نان و پێخەف

Tuesday, 19/12/2023, 20:32

3469 بینراوە


هەموو کەس
دەبێت نانێکی هەبێت
بۆ خواردن
پێخەفێکیش
بۆ خەوتن..
هەموومان دەبێت
ڕاپۆرت لەیەکتربدەین
ڕاپۆرت لەوەنا
کە چۆن دەنووسیت
کام بیر و
کام ئایدیا و
کام ڕامانت هەیە
کام کتێبە دەخوێنییەوە؟!
بەڵکو لەوەی
کە چۆن و
بۆچی؟!
منداڵانی
هاوسێکەمان
نانێکیان نییە
بۆ خواردن
پێخەفێکیش
بۆ خەوتن....!!!
............

من باشم هەڤاڵان

سیان بوون
دووانیان هاتنە
ناو نووسینگەی وەرگێڕانەکەم
وەک سێ گۆشەی (ئەی، بی، سی) وەستان
ژیان، لە خاڵی (ئەی) دا وەستابوو
نزیک لە من
جوان، لە خاڵی (بی)دا وەستا بوو
نزیک لە ژیان
زریان لە خاڵی (سی)دا وەستا بوو، ئامادە
لە دەرەوەی نووسینگەکە، دەیڕوانی
نزیک لە من
نزیک لە ژیان
نزیک لە جوان
بەڵام ئامادە
ئەم وەستانە گەریلاییانە
هەژاندمی
چاوەکانیان، هەر بەڕاستی
چاوی هەڵۆ بوون

برژانگەکانیان، لە ئاسک وەرگرتبوو
یا ڕەنگە ئاسک لەوانی وەرگرتبێ!!
پرچیان درێژ
باڵایان لە باڵای پڵنگێک دەچوو
لەسەر پێکانی وەستابێ
بە شاخێکدا، بەدارێکدا، هەڵگەڕابێ
ژیان وتی: دەم باش هەڤاڵ
ئەی خوایەگیان
تۆ ئەمانەت ناردووە بۆلای من؟!
بە چی تاقیم دەکەیەوە؟!
من کوا بەرگەی
ئەزموونی
ئەمانە دەگرم!!
من، ئەمانەنم هەر لە خەون و
خەیاڵمدا نەخشاندبوو
کەچی ئێستا ئەوا
سێ پڵنگی قەندیلیی
سێ ژنی کوردی
تەژی لە توانا و بزێویی
خۆیان ناساند
ژیان عەفرینیی
جوان سنەیی
زریان هەکاریی
سێ یادگار و
سێ ئینێرژی و سێ خەیاڵ
بوون
بە گیان
بە هەناسە
مەرهەمی زام، بۆ برین
ڕووناکی چاویش
بۆ بینین
یادتان ئەکەم
هەروەک ئەو یەکەم ساتەی
ئێوەم بینی
وەک ئەو دەمە باشم
منتان بینی
من باشم هەڤاڵان
ئێوە چۆنن گیانی گیانمان...

ـــــــــــــــــــ

سەرنج:


لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٢-٢٠١٧ لە سلێمانی، نووسینگەیەکی جوان و قشتم هەبوو، بە ناوی نووسینگەی ( نینا بۆ وەرگێڕان)کە لە زۆر ڕوەوە جیاواز بوو لە نووسینگەکانی تر، هەم وەکو فۆرمی ڕێکخستنی ناوەوە و دەرەوەی جێکارەکەم، هەم وەک کوالیتی کارەکانم و مامەڵەم لەگەڵ خەڵکەکەمدا، جامخانەی پێشەوەی نووسینگەکەم بە وێنەی شەڕڤانان و گەریلاکان و تابلۆ و شیعر و هەموو ڕۆژێکیش پەیامێکی خۆم، ڕازاندبوەوە، دوو دارم ڕواندبوو کە ملوانەکەم لە ملیان کردبوو، ناوم نابوون ( کوردستان، ئەڤین)، خەڵکێکی زۆر دەهاتن و وێنەی نووسینگەکەیان دەگرت. ڕۆژێک هەر وەک لە شیعرەکەدا باسم کردووە، ئەو سێ تەوار و پڵنگەی قەندیل بەو جۆرە هاتنە ژوورەوە، ئەوان ئازیزترین میوانێک بوون کە تا ئێستاش یادیان زیندووە و  لە دوای خۆیان ڕایەڵەی هەستیی پەیوەندی منیان بە قەندیلەوە، کردە هەزار بەرانبەر، هەموو ئاکارێکی سەروەری و ڕێبەریی و ئازادیم لەواندا بینی …. ژنی کورد شایستەی ئەو پایەیە کە ئەوان هەیانە….. .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە