ئایا ئێمە لەم گەردوونەدا تەنیاین؟

Saturday, 11/11/2023, 21:35

2656 بینراوە


ئێنریکۆ فێرمی: ئەگەر ئێمە تەنیا نین لەم گەردوونەدا، ئەی ئەوانەی دیکە کوان؟


ئایا ئێمە تەنیاین لەم گەردوونەدا؟ پرسیارێکە بەندە بە بوونی بوونەوەرانی زیندوو و شارستانییەتەکانی دەرەوەی زەوی. ئەگەر بەگوێرەی ئاوەز و لۆژیک بڕوانینە ئەم بابەتە، چۆن ڕێی تێ دەچێت ئەم گەردوونە یەکجار مەزن و بەرفرەوانە کە دووری نێوان ئەستێرە و گەلەستێرەکانی لەئەندازە بەدەرن، جگە لە هەسارەکەی ئێمە هیچ جۆرە ژیانێکی تێدا نەبێت؟ لە کاتێکدا ئەو زەوییەمان بە بەراورد بە ژمارەی هەسارەکانی دیکەی گەردوون دەنکە لمێکە لە بیابانێکی بێسنووردا.
پێویستە هەر لە سەرەتاوە جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە زۆر جار نووسەرانی ئەندێشەی زانستی ئەم جۆرە پرسیارانە دەوروژێنن، بەڵام لەڕاستیدا ئەمە پرسیارێکی تەواو زانستییە و لەمێژە زاناکان وێڵی دۆزینەوەی وەڵامێکی گونجاون بۆی.
ئەگەری بوونی بوونەوەرە دەرەکییەکان لە کۆنەوە بووەتە جێی بایەخی مرۆڤ، هیچ کەسێک نییە جارێک بیری لەو بابەتە نەکردبێتەوە، بۆیەش گەلەک لە فەیلەسووفان لە زۆربەی قۆناغەکانی مێژوودا هەوڵیان داوە بگەنە ڕاڤەی پرسێکی ئاوا سەخت و ئاڵۆز. ئێستەش چەندەی زانست بەرەو پێشەوە بچێت بۆ بەدەستهێنانی وەڵامێک بۆ ئەم پرسیارە، ئەوا کۆمەڵێک پرسیاری دی سەرهەڵ دەدەن وەک: کامە هەسارەی دەرەکی ئەگەر هەبێت، ئەوا شێوەیەک لە ژیان لەخۆ دەگرێت؟ ژمارەی ئەو هەسارانە چەندە؟ هەلومەرجەکانی بوونی ژیان چین؟ ئەو ژیانە چەندە درێژە دەکێشێت؟ پێوەندیکردن بەو بوونەوەرانە بەچی شێوازێک دەبێت؟

دژکاریی فێرمی

بەناوبانگترینی ئەوانەی هەوڵیان داوە وەڵامێک بۆ پرسیاری "ئایا ئێمە تەنیاین لە گەردوون؟" بدۆزنەوە، فیزیکزانی ئیتالیایی ناودار و خاوەن نۆبڵی ساڵی 1938 ئێنریکۆ فێرمی (Enrico Fermi) بوو.
دژکاریی، یاخۆ پارادۆکسی فێرمی (Fermi Paradox)، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە وەک پێشتر گوتمان، گەردوون ملیاران ملیار ئەستێرە و هەسارە و کۆمەڵەی هاوشێوەی کۆمەڵە خۆرەکەی ئێمە تێدا هەیە، ئەمانەش وا دەکەن پێوانەکردنەکان و ئەگەرەکانی بوونی ژیان لەڕادەبەدەر زۆر بن، کەچی تا ئێستە هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر بوونی ژیان لە دەرەوەی زەوی، بێگومان ئەمەش دژکارییەکی ئاشکرایە. ئەو دەمەی تەمەنە کورتەکەی ژیانی سەر زەوی و دووری و سەختی گەشتکردن لە نێوان ئەستێرەکانیش لەبەرچاو بگرین، دیسانەوە دەشێ بپرسین: هۆکارەکەی چییە ئەوان بەدوای ژیانی دی ناگەڕێن و سەردانی ئێمە ناکەن؟
فێرمی لەڕێی پڕۆژەکەیەوە ناسراو بە (SETI)، ژمارەیەکی زۆر گفتوگۆی لەگەڵ هاوەڵەکانی و زاناکانی چەندان بواری جۆراوجۆر ئەنجام دا، هەمووشی دەربارەی ئەو پرسیارە بوو: ئایا مرۆڤ تاکە جۆرە هۆشمەند و پێشکەوتووە لە گەردووندا؟ زۆرینەی هاوەڵەکانی پێیان وا بوو، هەر دەبێ شارستانییەتی دیکە، یاخۆ پێشکەوتووتریش لەوەی ئێمە لە گەردووندا هەبێت.
کاتێک فێرمی لە ساڵی 1950دا ئەو دژکارییەی دانا، دۆزینەوەی نهێنییەکانی گەردوون لە هەنگاوە سەرەتاییەکاندا بوو، بۆیە دەتواندرا بەئاسانی وەڵام و ڕاڤەکانی بەلاوە بنرێن، بە بیانووی ئەوەی ئێمە جارێ نەگەیشتووین بەو قۆناغە لە پێشکەوتن، تا بکارین بە بەڵگەوە بوونی شارستانییەتێکی دیکەی گەردوونی بسەلمێنین.
پڕۆژەی (SETI) تۆژینەوەیەکە بۆ گەڕان بەدوای ژیریی لە دەرەوەی زەوی و چۆنەتی پێوەندیکردن بە بوونەوەرە دەرەکییەکان، لەڕێی ناردنی نیشانە بێتەلەکان بۆ شوێنەکانی دوورتر لە 100 ساڵی تیشک. پاش تێپەڕبوونی ئەو هەموو ساڵە، ئێمە ئەمڕۆکە خاوەنی گەلەک بابەتی نایابین لە شێوەی تەلسکۆپی هابڵ، ڕوانگەی چاندرای بۆشایی ئاسمان، تەلسکۆپی سپیتزەر (ئێستەش جێمس وێب)، کەچی بەداخەوە هیچمان نەبیست دەربارەی شارستانییەتەکانی دی. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لە ساڵی 2013دا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناچار بێت کە بودجەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکە کەم بکاتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەش هەر جارەی لە بواری گەردوونناسیدا پێشکەوتنی پتر بەدەست بێت، بابەتی دژکاریی فێرمی دێتەوە بەر ڕۆشنایی، پرسیارە هەمیشەییەکە دیسانەوە سەرهەڵ دەداتەوە: لەبەرچی تا ئێستە شوێنەوەرای هیچ ژیانێکمان نەدۆزیوەتەوە؟ ئەم بێدەنگییە هەتا کەی؟

هاوکێشەکەی درێیک و شارستانییەتە ژیرەکان

ئەو دەمەی وای دادەنێین کە ژمارەیەکی زۆر کەم لە شارستانییەتەکان بوونیان هەیە لەم گەردوونە یەکجار گەورە و فرەوانە، کەواتە دەبێ دان بەوەدا بهێنین دۆزینەوەی هەندێک لەوانە کارێکی سەخت و ئەستەمە. بەڵام ئایا ئەوە ڕاستە؟ ئەگەری بوونی چەند شارستانییەت هەیە لە گەردووندا؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی دوایی زانای ئەمریکایی فڕانک درێیک (Frank Drake)، لە ساڵی 1961دا هاوکێشەیەک دادەڕێژێت (Drake Equation)، بۆ پێوانەکردنی ژمارەی ئەو شارستانییەتانەی لە گەلەستێرەکەماندا (ڕێی شیریی) هەن، بە مەرجێک خاوەنی هێندە زانستە بن بتوانن شەپۆلە ڕادیۆیییەکان بنێرن بۆ دۆزینەوەیان.
هاوکێشەکەی درێیک بەم شێوەیە دەنووسرێت؛
(N = R∗ • fp • ne • fl • fi • fc • L) 
(N): ژمارەی شارستانییەتەکانی بوونیان هەیە لە گەلەستێرەکەمان، ئەوانەی دەکرێ پێوەندییان پێیانەوە بکەین.
(R∗): ژمارەی ئەو ئەستێرانەی ساڵانە دێنە پێکهاتن لە گەلەستێرەکەمان.
(fp): ڕێژەی ئەو ئەستێرانەی چەند هەسارەیەک لەخۆ دەگرن.
(ne): ڕێژەی هەسارە گونجاوەکان بۆ سەرهەڵدانی ژیان، بۆ ژمارەی ئەو ئەستێرانەی هەسارەکان لەخۆ دەگرن.
(fl): ژمارەی هەسارەکانی دەشێ ژیانیان تێدا سەرهەڵ بدات، ئەوانەی ڕاستەوخۆ ڕێ بە بوونی ژیان دەدەن لە یەکێک لە قۆناغەکان.
(fi): ڕێژەی هەسارەکان، ئەوانەی ژیانیان تێدایە و پەرەیان سەندووە بۆ ژیانێکی ژیر (خاونی شارستانییەتن).
(fc): ڕێژەی ئەو شارستانییەتانەی دەتوانن شەپۆلی ڕادیۆیی بنێرن، تا ئەو جۆرە شەپۆلە یارمەتیدەرمان بێت بۆ دۆزینەوەیان و پێوەندی کردنمان پێیانەوە.
(L): ماوە و کاتی تێپەڕبوو بەسەر ناردنی ئەو هێما و نیشانانەی کە ئەو شارستانییەتانە ناردوویانە. 
لە هەموو یەکەکانی ئەو هاوکێشەیە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە تێکڕای خاڵەکان دەوەستنە سەر ڕێژەی ئەگەر و خەمڵاندنەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەش زۆربەی زاناکان پشتگیری خۆیان بۆ بابەتەکە دووپات کردەوە، بەجۆرێک چەندان تۆژینەوەی دیکەی بەدوادا هات بۆ نیشاندانی لایەنگری کۆمەڵگەی زانستیی.
پێوانە سەرەتایییەکان گەیشتنە دەرەنجامێک بۆ بوونی نێزیکەی 100.000 شارستانییەتی پێشکەوتوو تەنیا لە گەلەستێرەکەی ئێمەدا، ئەوانەی پێیان دەکرێ نیشانەیەک بەجێ بهێلن بۆ دۆزینەوەیان. ئەمەش بەگوێرەی تەکنەلۆژیای ساڵی شەستەکان، کەچی پاش هێندە ساڵە لە بەرەو پێشەوە چوونی زانست و تەکنەلۆژیا، ئێستەش بەڵگەیەکی یەکلاییکەرەوەمان چەنگ نەگەوتووە بۆ سەلماندنی بوونی شارستانییەتێک لە دەرەوەی زەوی. بێگومان دەشێ هەندێک لە شارستانییەتەکان هێندەی ئێمە پێشکەوتوو نەبن، بەمە دۆزینەوەیان سەخت دەبێت، ئەوانەشی لە ئێمە پێشکەوتووترن، گەڕان بەدوای شوێنەواری بەجێماویان لە گەلەستێرەکەماندا ئاسانتر دەکات.

پێوانەی کارداشێڤ

بۆ تێگەیشتنێکی چاکتر لە جۆری ئەو شارستانییەتانەی ئێمە بۆیان دەگەڕێین، پێویستە پەنا ببەینە بەر ڕێبازەکەی زانای فیزیکی ئەستێرەناسی ڕوسیایی نیکۆلای کارداشێڤ ( Nikolai Kardashev: 1932 –2019)، ئەوەی بۆ سێ جۆری دابەش کردن بەگوێرەی بڕی وزەی بەکاربردوو لەلایەن هەریەک لەو شارستانییەتانە ئەگەر بوونیان هەبێت؛

جۆری یەکەم: 

ئەم جۆرە شارستانییەتانە توانیوویانە زۆر بەچاکی سوود لە هەموو ئەو جۆرە وزانە وەربگرن کە لەبەر دەستیاندا هەن، ئەمانە نێزیکن لە ئاستی هەسارەی زەوی. سەرچاوی وزەکانی وەک: وزەی خۆر، وزەی با، وزەی کارۆموگناتیسی و هی دیکە. شارستانییەتێکی هاوشێوەی ئەمەیان، پێی دەکرێ پتر لە ملیارێک جار هێندەی وزەی بەبەرهەم هاتووی ئەمڕۆکەی سەر زەوی بەدەست بهێنێت. بەپێی ئاستی ئێستەی وزەی زەوی، زۆربەی زاناکان پێیان وایە بۆ ئەوەی زەوی ببێتە شارستانییەتێکی لەم جۆرەی یەکەم پێویستی بە نێزیکەی 200 ساڵە.

جۆری دووەم:

شارستانییەتی جۆری دووەم وەک ئەوەی یەکەمە و خاوەنی گشت سەرچاوەیەکی وزەیە، بەڵام پێویستی بە وزەی زیاترە، بۆ ئەمەش دێتە دەرەوە بۆ بۆشایی (ئاسمان) و بەدوایدا دەگەڕێت. شارستانییەتێکی ئاوا سەرلەبەری وزەی ئەستێرەکەی وەردەگرێت بەبێ بەجێ هێشتن و دەردانی هیچ پاشماوە و خاشاکێک. ئەم شارستانییەتە یەکجار پێشکەوتووە سەخت نییە بدۆزرێتەوە، لەبەر زۆری ئەو بڕە وزەیەی کە بەکاری دەبات. 

جۆری سێیەم:

شارستانییەتی جۆری سێیەم نابێتە خاوەنی وزەیەکی پێویست لەگەڵ هەموو وزە بەبەرهەمهاتووەکەی ئەستێرەکەی، بۆیە دەبێ بەدوای ئەستێرەی دیکەدا بگەڕێت لەپێناو گەشەکردنی. کاتێکیش تێکڕای ئەو بڕە وزەیە دابین دەکات، سەخت نییە بۆی بە تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتوو، کەشتیگەلەکی وا دروست بکات خێرایییان نێزیک ببێتەوە لە خێرایی تیشک بۆ گەشتەکانیان. بێگومان شارستانییەتێکی بەم شێوەیە ئەستەمە بە ڕووداوەکانی ئاستی گەلەستێرەکان لەناو بچن و بنەبڕ ببن، لەبەرئەوەی هەمیشە لە توانایاندا هەیە ڕێگەچارەیەک بگرنە بەر بۆ ڕزگاربوون. هاوکات ئەمانە پێیان دەکرێ مامەڵە لەگەڵ بڕێکی یەکجار بەرز لە وزە بکەن تا ئاستی وزەی بەبەرهەم هاتوو لە تەنە گڕگرتووە فرە زەبەلاحەکان (سوپەرنۆڤا)، نەک هەر ئەوەندە، بەڵکوو بە ماوەی چەند هەزار ساڵێک دەتوانێت سەرتاپای گەلەستێرەکەی داگیر بکات.
بە بەردەوامبوونی داهێنانە زانستییەکان و هەنگاوەکانی بەرەو پێشەوە چوونی تەکنەلۆژیا لەپاڵ پتربوونی ژمارەی دانیشتووان، زێدەبوونێکی لەڕادەبەدەری وزە دەخوازێت. کەواتە پێشکەوتنی ئاسایی هەر شارستانییەتێک دەبێتە هۆی فرەوانکردنی ئەو جۆرە ئاستانەی وزە و تێپەڕبوون لە شارستانییەتێکی نێزیک لە پلە سفڕ (ئەمڕۆکەی زەوی)، بۆ یەکێکی دیکەی پێشکەوتووی هاوشێوەی جۆری سێیەم. 

ئایا ئێمە تەنیاین؟

لەسەر بنچینەی ئەو ڕیزبەندییەی پێشوو و بوونی زیاتر لە 100.000 شارستانییەتی ژیر لە گەلەستێرەکەمان (پێوانەکەی درێیک)، دەشێ بیر لەوە بکەینەوە هەندێک لەوانە لە قۆناغی دووەم، یاخۆ سێیەمیش ببن. بەڵام دیسانەوە دەپرسین، لە کاتێکدا ئەگەرێکی ئەوا بەرز هەبێ لە بوونی ئەو جۆرە شارستانییەتانە، ئەی باشە لەکوێن و بۆ نایان بینین؟
پاش ئەو ڕوونکردنەوانە، بۆ ئەو پرسیارە سەخت و ئاڵۆزە دوو ڕێبازی هزریی هەن بۆ وەڵامدانەوە؛

وەڵامی یەکەم: 

هیچ شارستانییەتێکی زیرەک لە دەرەوەی زەوی بوونی نییە، ئەگەر هەشبێت ئەوا ژمارەیان زۆر کەمترە لەوەی ئێمە بۆی دەچین.
ئەوانەی لایەنگری ئەم وەڵامەن دەڕواننە هاوکێشەکەی درێیک و بیروڕای زاناکانی جیهان و بەراوردی دەکەن لەگەڵ دەرنجامەکانی گەڕان و پشکنینەکان، بەمە دەگەنە ئەوەی هاوکێشەکەی درێیک هەڵەیە. دەمێکیش پرسیاریان لێ دەکرێ کە بۆچی شارستانییەتە ژیرەکان بوونیان نییە؟ بە گریمانەیەکی سەرنجڕاکێش وەڵام دەدەنەوە.

گریمانەی پاڵاوتەی مەزن

ڕۆبن هانسن (Robin Hanson) بۆ وەڵامی هۆکاری نەبوونی ئەو شارستانییەتە ژیرانە لە ساڵی 1998دا گریمانەیەک دادەڕێژێت بەناوی، پاڵاوتەی مەزن (The Great Filter). ئەم گریمانەیە ئاماژە بەوە دەدات شارستانییەتەکان لە ساتێکی نادیاری مێژوویاندا دووچاری ڕووداوێک دەبنەوە، پێشیان لێ دەگرێت بەرەو جۆری سێیەم گەشە بکەن. لەوانەیە ئەو ڕووداوە سروشتی بێت وەک (تەقینەوەی سوپەرنۆڤاکان، ئەستێرە نیۆترۆنییەکان، چاڵە ڕەشەکان و ئەوانەی دی)، یاخۆ ڕووداوێکی دەستکرد بێت هاوشێوەی (جەنگێکی جیهانی، پیسبوون و ژاراویبوونێکی بێ ئەندازە، ژیریی دەستکرد، ڤارۆسێکی کوشندەی دروستکراو و هی دیکە).
بە لەبەرچاوگرتنی گریمانەی پاڵاوتەی مەزن و بە زیندوو مانەوەی شارستانییەتەکەی ئێمە، بەرەوڕووی سێ ئەگەر دەبینەوە:

- ئێمە پێشکەوتووترین شارستانییەتین

لەڕاستیدا ئەم ئەگەرە زۆر بچووک و لاوازە، لەبەرئەوەی واتاکەی ئەوەیە ئێمە پێشکەوتووترین، یان یەکێکین لە شارستانییەتە هەرە پێشکەوتووەکانی گەردوون. کاتێک ئەمە بۆچوونێکی دروست بێت، کەواتە پاڵاوتەی مەزن بوونی نییە، بەمە تەنیا کاتێکی کەمی گەرەکە بۆ ئەوەی ئێمە و شارستانییەتەکانی دیکەی دەرەوە بگەینە ئامراز و داهێنانێکی گونجاو بۆ زانینی ئەوەی ئێمە تەنیا نین. هۆکاری لاوازی ئەم ئەگەرە دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی کۆمەڵە خۆرەکەمان بە بەراورد بە تەمەنە درێژەکەی گەردوون، بەتایبەتیش بچووکی قەبارەکەی بەرانبەر بە کۆمەڵە زل و زەبەلاحەکانی دی.

- بەکردارەکی پاڵاوتەی مەزنمان تێ پەڕاندووە 

هەڵبژاردەیەکی لەم شێوەیە پێمان دەڵێت، شارستانییەتی ئێمە کەوتۆتە بەر جۆرێک لە (بەختیاریی گەردوونی)، بەمەش ڕێی پێ داین لە پاڵاوتەی مەزن ڕزگارمان ببێت، ئەو پاڵاوتەیەی وەک گوترا هەر شارستانییەتێک دووچاری ببێتەوە کۆتایی پێ دێت. واتە دەرەنجامەکانی هاوکێشەی درێیک تەواو هەڵەیە، بۆیە ژمارەی شارستانییەتەکان یەکجار کەمن. ئاشکرایە ڕاڤەیەکی ئاوا دەتوانێت (بێدەنگییە گەورەکەی گەردوون) بۆمان ڕوون بکاتەوە. دەکرێ گەلەک بەئاسانی بڵێین، ئەو هەلومەرجەی دەگمەن و ناوازەیەی لەسەر زەویدا هاتووەتە دی، لە هیچ شوێنێکی دیکەی گەردووندا هاوتای نییە.

- جارێ پاڵاوتەی مەزنمان تێ نەپەڕاندووە

ئەمەیان ترسناکترین بژاردەیە، واتای ئەوە دەبەخشێت پاڵاوتەی مەزن لە پێشمانە و بەرەو ئەو هەنگاو دەنێین و هیچ ڕێیەکی دیمان لەبەردەم نییە. هەموو ئەوانەشی ڕووبەڕووی پاڵاوتەی مەزن بوونەوە، بەیەکجاری بنەبڕ بوون، یانیش تووشی دواکەوتن و شکستێکی فرە گەورەی پێشکەوتن و تەکنەلۆژیا هاتوون. خاڵە گرینگەکە لێرەدا ئەوەیە، پاڵاوتەی مەزن ڕوو دەدات بەر لەوەی شارستانییەت پێش بکەوێت و بتوانێت گەشتی گەردوونی ئەنجام بدات، واتە پێش ئەوەی شارستانییەتێک ببێتە جۆری دووەم، یان سێیەم. لەبەرئەوەی شتێکی لۆژیکی نییە شارستانییەتێکی هاوشێوەی دووەم و سێیەم لەناو بچێت، چونکە لەگەڵ بوونی ئەو ئاستە یەکجار بەرزە لە تەکنەلۆژیا، وای لێ دەکات بکارێت بەرەوڕووی زۆربەی کارەساتەکان بوەستێتەوە.

وەڵامی دووەم:

شارستانییەتە پێشکەوتووەکان بوونیان هەیە، بەڵام لەبەر چەند هۆکارێکی لۆژیکیی ناتوانین بیان بینین.
کەسانێک هەن پێیان وایە کە هەسارەکەمان و بوونی مرۆڤ شتگەلەکی ناوازە و تایبەتی نین، ئەگەری بوونی کۆمەڵێک لە شارستانییەتی پێشەکەوتووتر لەوەی ئێمە یەکجار بەرزە. هی وایان تێدایە نەک تەنیا لایەنگری هاوکێشەکەی (در‌ێیک)ن، بگرە وای بۆ دەچن دەرەنجامی ئەو هاوکێشەیە گەلەک کەمترە لە ژمارە ڕاستەقینەکە.
دەشێ پرسیارێکمان بۆ دروست ببێت لە شێوەی، ئێمە بۆ هاوکێشە دادەنێین بۆ دۆزینەی شارستانییەتە پێشکەوتووەکان و تێیاندا هەلومەرجە سروشتییەکانی زەوی و مرۆڤ لەبەرچاو دەگرین؟ ئایا ناکرێ جۆرە ژیانێک بوونی هەبێت لە توخم و ئاوێتەی دی و هەڵمژینی گازی دیکەی جیاواز؟ چونکە هەر لە خودی زەویدا لەوانەیە ژیان لە هەندێ شوێندا سەرهەڵ بدات کە چاوەڕوان نەکرێت، وەک ناوچەیەکی بەستوو بە پلەیەکی زۆر کەمتر لە سفڕ، یاخۆ قوڵایی و بنەبانی زەریاکان کە بەرگەی گەرماییەکی بەرز و پەستانێکی گەورە دەگرن. کەواتە بۆ نابێ ژیانێکی لەم شێوەیە بوونی هەبێت لەسەر هەسارەیەک، پاشان بە پەرەسەندن بوونەوەری زیرەک و هۆشمەند پەیدا ببن؟
ئەوانەی سەر بەم بیروڕایەن، ناتوانن خۆیان لادەن لەوەی ئێمە هەر دەمێک بەدوای بەڵگە دەگەڕێین لە بۆشاییدا، هیچ شتێکمان دەست ناکەوێت کە لەگەڵ گریمانەکەی ئەواندا بگونجێت. باشە ئەگەر ئەو بوونەوەرانە بوونیان هەیە وەک ئەمانە بەڕاستی دەزانن، ئەی هۆی چییە نایان دۆزینەوە؟
بەگوێرەی بیروبۆچوونی لایەنگرانیان چەند هۆکار و ئەگەرێک هەن لەوانە: 

- دەزانین بوونیان هەیە، بەڵام حوکەمەتەکان لێمانی دەشارنەوە

وەڵامێکی ئاوا تایبەتە بەوانەی بڕوایان بە بیردۆزی پیلانگێڕی هەیە. ئایا ڕێی تێ دەچێت کە حوکمەت زانیاری پتری هەبێ دەربارەی بوونەوەرە دەرەکییەکان لەوەی بە ئێمەی دەدات؟ دەبێ شوێنەواری تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتوو دۆزرابێتەوە و نەیانەوێت بە ئێمەی ڕابگەینن؟ کەس بەتەواوی نازانێت.

- شارستانییەتە ژیرەکان هەن، بەڵام نایانەوێت خۆیان پێمان بناسێنن

لەوانەیە کۆمەڵە شارستانییەتێک لە گەلەستێرەکەماندا هەبن و لەبەر (پەیماننامەیەک) لەنێوانیاندا، نەیانەوێت پێوەندی بکەن بە شارستانییەتێکی دواکەوتووی وەک ئێمە. دەشێ زەوی بۆ ئەوان جۆرێک بێت لە شوێنە پاوانکراوەکان، بەوەی وەک چاودێرێک بن بۆ ڕەفتاری شارستانییەتەکان لە قۆناغە جیاجیاکاندا. بەمەش گرینگی بە دەستێوەردان نەدەن، چونکە ئەمە دەبێتە هۆکاری تێکدان و گۆڕینی هەنگاوەکانی مێژوومان.

- ئێمە بەدوای نیشانە هەڵەکان دەگەڕێین

ئەگەری بوونی بژاردەیەکی دیکەی سەرنجڕاکێش و ژیرانە هەیە، بەوەی زۆر بەسادەیی ئێمە لە نیشانە هەڵە و ساختەکان دەگەڕێین. گەڕانمان بەدوای شەپۆلە ڕادیۆییەکان بە شتێکی لۆژیکی دەبینین، چونکە بە جۆرێک لە ئامرازە هەرە سەرەتاییەکانی پێوەندیکردنی دادەنێین، بەڵام کێ دەڵێ ئەوان جۆرێکی تەواو جیاواز (شاراوە و نەبینراو) بەکار ناهێنن بۆ دۆزینەوەکانیان؟ ئێمەش ساڵانێکی دوورودرێژمان پێویستە تا بەو تەکنەلۆژیا فرە پێشکەوتووە بگەین.

- شارستانییەتێکی زاڵ و دڕندە بوونی هەیە

بەدرێژایی مێژوو مرۆڤ بەم جۆرە ڕەفتاری کردووە، لەناوبردن و ڕاوەڕووت و دەست بەسەردا گرتنی بەروبوومی ئەوانەی دی. ئایا ناکرێ شارستانییەتە پێشکەوتووەکانیش بەم شێوەیە هەڵسوکەوتیان کردبێ لە ئاستی هەسارەکان؟ ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، ئەوا دەبێتە هۆی وەڵام بۆ نەبوونی دەرنجامێک بۆ پشکنینمان لە دۆزینەوەی ژیانێکی ژیری دەرەوەی زەوی. لەلایەکەوە شارستانییەتە دڕندەکە هەوڵ دەدات بۆ وێرانکردنی شارستانییەتی هەسارەکانی دیکە، لەلایەکی دییەوە شارستانییەتەکانی دیکە کاتێک دەزانن ئەو دڕندانە بوونیان هەیە، هەڵ دەستن بە شاردنەوەی نیشانەکانی دەرەوەیان، تا خۆیان بپارێزن لە لەناوچوون. لەڕاستیدا چەندان زانامان هەیە بەو جۆرە بیرکردنەوەیە، وەک ستیفن هۆکینگ، ئەوەی ئاگاداری کردینەوە لە مەترسی ناردنی "نامەکانمان" بۆ بۆشایی ئاسمان، چونکە نازانین بەدەست کێ دەگات ئەگەر ئێمە تەنیا نەبین لە گەردووندا.

- ئێمە بەشێکی بچووکین لە گەلەستێرەکەماندا

دەشێ هاوکێشەکەی درێیک ڕاست بێت، بەڵام لەوانەیە ئەو ناوچەیەی ئێمە تێی داین بەشێکی یەکجار بچووکی نادیار و فەرامۆشکراو بێت لە گەلەستێرەکەمان، بەمەش هیچ بوونەوەرێکی شارستانییەتەکانی دیکە گرینگی پێ نەدات.

- شارستانییەتە پێشکەوتووەکان بەرژەوەندییان لە داگیرکردنی گەلەستێرەکەماندا نییە

لەوانەیە ئەو شارستانییەتانە لەسەر هەسارەکانی خۆیان بەئارامیی و بێ کێشە بژین و پێویستیان بە هیچ نەبێت، بۆیە بیر لەوە ناکەنەوە بێنە دەرەوە بۆ دەست بەسەردا گرتنی هەسارەکانی دی. 

- ئێمە لەناو هاوشێوەکردنێکدا دەژین

ڕێی تێ دەچێت ئێمە لە گەردووندا بەتەنیا نەبین، بەڵام هەموو ئەو بوونەمان جۆرێک بێت لە هاوشێوەکردن، یاخۆ سیمولەیشن (Simulation)، وەک ئەوەی لەناو خەونێکدا بژین.
ئەمەشیان گریمانەیەکە پێی وایە، ئەو سروشتەی تێیدا دەژین بوونێکی ڕاستەقینەی نییە و ئێمە لە شتێکی کۆمپیوتەریی و دەستکردین، تەواو هاوشێوەی ئەو بوونەوەرانەی لە یارییە ڤیدیۆیییەکاندا هەن. لەبەرئەوەشە گەلەک پرسیار بەرەوڕوومان دەبێتەوە و وەڵاممان بۆی نییە، هاوکات دژکارییەکی زۆر ئاشکرا هەیە لەنێوان ئەو شتانەی دەیان بینین و ئەوانەی پێوانەیان دەکەین. 
دواجار بۆمان ڕوون دەبێتەوە بۆ پرسیارەکەمان، ئایا ئێمە تەنیاین لەم گەردوونەدا؟ ناتوانین هیچ وەڵامێکی یەکلاییکەرەوە و تێروتەسەل پێشکەش بکەین، ئەوانەشی ئاماژەمان پێیان کرد تەنیا گریمانە و بۆچوون و خەمڵاندن بوون.
بەڵام لەگەڵ ئەوەش گشت ئەو بژاردانەی خستمانە ڕوو، دەکرێ پاش ماوەیەک بە پێشکەوتنی پتری زانست و تەکنەلۆژیا بەکردارەکی پێڕەو بکرێن، کەواتە دەروازەی دواڕۆژمان بەسەر هەموو ئەگەرەکاندا کراوەیە.
................................................

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە