شێری ماڵ و ڕێوی دەرەوە

Monday, 22/01/2024, 17:56

1939 بینراوە


(پارتی و یەکێتی کە دەسەڵاتدارن لە ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا بندەست و کۆیلە و پەیجە سێبەرەکانیشیان، ئامانجیان دەمکوت کردن و سەرکوت کردنی میللەت و چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانن، کە داوای مافی میللەت دەکەن دژی زوڵم و ستەم و ئەوپەڕی نا دادی لە ھەرێمی کوردستان، ئەوە ئەزموونێکی ڕەشی دوو زۆن و دوو ناوچەی یەک ھەرێمە لە کاتی شاخ و شاردا، ڕێگە نادەن بە وشەیەکیش دژ بەر یان ڕەخنە گر بی تایبەت لە خوودی بنەماڵە و وا وێنای دەکەن ناوھێنانیان وەک کوفرێکە ئەنجامی تیرۆر و گیران و شوون بزر کردنە، لە گیراوانی بادینان بۆ ئیدریسی نانەوا و بەردەوام بونیان لە ڕێگەی پەیجە سێبەر و خەلکانی شارەزا لە بواری ئەلیکترۆنی چ ھاککردن بێت یان ڕیپۆرت کردن بە شێوازێک کە دەنگی ئازادێ کپ بکەن،  یەکێتی و پارتی بە تایبەت خۆی بە خاوەن ستاتۆی ھەرێم دەزانێت، وا نیشانی جیھان دەدەن کە خاوەن ھێزێکی بەھێز و دەزگای ھەواڵگری بەھێزن لە ناوچەکە، لە کاتێکدا تورکیا و ئیران کە دوو زلھێزی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستن چەندان جار بە ڕاستەو خۆ یان نا ڕاستەوخۆ بە دڕۆن و مووشەکی بالیستی خەلکی سیفیل دەکەنە ئامانج بە بیانووی جۆرا و جۆر، ئایا ئەمە دەرخەری بێ ھێزی سەرکردایەتی کورد و بێ ئاگایی دام و دەزگا ئەمنیەکانی ھەرێمە، یان سەر کزکردنی بە ناچاری نیشانی خەڵک و جیھان دەدات!، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە سەرمایە و خوێن و قووتی میللەت کاتێک پایتەخت دەکرێتە ئامانجی درۆن و مووشەکی بالستی سوپای پاسدارانی ئیران! ئامادە نییە بگەڕێتەوە ھەرێم وە کەسی یەکەم، خۆ دەرخستن و خۆ نواندنی لە دافۆس لا گرنگ و زەرور تر بوو تا وای نیشان بدات دەتوانێت دەستکەوتی مەزن بۆ خەلکی ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدات، بەڵام ئامادە و بوێریان نەبوو نە خۆی نە پارتەکەی بە ڕاستەوخۆ باسی ھێرشە تیرۆریەکەی ئیران بکات، ئەزموون و ستاتۆی ھەرێم بە بێ باکی پارتە سیاسی و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان، بێزاری ھاوڵاتی و نەبوونی ئازادی ڕا دەربرین و نەمانی ئینتیمای نیشتیمانی بەرەو لەناو چوونە.
 سیاسەتی کلکایەتی لەمێژینەی پارتی و یەکێتی بۆ داگیرکەران کۆنە و تازە نییە، بەڵام ئەمڕۆ گەیشتۆتە ئاستێک کە ئێران و تورکیا شەڕی ناڕاستەوخۆی خۆیان لە پێناوی هەژموونی زیاتر لە سەر هەرێم، بێننە نێو خاکی هەرێمی کوردستان. 
پارتی وەک پاشکۆی سیاسەتەکانی تورکیا و یەکێتی وەک پاشکۆی سیاسەتی ئێران، هۆکاری سەرەکین لە تێکچوونی باری ئەمنی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ..هتد لە هەرێمی کوردستان، ئاخر سیاسەتی ڕازیکردنی نەیار تەنها کاتییە و دواتر وەک دوپشک پێتەوەدەدات، ئەوەی ئێستاش لە هەرێم دەگوزەرێ ئەنجامی ئەقلیەتی تەسلیمکارانەی پارتی و یەکێتیە بۆ تورکیا و ئێران، بێگومان زیانمەندی یەکەم و دواییش هەر خەڵک و ستاتۆی هەرێمی کوردستانە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە