هێزی نەرم

Monday, 06/11/2023, 22:44

1519 بینراوە


هێزی نەرم بریتیە لەو هیزەی لە ڕێگای خۆپیشاندن و دەربڕینی ناڕەزایی و ئاڵا سووتاندن و تا ڕاددەی هەندێ لە توندوو تیژی دژ بە پۆلیس لە دەرەوەی گۆڕەپانی سەربازی بەکاردێت بۆ ئەوەی وەك فشارێك کاربکاتە سەر دەرئەنجامی ، جەنگ.
 لەهەر جەنگێکدا جگە لە هێزی ڕەق(سەربازی) پێوست بە هێزێکی نەرم هەیە لە دەرەوەی گۆڕەپانی ململانێی سەربازی بۆیەکلاییکردنەوەی جەنگەکە. بۆ نمونە لەم جەنگەی ئێستای ئیسرائیل و بزووتنەوەی تیرۆریستی حەماس کە نوێنەری چەندین دەوڵەتی تیرۆریستی وەك ئێران و قەتەر و تورکیان زۆر بە خەستی ئەم هێزە نەرمە بەکارهێنراوە. 
لەسەردەمی ڕابردوودا(پروپاگەندە)ئەو هێزە نەرمە بوو کە لە پێش و پاش جەنگدا ئەخرایە گەڕ و ئەوانەی خاوەن زۆرترین زانیاری و دەزگای ڕاگەیاندن و  سیخوڕی بوون بەکاریان دێنا تا وا لە دوژمن بکەن تای سەرکەوتن بەلای خۆیاندا قورس بکەن.. جیاوازی نێوان (پڕوپاگەندە) و ئەم هێزە نەرمەی ئێستا ئەوەیە کە پڕوپاگەندەکان بریتی بوون لە فووتێکردن و قەبەکردنی هێزی هێرش بەر و نیشاندانی هێزی بەرانبەر بەلاواز و دۆڕاو. بەڵام ئەم هێزە نەرمە تەواو پێچەوانەی ئەو پڕوپاگەندەیەیە و بەردەوام دۆزەکەی خۆی بە قوربانیدەر نیشان ئەداو وا ئەخوازێ کەلایەنەکەی تر زۆڵم و زۆرو نادادپەروەری گەورە دەرهەق بەمان ئەکا و جیهان پێوستە بێتە سەر خەت بۆ ئەوەی کوشتن و کوشارگەکە کۆتایی پێ بهێنن.
هێزە نەرمەکەی (حەماس) لەتەواوی جیهانی عەرەبی،ئێران،تورکیا ،ئەوروپا و ئەمریکا ، یەکسەر دوای کارە قیزەوەنە تیرۆریستیەکەی حەماسی ٧ ئۆکتۆبەر ، دوای ئەوەی زانیان ئیسرائیل بە تەواوەتی هەڵئەستێ بەکاری تۆڵەسەندنەوە، کەوتنە بەر جموجۆلێکی بێ وێنەو ڕژانە سەر شەقامەکان و لەنێو زانکۆ و مزگەوت و کەنیسە و شوێنە گشتیەکاندا بەشێوەیەکی زۆر بە بەرنامە داڕێژراو وویستیان خۆیان وەك گەلی (فەلەستین)بە قوربانی دەربخەن و وای نیشانی ڕای گشتی بدەن کە (حەماس) بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕ و دژ بە داگیرکاری ئیسرائیل ئەجەنگێ و ماف لای ئەوانە.. ئەوان بەم خۆپیشاندن و ناڕەزایی دەربڕینە گەرەکیانە دەوڵەتی ئیسرائیل بە تاوانبار نیشان بدەن و خۆیان وەك قوربانی جەنگ، ئەمە لەکاتێکدا (حەماس) ئاگری ئەم جەنگەی هەڵگیرساند و دەست پێشخەربوون.
ڕەنگە پرسیارێك قووت ببێتەوە وەك،،بۆچی هێزی نەرمی حەماس گەلێ کاریگەرە و ئیسرائیل ئەم هێزەی نیە لەم کاتەدا؟ وەڵامی ئەم پرسیارە پەیوەستە بە ئاستی تێگەیشتنی خەڵک لەسەردەمی برەوی تەکەنەلۆژیا کەوای لەنەوەی ئێستێ(gen Z) کردوە پشت تەنها بە (Trnend)ببەستێ وەیان ئەوەی لەسەر زاری خەڵکی گشتیە، بەمانایەکی تر خەڵکی ئەم سەردەمە لەبەرئەوەی ناخوێننەوە و خۆیان بەدوای زانیاریەکان هەڵپەناکەن و تەنها ئەیانەوێ بە شێوەیەکی خێرا بگاتە دەستیان، ئیتر کاتی خۆیان بەگەڕان و چڕکردنەوەی بیرکردنەوەیان نادەن، بۆیە گەلێ ئاسانە لەم سەردەمەدا ڕاست و ناڕاست گەلێ بە ئەستەم وەیان گەلێ بە ئاسانی تێپەڕێندرێ. لەلایەکی دیکەوە ئەم هێزە نەرمە کار لەسەر بەقوربانیدانی منداڵ و پێر ئەکا بۆ ئەوەی ڕای گشتی پێ هەڵخەڵەتێنێ و ڕێگە نادا بەوانەی بپرسن بۆچی تیرۆریستەکان لە نێو منداڵ و پیرو پەککەوتە و نەخۆشخانەکان خۆیان حەشار ئەدەن و وەك قەڵغان بەکاریان دێنن.
لەمێژووی دەسەڵاتی خۆسەپێنی باشووردا ، حزبەکان ئەم هێزە نەرمەیان بەکار هێنا بۆ بەرژەوەندی تەنها خۆیان و بنەماڵەکانیان، بۆ نمونە جەلال تاڵەبانی هەستا بە بارمتە گرتنی ئەم هێزە نەرمە کاتیك ساڵی 1988 حکومەتی بەعس هەستا بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی خەڵکی کوردستان بە گشتی و هەڵەبجە بە تایبەتی کە نەیان هێشت شارەکە چۆڵ بکەن و دواجار ژمارەیەکی گەورە(5000) لە هاوڵاتی گیانیان بەخت کرد،،هەمان چەك بۆ جاری دووەم لەکۆتایی نەنفالەکاندا دژی خەڵکی لادێکان بەکاریان هێنان و نەیانهێشت لە دێکان بێنە دەرەوە و دواتر ، 182 هەزار کەس ئەنفال کران،،جاری سێهەمیش وویستیان هەمان شت 3 بارە بکەنەوە بەوەی لەکاتی (کۆڕە)ی 1991 وە بەرەو سنوورەکانی تورکیا و ئێران پێش خەڵکەکە هەڵهاتن و نەیان هێشت پێش خۆیان شارەکە چۆڵبکرێ بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵکی تێدا بچن..ئەم جۆرە هەوڵە نەگریسەی تاڵەبانی و مەسعود گورزێکی گەورەی لە دۆزی میلەتەکەمان داو زەرەری گەورەی لێدا.. ئێستاش (حەماس) بەهۆی ئەم هێزە نەرمەی لەجیهان هەیەتی هەمان قوڕبەسەری و کوشتن و خوێنڕشتن بۆ گەلی فەلەستین دێنێت و ژمارەیەکی زۆریان لێ ئەکوژرێ و دەربەدەر ئەبێ.
ئایا هێزی نەرم ئەشێ کاریگەری هەبێ؟ ڕەنگە ئامانجی سەرەکی گۆڕینی سیاسەتی UN بێ بە تایبەتی گەر جەنگەکە قەیرانی مرۆیی گەورە دروست بکا، بەڵام لەم جەنگەی ئێستادا لەوە ناچی ئەو کاریگەریەی هەبێ ، ئەوەش لەبەرئەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەر زەوی و لەڕێگای ‌هێزی سەربازیەوە باڵا دەستە و هەموو پاساوەکانی هێرش بردن و توانەوەی حەماسیان بۆ دابین کراوە. بۆیە ئەو هیزە نەرمەی حەماس ناتوانێ بەردەوام بێ بە تایبەتی لە ئەوروپا و ئەمریکا کە ئەمانە پاڵپشتی دەوڵەتی ئیسرائیلن و نایانەوێ بکەونە ژێر داوی عەرەب و ئێران و تورکیاوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە