کورد و شانۆی لەیەکچووی ململانیی زلهێزەکان لە دنیادا. زنجیرەی (٦)

Friday, 22/12/2023, 12:43

6532 بینراوە


زنجیرەی شەشەم،  گەڵاڵەی باس:  ئەزموونی وڵاتانی باشووری ئاسیا و کورد

لە مێژووی نوێدا، ئەزموونی وڵاتانی باشووری ئاسیا دوای جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی دەیسلمێنێت، کاتێک کە دەستکاری جیوگرۆفیای سیاسی کرا، چارەنووسی میللەت و نەتەوەکانی تێیدا دیاری کرا، تەنیا میللەتی کورد تووشی دابەش بوون و نەهامەتی نەهاتووە، تەنیا ئەو خاک و نیشتمانی داگیر نەکراوە و بە چەکی قورس کۆمەڵکوژ نەکراوە و تووشی جەنگی نێوەخۆ نەبووە، بۆیە دەبێت ددان بەوەدا بنێین کە، ئۆباڵی دۆخی ئەمڕۆی، بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی خۆیتی. 
مێژوو پێمان دەڵێت، بریتانایا کاتێک کە وڵاتێکی داگیر دەکرد، تەنیا لە ڕووی ئابووریی و سەربازی سوودی لێ ورنەدەگرت، ئەڵبەتە وڵاتەکە دەکرد بە مەڵبەندی دژایەتی کردنی دوژمنەکانی کە دراوسێی ئەو وڵاتە بوون، هیندستان کە هاوسنوورە لەگەڵ چین، بریتانیا ئەو هەلەی قۆزتەوە و کەوتە دژایەتی کردنی ئیمپراتۆریەتی"کیۆنگی"ی چینی کە ئەو کات لەسەر دەسەڵات لەگەڵ بریتانیادا دوژمن بوو. بریتانیا زێتر لە سێ سەدە، هیندستانی داگیر کرد، هاوشێوەی ئیمپراتوریەتی عوسمانی کە کوردستانی داگیر کردبوو. تا ساڵی ١٩٤٧ سێ سەدە بوو بریتانیا خێروبێری ئەو وڵاتەی دەدزی، میللەتی هیندی دەچەوساندەوە، وڵاتەکەیانی کرد بە پردی پەڕینەوەی ماددەی هۆشەبەری ئۆپیۆم و ئەفیۆن بۆ چین، کێڵگەی گەورەی بۆ چاندنی ماددەی هۆشبەر لە ڕۆژهەڵاتی هیند دامەزراند، بەدەیان کارگەی بۆ بەرهەم هێنانی ئەو ماددەیە دروست کرد، بە تەن ماددەی هۆشبەری ڕەوانەی چین دەکرد بۆ ئالودە کردنی میللەتەکە.
کاتێک کە بریتانیا ڕازی بوو هیندستان سەربەخۆی ڕابگەیەنێت، یەک ڕۆژ پێش ئەوە ڕازی بوو  پاکستان کە وڵاتێکی موسڵمانە سەربەخۆ بێت، دواتر بەنگلادیش کە هەر دووکیان پێش ئەوە لەنێو یەک سنووری جوگرافی بوون، واتە بەریتانیا هیندستانی بەبێ سەرئێشە جێ نەهێشت، دابەشی کرد لەنێوان پێکهاتە ناکۆکانی نێو کۆمەڵگەی هیندی، کە بوو بەهۆی هەڵگیرساندنی جەنگی مەدەنی، پێنج سەد هەزار هیندی یەکدیان کوشت، دوو وڵات بە تەنیشت یەکەوە کە وەک هێڵی تەریب قەت ناگەن بەیەک بوون بە دراوسێ.
دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆی هیندستان لە ساڵی ١٩٤٧دا، تەنیا دوو دەیە دوای  ئەوە هیندستان هەوڵی دا ببێت بەخاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەو مەبەستە لە سەرەتای هەفتاکانی سەدەی ڕابردوو هەوڵەکانی چڕ کردەوە، لە ساڵی ٢٠٠٨دا لەگەڵ ئەمریکادا ڕێککەوتنی ئەتۆمی واژۆ کرد. هەنووکە هیندستان خاوەن چوارەم سوپای زەبەلاحە لە دنیادا. بەگوێرەی میدیای دنیا بێت، حکومەتی هیند بڵاوی کردەوە کە بەرهەم هێنانی پێوسیتی سەربازی چەک و تەقەمەنی خۆماڵی لە ١٢% زیادی کردوە، واتە ١٢بیلیۆن دۆلار، تا ساڵی ٢٠٢٥، بیستوپێنج بیلیۆن دۆلار زیاد دەکات، هەوڵدەدەن بەگوێرەی توانا لە بەرهەم هێنانی پێویستی سەربازیی پشت بەخۆیان ببەستن و خاوەن کۆمپانیای گەورەن وەک (بی.ئی.ئیم.ئێل)، (بی،ئی.ئێل)، (ئێچ،ئەی،ئێل). هیندستان لە ریزبەندی سێیەم وڵاتە لە تەرخان کردنی بوجەد و خەرجی زەبەلاح بۆ سیستەمی پارێزگاری سەربازی. بەگوێرەی هەندێک داتە کە ئەم ساڵ بڵاوکراوەتەوە، هیندستان پێنجەم وڵاتە لە بەدەست هێنانی سەرمایەی ناوەخۆ کە ٣،٧٣٠ بیلیۆن دۆلارە، سێیەم وڵاتە لەسەر ئاستی ئاسیادا. نیودەلهی یەکێکە لە شارە هەرە دەوڵەمەندەکانی دنیا کە دەرامەتی ئابووریی نێوەخۆی ساڵانە ٢٩٣.٦ بیلیۆن دۆلارە. هیندستان سێیەم وڵاتە لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەی کە تاکی میلیاردێریان زۆرە. هیندیەکان لە ریزبەندی چوارەم وڵاتن لەو وڵاتانەی کە تاکەکانیان خاوەن بڕوانامەی دکتۆران. ساڵانە زێتر لە ١٠ملیۆن گەشتیار ڕوو لە هیند دەکەن کە لە %٩ی دەستکەوتی ئابووریی ناوەخۆی ئەو وڵاتەیە. دووەم وڵاتە لە بەرهەم هێنانی مێوە. لە بواری پیشەشازیدا ئاسن، ستیل، تێکستایەل، شەکر، چیمەنتۆ، ئۆتۆموبیل، ئای تی لە ڕیزی پێشەوەیە. 
هیندستان لەسەر ئاستی ناوچەکە و دنیادا هاڤرکێ دەکات، خۆی لە شانی چین و ڕوسیا و ئەوروپا و ئەمریکا دەدات، بەجۆرێک هاوسەنگی پەیوەندیی لەگەڵیاندا ڕاگرتووە، کە لەهەموو لایەکیان سوودمەند بووە، بەخۆڕایی یەک دلۆپ لە سامانی سروشتی وڵاتەکەی نادات بەهیچ زلهێزێک. بێ گومان ئەو پێشکەوتن و سەرکەوتنەی ئەو وڵاتە لەو ماوە کەمە مێژوویە دیاریکراوەدا بەخۆڕایی نییە، ئەڵبەتە سەرکردە و ڕێبەرانی هیندی بۆ پێشخستنی وڵاتەکە لەهەموو بوارێکدا کاریان کردووە و پشتیان بە زانست، پەروەردە، لێکۆڵینەوە، ڕاوێژ، تەکنەلۆژیا و بەکارهێنانی هزر و هۆش بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتێک کە لەسەرژمێری  ساڵی ٢٠٢٣دا  ١،٤٢٥،٧٧٥،٨٥٠سەر بوون. 
لە باشووری کوردستاندا، زێتر لە چارەکە سەدەیەکە تا ساڵی پار ئەمریکا هەلی ڕەخساند بوو بۆ حکومەتی هەرێم نەوت بفڕۆشێت، بەڵام کوڕانی مستەفا و جەلال تەنیا خەرجی شاهانەی خۆیان لە بەرهەمی نەوت دەستدەکەوت، ئەوی دی بەخۆڕایی لەلایەن تورکیا و ئیرانەوە تاڵان دەکرا، کە دوو وڵاتن هەمیشە دژی پرسی نەتەوەیی کورد کاریان کردووە و دەرامەتی ئەو نەوتەشیان لە میلیشیاکانیان خەرج کردووە، ژن و منداڵی بێتاوانی میللەتی کوردیان پێ بەکۆمەڵ کوشتووە. کوڕانی مستەفا و جەلال، لەبری ئەوە دەیانتوانی بەو دەرامەتە لەو چارەکە سەدەیەدا، ئابووریی نیشتمانی و نەتەوەیی باشووری کوردستانی پێ بژێنەوە و هەوڵی گەشە پێدانی سەرخان و ژێرخانی وڵات بدەن، ئەوان بەپێچەوانەوە دوژمنەکانیان بە نەوت و سامانە سروشتیەکانی هەرێم دەوڵەمەند کرد.  کاتێک کە پاکستان لە ساڵی ١٩٤٧دا سەربەخۆ بوو،  بیستوچوار ساڵ دوای ئەوە، گوتەیەکی بەناوبانگی عەلی بۆتۆی سەڕۆک وەزیرانی ئەو کاتی پاکستان لە مێژوودا تۆمار کراوە کە دوای دۆڕاندنی بەنگلادیش لە ساڵی ١٩٧١دا دەڵیت:(ئێمەی پاکستانی، لەمەودوا گیا دەخۆین، برسیەتی قبوڵ دەکەین تا دەبین بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی).
 هیندستان دوای کەمتر لە دەساڵ سەربەخۆی، توانی  لێپرسراوەتی پارێزگاری کردن لە ئۆقیانووسی هیندی بگرێتە ئەستۆ، بەڵام چارەکە سەدەیەکە سەرانی هەرێم نەیانتوانیوە ئاوی کانیاوێک پارێزگاری لێ بکەن، کەنداو بۆ سەر ڕووبار و دەریاچەکان دروست بکەن، خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان دابین بکەن، مووچەی خەڵک کە یەکێکە لە مافە هەرە سەرەتایەکان دابین بکەن. 
ئەمریکا چارەکە سەدەیەکە دەستی بە سەرانی باشوور گرتووە، پارێزگاری لێ کردن نەیهێشت کەس زەفەریان پێ ببات، بەڵام ئەوان لەبری ئەوەی وڵاتەکە بەرەو بەهێز بوون ببەن، تەنیا خەریکی خۆدەوڵەمەند کردن بوون، کوردستانیان کرد بە لانە و بێشەی لەشفڕۆشی دنیا لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ. لەبری ئەوە هەوڵیان نەدا هێزی پێشمەرگە یەکبخەن، تا بتوانن سوپایەکی کوردی دابمەزرێنن، بە پارە و دەرامەتی نەوتی هەرێم خەرجی بکێشن،  تۆکمەی بکەن، ببێت بە سوپایەکی یەکگرتووی فەرمی، لە چوارچێوەی میلیشیادا نەمێنێت، چاو لەدەستان نەبێت، یان هێزێک نەبێت سەر بەو حزب و ئەو حزب بێت و هەمیشە مەترسی هەڵوەشاندنەوەی لەسەر بێت.
 میللەتی کورد زێتر لە چارەکە سەدەیەکە، ملی بۆ کوڕانی جەلال و مستەفا شۆڕ کردوە، کە دەزانێت وا هێدی هێدی بەرەو هەڵدێری دەبەن. ئۆباڵی لەباربردنی هەلی چارەکە سەدەیەک تەنیا لە ئەستۆی سەرانی ینک و پدک نییە، ئەڵبەتە لە ئەستۆی هەموو ئەو حزب و لایەنانەیە کە لە گەڵیاندا بەشدارن لە حکومەتی بنکە پانوبەریندا، لە ئەستۆی میدیای بەکرێگیراو، نووسەر و ڕۆشەنبیری ترسنۆک، بەرژەوەندیی پەرست و جاشمەلا لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ، لە ئەستۆی هەموو ئەو گەنج و لاوانەیە کە پۆڵ پۆڵ بەدوای سەرانی ئەو حزبانە کەوتوون،  بۆیە دەبێت میللەتی کورد ددان بەو ڕاستییەدا بنێت، کە بەشێک لە گرفتەکە خۆیتی نەیتوانیوە هیج بەهیچ بکات و لەسەر قوڕ تۆز دەکات!

دەرئەنجام:

کاتێک کە مێژوو زانستیانە  دەبێت بە دەلاقەیەک، بۆ دیتن و هەڵسەنگاندنی توانا و ویستی میللەتان، لە مامەڵە کردنیان لەگەڵ ئەو هاڤرکێیەی کە لەسەر دەسەڵات لەنێوان مرۆڤدا لە ئەزەلەوە هەبووە و بەگوێرەی قۆناغەکانی ژیانی مرۆڤایەتی گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژدا سەختر بووە، لە هاڤڕکێ زۆرانبازێ، بەردەقانێ، تیرهاویژێ و هێزی شمشێرەوە گۆڕاوە بە بەهێزی ئەتۆمی، بەهێزی زانست لەبیرکردنەوە و داهێنانی تەکنەلۆژیا، بۆ  خۆچەکدار کردن لە هەموو بوارەکاندا، بە مەبەستی سەرکەوتن لەنێو ئەو هاڤرکێیە بێ کۆتایەدا، کە مڕۆڤی گەیاندۆتە ئەو قۆناغەی ئەمڕۆ، کە ئەگەر هەر نەتەوەیەک یان میللەتێک تا ئێستا، خۆی چەکدار نەکردبێت بە تێگەیشتن لە زانستی سیاسەت کردن، فەلسەفەی بیرکردنەوە، داڕشتنی زانستیانە بۆ تۆکمە کردنی ئابووری و هێزی سەربازیی بۆ گەیاندنی بەبوون بەخاوەن چەکی ئەتۆمی، گەشەپێدانی تەکنەلۆژیا و زانست، لەم هاڤرکێیەدا دواکەوتووە و دەبێت، ئەقڵیک و سیستەمێکی زانستیانە هەبێت، کە ئەو میللەتە لەو نسکۆ مەزنەدا ڕزگار بکات، بیگەیەنێتە ئاستی ئەو هاڤرکێی و ململانێیەی کە ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی ژیانی مرۆڤایەتییدا بەدی دەکرێت. 

تەواو


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە