کێ براوەیە و کێ دۆڕاو؟

Thursday, 04/01/2024, 22:05

1562 بینراوە


لە دوا هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکوک، دەنگدەری کورد بردیەوە و حزبی کوردیش دۆڕاندیان.
خەڵک ئەرکی نیشتمانی خۆی جێبەجێکرد، کەچی حزبی کوردی وەک پیشەی کۆنیان بەهۆی کلکایەتیان بۆ بێگانە، لە نێوان خۆیان لە سەر یەک لیست ڕێکنەکەوتن.
حزبە کوردیەکان، ئەوانەی بە ناو حکومەتی هەرێم بەڕێوەدەبەن، بۆ کەرکوک لافی کوردایەتی دەبەخشنەوە، کەچی لە پارێزگاکانی هەرێم هەر خۆیان کورد دەچەوسێننەوە.
پارتی و یەکێتی گوایا دژی تەعریبن لە کەرکوک و دەوروبەری، کەچی بۆ گیرفان و بەرژەوەندی بنەماڵە و دارودەستەکانیان هەولێر و سلێمانیان بۆ عەرەب هەڕاج کردووە.
بەعسی و ئەنفالچیە داواکراوەکان لە دادگاکانی عراق، لە لایەن هەردوو حزب، بەتایبەتیش لە لایەن پارتە نادیموکراتەکەی بارزانی بە ئاشکرا و بێ شەرمانە داڵدەدەدرێن و ئیمتیازیان پێدەبەخشرێت.
کەرکوک ئیدی لە سایەی سیاسەتی پاشکۆیەتی بۆ هەردوو داگیرکەری تورکیا و ئێران، تەنیا وەک ئامرازێک ماوەتەوە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا پڕوپاگەندەی نەزۆکی پێدەکەن.
دەبێ هەموو خەڵکی کوردستان بزانێت، کوردستانیبوونی کەرکوک پێویستی نە بە ڕاپرسی و نە ژمارەی دەنگ نییە، بەڵکو ئەوە مێژوو و جوگرافیاکەیەتی سەلماندنی کوردستانیەتێتی.
لە ڕاستیدا پارتی و یەکێتی بەم نزمەی ئێستایان بەردەوام بن، ئەوا هەولێر و سلێمانیش کەرکوک ئاسا دەبن بە مژاری گفتوگۆ .
دوای ئەنجامەکانی هەڵبژارنیش، دوور نیە پارتی بۆ دیاریکردنی پارێزگاری کەرکوک، هاوپەیمانی لەگەڵ کوتلەی  ئەو عەرەبانە بکات کە تەعریبچی و دژە کوردن، ئاخر ئەوانە کوردایەتی و نیشتمانیبوونی لێدەرچێت، هەموو شتێکن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە