ئەفسوس لاشەی خۆم نەدۆزییەوە

Sunday, 23/07/2023, 15:00

3584 بینراوە


لەوەدەچێت سبەینێ باران ببارێت 
 بەفڕینی نزمی باڵندەکاندا دیارە  
 مردۆکان ڕۆشتن
زیندۆکان دەبێت بەردەوام بن لەژیان 
هیوامان خواست زەوی توندبێت
ئاسمانیش ڕوون 
 هیوامان بوو شنەی با نەرم بێت
ئاوەکان ئارام بن
 کۆکردنەوەی بەردە ڕەنگاو ڕەنگەکانی کەنار دەریا
پێم دەڵێت
 نیگەرانی لەنیگاکاندا شەپۆل دەدەن
راکردن بەژێر درەختەکاندا
 وێڵبوون بەدوایی پەپولەکاندا
سەماکردن لەژێر خۆرەتاوی ئەم
نیوەڕۆیەدا
چەپک کردنی گوڵەحاجیلەکان 
بۆئینجانەی ماڵەداڕووخاوەکەمان
ئەم جیهانە چی بەسەر دێت ؟ 
من دڵم پڕ بوو لەتۆ
 تۆ نازانی
بەم چەشنە بۆ ڕاماومەتە
جوڵەکانت !؟ 
سێبەرەکان دەجوڵێن لەژێر ڕووناکی
مانگە شەودا 
ژوورەکە نوقمی تاریکی دەبێت
لەودیوو ئارامی 
قورسترین شەڕ بەتەنها دەکەین
وەک باڵندەیەکی بێقاچ
لەژێر چادرێکی بێکۆڵەکەدا
من هێندە مهرەبان نیم 
تەنها  
دەمەوێت کەسێکی شکۆشکاونەبم
ڕاکردن لەگەنجینەی ڕۆحمان  
 بۆشایی ناخی خۆمان جێدەهێڵین
 کێشە ئەوەیە
 هەستی هەیەجان پێش متمانە بەخۆمان دێت
 ئێمە خەم و خۆشێکان بۆ فریودانی خۆمان
تێکەڵدەکەین
وەک چۆن کچەکانمان فریوی گوڵی دەسکرد دەخۆن
 هەندێ جار
یادەوەرێکانی منداڵیم لەخەوندا دەبینم
یان تەماشای نمایشی ماری کوبرا دەکەم
لەخەوندا هیچ سنورێک نامێنێ
 ئێستا حەزم لەڕۆخی دەریایە
 نەک هەڵزنان بەچیادا
 عەشقی بچوک لەدڵمدا چاو دەتروکێنێت
لەخەومدا
بێنرخێک لەخۆیەوە ژنەکەی دەکوژێت
کچەکەی ئاگر تێبەر دەدات
دەستەکانم پڕبوون لەبرین
چ کابوسێک بوو ئەوخەوە ؟ 
کەبەئاگاهاتم
دووڕاهیبی بوزی ئارەقەی ناوچەوانیان سڕیم
 دڵە پەکەوتۆکەم پاڵی بەخوێنەکەمەوە دەدا
 ڕاهیبەکان ووتیان
گەر دەتەوێت لەگەڵتا دەگرین
هیچمان نییە تانیگەرانی بین
 بودا دەیووت 
بەشەگەنیوەکە لێکەرەوە پێش ئەوەی خراپترو 
پیس بێت هەمووی
ئێمە ناتوانین دوژمنەکەمان بکوژین
کەنایەتە بەرچاومان
 وەرە باخۆمان ڕادەستی
بێدەنگێکانی ناو سروشت بکەین  
هەست بەئازارەکان دەکەین 
هەموودەمێک  
ئێمە تیمێکین پێکەوە سەوڵ لێدەدەین 
لەسەر بەلەمێکی غەمگین
لەناو دەریایەکی قەترانیدا 
باڵندەکان فێری ئیرەیم دەکەن  
زەمەن وەکو رووبار بێ پسانەوە دەڕوات
بێ چارانە نزادەکەین
مافمان هەیە بەئارامی بمرین
حەزم لەشەوە کەهەموو کەشێک خەوتووە 
شەو، بەفر، هەروەها بێدەنگی
جاران نامەم بۆ دەنوسی
هەرکات خەوم پپێتەوە ببینایە 
نیشتمان
من کەمێکی تر لەهەوادا دەبم
ئێمە شوین روانینەکانمان دەکەوین 
کاتێک وێنەکە هەمووی نابینین 
کاتێک چیرۆکەکە هەمووی نازانین 
من فێربووم
لەوتیرانە خۆم بپارێزم
کە پیری نیشانەم لێدەگرێتەوە 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە