ئەو ناوەم چۆن بەسەردا بڕا

Tuesday, 25/07/2023, 20:40

2984 بینراوە


من کە لەدایک بووم ناوی "سمایل" یان لێم ناوە، جا لە خۆشەویستیی "سمکۆی شکاک" یان "کاک سمایلی شەریفزادە" کە ئەو سەروبەندە لەم مەڵبەندە خۆشناو بوون ، منیشیان بە "سمکۆ" بانگ دەکرد.
جار و بار لەم و لەوم دەبیست کە "سمایل" ناو کە گەورەبوون زۆریان شێت دەبن، دوو سێ شێتیش بەم ڕۆژگارە لەم ناوە دەهاتن و دەچوون کە هەموویان ناویان سمایل بوو، ئیتر من پیشەکی ئەم گەردی خەم و تۆزی ترسەم لە ڕوخساری نیشتبوو.
چەکدارێکی مەنگوڕ بە ناوی "مامەندەسوور" کە لەمێژ نەبوو چەکی دەوڵەتی هەڵگرتبوو هەموو ڕۆژێک دەهات و لەبەر نیسێی دارقەیسییەک لەگەڵ بابم دادەنیشت گلەیی و گازەندەی لە بەختی ڕەشی خۆی دەکرد.
پیاوێکی سووروسپیی بۆش و گۆشتن، کە لە دەراوەکە دەپەڕێوە، تیشکی خۆرەتاو لە وردەبەرد و زیخی ناو ئاودا دەترووسکایەوە، ئیتر چاوی شەوارەی دەکرد و هەر چەند ئاو تا پووزی پای نەدەهات بەڵام چاوی نەیدەبینی و دەبوایە دەستی بگرن و بیپەرێننەوە.
دەیکوت من زەوی و زار و مال و ئاژەلم بووە و لەسەر هیچ پەکم نەکەوتووە و کەچی بۆ بەختی نەیار بار گۆڕاوە و ئەم کۆڵەوەژەیان بەشانی من داداوە و بە ڕۆژگاری درێژی بەهار و بە سووری هاوین دەبێت لەسەر ئەم ڕێگایە بە پاوە بم و ماشێنەکان بپشکنم.
زۆرجار دەیکوت، بڕۆن ئەو کورەتان لە شاخ بهێننەوە، تا بە پەلێکەوە نەگیرساوە و داوێکی لە مل نەهاڵاوە، فریای کەون، ئەوجار ڕووی لەمن دەکرد و دەیگوت: تۆ بەو ڕانکوچۆخە و پشتێندە پانەوە و بەم جۆرەی  خۆت لەچیڕەوە بردووە، دەبێت هەوایەکت لە ژێر سەر دابێت، نەکەی فریوی هەتیومەتیوان بخۆی و ئەو باب و برایانە بەجێ بێڵی و تۆش وەشاخی کەویت، ئەوەتا دوێنێ شەو هاتوونەوە و دووکانی خەڵکیان تاڵان کردووە.
باوکم وەدەنگ دەهات و دەیکوت: کاک مامەند! ئەوانە کوڕی پیاوی یەکەیەکەی شارن و جێگای ڕێز و خاوەن ناون، چۆن دووکانی خەڵک دەبڕن؟
لەم سەر ڕێگەیە، لەم پرسگە بێ سەیوان و کەپر و سێبەرە، لەبەر ئەم سوورەتاوە دادەنیشت و هەر ماشێنیک بە بەر دەمیدا تێدەپەڕیت، دەیپرسی
. چیت پێیە؟
فریکەنۆک!
ئا دەستکێکم بدەیە.
ماشێنێکی تر دەهات. 
چیت پێیە؟
هاروێ و ترۆزی!
دا دووسێ بەڕوولەی ناسکم بۆ بێنە، خوێت پێیە؟
ئەمجار نۆرەی ئێمە دەهات
چیتان پێیە ؟
فەریکە گوێز!
ئادەی سێ چوار دەنکم دەیە، تۆ بە پێوەی خرکەبەردێکیشم بدەیە.
ڕۆژێک لەژێر سێبەری کەپر لەلای باوکم  لەسەر لا پاڵ کەوتبوو، باوکم دەستی بۆ بەرۆکی برد و پاکەتە سیگارەکەی دەرهێنا بەڵام سێ چوار دەتمەنی و بیست تمەنی دەورانی شا بە دەستێوە هات.
کاک مامەند کوتی: ئەم پووڵە کاتی بەسەرچووە و تازە ناچێت، بابم لە وڵام دا کوتی: بێت و دەور بگۆڕێت برەوی دەبێت.
کاک مامەند گوتی: وەڵا منیش وینەیەکی شا و شابانوو و پێنجسەد تمەنم هەڵگرتووە و دەڵێن هەر کەس لەم پارەیەی هەبێت ڕۆژی خۆی پارووی لە ڕۆن دەکەوێت.
ئیتر ئەوە کاک مامەند بەم جۆرە لە چرخی گەردوون تێگەیبوو، چەکی دەولەتی لەشاندا بوو و چاوەڕوانی گەڕانەوەی دەسەڵاتی شا بوو، هەر چەند دەمێک بوو شا مردبوو و ناوی لە ناو ناوان گووم ببوو.
بەیانییەک زوو، تازە خەریک بوو ڕووناک دەبوو و یەستا شەوبای بەیانی نەکەوتبوو. من بۆ چڵووکی سوورەچناریک هەڵچووبووم و خەریکی هێنانەخواری هێلانەی گۆرەویچنەیەک بووم، چاوم لێبوو ماشێنک لە سەروژێری "پردی سوور" بە تاو هات و لە پێچی ڕێگا ترازا و بۆی نەگیراوە و هەڵدێرا و دووسێ تەقلەی لێدا و وەرگەڕا.
کە لێیان نیزیک بوومەوە کاک مامەندم بەسەر وچاوی خوێناوییەوە ناسێوە، ئەوانەی تریش هەموویان چەکداری مەنگوڕ بوون، دەستی کاک مامەندم گرت و لە لێواری جۆگە تۆزێک ئاوم بەسەر و چاوی داکرت، هەر کە تۆزێک وەخۆهاتەوە چەکەکەم بۆ هێنایەوە و لەسەر کۆشی دامنا.
شۆفیرەکەیان پیاوێکی باڵابەرز، وابزانم ناوی "بابەکر" بوو، کاک مامەند زۆری لێ تووڕە بوو و دەیکوت تۆ وەک نێرەکەری ماینبەز هەموو تەمەنت لەگەڵ ئەسپ و ئێستر بەڕێ کردووە، کە نازانی ماشێن لێخوڕی ئیتر ئەم پۆز و فیز و هەوایەت لە چییە، زۆری نەبرد ئامبڵانس هات و سواری کردن.
چەند ڕۆژ دواتر نامەیەکم لە دەرەوە و لەبەشی تەشکیلاتی نەهێنی بۆ هات، نامەکە وەک نوشتووی مەلا و شێخ پێچرابوو و بەرگی تێگیرابوو، بەڵام هیچی لێ نەنووسرابوو، کە پرسیارم لە ڕاسپاردە کرد کوتی: ئەوە نامەی نەهێنییە و بە ئاوی لیمۆ نووسراوە، تا تینی گەرمای بۆ نەیەت دیار نییە و وشەکان دەرناکەون.
هەر خۆی نامەکەی گەرم کردەوە و بۆی خوێنمەوە:
بەڕێز مامەندە سوور!
تۆ لەباتی ئەوەی ئەم هەلە زێرینە لەدەست نەدی و وەک شاباز هەڵکوتیە سەریان و بە دەسرێژ وەک بێژینگ دایانبێژی، یاریدەت داون و چەکەکەت داوەتەوە دەستیان و بەڕێت کردوون.
دواتر چەند نامەی  لیمۆیی تریان نارد و هەر بە مامەندەسوور ناویان دەهێنام.
زۆری پێنەچوو چەند کەس گیران و ئازار دران و چاری ناچار ناوی منیان درکاند، ئەوجار کەوڵم وەک کەوڵی دەڵەکی لێهات و کڕیار ماڵ بە ماڵ لێمدەگەڕان، منیش دەبوو پێش ئەوەی لە تەڵە کەوم فریای خۆم بکەوم و دەرباز بم.
سەرەتا لە ناو شۆڕشدا هەر بە مامەندەسوور ناویان دەبردم، بەلام لەبەر ئەوەی سوورکارە نەبووم ئیتر سوورەکەیان هەڵگرت و کا یان لەگەڵ خست و بووم بە کاک مامەند.
دواتر کە بە برینداری و بە نەهێنی بۆ شارەکانی "تەورێز" و "تاران" ڕەوانەکرام ناوی وەک "حمید رضایی "و "آرش" شیان لێنام و کارتی پێناسیشیان بۆ دەرهێنام، بەڵام ئەم ناوانە لە سەر و سیمای کێویی من نەدەکاڵاوە و پێمەوە نەنووسان.
هۆزی مەنگوڕ، ئەم هۆزە ئازا و نەترس و گەردنکەشە، لەم کوێستان و کەژە   رژد و بەرز و سەرکەشە کە ئێستاش بە ئاشکرا شوینەواری دەورانی کەوناری پێوە دیارە، نەدەبوایە بەم جۆرە بێڕێزییەیان پێبکرێت و لەبەر پاوانخوازی چەند ڕۆشنبیر کە لەبەر لووتبەرزی بەرپێی خۆیان نەدەدیت، بەتۆبزی بۆ باوەشی دەستەڵاتی تاران پاڵیان پێوەبنرێت.
چەند ڕۆژ لەوە پێش بۆ دۆستێکی بەڕێز کە سەرێک بەرپرسی ئەم مەڵبەندە بووە ئەم ڕووداوەم گێڕایەوە و قسەکانی مامەندە سوورم وەبیر هاتەوە کە دەیگوت: دوێنی شەو هاتوونەوە و دووکانی خەڵکیان تاڵان کردووە.
ئەم دۆستە فەرمووی: من ئاگاداری ئەم ڕووداوە هەم، پەڵیکمان بۆ شار ناردبوو کە گەڕانەوە شەش حەوت چراتۆڕیان لەگەڵ خۆیان هێنابوو، من زوو زانیم کە دووکانی خەڵکیان بڕیوە، زۆریان بەگژدا چووم ، ئەگەر لە توانامدابایە دەرم دەکردن، بەڵام لەم هەلومەرجە ناسکەدا هەر ئەوەندەم بۆکرا و دواتر وەپشت گوێخرا و دەرخۆنەی لەسەر داندرا.
ئێستا مامەندەسوور ئەگەر مابێت دەبێت لە کلکەی تەمەنی دابێت، گۆیا زۆر زوو چەکی داگیرکەری تووڕ داوە و هەموو ئەو ساڵانە لەگەڵ گەلەکەی خۆیدا ژیاوە. هیوادارم ئەگەر ماوە لێم زوێر و زیز نەبێت کە بێپرس ناوەکەیم داگیر کردووە.

وێنە: باخی مکایل و کلکەی پردی سوور.
https://www.facebook.com/permalin

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە