پیاوە دووڕووەكانی دینی ئیسلام

Monday, 14/08/2023, 15:03

3445 بینراوە


ئەوە لوتكەی دووڕوویییە، لە وڵاتی خۆتدا، لایەنی جێبەجێكردنی شەریعەت بگریت، بەڵام لەگەڵ یەكەم دەرفەتدا، نیشتمانەكەت بەجێ بهێڵیت و بەرەو وەڵاتێك سیستمەكەی عەلمانی بێت، كۆچ بكەیت. ئەوە ئەوپەڕی دووڕوویییە، داوای زیادكردنی دەرسەكانی ئایینی ئیسلام لە پرۆگرامی خوێندندا بكەیت، بەڵام منداڵەكانت لە قوتابخانەیەكی ئینگلیزی، فەرەنسایی، یان ئەمریكایی ناونووس بكەیت. ئەوە قێزەونترین جۆری نیفاقە، ئەمڕۆ سێكسفرۆشێك بەگوێرەی ڕێنوێنییەكانی ئیسلام لە خۆت مارە بكەیت و سبەینێ بڕێك پارەی بدەیتێ و تەڵاقی بدەیت. ئەوەیش ناشیرینترین دووڕوویییە، لە مزگەوتدا، لە خودا بپاڕێیتەوە، كافران لە دۆزەخدا بسووتێنێت و لە دەرەوەی مزگەوتیش، داوای كۆمەك لە گاوران بكەیت. ئەوەیش دزێوترین دووڕوویییە، جنێو بە ئەمریكا بدەیت و ئاڵاكەی بسووتێنیت، كەچی لەبەردەمی سەفارەتەكەیدا لە سەرەیەكی درێژدا بۆ ڤیزەكەی بوەستیت. 
دووڕوویی ئەوەیە، ئەگەر موسوڵمانێك چووە سەر ئایینی مەسیح، ئەوە بە پیلانگێڕی لە دژی ئیسلام هەژمار بكەیت، بەڵام دڵخۆش بیت بەوەی، چەندان مزگەوتی گەورە و بە شكۆ لە نیویۆرك و لەندەن و پاریس هەن. دووڕوویی ئەوەیە، شادمان بیت بەوەی گەنجێكی خۆرئاوایی، لە دوای مەلایەكەوە لە مزگەوتێكی یەكێك لە شارەكانی خۆرئاوادا، بە زمانێكی تێكشكاو شایەتوومان دەڵێتەوە و ئەوە بە سەركەوتن بۆ ئیسلام لە قەڵەم بدەیت، نەك بە سەركەوتن بۆ بەها باڵاكان كە خۆیان لە ئازادیی بیروڕا دەربڕین و ئازادیی دینگۆڕین و ئازادیی ویژداندا دەبیننەوە و لە كولتووری خۆرئاوادا ڕێزیان لێ دەگیرێت.
دووڕوویی ئەوەیە، گوێ بە بەرتیلخواردن نەدەیت، گوێ بە گەندەڵكاریی نێو دەزگەكانی دادوەری نەدەیت، خۆ دزینەوە لە باجدان و سپیكردنەوەی پارە، بە ئاسایی بزانیت، ساغكردنەوەی شتومەكی ساختەت بە لاوە ئاسایی بێت، گوێی خۆت لە مافیای ماددە هۆشبەرەكان، بازرگانانی دەرمانی ئێكسپایەر، قاچاخچییانی چەك و چالاكیی ڕێكخراوە جیهادییەكان بخەوێنیت، تەنیا خۆت بە تەنوورەی كورتی ژنان و پانتۆڵی تەسكی كیژان و ماچێكی نێو تابلۆیەكەوە خەریك بكەیت. دووڕوویی ئەوەیە، بە پشتبەستن بە بەڵگە و داتا، سوور بزانیت، كۆمەڵگە تا زیاتر وابەستەی ئایین بێت، زیاتر گیرۆدەی گەندەڵكاری، درۆ و دەلەسەی سیاسی، پێشێلكردنی مافی مرۆڤ، گێچەڵكردنی سێكسی بە ژنان و دەستدرێژیكردنە سەر منداڵان دەبێت و كەچی بڵێیت: هۆكاری سەرەكیی بەدڕەوشتی، پابەندنەبوونە بە ئایینەوە.
دووڕوویی ئەوەیە، ئاژاوەی نێوان ئایینزاكان لە عێراق و سووریا و پاكستان هەڵبگیرسێنیت، ئاگری شەڕی نێوان خێڵەكان لە یەمەن و لیبیا و ئەفغانستان خۆش بكەیت و ئینجا بڵێیت: شەڕی ئێمە لە پێناوی یەكخستنی موسوڵماناندایە. دووڕوویی ئەوەیە، هەموو ژنانی دونیا بە كەمعەقڵ و كەمدین، بە عەورەت و فڕوفێڵی شەیتان و چیلكەوچەوێڵی ئاگری دۆزەخ بزانیت و بەڵام ناوبەناو بڵێیت: بەهەشت لەژێر پێی دایكاندایە. دووڕوویی ئەوەیە دووڕوو بیت و زووزوویش بڵێیت: دووڕووان لە بنی بنەوەی ئاگری دۆزەخدان. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە