عەلی کەریمی: پەدەکە بە ئاڵای عێراقەوە دەیەوێت شەڕی پەکەکە بکات

Tuesday, 26/09/2023, 16:41

1595 بینراوە


باران گەرمیانی

عەلی کەریمی، چاودێری سیاسیی دەڵێت: پەدەکە سیناریۆیەکیان داڕشتووە کە شەڕی خۆی ببەستێت بە هەموو هەرێمی کوردستان و عێراقیشەوە، سیاسەتی پەدەکە زۆر پیس و گڵاو و قێزەونە، بوونی پەدەکە بوونی تورکیایە، دەشڵێت: پەدەکە بە ناوی هێزی دیکە و بە ئاڵای عێراقەوە دەیەوێت شەڕی پەکەکە بکات.
عەلی کەریمی، چاودێری سیاسیی کورد، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز، کە بە سێ بەش بڵاو دەبێتەوە، لە بەشی سێیەمیدا، لەبارەی چەککردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵات کە نیشتەجێی باشووری کوردستانن و کۆکردنەوەیان لە کامپە زۆرەملێکاندا لەلایەن پەدەکەوە و جوڵاندنی هێزێکی زۆر بە چەکی قورسەوە بە ناوی پاسەوانی سنوورەوە، بۆ کوێستانەکانی برادۆست، دەدوێت.
عەلی کەریمی لەم بەشەی چاوپێکەوتنەکەیدا تیشک دەخاتە سەر هەوڵەکانی پەدەکە بۆ بەجێگەیاندنی فەرمانەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، کە بە ناو و ئاڵای عێراقەوە لە چوارچێوەی سیناریۆیەکی نوێ و پەکخستنی جموجۆلەکانی پەکەکە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا.

“پەدەکە دەیەوێت شەڕ گرێدراوی هەڕێمی کوردستان و عێراق بکات”

عەلی کەریمی دەڵێت: پەدەکە بە ناوی هێزی دیکە و بە ئاڵای عێڕاقەوە و دەڵێت: بە بیانووی ئەوەی کە ١٠ پێشمەرگە لە هەڵگورد و باڵەکایەتییە، دەستگیریان بکەن و نیشتەجێی کامپییان بکەن، هەموو ئەوانە درۆ و سیناریۆن، زیاتر لە ٢٠ ساڵە دەزانن کە ناوچەیەکی پەکەکە بە ناوی مەدیا، لە خواکورک و باڵەکایەتیی و ئەو ناوچانە هەیە، نزیکەی حەوت ساڵ پێش ئێستا پەدەکە لەو ناوچەیە شەڕێکی ساز کرد و پێشمەرگەیەکی جوانەمەرگی، دا بە شەهید بووندا.
ئاماژە بەوەش دەکات، دەیانەوێت ئەو ڕێگایەی جموجۆڵی پەکەکە لە قەندیلەوە بۆ برادۆست و ناوچەکانی دیکەیان بەکاری دەهێنن، بە فەرمانی میت دابخرێت و جموجۆڵەکانیان پەک بخرێت هەر بۆیە هاکان فیدان سەردانی بارزانییەکانی کرد، لەمێژە سیناریۆیەکیان هەیە کە شەڕەکە لە چوارچێوەی پەدەکە و پەکەکە بهێننە دەرەوە و گرێدراوی هەموو هەرێمی کوردستان و عێراقیشی بکەن.

“هێزی یەکەی ٨٠ بە ئاڵای عێراقەوە ناوچەکە کۆنتڕۆڵ دەکەن”

تیشکی خستە سەر ئەوەش، لە ماوەی ڕابردوودا موستەشار و ڕاوێژکارەکانیانیان بەردەدایە سەر شاشە و دەیانوت عێراقمان ناوێت و ئاڵای عێراقیان لەژێر پێ دەنا، کەچی ئەمڕۆ بە هێزی یەکەی ٨٠ کە هیچیان عەرەب نییە و بە ئاڵای عێڕاقەوە، بە ناوی سوپای پاراستنی سنوورەوە خۆت دەکەیت بە عەرەب و دەتەوێت بچیتە ناوچەکانی پەکەکە و بە ئێران بڵێیت ئێمە لێرەین و هەموو شتێک کۆنتڕۆڵە، نیازێکی دیکەیان هەیە لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچەیە، کە دەیانەوێت هەموو لایەنەکانی تێوەبگلێنن و ڕێگای پەکەکە و بەیەکەوە بەستنی کوردستان پارچە پارچە بکەن، دەستەکەیان لە لای هەمووان ئاشکرایە.

“ئەردۆغان کێشە ئابوورییەکانی خۆی نابینێت، تەنها هەوڵی لەناوبردنی پەکەکە دەدات”

ئەو چاودێرە سیاسییە وتیشی: سیاسەتیی پەدەکە زۆر پیس و گڵاو و قێزەونە، کاتێک بنەماڵەی بارزانیی، بوون و مانەوەی خۆی لە دەستی سوڵتانە تازەکانی عوسمانییدا دەبینێت، هەموو کارێکیان بۆ دەکەن، تەنها بە سیخوریشەوە ناوەستن و دەست بۆ بابەتی گەورەتر دەبەن، بوونی پەدەکە بوونی تورکیا، کاتێک هەزاران بەناو ڕۆشنبیری باشوور و ڕۆژهەڵاتیان دامەزراندووە، کە شەو و ڕۆژ وەک سوڵتانەکانی قاجار و عوسمانی پێیاندا هەڵبدەن، ئەوا پەدەکەش بە سوڵتانە تازەکانی عوسمانی کە ئەردۆغانە پێیدا هەڵدەدات.
عەلی کەریمی ئەوەشی خستە ڕوو، ئەردۆغان پێی خۆشە کوێر بێت بەڵام پەکەکە نەبینێت، هەموو کێشە ئابوورییەکانی خۆی نابینێت تەنها هەوڵی لە ناوبردنی پەکەکە دەدات، پەدەکەش کە خۆی گیرۆدەی عەقڵ و فەلسەفەیەکی ئاوا کردووە، ئەوا بە دڵنیاییەوە هەموو شتێکی لێ دەوەشێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە