ئایا زەوی تەختە، یان گۆیی، بەڵگە زانستییەکان چیمان پێ دەڵێن؟ بەشی (6)

Monday, 20/11/2023, 22:12

2440 بینراوە


جۆرج کارلین: "گاڵتەت بە گەمژەکان نەیەت کاتێک بە کۆمەڵن و ژمارەیان زۆرە"


بەشی شەشەم: وەڵامی ژمارەیەک لە بیروبۆچوونەکانی لایەنگرانی زەوی تەخت و بەڵگە یەکلاییکەرەوەکانی گۆیی زەوی

لەم دوابەشەدا هەوڵ دەدەین بەوردەکارییەکی تەواو و بە ژمارەیەک بەڵگەی دیکە، وەڵامی گریمانە و گومانەکانی لایەنگرانی زەوی تەخت بدەینەوە. دەشزانین کە بیروڕا و بۆچوونەکانی ئەوانەی پێیان وایە زەوی تەختە یەکجار زۆرن، بەڵام ئێمە لێرەدا تەنیا چەند دانەیەکی گەلەک باو و ناسراویان بە ڕاڤەی گونجاوی زانستی دەخەینە بەردەست.

نەبوونی هێزی کێشکردن و کاریگەرییەکانی

لایەنگرانی زەوی تەخت بڕوایان بە بوونی هێزی کێشکردن نییە، بەڵام ئێمە دەزانین کە بەبێ بوونی هێزی کێشکردن گشت شتێک نالۆژیکی بەدەر دەکەوێت. بەر لە هەمووان بەرگەهەواکەی زەوی ون دەبێت، لەبەرئەوەی بەندبوونی بە زەوییەوە هۆکارەکەی کێشکردنە، هەروەها هەڵکشان و داکشانی ئاوی زەریاکان نامێنن کە بە کاریگەری مانگەوە ڕوو دەدەن.
مانگیش لە خوولگەکەیدا نامێنێ و بزر دەبێت، چونکە تاکە ڕاڤە بۆ مانەوەکەی بوونی هێزی کێشکردنە. بۆ پێکهاتنەکەشی دوو سیناریۆمان هەن، بەهێزترینیان ئەوەیە لە سەرەتای دروستبوونی زەویدا تەنێکی زۆر گەورە خۆی پێدا کێشاوە، دەرەنجامی ئەوە پارچەکان بوونە بە مانگ، ئەوەی دیکە دەبێژێت مانگ لەهەمان ساتی پێکەوەبوونی زەوی دروست بووە لە بەشێک لەو گەرد و تۆزەی پاشماوەی ئەستێرە مەزنەکان کە زەویش لێیەوە پێک هاتووە، لە هەردوو باردا کێشکردنە بەهێزەکەی زەوی وای لە مانگ کردووە لەو ئاستەدا بمێنێتەوە.
دەربارەی کاریگەریی مانگ دەشێ پرسیار لە لایەنگرانی زەوی تەخت بکەین، سوودی مانگ چییە لە گریمانەی زەوی تەختدا؟
چەقی قورسایی تەنێکی گۆیی دەکەوێتە چەقەکەی، واتە هێزی کێشکردن هەر شتێک لەسەر ڕووی گۆیەکەدا بێت بەرەو چەقەکەی ڕای دەکێشێت، بەبێ ڕەچاوکردنی شوێنی شتەکان، ئەمە تەواو لەسەر هەسارەکەمان پێڕەو دەکرێت. بەڵام تەنێکی ڕووتەخت چەقی قورسایی لە ناوەڕاستیدایە، بەمە کێشکردن تێکڕای شتەکان بۆ ناوەڕاستی تەنەکە دەبات، ئەمەشیان بەهیچ جۆرێک لەگەڵ زەویدا ناگونجێت. 
لە گریمانەی تەختی زەویدا هێزی کێشکردن لە هەموو لایەکانی زەوی وەک یەک نەدەبوو، بەڵکوو سەرلەبەری هێزی کیشکردن لە چەقی زەوی واتە جەوسەری باکوور کۆ دەبووەوە، چەندەی بەرەو لێوارەکان هەنگاومان بنایە، ئەوا هێزی کێشکردن کەمتر دەبووەوە، ئەمەش وای دەکرد ئاوی دەریا و ڕووبارەکانی جیهان لە ناوەڕاستی زەوی تەختدا کۆ ببێتەوە. هاوکات درەختەکان لار دەبوونەوە بەرەو چەقی زەوی، بارانیش بەلاریی لە زەوی دەدا چەندەی بەرەو لێوارەکان بڕۆین، چوونمان بەرە لێوارەکان زۆر سەخت دەبوو لەبەر ڕاکێشانی هێزی ناوەڕاستی زەوی. ئەگەر لە نێزیک لێوارەکان تۆپێکمان هەڵ بدایە بۆ ئاسمان، تۆپەکە بەچەماوەیی بۆ دواوە دەگەڕایەوە، واتە بە ئاراستەی چەقی زەوی.
پێویستە ئەوە بزانین کە گشت خاڵێکی هێڵی کەمەرەی زەوی خێراتر دەخولێتەوە لە خاڵەکانی نێزیک سەهۆڵبەندان، لەبەرئەوەی لە کەمەرەی زەویدا هێزی وەدەرنانی ناوەندگەرایی (Centrifugal force)، بەهۆی خێرایییەکەیەوە بهێزترە. هێزی وەدەرنانی ناوەندگەرایی پێچەوانەی کێشکردنە، بۆیە کێشکردن لە کەمەرەی زەوی کەمترە، ئەمەشە هۆکاری ئەوەی کێشی 100 کیلۆ ئاسن لە سەهۆڵبەندەکان نێزیکەی یەک کیلۆ قورستر دەبێت.
نیوتن پێی وابوو زەوی گۆیییەکی نموونەیی نییە، بەڵکوو لە جەوسەرەکانیدا تەپیوە و لە کەمەرەکەیدا کراوە و بەرەو دەرەوە ئاوساوە. پاشان بەدەر کەوت کە نیوتن ڕاستی بۆ چووە، دووری لە چەقی زەوییەوە بۆ ئاستی دەریا لە کەمەرەکەیدا 21 کیلۆمەتر پترە لە چەقەوە بۆ ڕووی سەهۆڵبەندەکان.
لایەنگرانی زەوی تەخت لەبری هێزی کێشکردن و بەربوونەوەی شتەکان بۆ سەر زەوی دەڵێن، جووڵەی زەوی بەرەو سەرەوە ئەو دیاردەیە دروست دەکات.
بە بەڵگەوە سەلمێندراوە کە هەر شتێک دەکەوێتە سەر زەوی لە چرکەی یەکەمدا بەخێرایی 9.8 مەتر دادەبەزێت، پاشان بە تێپەڕبوونی هەر چرکەیەک خێراییەکەی 9.8 مەتر پتر دەبێتەوە، ئەوەشە پێی دەگوترێ گۆڕانی ڕێژەی خێرایی، یاخۆ خێراتربوون (Acceleration)، واتە ئەو خێرایییە چرکە لەدوای چرکە خێراتر دەبێت. ئەگەر بە بۆچوونی ئەوان بێت و بەم شێوەیە زەوی بەرەو ئاسمان بچێت، ئەوا خێرایییەکەی زۆر لەمێژ بوو خێرایی تیشکی دەبەزاند، بەمەش گەردوون و یاساکانی هەرسیان دەهێنا. چونکە بەگوێرەی یاسا فیزیکییەکان هەر تەنێک لە تیشک خێراتر بێت بارستاییەکەی دەبێتە بێکۆتا، بە تێپەڕبوون لە خێرایی تیشک کاتیش بەرەودواوە دەگەڕێتەوە.
بەکورتی هێزی کێشکردن گەردوونی ڕاگرتووە، بۆیە لێرەدا دەکارین بپرسین، ئایا لە گریمانەی زەوی تەختدا خۆر و مانگ و ئەستێرەکان و تێکڕای تەنەکانی گەردوون بەهۆی چییەوە دەجووڵێن؟

کێشەی خۆر و مانگی زەوی تەخت

- شەوێک بڕۆ سەر بەرزترین خاڵی سەر ڕووی زەوی کە دەکاتە لووتکەی ئێڤەرست، لەوێدا بە بەهێزترین تەلسکۆپ بەدوای خۆر بگەڕێ، ئەوا بەگوێرەی گریمانەی زەوی تەخت لە شوێنێکدا دەیبینیت، بەڵام لە زەوی گۆییدا بەهۆی چەمانەوەکەی هەرگیز ئەمە ڕوو نادات. 
لە دوبەی سەیری (تاوەری خەلیفە) بکە لەکاتی خۆر ئاوابوون، دەزانیت کە تاوەرەکە سەرەتا ژێرەوەی تاریک دەبێ، پاشان بەرەبەرە تاریکییکە دەکشێ تا دەگاتە بەشی سەرەوەی، بەڵام لە زەوی تەختدا ئەوە نابینیت و دەبێ هەمووی بەیەکەوە لە ڕووناکییەوە کز ببێتەوە و بەرەو تاریکی بڕوات. هەر بەو بۆنەوەیەوە زانای ناودار (نيڵ ديگراس تايسۆن)، باسی چیرۆکی تاوەری خەلیفە و مانگی ڕەمەزانمان بۆ دەکات، بەوەی ئەوانەی سەر تاوەرەکە دەبێ دوو خوولەک پاش ئەوانەی خوارەوە ڕۆژوو بشکێنن، چونکە لەسەرەوە خۆر هەر دیارە و تا ئاوا دەبێت دوو خوولەکی جیاوازە. تیشکی خۆر لە دەمی خۆرهەڵاتندا بەپێچەوانەی خۆرئاوابوون پێشتر لە سەرەوەی چیاکان دەدات، پاشان بەرەبەرە بەرەو خوارەوەیان دێت و ڕووناکیان دەکاتەوە، نەک لە سەرەتاوە تێکڕای چیاکان ڕووناک ببن بە ڕووناکییەکی کەمتر و دوایی لەسەرەخۆ ڕووناکتر ببنەوە. لە زەوی تەختدا خۆر بەئاسۆیی ڕێ دەکات، بەڵام گومانی تێدا نییە، ئێمە هەمیشە خۆر دەبینین لەسەر هێڵێکی چەماوە بۆ سەرەوە دەچێت و بە چەماوەیش ئاوا دەبێت.
- ئەوانەشی قەبارەی خۆر بە بچووک دادەنێن، هەڵەیەکی گەورە دەکەن، چونکە سەرچاوەی سەرلەبەری وزەی هەسارەکەمانە بەدرێژایی ملیۆنان ساڵ، چۆن دەبێ تەنێکی بچووک هێندە وزە ببەخشێت، ئەی باشە خۆی وزەکەی لە کوێوە وەر دەگرێت؟
لەڕاستیدا ئێمە زۆر لەکۆنەوە دەزانین کە خۆر گەلەک گەورەترە لە زەوی و مانگ، قەبارەی هەمووشیان بەوردی دەستنیشان کراوە. بۆ بچووکی قەبارەی خۆر چەند ڤیدیۆیەک بڵاو دەکرێنەوە، بەوەی چەندە خۆر لێمانەوە دوور بێت لە کاتی خۆرهەڵاتن و ئاوابوون بچووکە و لە نیوەڕۆدا گەورەترە، بەڵام لەڕاستیدا بەدەرکەوتنی قەبارە گەورەکەی تەنیا لەبەر درەوشانەوەکەیەتی، ئەو دەمەی بە چاولکەیەکی تاریک سەیری بکەین، ڕاستەخۆ بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە قەبارەکەی لە ڕۆژێکدا هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نایەت.
- بۆ دروستبوونی وەرزەکانیش، ئێمە دەزانین کە پەیوەندی بە لاربوونەوەی زەوی هەیە لە خوولگەی سووڕانەوەکەی بەدەوری خۆردا، کەچی لایەنگرانی زەوی تەخت دەڵێن، بەهۆی نزمبوون و بەرزبوونەوەی خۆرە لە سوڕانەوەکەی، ئەمەش هەرگیز ڕێک ناکەوێت، چونکە ئاشکرایە لە لایەکی زەوی زستانە، لەهەمان کاتدا لەلایەکی دیکەدا هاوینە. بۆ پرسی جیاوازی کات و بوونی شەو و ڕۆژ لە شوێنە جیاجیاکانی جیهان، درێژی شەو و ڕۆژ لە وەرزەکانی ساڵ، دیاردەی شەش مانگ ڕۆژ و شەش مانگ شەو لە سەهۆڵبەندەکان، زەوی تەختەکان بۆ ئەمانە هیچان ڕاڤەیەکی ڕاست و ڕەوانیان نییە. 
- دەربارەی خۆر و مانگگیران، ئەریستۆ گەیشتە ڕاستی گۆیەتی زەوی بە سەرنجدانی لە سێبەرە بازنەییەکەی زەوی لە دیاردەی مانگگیران. کاتێک زەوی بەنێوان مانگ و خۆردا تێپەڕ دەبێت، مانگگیران ڕوو دەدات، سێبەری زەوی بەرانبەر بە تیشکی خۆر بە شێوەیەکی بازنەیی لەسەر مانگدا دیار دەبێت، ئەمەش دەبیندرێت بەبێ ڕەچاوکردنی شوێنی کەسەکان لەسەر زەویدا، بێگومان هیچ شێوەیەکی ئەندازەیی سێبەرێکی بازنەیی دروست ناکات جگە لە تەنە گۆیییە خوولاوەکان.
سێ جۆر مانگگیرانمان هەن: تێکڕای مانگ تۆزێک تاریک دەبێ، مانگ وردە وردە تاریک دەبێ، مانگ ڕەنگی تەواو سوور دەبێت، ئەمانەش لە زەوی گۆییدا هەموویان ڕاڤەی تایبەت بەخۆیان هەیە. زەوی تەختەکان بۆ هۆکارەکانی مانگ و خۆر گیران دەڵێن، دوو تەنی شاراوە هەن بەناوی (دژەخۆر) و (دژەمانگ). بۆ ئەم بۆچوونەیان دەکرێ بە دوو شێواز وەڵامیان بدرێتەوە، یەکیان ئەوەیە کە بۆ سێ جۆرە مانگگیرانەکان، تەنیا دووەم لە زەوی تەختدا مانایەکی دەبێت، بەڵام بۆ یەکەم و سێیەم هیچیان پێ نییە، وەڵامی دووەممان بۆیان ئەوەیە کە شتانێکی نادیار و شاراوە بۆ ڕاڤەی بابەتە زانستییەکان دەست نادەن، زانست گشت کاتێک بەڵگە و ئەزموونی گەرەکە بۆ سەلماندن.
لە لایەکی دیکەوە لایەنگرانی زەوی تەخت دەربارەی مانگ و خۆر گیران دەڵێن، دیارکردن و پێشبینیکردنی کاتەکانی خۆر و مانگ گیران پێوەندییان بە شێوەی زەوییەوە نییە، ئێمەش دەبێژین ئەی ئەگەر وایە چۆن دەتوانین پێشبینی خۆر و مانگیران بکەین بۆ هەزاران ساڵی داهاتوو؟

شوێنی ئەستێرەکان

فەیلەسووفە هەرە مەزنەکانی وەک پلاتۆ و ئەریستۆ ئەم تێڕوانینەیان بۆ شێوەی زەوی لەلادا جێگیر بوو، بە پشتبەستن بە دوو تێبینی گەلەک ئاشکرا، یەکەمیان چەندە بەرەو باشوور بچین ئەوا ئەستێرەکانی باشوور لە هێڵی ئاسۆوە بڵندتر دەبن، دووەمیان پێشتر ئاماژەمان پێی دا کە دەرکەوتنی سێبەرە بازنەییەکەی زەوی لەسەر ڕووی مانگ لە کاتی مانگگیران. (ئەناکسیماندەر)یش گوتی، بۆ کە بەرەو ئاراستەیەک گەشت دەکەین ئەستێرەی دیکە دەبینین وەک ئەسێرەکانی شارەکەی ئێمە نین، ئەگەر بەرەو باکوور بڕۆین جۆرە ئەستێرەی دی دەبینین و بەرو باشوور هی دی، کەواتە زەوی گۆیییە.
ئەگەر لە بەشی خوارەوەی زەوی بیت، ناتوانی ئەستێرەی باکوور یاخۆ ئەستێرەی جەوسەریی (Polaris) ببینیت، ئەوەی درەوشاوەترین ئەستێرەیە بۆ ئێمە و دەکەوێتە سەر خاڵی جەوسەری باکووری زەوی، بۆیە جێگیر بەدەر دەکەوێت و چەقی ئەستێرەکانە لە جووڵەیاندا (لەبەرئەوەی زەوی بەدەوری خۆی دەخوولێتەوە). کاتێکیش لە بەشی سەرەوەی زەوی بیت، ناتوانیت ئەو پێنج ئەستێرە (Crux) بەتەک یەکەوە ببینیت، ئەو پێنج ئەستێرەیەشە لەسەر ئاڵای ئوستراڵیا نەخشێنراوە، چونکە ئوسترالیا دەکەوێتە بەشی ژێرەوەی زەوی.
دوو نەخشەی جیا هەن بۆ ئەو ئەستێرانەی لە نیوەی سەرەوە و نیوەی خوارەوەی زەوین، ئاراستەی سووڕانەوەشیان بەپێچەوانەی یەکدییە، لە ئەنتەرنێت ماڵپەڕ هەیە بۆ سوورانەوەی ئەستێرەکان بۆ هەموو ناوچەکانی جیهان، بۆ وڵاتانی سەرەوە ئاراستەکەی بە پێچەوانەی میللی کاتژمێر و لە ژێرەوە لەگەڵ میللی کاتژمێرە. ئەگەر زەوی تەخت بێت، دەبێ چەقی سووڕانەوەی ئەستێرەکان لە ناوەڕاستی زەوی، واتە لەسەر سەهۆڵبەندانی باکوور بێت، کۆتاییشی لە لێواری زەوی، یاخۆ سەهۆڵبەندانی باشووردا بێت.
بەڵگەیەکی دی گرنگ ئەوەیە، سەیری مانگ و ئەستێرەکانی کە بەتەک یەکەوەن بکەی لە نیوەی سەرەوەی زەوی و نیوەی ژێرەوەی، لە نیوەیەکیان شێوەکەی هەڵگەڕاوەی ئەوەی دیکەیان دەبینیت. تۆ لە نیوەی سەرەوەی کەمەرەی زەوی بۆ نموونە، لە شارێکی ئینگلستان وێنەی مانگ بگرە، ئەگەر کەسێک لە نیوەی خوارەی زەوی سەیری مانگ بکات و وێنەی بگرێت، ئەوا بە هەڵگەڕاوەیی لای دەر دەکەوێت، ئەمەش نەک تەنیا بۆ مانگ، بەڵکوو بۆ هەموو تەنە (ئاسمان)ییەکان وایە، لە دوو نیوەی بەرانبەر بەیەکی سەر ڕووی زەوییەوە.
بۆ مانگیش، لەبەرئەوەی مانگ بە هەمان کاتی خوولانەوەی بەدەوری زەویدا بەدەوری خۆی دەسووڕێتەوە، بۆیە ئێمە لە گشت ناوچەکانی زەوی تەنیا یەک ڕووی مانگ دەبینین. بەگوێرەی بینینی نەخشەی مانگ، دەتوانی شوێنت لەسەر زەوی بزانیت، ئەمەش بەڵگەی زەوی گۆیی بوو بۆ زاناکانی کۆنی پێش پتر لە دوو هەزار ساڵ.

مانگە دەستکردەکان

وێنە ئاسمانییەکانی مانگە دەستکردەکان بۆ زەوی، بەڵگەی دیکەن بۆ گۆییەتی زەوی و خوولانەوەکەی. هەرچەندە بە هەزاران مانگی دەستکرد لەلایەن گەلەک لە وڵاتانی جیهان هەڵ دراون وەک، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕوسیا، وڵاتانی ئەوروپا، چین، هیندستان و هی دی، بۆ چەندان بوار و مەبەستی جۆراوجۆری هاوشێوەی کەشوهەوا، وێنەگرتن، فریاکەوتن، دۆزینەوەی سامانی سروشتی، دەستنیشان کردنی شوێنی شتەکانی سەر زەوی، پەخشی تەلەفزیۆن و ڕادیۆ، خزمەتگوزاری تەلەفۆنەکان و ...هتد. کەچی لایەنگرانی زەوی تەخت پێیان وایە ئەمانە بوونیان نییە، لەبەرئەوەی لەگەڵ گریمانەکەیان ڕێک ناکەوێت، بۆیەش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تاوەرەکانی سەر زەوی بەم کارانەی مانگە دەستکردەکان هەڵ دەستن. ئایا ئەمانە نازانن کە سەدان هەزار کەس لە زاناکان و ئەندازیاران و شارەزایان لە کۆمەڵێک نەتەوە و ئاین و زمانی جیاجیا، لەو بوارانەی مانگە دەستکردەکان ئیش دەکەن و هەرگیز ڕێی تێ ناچێت هەموویان بەشدار بن لە پیلانەکانی ناسا؟
ئەوەی شایەنی گوتنە، لە گووگڵ ستۆر ئاپ هەیە لەسەر جووڵەی مانگە دەستکردەکان، بەوەی کاتێک مانگێکی دەستکرد بەسەر سەرت تێپەر دەبێ، بە دووربینێکی زۆر ئاسایی دەکرێ بیبینیت. ئەگەر بەسەر هەورێک تێپەڕێت و تۆش لە ژێریدا بیت، دەتوانی وێنەکانی کە مانگە دەستکردەکە بۆتی دەنێرێت، بەرواردی بکەی لەگەڵ شێوەی هەورەکەی لە بان سەرتەوەیە، ئاشکراشە کە وێنە و فلمی ڕاستەوخۆ فۆتۆشۆپ ناکرێن. یەک لەو مانگە دەستکردانە ژاپۆنییە بەناوی هیماواری (himawari)، هەر دە خوولەک جارێک وێنەیەکی زەوی دەنێرێت بۆ ئاگادارکردنە لە ڕوودانی کارەساتی سروشتی لە تسوونامی و لافاوەکان و هی دی، بەمەش پێت دەکرێ شێوەی هەورەکەی سەرت بەراورد بکەی بە هەوری ناو وێنەکان.

بیردۆزی پیلانگێڕیی

پێویستە بۆ بەهەڵەخستنەوەی گریمانەی زەوی تەخت، بە پلەی یەکەم ڕەخنە لە بیردۆزی پیلانگێڕیی بگرین و ناڕاستبوونی بسەلمێنین.
بۆ نموونە دەڵێن، سوپای وڵاتان پاسەوانی لە دیوارە سەهۆڵییەکەی لێواری زەوی دەکەن و ناهێڵن خەڵک بۆ ئەوێ بچێت. ئێمەش دەبێژین، باشە بۆ ئەو خەڵکانەی نێزیک دەبنەوە لەم دیوارە، بۆ یەک جاریش وێنەیەکی ئەو شوێنە ناگرن؟ یان ئەگەر پاسەوانی هەیە بۆچی کەسێک وێنەی ئەو سەرباز و پاسەوانانەمان بۆ ناگرێت؟  دەشێ بشپرسین، ئاخۆ ئەو دیوارەی هێندەی چێوەی زەوی درێژە، دەبێ چەند هەزار پاسەوانی هەبێت؟
ساڵانە بەهەزاران گەشتیاری چەندان وڵاتی جیهان، گەشت دەکەن بۆ هەردوو سەهۆڵبەندەکان، لە خاڵی یەکدی بڕینی هێڵەکانی درێژیی زەوی، ژمارەیەکی زۆر لە ئاڵای وڵاتەکەیان تێدا چەقاندووە و وێنەی خۆیان بڵاو کردۆتەوە، کەسیشیان یەک پاسەوانی لەوێدا نەبینیووە.
ئێستە لە جیهاندا جگە لە ناسا پتر لە 70 ئاژانسی ئاسمانی بوونیان هەیە، بە ئاژانسی میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان و دەستەی سعودیەی ئاسمانیی، زیاتر لە 15 دانەیان بە ئێرانیشەوە چەندان مانگی دەستکردیان هەڵداوە، لە ناویاندا ئەمریکا و ڕوسیا و چین مرۆڤیشیان ناردۆتە ئاسمان. ئایا ڕێی تێ دەچێت ئەو وڵاتەنە پێکەوە و بەو هەموو هەزاران زانا و ئەندازیار و فەرمانبەرە کە تێیاندا کار دەکەن، پیلان بگێڕن بۆ نیشاندانی گۆیەتی زەوی؟ خۆ ئەگەر ئەو وڵاتانەش درۆمان لەگەڵدا بکەن، ئەمڕۆکە چەندان ئاژانسی ئاسمانی تایبەتی هەن، هی کۆمپانیا تایبەتەکان و کەسانی دەوڵەمەند و بازرگانە ناسراوەکانی جیهانن، ئەمانەش سەرمایەدارن و ناشێ لەو جۆرە بابەتانەدا بەشدار ببن و پارەیان بەفیڕۆ بدەن، تەنیا بۆ فریودانی من و تۆ. باشە ئەگەر ناسا پیلانگێڕ و درۆزنە، چۆن دەرگای کردۆتەوە بۆ گەشتیارانی ئاسایی بچنە وێستگە ئاسمانییەکان، لەم دواییانەشدا بەهیوای ناردنی گەشتیارانە بۆ سەر مانگ، تا بەچاوی خۆیان گۆیییەتی زەوی ببینن؟
بەڕاستی جێی سەرسڕمانە شێوەی زەوی ببەستیتەوە بە تاکە ئاژانسێک، بۆیە دەکرێ بپرسین، لە سەرلەبەری بەشەکانی ئەم بابەتەدا، چەندان بەڵگە و تۆژینەوە و ئەزموونی جۆراوجۆری زاناکانی کۆن و نوێمان هێنایەوە بۆ سەلماندنی گۆیییەتی زەوی، ئایا کەس گوێ لە ناوی ناسا بوو؟
ئەوەی پێویستە بگوترێت، خۆ تەنیا ئەوە نییە بڵێین زەوی تەختە و ناسای تێدا تاوانبار بکەین و تەواو، بەڵکوو دەبێ گشت زانا و فەیلەسووفانی 2500 ساڵەی مێژوو، بەهەزاران ئاسمانگەڕ و سەدان هەزار فڕۆکەوان بە پیلانگێڕ دابنێین، هاوکات دەبێ گومانمان هەبێت لە هەموو ئەو ملیۆنان گۆڤار و کتێبە زانستییانەی چاپ کراون، بڕوا بە زانستێکیش نەکەین کە لە خۆرئاوا و ئەمریکاوە بۆمان دێن.
دواجار بە بوونی تێکڕای ئەو بەڵگە و ڕوونکردنەوانە، دەتوانین زۆر بەدڵنایییەوە بڕیار بدەین کە گریمانەی زەوی تەخت بەهیچ شێوەیەک ڕاست نییە و هەرگیز لەگەڵ بنەماکانی زانست یەک ناگرێتەوە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە