ئەردوغان و جاشمەلاکانی لە باشووری کوردستان!

Tuesday, 18/07/2023, 21:51

6329 بینراوە


پێشەکی:

هەندێک لە مەلاکانی کوردستان، لە هەوڵی ئەوەدان لە بەهای زمانی کوردی، نەورۆز و جلی کوردیی و سرودی ئەی ڕەقیب کەم بکەنەوە، کە ئەمانە هەمووی هێمای میللەتێکی چل میلیۆنین. هەرچی داگیرکەرێکی کوردستان دەسەڵاتی گرتبێتە دەست، وەک ئەم مەلایانەی ئەمڕۆی باشوور، لە هەوڵی سوک کردنی هێمای نیشتمانیی و نەتەوەیی کورد بوو، نەک هەر تەنیا قەدەغەیان کردوە خوێندن و پەروەردە بە زمانی کوردی بێت، بەڵکو نەیان هێشتووە میللەتی کورد بە زمانی کوردیش قسە بکات وەک تورکیا. 
بۆ ئەو مەلایانەی کە  بە فیتی تورکیا ئەم کارانە دەکەن، دەبێت بزانن کە تورکیا سرودی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی هەیە، سنووری جوگرافیا و زمانی تورکیی بەرز دەنرخێنت، لەگەڵ ئەوەی کە ئێستا ئەردوغان دەیەوێت بە ناوی ئاینەوە مەلاکانی کوردستان فریو بدات، بۆ ئەوەی کار لەنێو میللەتی کورد بکەن و لە نرخی هێما نیشتمانیی و بۆنە نەتەوەییەکانی میللەتی کورد کەم بکەنەوە، لە کاتێکدا ئەردوغان ئاینیش بۆ دەستکەوتی نیشتمانیی و نەتەوەیی تورک بەکاردەهێنێت، وەک سوڵتانەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، کە سوڵتانەکان هەستی ئاینییان بۆ دەستکەوتی نیشتمانیی و نەتەوەیی تورک بەکار دەهێنا و تورکیان کرد بە خاوەنی ئەو تورکیایەی ئەمڕۆ کە بووە بە زلهێزێکی ناوچەی و گفت مەرجی هەیە لە دانیشتنەکاندا لەگەڵ زلهێزەکانی دنیادا. 
مەسەلەی هەستی نیشتمانیی و نەتەوەیی لەنێو گەلاندا شتێکی دروستکراو نەبووە و نییە، بەڵکو هەستیکی پڕ لە خۆشەویستی بووە، بۆ ناسنامە و ئەو ئەرزەی کە تێیدا لە دایک بوویت، گەورە بوویت و وابەستە بووی پێیەوە بەزۆری هەوڵدەدەن داگیری بکەن و بتچەوسێنەوە. ئەزموونی خەباتی گەلان لە مێژوودا، سەلماندویەتی کە لە قۆناغی شۆڕشدا، ئەم هەستە گرنگە هەمیشە بۆتە هەوێن و کارێگەرترین ئامراز، بەدەست ڕێبەر و سەرکردەی جوڵانەوە سیاسییەکان، بۆ ڕێکخستنی گەلان و بەجەماوەر کردنی شۆڕش و ڕێکخراوە سیاسیەکان، بۆ  بەگژداچوونی داگیرکەران یان دژی حکومەتە دیکتاتۆر و فاشیستەکان.
لە قۆناغی دوای سەرکەوتن و دامەزراندنی حکومەتە نیشتمانییەکاندا، دووبارە هەستی نیشتمانیی و نەتەوەیی کارێگەرترین ئامراز بووە بۆ جۆش دانی خەڵک بۆ پارێزگاری کردنی سنووری جوگرافیای وڵاتان و حکومەتەکان، بۆ نمونە عەبدول ناسر سەرۆکی میسر لە پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا دوای سەرکەوتنی، ئەوجا لە گشت وتارەکانیدا خۆشەویستی بۆ میسر و عروبە دوپات دەکردەوە بۆ ئەوەی خۆی بە زیندووی لەنێو دڵی ڕەشوڕوتی میسریەکان و شەقامی دنیای عەرەبی بهێڵێتەوە. 
هەنووکە ئەردوغان هەموو ئەو وڵاتانەی کە خۆیان بە تورک و تورکمان دەناسێنن و بە زمانی تورکیی قسە دەکەن، لەژێر یەک چەتردا کۆیانی کردۆتەوە، بۆ پاراستنی ڕۆحی نیشتمانیی و نەتەوەیی تورک. جا با بزانین چۆن؟

نێوەڕۆک:

تورکیا لە سەردەمی هەموو سەرۆکەکانی هەمیشە بۆ زێتر بەهێز کردنی پێگەی لە ناوچەکە و دنیادا، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووریی و سەربازییەکانی، تا دەگات بە زێتر فرەوان کردنی هەژموونی خۆی، جگە لە کار کردنی لەسەر هەستی ئاینی بێوچان کاری لەسەر هەستی نەتەوەیی تورک و زمانی تورکیی و کولتووری تورکیی کردوە و دەکات. 
ڕێکخراوی وڵاتانی تورک کە لەسەرەتادا بە ( لیژنەی هاوکاری وڵاتانی کە بە زمانی تورکیی قسە دەکەن) ناسێنرا و ڕێکخراوێکی حکومی نێو نەتەوەییە کە لە ساڵی ٢٠٠٩دا بە سەڕۆکایەتی دەسەڵاتدارانی تورکیا دامەزرا کە  پێکهاتووە لە (تورکیا، کازاغستان،ئازەربایەجان، ئوزبەکیستان و قیرغیزستان). دواتر لە ساڵی ٢٠٢١دا تورکمانستانیش بوو بە ئەندام لەو ڕێکخراوە، لە ٢٠٢٢ کۆماری باکووری قوبرسی تورکی بوو بە ئەندامی چاودێری لەنێو ئەو ڕێکخراوەدا. وەک ئەوەی خۆیان لە میدیاکاندا باسی دەکەن، ئەوانە کۆمەڵێک بەهای گرنگ بە یەکتریان دەبەستێتەوە وەک، زمانی هاوبەش کە تورکییە، ناسنامەی هاوبەش کە تورکە، مێژووی هاوبەش و کلتووری هاوبەشی تورک.
 ئەو ڕێکخراوە بە مەبەستی هاریکاری کردنی یەکدی لەنێوان ئەو وڵاتانەی کە تورکزمانن دامەزراوە، بەڵام ستراتیژەیەتی درێژخایەنی ئەو بیرۆکەیە بۆ تورکیا و ئەو وڵاتانە  ئەوەیە، کە ئەو وڵاتانە یەکبگرن و لە داهاتوودا ببن بە بەشێک لە تورکیا و بەرەیەکی بەهێز لە ناوچەکەدا دروست بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن زێتر خزمەت بە دەستکەوتە نەتەوەییەکانی تورک بکەن.  لە میدیاکاندا سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە ڕایگەیاند:
"ئەمە هەنگاوێکی بەهێزە بۆ یەکگرتنەوەی وڵاتانی تورک و گەشە پێدانی دنیای تورک لەسەر ئاستی ناوچەکە و دنیادا". 
بە هەوڵەکانی تورکیا ئەو ڕێکخراوە  هاتۆتە دامەزراندن و ئێستا زێتر کارا کراوە، لەوەتەی ڕوسیا هەڵیکوتاوەتە سەر یۆکرانیا، تورکیا لە هەوڵی بێوچانە، بۆ تۆکمە کردنی زێتری ئەو ڕێکخراوە، خۆپاراستن لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕوسیا یان هاتنە پێشی دۆخێکی وەک ئەوەی یۆکرانیا لە وڵاتە تورکزمانەکان. واتە بێ متمانیەک لەنێوان ڕوسیا و ئەو وڵاتانەدا هەیە، چونکە ئەزموونی شەڕ و پێکدادانی  لەنێوان تورکیا و ڕوسیا لەسەر بەرژەوەندیی و سەپاندنی هەژموون ڕەگێکی مێژووی هەیە، کە هەمیشە لەیەکدی لە کەمینن.
فرەوان بوونی هەژموونی ئیران لە ناوچەکەدا هۆیەکی دیە کە ئەنقەرە پشتگوی نەخستووە، ئەو دەزانێت بەهێز بوونی ئیران لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندیی تورکیا و دەستکەوتە نەتەوەییەکانی تورک نییە، ئەگەر ڕووداوەکان بەرەو ئەوە بچێت کە تورکیا بەرامبەر بە ئیران بووەستێت، ئەوا بەرەیەکی پێکهاتوو لە وڵاتانی تورک و تورکمان هاوکاری یەکدی دەبن دژی ئیران، هەروها بەهێز بوونی بەرەی ئەوان دەبێتە هۆی ئەوەی ئیران هەوڵ بدات خۆی لەقەرەی ڕووبەڕوو بوونەوە نەدات لەگەڵیاندا، واتە نزیک بوونەوەی وڵاتە تورکزمانەکان هاوکاری و بەهێز بوونی ئابووریی و سەربازیی و ئاسایشییان تۆکمەتر دەکات.
لە ساڵی ٢٠٢١دا هەشت ڕێککەوتن لەنێوان تورکیا و تورکمانستان واژۆ کرا، بۆ هاوکاری کردنی یەکدی لەنێوان میدیای گشتی و حکومی، لە بواری تەندروستی، بانک و ئابووریی و خوێندن و پەروەردە و کشتوکاڵ، ڕێککەوتن لەسەر مەنهەجی خوێندن، بە مانای ئەوە دێت، کە لە قوتبخانەکانی سەرەتاییەوە هەردوو لا نەوەکانی داهاتوو بە ڕۆحی نەتەوەپەرستی تورک پەروەردە بکەن. 
تورکیا و تورکمانستان کۆکن لەسەر ئەوەی کە دەبێت هەموو وڵاتەکانی نێو ئەو ڕێکخراوە بە هێڵی ئاسنی به یەکدی ببەسترێنەوە. هەر بەوە نەوستاون هەموویان لە هەوڵی ئەوەدان کە ڕێگەی دەریای لە مینای تورکمانباشی نێودەوڵەتی کارا بکەن لەنێوان دەریای قەزوێن و دەریای ڕەش. تورکیا و تورکمانستان ڕیککەوتون کە هەوڵبدەن لە بواری وزەدا هاریکاری یەکدی بن لە گەیاندنی بە بازاڕی جیهانی بەتایبەتی بۆ ئەوروپا.
تورکیا لەچاو  کازاغستان، ئازەربایەجان، ئوزبەکیستان و قیرغیزستان لە ڕووی ئابووریی، پیشەسازی چەک و تەقەمەنی، سوپا،  لەبواری پزیشکی و تا دەگاتە بواری گەشتوگوزار گەلێک پێشکەوتوترە، بە مانەیەکی دی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە بۆ گەشتوگوزار و چارەسەری تەندروستی بە ڕێگەی فڕۆکەی تورکیا کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی ئابووریی تورکیایە ڕوو لە تورکیا دەکەن، هەروها ئەو وڵاتانە بۆ ساغ کردنەوەی کاڵای  تورکیی بازاڕێکی گەرمن، لە هەمووشیان گرنگتر کڕینی چەک و تەقەمەنی و داودەرمانی تورکییە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە، کە قازانجێکی بێ هاوتا بۆ ئەنقەرە دەهێنێت. کۆمپانیا و سەرمایەدارەکانی تورکیا لەو وڵاتانەدا بواری وەرگرتنی پڕۆژەی ئابوورییان بۆ دەرەخسێت. ئێستا گەورەترین بەرهەمهێنەر لە ئازەربایەجان تورکیایە، لە نێوان ساڵانی ١٩٩٥-٢٠٢١ تورکیا بە ١٣ بیلیۆن دۆلاری خستۆتە کار کە ١٠.٤ لە بواری نەوتە، ٢.٩ بیۆلیۆن دۆلار بۆ بەرهەم هێنانی گازی سروشتی. 
ئەردوغان لە وتارەکانیدا چەند جارێک ئاماژەی بەوە داوە، کە پڕۆژەی هێڵی ئاسنی بۆ بەستنەوەی ئەو وڵاتانەی لەو بەرەیەدان بە تورکیاوە زۆر گرنگە، کە ئەوان تەقەلای جدی بۆ دەدەن، بەتایبەتی بەستنەوەی هێڵی ئاسنی بە ئازەربایەجان لە ڕێگەی جۆرجیاوە،  هەناردنی گازی سروشتی تورکمانستان بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا بەتایبەتی دوای ڕاگرتنی گازی سروشتی لە ڕوسیاوە بۆ ئەو وڵاتانە.  
 تورکیا بەم کار کردنەی بە بەردێک چەند چۆلەکەیەک دەکوژێت. یەک لەوان خۆپیشاندان بەوەی کە ئەوان  هەمیشە ڕۆحی نەتەوەیی و زمان و  کلتووری تورکیی لە نەمان دەپارێزن و مەسەلەی نەتەویی و تورکزمانییان لا گرنگە، ئەو وڵاتانەی کە خۆیان بە تورک و تورکمان دەزانن فەرامۆش نەکراون لەلایەن تورکیایەک کە بە یەکێک لە وڵاتە بەهێزەکانی ناوچەکە هەژمار دەکرێت،  کە ئەمە ئاودانی ڕۆحی نەتەوەییە لەنێو ئەو میللەتانەدا، کە دەبێتە هۆی ئەوەی تورکیا وەک سەرکردەی پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی چاو لێ بکەن، لەگەڵ کاتدا پێگەی جەماوەریی دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە نەک هەر لە تورکیا بەڵکو لەو وڵاتانەی کە تورکزمانن گەشە بکات. ئەنقەرە بەو هەنگاوانەی هەوڵدەدات لەنێو ئەو وڵاتانەدا بنەکە و نواتی دامەزراندنی  حزب و گروپی چەکداریی سەربەخۆی دابمەزرێنێت، بە پارەو ئیمکاناتی ماددی ڕۆژ لە دوای ڕۆژدا چی بە ئاشکرا و چی بەنهێنی بەرەو بە زەبەلاح بردنیا ببات، بە تایبەتی لەو وڵاتە تورکزمانەی وەک کازاغستان،ئازەربایەجان، ئوزبەکیستان و قیرغیزستان کە یەکێکن لە وڵاتە هەژارەکان بە تایبەتی بە بەراورد کردن لەگەڵ تورکیا.    
تورکیا هەوڵدەدات ئەو وڵاتانەی کە تورکزمانن بخاتە ژێر هەژموونی خۆی واتە گوێلەمەستی بن. لەلایەکی دی پیشانی تورک بدات کە ئەو لەگەڵ ئەوەی کە تورکیا لە ناوچەکە لە هەموویان بەهێزترەو بەبێ  ئەوانیش دەتوانێت بەهێزی خۆی بپارێزێت لەسەر ئاستی دنیا و ناوچەکەدا، بەڵام ئەو لای گرنگە کە میللەتی تورک ناسنامەی تورک بوون لە ناوچەکەدا لەدەست نەدات. 
 ئەم جۆرە یکگرتنە بە سەرۆکایەتی تورکیا، وێنەیەک پێشانی زلهێزەکان دەدات، کە تورکیا ڕێبەرایەتی هەموو تورک و تورکمانەکان دەکات لە ناوچەکە،  ئەو وڵاتانەش بە فەرمیی  لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ددانیان پێ دانراوە، واتە هێزێکە کە ڕوسیا و ئەمریکا و چینیش هەژماری بۆ دەکەن، بەتایبەتی ڕوسیا کە خۆی گرفتی لەگەڵ هەندێک لەو وڵاتانەدا هەیە، هەوڵدەدات دڵی تورکیا ڕازی بکات تا ئەوانەی لێ فیت نەدات.  
تورکیا هەر بەوەنەوستاوە کە وڵاتە تورکەکان لەژێر چەتری خۆی کۆ بکاتەوە، لە بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقا، سوریا و عیراق و هەرێمیش سەرەڕای ئەوەی پڕی کردوە لە بنکەی هێزی سەربازیی و هەواڵگریی تورکیی و پشتیوانی لە حزبە تورکمانەکان دەکات، بە سەدان قوتابخانەی تورکیی کە بەزمانی تورکیی دەخوێنن دامەزراندوە، بەڵام یەک مەلا زاتی ئەوە ناکات بڵێت خویندن بە زمانی تورکیی حەرامە و دەبێت بە زمانی عەرەبی بێت، بەڵام ڕۆژ تا ئێوارە بڵندگۆی مزگەوت نەماوە باسی ئەوە نەکەن کە دەبێت کورد بە زمانی عەرەبی قسە بکات لەبەرئەوەی قورئانی پێ‌ نووسراوە، نەورۆز، ئەی ڕەقیب و جلی کوردی حەرامە. 
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە بگوترێت، کە لەنێو ئەو هەموو کێشمەکێشمەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دوژمنایەتی کردنی میللەتی کورد لەلایەن چوار وڵات، دۆخی پڕ ئاڵۆزکاوی میللەتی کورد، نیشتمان فڕۆشتن لەلایەن سەرکردە کوردە ناپاکەکانی باشوور، سەرباری ئەوەش  کارکردنی بەشێک لە مەلاکانی باشوور، دژی بەهاکان و هێما نیشتمانیی و نەتەوییەکان میللەتی کورد، تاوانەکەی هیچ لە تاوانی ئەنفالچی و نیشتمان فڕۆش و فایلدار و جاش و سیخور کەمتر نییە.  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە