بەکورتی ڕوونکردنەوەیەک بدەین لەسەر چییەتی و بەڵگەی بوونی هێزی کێشکردن.
کێشکردن (Gravity)، دیاردەیەکی سروشتییە و هۆکاری جووڵە و ڕاکێشانی بەرەو یەکدی گشت تەنەکانی خاوەن بارستایی، یان وزە بن وەک، هەسارە، ئەستێرە، گەلەستێرە و هەتا تیشکیش. لەسەر زەوی کێشکردن دەبێتە هۆی پێدانی کێش بە شتگەلە ماددەییەکان، بە نموونە کێشکردنی مانگ هەڵکشان و داکشانی دەریاکان دروست دەکات. هەر هێزی کێشکردنە وا لە ماددە گازیییە بنەڕەتییەکانی گەردوون دەکات دەست بە بەیەکداچوونی ناوکەیی بکەن بۆ پێکهێنانی ئەستێرەکان و بەیەکەوەبوونی ئەستێرەکان لە گەلەستێرەکاندا، کەواتە کێشکردن هۆکاری زۆربەی پەیکەرە مەزن و فرەوانەکانە لە گەردووندا. 
نیوتن ڕابەر و دانەری یەکەمین بیردۆزە بۆ کێشکردن، ئەم بیردۆزەشی چەند سەدەیەک بە جێگیریی و چەسپاوی مایەوە، تا لەسەر دەستی زانای ناودار ئەینشتاین گۆڕا بۆ بیردۆزی ڕێژەیی گشتی. بەگوێرەی ئەینشتاین هەر تەنێک خاوەنی بارستایی بێت لە گەردیلەوە بۆ ئەستێرەکان، شانەی کاتشوێن دەشێوێنن. بەوەی ئەگەر تەنێک، یاخۆ بارساتاییەکی زل و مەزنی لە شێوەی هەسارە لەسەر ئەو شانەیە دابنێی، دەبێتە هۆی چەمانەوەی و ڕاکێشانی تەنەکان بەرەو خۆی لە ڕێڕەوە چاڵ و چەماوەکاندا، بێگومان ئەم ڕاڤەیەش بۆ هێزی کێشکردن جیاوازییەکی ڕیشەیییە لەوەی نیوتن. ئەینشتاین دەبێژێت، بۆ تێگەیشتن لە چەمکی کاتشوێن و پێوەندی بە کێشکردنەوە پێویستە بزانین، کاتشوێن واتە کۆی سێ دوورییەکەی شوێن لە درێژی و پانی و بەرزی لەگەڵ دووری چوارەم کە کاتە، بۆ لێک گرێدانی چوار دوورییەکە هاوکێشەیەکی ماتماتیکیمان هەیە، گەردوونیش بەپێی ئەو دوورییانە بەڕێوە دەچێت.
واتەی ئەم چەمکە ئەوە دەگەینێت، ئەگەر ئێمە لە بۆشایی ئاسماندا بەخێرایی بجووڵێین، ئەوا کات خاوتر دەبێتەوە، ئەمەش تەنیا گوتە نییە و بەڵگەی ئەزموونداری لەسەر هەیە. 
خاوبوونەوەی کات لە دەرنجامی چەمانەوە و بوونی هێزی کێشکردن لە گەلەک بۆنەدا بە ئەزموونی یەکلاییکەرەوە سەلمێندراوە، بۆ نموونە ئەو دەمەی کاتژمێرێک بۆ ماوەیەک لەناو فڕۆکەیەکی چەند جار خێراتر لە خێرایی دەنگ دابنێیت، پاشان فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانە بنیشێتەوە، بە بەراوردکردن کاتژمێری ناو فڕۆکەکە یەک تۆز دوا دەکەوێت بەرانبەر بە کاتژمێری فڕۆکەخانەکە.
بۆ سەلماندنی بوونی هێزی کێشکردن، زانای ئینگلیزی هنری کاڤندیش (Henry Cavendish) لە ساڵی 1798 ئەزموونێکی ئەنجام دا، بۆ دۆزینەوەی هێزی کێشکردن.
کاڤندیش تەرازووێک لە شێوەی دارێکی هەڵواسراوی ئاسۆیی دەهێنێت و دوو تۆپی قورقوشم (50 گرام) لە هەردوو سەریەوە بە دەزووێکی زیویی بادراو دەبەستێت، دوو تۆپی گەورەی قورقوشمی (30 کیلوگرام) لە نێزیک دوو تۆپە بچووکەکان لەسەر ڕاستەیەکی کە بتوانن بخوولێنەوە دادەنێت، لەگەڵ سەرچاوەیەکی ڕووناکی و ئاوێنەیەکی بچووکی بەستراو بە دەزووێک بۆ تیشک دانەوە. کاتێک تەرازووەکە بە ئازادی بجووڵێت تۆپەکان لەیەک نێزیک بکرێنەوە، هێزی ڕاکێشان لەنێوان هەر یەک لە تۆپە بچووکەکان و تۆپە گەورەکەی تەنیشتیان دروست دەبێ، بەمەش دەزووە زیوییەکە لە لوولبوونیدا گۆشەیەک پەیدا دەکات و ئەو تیشکەی دەکەوێتە سەر ئاوێنەکە دەدرێتەوە، دەکرێ بە گۆشەپێوێک بزاندرێ گۆشەکە چەند پلەیە، بە هاوکێشەیەکی ماتماتیکی ناسراویش بڕی هێزی کێشکردن بدۆزرێتەوە. ئەوە بوو کێشکردنەکە (G)، پێوانە کرا لە نێوان دوو گۆی کانزایی هەریەکەیان یەک کیلۆگرام کێشیان و دووری نێوانیان یەک مەتر بێت یەکسانە بە: G=6.67.10ˉ¹¹ N.m² /kg².
دوای ئەوە ئەم نەگۆڕەی کێشکردن لە یاسای نیوتن بۆ بڕی هێزی کێشکردنی نێوان تەنەکان بەکار هێندرا، ئەو یاسایەی هەتا ئەمڕۆکەش لە گەلەک بواری زانستیدا سوودی لێ وەردەگیرێت. ئەزموونەکەی کاڤندیش یەکەمین ئەزموونی بەکردارەکی فیزیایییە، چەندین سەدەیە چەندجارە دەکرێتەوە و ئەو بڕەی هێزی کێشکردن وردتر دەپێورێت.
بەڵگەی بوونی هێزی کێشکردنی زەوی، یاخۆ ئەوەی پێی دەگوترێت تاودان، بۆ ئەمەشیان دەتوانین بە یەکێک لەوانەی بڕوایان بە بوونی کێشکردنی زەوی نییە، داوای لێ بکەین پەندولێک دروست بکات. واتە قورسایییەک بە بنمیچی ژوورەکەی بە پەتێک هەڵ بواسێت، پاشان بەرزی بکاتەوە و ئینجا بەری بدات با هاتوچۆ بکات بۆ چەپ و ڕاست. تەنیا پێمان بڵێت، کاتی خایەندراوی یەک لەرە (خوول) چەندە، واتە قورساییەکە لە بەرزترین خاڵ لە ڕاستەوە بچێتە بەرزترین خاڵ لە چەپ، پاشان بگەڕێتەوە شوێنی خۆی لە بەرزترین خاڵ لە ڕاست (یان بەپێچەوانەوە)، بۆ دڵنیایی دەتوانێ چەند لەرەیەک تاقی بکاتەوە. بۆ پێوانەی کاتەکە، کاتژمێرێکی هەستیاری دەوێ (کرۆنۆمێتر: Stopwatch)، وەک ئەوەی وەرزشوانانی ڕاکردن بەکاری دەهێنن، زۆربەی کاتژمێرە ئەلیکترۆنییەکان و مۆبایلەکانی ئەمڕۆکە ئەو پێوانەکردنەیان هەیە و دەتوانن لە چرکە بچووکتریش بپێون.
ئەگەر ئەو کاتەمان پێ بدات، ئێمە دەتوانین بەگوێرەی یاسای نیوتن درێژی پەتەکەی پێ بدەین، یاخۆ بە درێژی پەتەکەی و کاتی خایەندراوی خوولێک دەکارین بڕی تاودانی زەوی بپێوین.
ئەمە یاساکەیە کە پێویستمانە: T^2 = (2π)^2 * L/g
دووجای کاتەکە یەکسانە بە دووجای دووژێ، جاران درێژی، لەسەر بەکێشکردنی زەوی.
درێژی پەتەکە = L (Length.
کاتی خایەندراوی یەک لەرەی تەواو (خوول) = T (Time).
ڕێژەی نەگۆڕ دەکاتە نێزیکەی 3.14159 = π (Pi). 
هێزی بەکێشکردنی زەوی دەکاتە نێزیکەی 9.81 مەتر/چرکە^2 = g (gravity of Earth). 
هەر لێرە و لەکۆتایی ئەم بەشەدا، ئایا بۆمان نییە بپرسین، ئەگەر زەوی گۆیی نەبێت و نەخوولێتەوە، ئەی دەرنجامی ئەو ئەزموونانە چۆن بەم وردییە پێشبینی دەکرێن؟ هاوکات کێ هەیە لە لایەنگرانی زەوی تەخت بتوانێت ڕاڤەیەکی لۆژیکی و زانستی گونجاو دەربارەی ئەو دیاردانە پێشکەش بکات، یاخۆ شیکاری ئەو هاوکێشانەمان بەهەڵە بخاتەوە؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە