خۆشەویستی بە شەرتی چاقۆ

Wednesday, 25/10/2023, 16:59

2421 بینراوە


خۆشەویستی بەشەرتی چاقۆ، ڕستەی هونەرمەند ناز عەوڵایە. وەک دیبینینن هونەرمەند بە تابلۆیەک گوزارشتی لەم بیرۆکەیە کردووە (وێنەی01).
ڕستەکە وەک وێژە ڕستەیەکی بوێرانەیە و مۆدێرنە، وەرچەرخانی ڕستەی <<  شووتی بە شەرتی چاقۆ>> یە. کاتێک فرۆشیارەکانی مەیانەکە بە بێ وچان، کێردێکی گەورە بە بەر باخەڵیانەوە، لەسەر وەزن و مۆسیقایەکی دڵگیر بە دەنگێکی زوڵاڵەوە هاواریان دەکرد :

 << شوتی بە شەرتی چاقۆ، شوتی بە شەرتی چاقۆ >>

وێنەی (01) کاری هونەرمەند ناز عەولا (خۆشەویستی بە شەرتی چاقۆ)
هەر کە مشتەریەکە دەگەشتە بەردەمی، کابرای فرۆشیار شوتیەکەی دەخستە بن باڵی و بە فیزەوە چوارگۆشەیەکی بە خەنجەرەکەی لە شوتیەکە دەکردەوە و بە نوکی خەنجەرەکەی پیشانی دەدا کە چۆن سورە و ئەویش بە مڵچە مڵچ تامی دەکرد و دڵنیا دەبوو کە شیرینە، ئیدی دەبوە کڕیاری شوتیەکەی.
بەڵام لێرەدا ناز خان ئەو ڕستەیە بە تەنزەوە بەکار دەهێنێت ودەیەوێت ئەو دژواریەمان وەبیربهێنێتەوە کە چۆن لە خۆشەویستیدا چاقۆ نێوەندگیرە لەو ناوچەیەی کە فرۆشیارەکان هاوار دەکەن شوتی بە شەرتی چاقۆ. چواندنی ڕەنگی سوری شوتیە بە رەنگی سوری خوێن و پەردەی بوکێنی و خەنجەریش وەک شتێکی دژوار ئەگەر سور نەبوو، واتە خوێنی لێ بەرنەبوو  یان بە دڵی مشتەری نەبوو. خۆ ڕەنگە ناز خان بەرپەرچمان بداتەوە و بڵێت نەخێر، ئەو بە مەبستی لە خۆشەویستیەکی وەفادار و بێ خیانەتە، خۆشەویستیەکی دڵگیر و شیرین وەک تامی شوتی. بەڵام ئەوەش نابینین. ئەگەر نا چاقۆ چی دەکات لە نێو ئەو دوو خۆشەویستەدا  لەسەر قاشێک شوتی؟ 
هەموو باسێک دەبێتە هونەر، وەک چۆن هەموو باسێکیش دەبێتە وێژە، بەڵام هونەری گوزارشت هەنە و ئەم هونەرەش لە لایەن کەسێکەوە بڕیاری لەسەر نەدراوە بەڵکو لە نەستی هەمووماندا بوونی هەیە بە شێوازی لۆژیک، چونکا ئێمە بەرهەمی لۆژیکین. وەک دەونناسی فەرەنسی دۆلتۆ دەڵێت ئێمە ناتوانین درۆ لەگەڵ نەستا بکەین، ئەو هەموو کات ڕاستی دەزانێت. 
خۆ ئەگەر ئێمە تابلۆیەکمان بەدڵە و تابۆلیەکی ترمان بەدڵ نییە لەبەر ئەوەی کە زانیاریەکی پێشوەختە بوونی هەیە لە ناخ (نەست)ی هەموو مرۆڤێکدا، درکی پێ دەکات و ڕاڤەی بۆ دەکات، بەڵام ئێمە بێ ئاگاین لێی، ئەوە کاری هونەرمەند و فەیلەسوفانە ئەو زنیاریانە دەستنیشان بکەن و بینەر و خوێنەریش بە بینین و خوێندنەوەی ڕاستەوخۆ بە ئاگا دێنەوە. خۆ ئەگەر هەڵە بین لە ناسینەوەی کارێکی هونەری ڕەسەن، مانای وایە کە بینەر بە جۆرێک لەژێر کاریگەری یاسا کۆمەڵایەتیەکاندایە کە دەرگای نەست (زانین)ی بە هەزارەها قوفڵ  بنبەستکراوە، دەبێت بشکێندرێ هەتاوەکو پەی بەو زانیاریانە ببات. کاتێکیش وتەی فەیلەسوفێک دێتە بەرگوێمان و بە وتەیەکی بەنرخی دەزانین لەبەر ئەوەی کە ئەو وتەیە لە نەستماندا پەنگی خواردووە و فەیلەسوف پەنجە دەخاتە سەر و ڕامی دەکات، دەرگای بۆ واڵا دەکات. یان کاتێک تابلۆیەک دەبینین و بەردڵمانە.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە تابلۆکەی ناز عەوڵا لە ئاستی دەستەوژەکەدا نییە ؛ دەستەواژەکە مۆدێرنە و تابلۆکە ئێجگار کلاسیک، بۆیەکا ناگونجێن. بیرۆکەی مۆدێرن پێویستی بە شکڵ و گوزارشتی مۆدێرنە، پێویستی بە پێکهێنی مۆدێرنە، دەنا دەبنە دوو جیهانی جیاواز و سەرمان لێ دەوەشێت ؛ نەست ناوروژێنێت. چونکا گوزارشتکردن بە وێنە لە بیرۆکەی خۆشەوستی و دژواری  یان هەر خۆشەویتیەکی بەوەفا و شیرین وەک تامی شوتی لەو ڕستەیەدا، هەر ئەوە نییە چاقۆیەک دابنێم لەسەر شوتیەک و کوڕ و کچێک بە تەنیشتیەوە. کوڕو کچیک بە شێوازێکی ئێجگار کلاسیک وەک وێنا (illustration) ڕۆمانتیکیەکانی هۆنراوەکانی عومەر خەیام. کوڕەکە سەری خستۆتە سەر سنگی  خانم و خانمیش گوڵێک لە نێوان هەردوو لێویدا. شوتی و چاقۆش وەک دیکۆرێک بە تەنیشتیانەوە.
پێش ئەوەی زیاتر ڕونکردنەوە بدەم، با باسی تابۆلی هونەرمەندێکی دی بکەین کە بابەتێکی فەمینیستیمان بۆ دەوروژێنێت بە شێوازێکی ئێجگار ژیرانە و بە زوانی هونەریی هاوچەرخ 
وێنەی (02) تابلۆی هونەرمەند (Mohamed Ben Slam).
تابلۆکە بریتیە لە چوار بەش ( چوار چین)ی یەک لە دوای یەک وەک شانۆیەک: 
قاپێک خواردن، ئافرەتێک، کۆمەڵە پیاوێک بە لەچکی ئافرەتەکە داپۆشراون، ئاسمانێکی شین.  
ئافرەتێک دەبینین لە پێشەوەی تابلۆکەدا بە شێوەیەکی مۆدێرن نەخش کراوە و خۆی نمایش دەکات بەرامبەر بە ئێمە. کە دەڵێم مۆدێرن مەبەسم لەوەیە کە بە دوای ئێستێتیکێکی ناسراودا نەگەڕاوە، بەڵکو شکڵەکە وەرچەرخاوە لە لایەن هونەرمەندەوە بە ویست و بە ئاگاییەوە، جوانیەک و ئازادیەکی تری داوە بە جەستە مێینەکە، بە جۆرێک کە خۆی لە قەرەی قەبیحی و کۆمیک دەدات. ئافرەتەکە وەک کەیبانویەکی ماندوو بە دوو دەستکێشی ئێجگار گەورەوە خواردنێکی ئامادەکردوە و خستویەتیە سەر ناوگەڵ (کوز)ی و پیشانی ئێمەی دەدا. وەها دیارە کە خواردنەکە کوسکوسی مەغەریبییە و بە بەهاراتی ڕەنگاوڕەنگ ڕازاوەتەوە لە بەشی پێشەوەی تابلۆکەدا. لە پشتی ئافرەتەکەوە کۆمەڵە پیاوێک جەستەیان وەک مرۆڤی سەرەتایین و هەر هەموویان بە بە پەچەی ڕەشی ئافرەتەکە داپۆشروان و سەریان لە پەچەکەوەهاتۆتە دەرەوە، هەنێ بەشی پەچەکە سمێڵ و ڕیشی پیاوەکان پێکدێنن. دەستێک مەشخەڵێکی بەرزکردۆتەوە. لە پشتیانەوە ئاسمانێکی شین. 
ڕوونە کە ئەوە ئافرەتەکەیە ئەو خواردنەی ئامادە کردووە وەک چۆن کوزی ئامادە دەکات و دەیپارێزێت بە پەردەی کچێنییەوە هەتا شەوی بوکێنی بۆ پیاوێک، وەک خواردنێکی بەتام و ناوازە.  لەچکەکەشی وەک پەردەی کچێنی بۆتە بەرکۆشێکی گەورە و دراوە بەسەر پیاوەکاندا و ئامادەن بۆ خواردن لەناو گەڵی خانمدا. مەشخەڵی سەرکەوتن و شادی بۆ ئەو کەش و هەوایە بە دەستێکی نێرینە بەرزکراوەتەوە لە ژێر ئاسمانێکی شیندا.
تابلۆکە هێندە بەهێز و ڕاستەوخۆیە لە گوزارشتی دەوری ئافرەت و پەردەی کچێنی و ناوگەڵی ئافرەت و کۆبونەوەی کۆمەڵە پیاوێک لە دەوری ئەو خوانە کە ئەستەمە درکی پێ نەکەین، بیرۆکەکەی شێوازی گێڕانەوەی چیرۆکی تێپەڕاندوە و چۆتە ئاسێکی ئەبستراکتەوە، بە تایبەتی سەرپۆشەکە چۆن بۆتە پەردەی کچێنی و وەک بەرکۆشێک دراوە بەسەر ئەو پیاوانەدا کە شێوەیان وەک مرۆڤی سەرەتایین و شکڵێکی داوە بە ڕیش و سمێڵ و سیمایان. بەرزکردنەوەی مەشخەڵیش وەک ئەوەی کە ئاهەنگەکە لەوپەڕی شادی سەرکەوتندایە، بەڵام بیچمی مێینەکە و خواردنەکە لە ناوگەڵیا بابەتەکەمان بۆ تەواو دەکەن. دەبینین لە هەموو ڕویەکەوە ؛ لەڕوی تێکشکاندنی شکڵ و جۆری گوزارشتکردنی لە بابەتەکە ئێجگار دروستە و بیرۆکەکەی بەشێوەیەکی هاوچەرخ پیشانداوە، خۆ ئەگەر ئەم هونەرمەندە وەک ناز خان ئافرەتێکی ڕیالیسمی بۆ بکردینایە ئەوا ئەو تابلۆیە ئەو کاریگەریەی نەدەبوو، چونکا ئەگەر ئێمە شکڵەکان تێکدەشکێنین وەک چۆن لە وێژەدا ڕستەکان تێکدەشکێنین بە مەبەسی دەربڕینی بابەتە، چونکا وشە و ڕستە وەک ئەوەی کە هەنە لە ئاستیدا نین، هەر ئاواش دەبێت شکڵ تێکبشکێنین بە مەبەست گونجاندنی لەگەڵ بیرۆکەدا وەک چۆن وشەی شوتیمان جێگرتەوە بە وشەی خۆشەویستی. خۆ ئەگەر  هونەرمەند خواردنەکەی نەخستایەتە ناوگەڵی خانمەوە، بە دەستیەوە بوایە، ئەوا بابەتەکەمان تەواو جیاواز دەبوو، هەمان مانای نەدەدا.
دەستکێشەکانی پێمان دەڵێن کە ئەوە خانمە ئەو پڵاوەی ئامادە کردوە وەک کەیبانویەکی بەکار، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ناوگەڵیدا دایناوە، تەواو ماناکەی وەردەچەرخێت. لێرەدا خوادنی ئامادەکراو و کوزی ئافرەت دەچنە پەیوەندیەکی دیالەکتیکەوە، بەڵام شوتی و چاقۆ نەکەوتونەتە پەیوەندیەوە لای ناز خان، خۆ ئەگەر بە نمونە، ناز خان چاقۆکەشی نەخستایەتە سەر کوزی کچەکە و بیخستایەتە دەمی کوڕەکە و کچەکەش گوڵێک لە نێو لێویدا شتێکمان دەکرد بە شتێک، چونکا چاقۆکە دەکەوتە پەیوەندیەوە لەگەڵ کەرەسەکانی تردا. هەرچەندە بەو شێوازەی ئەو نەخشی کردووە هەر وەک تابلۆیەلی کلاسیکی دەمێنێتەوە و وەرنەچەخاوە وەک ڕستەکە.
بەڵام ناز خان نەیتوانیوە ئەو کارە ئەنجامبدات، واتە تێکشکاندنی شکڵ و جێگرەوەی کوزی بە قاشێک شوتی و.....تاد، کچەکە گوڵێکی بە دەم لێویەوە و کوڕەکە لە باوەشیدا بە شێوازێکی ڕۆمانتیکی پاڵکەوتوە و و شوتیەکەش وەک خۆی بە چاقۆیەکەوە لەولاوە. هیچ تێکشکاندنێک لە شکڵدا نەکراوە، وەک چۆن تێکشکاندن کراوە لە ڕەستەکەدا. لەبەر ئەوەی لەو سیستەمەدا ئەو وەک مێینەیەک ناتوانێت قاشە شوتیەکە بخاتە ناوگەڵی کچەکە یان چاقۆکە بە دەستی پیاوەکەوە...تاد، یان هەرجۆرە پێکهێنێکی تر، واتە تێکشکاندنی شکڵەکان بە مەبسی گەیاندنی نەخشەکە بۆ ئاستی ڕستەکە.  

بۆچی ناز خان ناتوانێت شکڵەکان تێکبشکێنێت ؟

چوونکا دنیا وەردەگەڕێت و سیستەمی خێڵایەتی سەرەونوخون دەبێتەوە. پێ دەچێت کە خوێندەر بلێت کە کوڕێک دەتوانێت ئەو کارە ئەنجام بدات بە پێی ئەوەی کە ئەو ئازادترە. بەڵام نەخێر، لە سیەتەمی نادیموکراسیدا هونەر بوونی نیە و هونەرمەندان ئازاد نین، هونەرمەند ناتوانێت ئەو پەڕی توانای هزری خۆی بخاتە گەڕ و سنور تێبپەڕێنێت کە پێویستیەکی بنەڕەتیە بۆ هونەرێکی ڕەسەن و هاوچەرخ. ئەگەر لەسیتەمی دیکتاتۆریدا هزر سنوردار کراوە، ئەوا لە سیستەمێکدا کە بەرهەمی ناوخۆیی نەوتە، هزر بێ توانا و تەمبەڵە و بوێری بازدانی نیە، بوێری تێکشکاندنی نیە.
ئەگەر ناوی تابلۆکەی نازخان پشتگوێ بخەین، ئەوا پۆرترێی کچ وکوڕێک دەبینین لە بارێکی ڕۆمانسیدا بە شێوازێکی ئێستێتیکی کلاسیک کراون بە تەنیشت قاشێک شوتی سورەوە کە چاقۆیەکی تێ چەقێنراوە. ئەم تابلۆیە نەک هیچمان بۆ نادرکێنێت بەڵکو بەهایەکی هونەریشی نیە، بەڵام ناوی تابلۆکە پێمان دەڵێت کە هونەرمەند گەرەکی بوە گوزارشت لە بیرۆکەیەک بکات، ئەفسوس بەدوای ئەو بیرۆکەیەدا دەگەڕیین بەڵام نایدۆزینە. بێگومان مەبەستم ئەوە نیە کە بلێم نازخان دەبێت بەجۆرێکی تر ڕەسم بکات، نا، بەڵام کاتێک ئێمە ئەو ئازادییە دەدەین بە خۆمان تێکستێک تێکبشکێنین، دەبێت ئەو ئازادیەش بدەین بە خۆمان شکڵەکانیش تێک بشکێنین، وەرچەرخاندن بە مەبسی گونجاندنی لە گەڵ ویست (ناوی تابلۆکە)ە دا.

تێبینی:

ئەو تابلۆیەی ناز عەوڵام وەک بیانویەک بەکارهێنا بۆ بەراوردکردن و ڕونکردنەوەی تابلۆکەی  محەمەد عەبدوسەلام.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە