ئەینشتاین مەبەستی چی بوو لە گوتەکەی: خوا یاری زارهەڵدان ناکات؟

Sunday, 10/09/2023, 20:21

3145 بینراوە


ئەمەیان گوتەیەکی گەلەک ناسراو و بەناوبانگی زانای مەزن ئەینشتاین (Albert Einstein) بوو، لە وەڵامی ئەو نامەیەی لە ساڵی 1926دا بۆی دێت لەلایەن فیزیکزانی ئەڵمانیایی ماکس بۆرن (Max Born)، تێیدا بۆرن ئاماژە بەوە دەدات کە فیزیکی کوانتەم، یاخۆ میکانیکی کوانتەم (Quantum mechanics)، بەندە بە بنەمای هەڕەمەکیی و ناجێگیریی.
لەو دەمەدا فیزیکی پێش بیردۆزی کوانتەم، لە چوارچێوەی پێوەندییەکی تووند و چەسپاوی کار و دەرەنجامدا دەبیندرا، واتە ئەگەر کارێکی فیزیکی ئەنجام بدەیت، ئەوا بێگومان دەرەنجامێکی دیارکراوی مسۆگەر بەدەست دەهێنیت. کەچی فیزیکی کوانتەم پێمان دەڵێت، ئێمە گشت کاتێک هەمان دەرەنجاممان نایەتە دەست ئەگەرچی هەمان کاریش بکەین، بەڵکوو ئەو دەرەنجامە دەوەستێتە سەر هەلومەرجە ئەگەرەکییەکان، لەوانەشە هەندێ جار بگەینە دەرەنجامێکی تەواو جیاواز.
ئەینشتاین وتەکانی (بۆرن)ی بەڕاست نەدەزانی، بۆیە گوتەکەی (خوا یاری زارهەڵدان ناکات بە گەردوون)، بۆ دەیان ساڵ هەر دەنگی دەدایەوە. بەمەش کێشە و گرفتێکی فەلسەفەیی قووڵ هاتە ئاراوە لەنێوان دوو ڕێبازی جیاواز، ئەوانەی هاوڕای ئەینشتاین بوون بە فیزیکی ئاسایی، یاخۆ باو دەناسران، ئەوەی دیکە ناوی لایەنگرانی میکانیکی کوانتەمی لێ نرا.
مەبەستی ئەینشتاین لەم دێڕەوشەیە چی بوو، ئاخۆ چۆنیش لە چەمکی خوای دەڕوانی؟

ئەینشتاین و چەمکی خوا

دایک و باوکی ئەینشتاین جوو بوون، بەڵام ئاینیان بەتووندی نەگرتبوو، ئەمەش نەبووە ڕێگر لە پێش ئەلبێرتی بچووکی نۆ ساڵانە بۆ ئەوەی بە ئاینی بوودایی سەرسام بێت و بە پەرۆشەوە هەوڵی تێگەیشتنی بدات، بەڵام لەپاڵ لایەنگری بۆ ئەو ئاینە، چەندان جاریش وەک جووێکی ڕەسەن خۆی دەناساند.
لەو کاتانەدا ئەینشتاین لە هاوڕێیەکی خۆی بە ناوی ماکس تالمود، یان تالمی (Max Talmey)، فێرە زۆر شت دەبێت لە بوارەکانی فیزیک و ماتماتیک. پاشان تالمود ئاشنای دەکات بە ئیمانویل کانت (Immanuel Kant) و کتێبە فرە بەناوبانگەکەی (ڕخنە لە هزری پەتی)، دوای ئەوەیان ئەینشتاین هەر لەڕێی ئەوەوە ڕوو دەکاتە فەلسەفەی دێیڤید هیوم (David Hume). لە هیومەوەش هەنگاوەکان گەلەک کورت بوونەوە بۆ گەیشتن بە ئیرنست ماخ (Ernst Mach)، ئەو فیزیکزان و فەیلەسووفەی ئەزموونگەرایەکی تەواو بوو و بەتووندی بنەماکانی شتگەلە ئەودیوسروشتییەکانی (Metaphysics) ڕەت دەکردەوە وەک سەرچاوە و بنچینەیەک بۆ زانست و زانیارییەکان (بیردۆزی زانینەکی - Epistemology)، هەروەها گومانی هەبوو لە چەمکە پەتییەکانی کات و شوێن، تا ڕادەی بوونی گەردیلەکانیش.
ئەو گەشتە هۆشمەندییە کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لەسەر ئەینشتاین، بووە هۆکارێکی یەکلاییکەرەوە بۆ فێربوون و جیاکردنەوەی ڕێکاری زانستی و دەقی پیرۆزی ئاینەکان. ئەم جارەیان ئەلبێرتی دوازدە ساڵی بڕیاری یاخیبوونی ڕاگەیاند، بە شێوەیەک وای لێ هات بەدرێژایی ژیانی خۆی بەدوور بگرێت لە گشت بیروڕایەکی وشکی چەقبەستووی ئاینەکان، هەستێکی ئاوا لەلایدا پتر پەرەی سەند و بووە دژایەتیکردنی هەموو بیروباوەڕێکی لەو جۆرە، هەتا بەرانبەر بە بێئاینان و بێخوا تووندڕەوەکانیش.
پەرۆش و ئارەزووە یەکجار زۆرەکەی ئەینشتاین لە قۆناغی هەرزەکاری و گەنجایەتیدا بۆ فەلسەفەی ئەزموونگەرایی و بەلاوەنان و نکوڵی کردنی ماخ لە چەمکی کات و شوێن، یارمەتیدەرێکی چاک بوو بۆی لە دانانی چوارچێوەی بیردۆزی ڕێژەیی، بەتایبەتیش لە داڕشتنی بەناوبانگترین هاوکێشە لە مێژووی زانستەکاندا (E = mc2)، بۆ هاویەکی و پێوەندی نێوان ماددە و وزە، بەوەی کە وزە یەکسانە بە لێکدانی بارستایی بە دووجای خێرایی تیشک.
پاش نێزیکەی دە ساڵێک، ئەینشتاین تێگەیشتنمانی بۆ گەردوون بەتەواوی هەڵ گێڕایەوە، بە بیردۆزی ڕێژەیی گشتی وای لێمان کرد تێکڕای تێڕوانینمان بۆ کات و شوێن بگۆڕدرێت، ئەو دەمەی پێی گوتین کە چەمانەوەی شوێن بزوێنەری ڕاستەقینەی هێزی کێشکردنە. بە تێپەڕبوونی تەمەن و پتربوونی ئاستی هۆشمەندی و زیرەکی، چیدیکە بە لایەنگرێک بۆ بیروڕاکانی ماخ خۆی نیشان نەدەدا و وەک پێشوو دژایەتییەکی تووندی شتە نائەزموونگەرییەکان نەدەکرد، ئەمەش بوو جارێکیان گوتی: "ڕاستە ماخ لە فیزیکی میکانیکادا گەلەک باش بوو، بەڵام لە فەلسەفەدا سەرکەوتوو نەبوو"
دوای ئەمانە ئەینشتاین هەرچەندە بڕوای بە هیچ ئاینێک نەبوو، کەچی لەبەر سەرسامبوونی بە ئاینی بوودایی هەمیشە لە ناخیدا خوایەکی وێنا دەکرد. کاتێک پرسیاریان لێی دەکرد دەربارەی باوەڕی ئاینیی دەی گوت: "هاوشێوەی دەربڕینە ئاینییەکان، نهێنی بوونی گەردوون پێویستە بۆ پشکنین و ئەزموون بشێت، یان بەلایەنی کەمەوە لەگەڵ لۆژیکی مرۆییدا بگونجێت." لەڕاستیدا خواکەی ئەینشتاین فەلسەفی بوو نەک ئاینیی، لەوەشی ئایا باوەڕی بە خوا هەیە؟ ئەمە وەڵامی بوو: "من باوەڕم بە خواکەی سپینۆزا هەیە، ئەو خوایەی هاوتای یاساکانی سروشتە لە وردیی و ڕێکوپێکیی کە تێکڕای بوونەوەرەکان بەڕێوە دەبات، بەڵام هەرگیز خوایەک ناڵێم کە چارەنووسی مرۆڤەکانی بەدەستە و گرینگی دەدات بە ڕەفتار و شێوازی بیرکردنەوەیان.
خوای ئەینشتاین بەرز و مەزنە و ئەستەمە بتواندرێ لە چەند پێناسەیەکی دیارکراودا سنووردار بکرێت، خوایەکی تووند و خاوەن ویستێکی جێگیر و پتەو لە پێڕەوبوون بە یاسا فیزیکییەکان و پابەندبوونی بە بنەمای هۆیەتی. لەمەوەش بەچاکی بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە چەمکی ویستی ئازاد بە هیچ شێوەیەک لە فەلسەفەکەی ئەینشتاین جێی نابێتەوە و کە دەڵێت: "سەرلەبەری شتەکان بەوردیی دانراون، سەرەتاکان و کۆتاکان لە دەست هێزێکی سروشتی دان و ئێمە ناتوانین بیان گۆڕین، هەر هەموومان لەسەر ئاوازە نامۆکان سەما دەکەین، ئەوی نادیارێک دەی ژەنێت."
کەواتە هەر لە سەرەتاوە وشەی (خوا) لای ئەینشتاین وەک هێمایەک بەکار هێندرا، بەوەی هەرگیز مەبەستی لە خوای ئاینەکان نەبووە، هاوکات (یاری بە زار ناکات) بەردەوام بەهەڵە لێی تێ دەگەیشتین و پێوەندی بە چارەنووس و ئەو جۆرە بابەتانە نییە، بەڵکوو ئەو گوتەیەی دژی ئەوانە بووە بڕوایان هەیە بە چەمکی ئەگەرەکیی، هەڕەمەکیی، نادڵنیایی، ناجێگیریی یاسا و ڕێساکانی گەردوون.

فیزیکی کوانتەم چی دەڵێت؟

بیردۆزە نوێیەکەی میکانیکی کوانتەم کە خودی ئەینشتاین بەشداری کردووە لە داهێنانی لە ساڵی 1905دا، چیرۆکێکی جیاوازمان بۆ دەگێڕێتەوە. بیردۆزی کوانتەم باسی کارلێکەکانی نێوان ماددە و وزەمان بۆ دەکات لە ڕەهەندە ژێڕ گەردیلەیییەکان، لەوێدا تێگەیشتنمان بۆ کات و شوێن و ڕاستی بوونی شتەکان بە شێوەیەکی دیکەیە. هەڵوێستە نامۆ و ناوازەکەی فیزیکی کوانتەم سەرلەنوێ لەلایەن هایزنبێرگ (Werner Heisenberg) داڕێژرایەوە و گوتی: پێویستە هەمیشە ئەوە لەبەرچاو بگرین کە کاتێک چاوەدێری شتێک دەکەین، ئەوا لە بنەڕەتەوە سروشتە ڕاستەقینەکەی نییە، بەڵکوو سروشتێکە خۆی بە ئێمە نیشان دەدات بەگوێرەی شێواز و ئەو ڕێبازەی دەیگرینە بەر لە پرسیارکردنمان لە چییەتی سروشت."
لەگەڵ ئەوەی جیهانێکی یەکجار سەیر و سەمەرەیە و زۆر دوورە لەهەست و هۆش و بیرکردنەوە لۆژیکییەکانمان، بەڵام ئەندێشە و ورێنەکردنێکی بێ بنچینە نییە، چونکە هەر ئەم زانستەیە بە هاوکێشە ماتماتیکییەکان و بنەما زانستییەکانی ئێمەی گەیاندە گەلەک داهێنان و دەسکەوتی یەکجار گرینگی وەک، وزەی ناوکەیی، ئامێری لەرەی موگناتیسی لە بواری پزیشکی، ترانسیستۆری کۆمپیۆتەر و تەلەفۆنە ژیرەکانی ئەمڕۆکەمان.
ئەگەرچی فیزیکی کوانتەم هیچ کاتێک بەتەواوی نەبووە جێی ماتمانەی ئەینشتاین، بەڵام ئەمە ڕەتکردنەوەیەکی سادە و بێبنەما نەبوو و چەندان هۆکاری ورد و ئاڵۆزیان هەبوو، چونکە خەڵاتی نۆبڵەکەی ساڵی 1921 لەسەر ڕاڤەی کاریگەری کاروتیشکی، بووە هۆی پێشکەوتنی فیزیکی کوانتەم. ئەینشتاین دەیویست لەڕێی گوتەکەیەوە هەستی خۆی دەربارەی نامۆیی میکانیکی کوانتەم وەک بیردۆزێکی زانستی دەرببڕێت، لەبەرئەوەی ئاشکرایە کە زۆربەی دیاردەکانی گەردوون بەرئەزموونن و بۆ پێوانەکردن دەشێن، کەچی لەلای فیزیکی کوانتەم تەنۆلکە بچووکەکانی پێکهێنەری گشت شتەکان سروشتێکی پشێو و هەڕەمەکییان هەیە.
بەشە سەرەکیییەکەی بیردۆزەکە بەندە بە بنەمای نادڵنیایی، یان ناوردیی، یاخود ناجێگیریی هایزنبێرگ (Heisenberg Uncertainty Principle)، تێیدا هاتووە ئێمە هەرگیز ناتوانین دوو تایبەتمەندی لە یەک کاتدا پێوانە بکەین، ئەستەمە شوێن و خێرایی ئەلیکترۆن پێکەوە بزانین. واتە هەموو بڕە فیزییەکییەکان پێشبینی ناکرێن و ئەو یاسایانەی سیستەمەکان بەڕێوە دەبەن هەڕەمەکیی و ئەگەرەکیین، نەک نەگۆڕ و زەبرگەرایی بن. چەمکێکی دیکەی بنەڕەتیی لە دۆخێکدا خۆی دەنوێنێت ناو دەنرێت بە دۆخی بەسەر یەکەوەبوونی کوانتەمی (Quantum superposition‏)، ئەوەی وا دەکات بۆ نموونە، ئەلیکترۆن هاوکاتەکی بە دوو ئاراستەدا بخوولێتەوە، یانیش لە یەک کاتدا لە دوو شوێندا ببیندرێت، واتە تەنۆلکەیەک لە هەمان کاتدا دوو، یان پتر لە باری جیاجیا وەربگرێت.
ئەم جۆرە دەربڕینە لەگەڵ فەلسەفەکەی ئەینشتاین نەدەگونجا، ئەینشتاین بڕوای بە ڕاڤەیەک نەبوو بڵێت کۆتا دەرەنجامی بیردۆزێکی فیزیکی شتێکی ڕاستەقینە نییە. واتە نەی دەتوانی هاوڕای بۆچوونێک بێت کە پێی وایە دەشێ خوا ڕێ بدات لە ڕووبەرە بچووکەکەی ژێر گەردیلەیی یاسا و ڕێسا سروشتییەکان بڕوخێن و دەروازەکانی هەڕەمەکیی و ناجێگیریی و بکرێنەوە بەرانبەر بە دەرنجامێک کە نەکارین بە پشتبەستن بە هۆکارەکان بەوردیی پێشبینی بکەین. هاوکات بنەما گەردوونییەکانی هاوشێوەی ئەگەر و ڕێکەوت کە لە زارهەڵداندا بوونیان هەیە، جێی بڕوا نەبوون لەلای ئەینشتاین، پێی وا بوو پێویستە یاساگەلەکی ڕوون و پتەو هەبێت لەو سروشتە ڕێکوپێکەی وەک کاتژمێرێک لەلایەن نەخشەسازێکەوە (خوا) بەوردیی دروست کراوە، بۆ پێناسەی تەنۆلکەکان و توانای پێوانەکردنی پێکەوەیی خێرایی و شوێنیان. پاشان زاناکان بۆیان بەدەر کەوت کە ئەینشتاین هەڵەیە لە ڕەخنە و بۆچوونەکانی دژ بە فیزیکی کوانتەم، چونکە چەندان ئەزموونی یەکلاییکەرەوە سەلماندییان هیچ بەڵگەیەک نییە، لەسەر هەبوونی ئەو یاسایانەی ئەینشتاین هیواخواز بوو بۆیان.
دواجار پێویستە بڵێین کە ئەینشتاین وای دەبینی پێوەندی نێوان دوو جیهانە گەورە و بچووکەکە هێندە پتەو و وردە، ئەستەمە گۆڕانی بەسەردا بێت تەنانەت لەلایەن خواوەندەوەش، دەربارەی ئەمە دەبێژێت: مەزنترین دەستکەوت بۆ کەسێکی زانستخواز ئەوەیە لە توانای خوا بگات کە چۆن ئەو پێوەندییەی بە جۆرێک داڕشتووە هیچ شێوازێکی دیکەی لەوەی هەیە بۆی دەست نەدات، بە نموونە بتوانێت ژمارە چوار بکاتە ژمارەیەکی سەرەکیی (ئەو ژمارانەی پێبەشکراویان نییە). ئەمەشە کاریگەریی بیروباوەڕی فەیلەسووف سپینۆزایە لە چەمکی یەکانەیی سروشت کە لەلای ئەینشتایندا دەبیندرێت.
هەرچەندە ئەینشتاین بەدرێژایی ژیانی سوور بوو لەسەر ئەم هەڵوێستەی بەرانبەر بە بنەمای ناجێگیریی فیزیکی کوانتەم، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەبێژن لە دوا ڕۆژەکانی تەمەنی کاتێک چاوی بە زانای ماتماتیکی هێرمان وایڵ (Hermann Weyl) دەکەوێت، وەک پەشیمانبوونەوەیەک بە سەرلەقاندنەوە پێی دەڵێت: "کێ دەزانێ لەوانەشە خوا چەپەڵ و ناپاک بێت"، بەو مەبەسەتەی گەردوونی وا لێ کردووە کە خۆی نەیەوێت ئێمەی مرۆڤ تێی بگەین، ئەمەشیان وەڵامێک بوو بۆ گوتەیەکی کە هەمیشە دووبارەی دەکردەوە: "دەشێ خوا شاراوە و نادیار بێت، بەڵام هەرگیز چەپەڵ نییە".

سەرچاوەکان؛


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە