لە سواڵکەری هەقەوە بۆ رێکخەری هەق

Monday, 22/01/2024, 22:22

6098 بینراوە


(دەربارەی خۆپیشاندەران و کێشەی بێ موچەیی)

دڵنیا بن گرفتی بێ موچەیی بێ پارەیی نیە. دەنا لە کەم کەم و لە زۆر زۆر. گرفتی بێ موچەیی لەوە قوڵترە کە لە روخساردا پیشان دەدرێت. پارە زۆرە ئەوەی نیە سیستێمێکی بەڕێوبەریی سیاسییە کە موچەی فەرمانبەران تیایدا ئاسایی رێک خرابێت. کەچی خۆپیشاندەران بەردەوام چاویان لەسەر پارەکەیە نەک لەسەر سیاسەتەکە. بۆیە نیووەی هۆکاری بێ موچەیی دەگەڕێتەوە بۆ خۆپیشاندەران خۆیان و بە گشتی کۆمەڵگاکە کە چاوەڕوانیی کردەیەکەی سیاسیی لە دەستەڵاتێکی ناسیاسیی دەکەن وەکو ئەوەی کە کەڵەشێرێک هێلکە بکات. جگە لەمەش نەبوونی دەستەڵاتێکی بەڕێوبەریی لە بنەڕەتدا سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چیبوونی کۆمەڵگاکە خۆی کە چۆنبوونی لە رێگای دەنگدانیشەوە پیشان دەدات. دەنگدان بۆ رەواییدان بە سیستێمێکی دەستەڵاتداریی کۆیلەکەر نەک بەڕێوبەر. چیبوونی ئێمە ئەوەیە کە ئێمە گەلێکی بێ ماف، ملکەچ و بەندین بە بڕیاری دەستەڵاتەوە بۆیە ئاوا بێ موچەین. واتە، ئەمە ماکی نەخۆشییەکەیە. گۆڕانکاریی دەبێت لێرەوە دەست پێ بکات.

موچەداران هەر بەو ئەقڵەوە ئیش لەگەڵ دیاردەی بێ موچەیی دەکەن . هەتا ئەم ئەقڵەش نەگۆڕن ناتوانن لە سواڵکەری هەقەوە ببن بە رێکخەری هەق

ئەگینا لاڵانەوە بۆ موچەو بژێوو هیچ هوشیارییەک پیشان نادات کە بایی ئەوە بێت زامنی موچەداریی بکات. بە رستەیەکی دی، رەنگە سواڵی موچەو سەرکردن بە کۆشی ئەم و ئەودا پارە دەست بخات. بەڵام ئەمە فڕی بە سەر موچەوە نیە. بەڵکو ئەمە دەستکەوت، سواڵ و شکۆشکاندنی مامۆستایان بە تایبەتی و کۆمەڵگایە بە گشتیی. چونکە موچە هەقی کارێکی پێویستی کۆمەڵایەتیی بێ منەتە کە موچەداری پێ ئازادو سەربەرزە.
کاتێک کە سیستێمێکی سیاسیی (واتە پارێزەرو بەڕێوبەر) نە بوو، ئەو کات دەستەڵات کە هیچ مەرجێکی گەلەکەی لەسەر نیە، ئاساییە موچەو بژێو بە کار بهێنێت بۆ دەستبەسەراگرتن و یاریکردن بە ئەقڵ، بوون و چارەنوسی موچەداران و کۆمەڵگا. لەسەر حسابی گەلە بێ مافەکە کە بەندە بە هەر بڕیارێکی دەستەڵاتەوە، بڕیاری وڵاتان جێبەجێ بکات و وەکو بازرگانی جەنگ ئاشی بگەڕێت. ئەمەش دیاردەیەکی دانسقە نیە. ئەڵقەیەکە لە زنجیرەی مێژوویەک (١). وەکو پێش ٢٦ ساڵ لەمەوبەر ساڵی ١٩٩٨ نوسیبووم:
"ئێستا دەستەڵاتی پارتەکان ئەرکێک لە مێژووەکەدا لە بەردەمیدا وەستابن هێنانەوەی حکومەتی عێراقە بۆ کوردستان. ... ئەوەی دەمێنێتەوە گفتۆگۆی لەسەر بکرێت چۆنێتیی هێنانەوەیەتی، چ شانۆیەکی بۆ دەگێڕن، یان لە ژێر کام پەردەدا جێبەجێی دەکەن؟ ... ئەوەی کە وەڵامی تەواوی لە لایەو راستییەکانمان دەخاتە بەر دەم کاتە."

 دەستەڵاتدارانی کورد، دەستکێشی کوردیین لە دەستی بێگانەدا. دوژمنی کورد بە دەستکێشی کوردییەوە زیاتر دەستی دەگاتە قوڵایی کێشەی کورد

کات ئەمڕۆ پێمان دەڵێت کەرتی پەروەردە کە وەکو قۆڵێکی کۆمەڵگا وایە، دەبڕرێتەوەو مامۆستایان بەرەو روی بەغداد دەکرێنەوە بچن ببن بە بەشێک لە لەشی عێراقی عەرەبیی. چەند ساڵێکە ئەم ئامادەکارییە دەکرێت کە مەڕمیللەت بە قاچی خۆی بڕوات بە باعەباع خاوەنی تازەی بدۆزێتەوە. ئێستا شانازیی و سەرکەوتن بووە بە ئەوەی کە مامۆستایان و موچەداران دوای چەندەها ساڵ لە سواڵی موچەی هەقی خۆیان، ژمارەیەکیان ئنجا سەریان بکەن بە کۆشی بەغداداو مژدەی ئەوە بهێننەوە کە موچەی هەرێم دەچێتە سەر بوجەی موچەدارانی عێراق بە گشتیی. ئەمەش شۆڕشێک نیە بەرانبەر بە دەستەڵات کرابێت. بەڵکو ئەرکی تازەی دەستەڵاتی هەرێمە کە کلیلی تەوقەکەی ملی هاوڵاتانی هەرێم را دەستی دەستەڵاتی بەغداد بکاتەوە هەر وەکو چۆن کەرکوک لە پیلانێکی قێزەوەنددا درایەوە دەست دەستەڵاتی ناوەند. سەرچاوەی بڕیارو لێخوڕینی ئەم مەڕمیللەتەش دەگەڕێتەوە بۆ ویست و بڕیاری بێگانە. وەکو زۆر لە مێژە نوسیوومە، دەستەڵاتدارانی کورد، کە لە راستییدا بازرگانی جەنگن، دەستکێشی کوردیین لە دەستی بێگانەدا. بێگانەو دوژمنی کورد بە دەستکێشی کوردییەوە زیاتر دەستیان دەگاتە قوڵایی کێشەی کوردو سەرئەنجام دەتوانن ئەوەی کە خۆیان ناتوانن راستەوخۆ بیکەن، بە دەستکێشی کوردییەوە دەتوانن ئەنجامی بدەن. ئەم دیاردەیەش تازەو نامۆ نیە. ئەوەی ئەمڕۆ ئەڵقەیەکە لە زنجیرەیەک کە جەماوەری کورد بە درێژایی ئەم مێژووە چاوی خۆی لێ خەواندووە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە نیووەی ئەوەی رو دەدات لایەنی گەل لێی پرسیارە. بەرپرسیارییەکەش لە روی فەلسەفییەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دەستەڵات هیچ مەرجێکی میللەتی لەسەر نیە، هەرچییەک بکات دەخوات و لە سەری ناکەوێت.
موچەداران هەر بەو ئەقڵەوە ئیش لەگەڵ دیاردەی بێ موچەیی دەکەن کە گەیاندنی بە بێ موچەیی. هەتا ئەم ئەقڵەش نەگۆڕن ناتوانن لە سواڵکەری هەقەوە ببن بە رێکخەری هەق. ئەوان کێشەکەیان هەرگیز وەکو بەشێک لە گشتێک نە بینیووە. لە کاتێکدا کە دیاردەی بێ موچەیی یەکێکە لە دانەکانی یەک شانە یاخود یەکێکە لە پەنجەکانی دەستێک. کەواتە، رێگای چارەسەرکردنی گرفتی موچەداران، رێگای چارەسەرەکردنی پرسی سیاسییە بە گشتیی نەک سواڵی موچە. کەچی لە ساڵی (٢٠١٦)ەوە هەتا ئێستا تۆزقاڵێک گۆڕان بە لای رێگای راستدا نە هاتووە. بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئەم جارەیان زیاتر مامۆستایان خۆیان و بێ موچەییەکەیان جیا کردۆتەوە وەکو ئەوەی بڵێن ئێوە هەقەکەی ئێمە بدەن، ئیتر ئێمە هەقمان نیە بە سەر ئەوی تریەوە. ئەز هەر ساڵی ٢٠١٦ نوسیم کە هەتا کێشەکە موچە بێت، بە موچە ناگەن. هەق سواڵ ناکرێت. هەق رێک دەخرێت.
لێرەدا چەند خاڵێک دەخەمە رو کە پرەنسیب و ئامراز بن بۆ گۆڕانکاریی لە سواڵکەری هەقەوە بۆ رێکخەری هەق:
یەکەم، ئەوەی خراپی کردووە ناتوانێت چاکی بکات.
دووەم، چارەسەر لە دەرەوەی دەستەڵاتە، دەبێت میللەت بیکات.
سێیەم، مەیدانی چارەسەر هەرێمە نەک عێراق.
چوارەم، چارەسەر سیاسییە نەک دەستکەوت.
پێنجەم، هەق سواڵ ناکرێت، هەق رێک دەخرێت.
شەشەم، ئەرکێکی نیشتیمانییە کە کۆمەڵگا بە پێی پرەنسیپی زانستییانە رێک بخرێتەوە کە سیستێمی دەستەڵاتێکی پارێزەرو بەڕێوبەر جێگای دەستەڵاتی تاکەکەس بگرێتەوە.
هەتا گۆڕانکاریی لەم ئەقڵەی ئێستادا نەکرێت مەڕ هەر مەڕدار دەگۆڕێت و خاک شەرمەزارتر.
ناسر حەفید
١٩/٠١/٢٠٢٤

پەراوێز و تێبینی:

پێم وایە وشەی "موچەدار" راستە نەک "موچەخۆر".
(١) بۆ نمونە لەم بارەیەوە پێش ٢٦ ساڵ لەمەوبەر ساڵی ١٩٩٨ لە ژمارە (٢)ی گۆڤاری "کۆنتراکت"دا نوسیبووم:
"حیزبەکان کۆتایی ساڵانی هەشتاکان ئێران لە جەنگەکەیدا دژی سەددام بە کاری هێنان و ئاکامەکەی بە هەڵەبجەو ئەنفال شکایەوە.
ساڵی ١٩٩١ لە کاتێکدا رۆژی هەزار منداڵەکورد لە سەر سنور دەمردن، سەرکردەکانیان بە تۆپەڵ چون بۆ لای سەددام و ئاکامەکەی هێنانەوەی کێشەی جیهانیی کورد بوو بۆ بەردەمی جەلادەکانی.
ساڵی ١٩٩٢ پەڕلەمانێکی کارتۆنیان بە خەڵکەکە هەڵ بژاردو ئاکامەکەی نەهێشتنی ئەڵتەرناتیڤێکی سیاسیی ترو سوککردنی دامودەزگای دیموکراتیی بوو.
ساڵی ١٩٩٤ شەڕی ناوخۆیان دەست پێ کردو ئاکامەکەی جگە لە وێرانکردنی کوردستان، بەکوشتدانی چەندەها لاوی کوردو ماڵوێرانیی بۆ کەسوکاریان، ئەوەیان پیشانی جیهان دا کە کورد دورە لەوەی لە روانگەیەکی سیاسییەوە تەماشای بکرێت.
ساڵی ١٩٩٦ سوپای عێراقیان هێنایەوە بۆ هەولێرو ئاکامەکەی هەڵدڕینی زۆنی پارێزراو بوو لە روی سیاسییەوە.

دەقی وتارەکە لەم لینکەی خوارەوە لە فەیسبوک ببینە:


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە